PUK-1

عه‌دنان كۆچه‌ر: ئۆمه‌رمه‌دانى یه‌كێتى.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

له‌ده‌شتى هه‌ولێر په‌ندێكى باو هه‌یه‌، ده‌ڵێن: گه‌ر خه‌ڵك شێت بێت ده‌یبه‌نه‌ ئۆمه‌رمه‌ندان، ئه‌ى ئه‌گه‌ر ئۆمه‌ندان شێت بێت ده‌یبه‌نه‌ كوێ”، ئه‌م په‌نده‌ رێك گێڕانه‌وه‌یه‌كى دروستى دۆخى ئێمه‌یه‌، له‌ناو ئه‌و دۆخه‌شدا بارى لارى یه‌كێتى سه‌رباری هه‌ڵوێستى راست‌و دروستى ئه‌و په‌نده‌ى به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ده‌بێت، ئاخر یه‌كێتى نه‌بێت له‌كوێی حزبی دنیا هه‌یه‌ خه‌ڵك‌و لایه‌نگرى حزبه‌كه‌، خۆى به‌ر له‌خه‌ڵكى تر بوێرى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ شمشێرى خه‌ڵكى دیكه‌ بخاته‌ سه‌ر گه‌رووى حزبی خۆى.
هێزه‌ سیاسییه‌كانى ئه‌و وڵاته‌ له‌هه‌ڵوێستى شۆڕشگێڕی‌و روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى چه‌كداری، له‌به‌رگریكردن له‌كوردستان‌و ئارامی‌و سه‌قامگیرییه‌كه‌ى، له‌پشتیوانى بێ چه‌ندو چوونى لایه‌نه‌كان بۆ خواست‌و داخوازییه‌كانى خه‌ڵك، هه‌موویان ده‌زانن یه‌كێتى نشتیمانى چه‌ند فرسه‌خێك له‌پێش ئه‌وانه‌وه‌یه‌و بۆ زۆربه‌ى هێزه‌ سیاسییه‌كان یه‌كێتی بۆته‌ ئۆمه‌رمه‌ندان، به‌ڵام ئه‌وده‌مه‌ى كاره‌كته‌ره‌ باڵاكان‌و شێخ‌و پیاو چاكانى ئۆمه‌رمه‌ندان خۆیان تێك ده‌چن ده‌بێت ره‌وانه‌ى كوێ بكرێن، ئاخر خۆ نابێت له‌وه‌ زیاتر رێ بدرێت به‌ده‌م رێگاوه‌ تۆمه‌ت چنینه‌وه‌ به‌ باڵاى حزبی خۆت ببێته‌ به‌شێك له‌ كه‌لتوورى سیاسیی‌و دنیابینى ئه‌و نه‌وه‌یه‌.
پاش روداوه‌كانى كه‌ركوك تا ده‌گاته‌ دوێنێ، ئه‌و نه‌وه‌یه‌ى له‌ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى بیرده‌كه‌نه‌وه‌، ئۆمه‌رمه‌ند ئاسا رێگه‌ى خۆیان وونكردووه‌و رۆژ به‌ رۆژ به‌نێوى سه‌یرو سه‌مه‌ره‌و ده‌سته‌واژه‌ى نابه‌جێی جۆراو جۆره‌وه‌ تۆمه‌ت بۆ یه‌كێتى‌و هه‌ڤاڵه‌كانى خۆیان ریز ده‌كه‌ن، تۆمه‌ته‌كان له‌كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كه‌ن‌و به‌ خۆپیشاندانه‌كانى چه‌ند رۆژه‌ى رابردوو كۆتاییان دێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى له‌راستیدا له‌كۆى ئه‌و تۆمه‌تانه‌ خۆى به‌رجه‌سته‌ ده‌كات له‌ دوو شت پتر نییه‌، یه‌كه‌میان پاكانه‌ بۆ شكسته‌كه‌ى بارزانى‌و هاوه‌ڵه‌كانى له‌ ریفراندۆم‌و دووه‌میش شینێكه‌ بۆ له‌ده‌ستدانى ئه‌و قورساییه‌ سیاسییه‌ى كه‌ به‌ناوى یه‌كێتییه‌وه‌ له‌ رابردودا بۆیان لوابوو به‌ ویستى خۆیان سیاغه‌ى هه‌ڵوێستى یه‌كێتى بكه‌نه‌وه‌، له‌كاتێكدا هه‌موو خه‌ڵك په‌ی به‌وه‌ ده‌بات، ئه‌وه‌ى له‌كه‌ركوك روویدا به‌ره‌نجامى سه‌ركێشی بارزانى‌و یاوه‌ره‌كانى بووه‌و ئه‌وه‌ى له‌ خۆپیشاندانیش خۆى به‌رجه‌سته‌كرد فه‌شه‌لى ئه‌و حوكمڕانیه‌ حزبیه‌و ره‌تكردنه‌وه‌ى ئه‌و روخساره‌ سیاسییه‌ شكستخواردوانه‌ بووه‌ كه‌ به‌ناوى خه‌باته‌وه‌ ساڵانێكه‌ سه‌رقاڵى دادۆشینى خاك‌و خه‌ڵكن.
ویستى خۆ به‌پاڵه‌وانكردنى هه‌ندێك له‌ په‌ناى ئه‌و دیداره‌ ته‌له‌فزیۆنی‌و میدیایانه‌ى كه‌ ده‌یكه‌ن، هه‌رگیز نیشانه‌ى پاكبوونه‌وه‌ى كه‌س نییه‌، به‌ڵكو هه‌وڵێكى مایه‌ پوچه‌ به‌ ئاراسته‌ى خۆبێبه‌ریكردن له‌شكست، له‌كاتێكدا ئه‌و نه‌وه‌و روخساره‌ سیاسییانه‌ له‌و ده‌مه‌وه‌ له‌شكستدا ده‌ژین، كه‌ له‌ پێناو ئه‌جێنداى نایه‌كێتیانه‌ خزمه‌تى پرۆژه‌و خه‌یاڵى سیاسیی ئه‌وانى دیكه‌ ده‌كه‌ن، دیدارو به‌یاننامه‌و هه‌ڵچووننامه‌كانى ماوه‌ى رابردووش چ له‌سه‌ر كه‌ركوك، یان له‌سه‌ر ناڕه‌زاییه‌ ناوخۆییه‌كان، هه‌ر ئاو ده‌كه‌نه‌ ئه‌و ئاشه‌وه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت یه‌كێتى سه‌ربارى ئه‌وه‌ى بۆهه‌مووان بۆته‌ ئۆمه‌رمه‌ندان بیهاڕن.
یه‌كێتى بۆ ئه‌وه‌ى له‌نێو به‌رداشی ئه‌و نه‌وه‌یه‌ى كه‌ نایهه‌وێت چیتر یه‌كێتى بێت زیاتر له‌وه‌ نه‌هاڕدرێت، ده‌بێت سنوورێك بۆ لێدوان دابنێت‌و به‌ربه‌ستێكی گه‌ورش له‌به‌رده‌م زوومى كامیراكان دروست بكات، ناكرێت هه‌ر كه‌سه‌‌و ئه‌وه‌ى ویستى به‌خواستى خۆى له‌سه‌ر جه‌سته‌ى هێزه‌كه‌ى خۆى تاقی بكاته‌وه‌، چونكه‌ ئێستا له‌شكستخواردووه‌كانى ریفراندۆم بترازێ، هیچ كه‌س بوێرى ئه‌وه‌ى نییه‌ سه‌نگه‌ر له‌یه‌كێتى بگرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ش حه‌قه‌ یه‌كێتى:
ـ مافی ئاخاوتن‌و قسه‌كردن له‌هه‌موو ئه‌وانه‌ بسه‌نێته‌وه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ژێر هه‌ژموونى كوردایه‌تییه‌ موزه‌یفه‌كه‌ى پارتى ته‌خوینى یه‌كێتى بكه‌ن‌و ئاو بكه‌نه‌ ئاشی ئه‌و هێزانه‌ى ده‌یانه‌وێت شانه‌ى شكسته‌كانى بارزانى له‌سه‌ر یه‌كێتییه‌كاندا بشكێنن.
ـ رێی قسه‌ له‌هه‌موو ئه‌وانه‌ بگرێت كه‌ ده‌یانه‌وێت یه‌كێتى وه‌ك هێزێكى سته‌مكارو دژه‌ خه‌ڵك وێنا بكه‌ن‌و به‌سه‌ركوتكارى خۆپیشانده‌ران نیشانى بده‌ن، له‌كاتێكدا خۆیان فه‌رمانده‌و جه‌نه‌ڕاڵى مه‌یدانه‌كان‌و گێڕانه‌وه‌ى ئارامى‌و سه‌قامگیریی بوون.
ـ یه‌كێتى ده‌بێت، دۆسیه‌ی رێكخراوه‌یی بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ بكاته‌وه‌، كه‌ له‌ماوه‌ى رابردوودا له‌ پارتى‌و میدیاكانى توندتر سه‌نگه‌ریان له‌یه‌كێتى گرتووه‌و یه‌كێتى به‌ روداوه‌كانى كه‌ركوك تۆمه‌تبارده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا هێشتا سه‌ره‌خۆشیان له‌خانه‌واده‌ى قوربانییه‌كانى كه‌ركوك نه‌كردووه‌، ئه‌وان گیرۆده‌ى نابینایی بوون، چونكه‌ هێشتاش واده‌بینن شه‌نگال‌و مه‌خمور‌و ئه‌وانه‌ى دیكه‌ داستانى نه‌به‌ردى تێیدا رویداوه‌، ئه‌وان راهێنانی خۆڕسكیان بینیووه‌ به‌وه‌ى دژ به‌ حزبی خۆیان بن، له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ تۆمه‌تى پێشوه‌خته‌ى پارتیانه‌یان بۆ هه‌موو شتێك ئاماده‌كردووه‌.
ئاخر ئێستا كه‌ دۆخى سیاسیی‌و جوڵه‌ی پارته‌كان وه‌ك شێت پێویستى به‌ ئۆمه‌رمه‌ندانى یه‌كێتییه‌، حه‌ق نییه‌ رێ بدرێت ئۆمه‌رمه‌ندانیش شێت بكرێت، ئه‌وده‌م خاك‌و خه‌ڵك روو له‌كوێ بكه‌ن.