ڕه‌سوڵ بۆسكێنی: خۆپیشاندان و گردبوونه‌وه‌ی ئاشتیانه‌ مافێكی دانپێدانراوه‌.

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

خۆپیشاندان و داواكردنی مافی ئازادی ڕاده‌ربڕین، یه‌كێكه‌ له‌ مافه‌كانی مرۆڤ و مافێكی ڕه‌سه‌ن و دانپێدانراوه‌‌، چونكه‌ مرۆڤ ده‌توانێت له‌ ڕێگای خۆپیشاندانه‌وه‌ داواكاری و مه‌رامه‌كانی خۆی ئاشكرا بكات و په‌یامی خۆی بگه‌یه‌نێته‌ ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ت، له‌ لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌م مافه‌ دانی پێدانراوه‌ و په‌رله‌مانی كوردستان به‌پێی یاسا ئه‌م مافه‌ی سه‌لماندووه‌ و به‌ یاسا ڕێكخراوه‌، به‌مه‌ش پێویسته‌ خۆپیشانده‌ران مۆڵه‌ت بۆ خۆپیشاندان و مه‌رامی خۆپیشاندانه‌كه‌یان وه‌ربگرن، پێویسته‌ خۆپیشانده‌ران به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ ناڕه‌زایی خۆیان ده‌رده‌بڕن و خواست و داواكانیان بگه‌یه‌ننه‌ حكومه‌ت و هیچ زیانێك به داموده‌زگا خزمه‌تگوزارییه‌كان و ‌موڵكی گشتی و تایبه‌ت نه‌گه‌یه‌نن، نه‌یاسای ناوخۆیی ونه‌ یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان پشگیری له‌ ئازادی و ڕاده‌ربڕین به‌شێوه‌ی توندوتیژی ناكه‌ن، له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوو له‌ سنووری سلێمانی یان وه‌ك ده‌ڵێن له‌ زۆنی سه‌وز هاووڵاتیان به‌مه‌به‌ستی ناڕه‌زایی و گه‌یاندنی ڕای خۆیان به‌ حكومه‌تی هه‌رێم چه‌ند جارێك هاتوونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام و خۆپیشدانیان ئه‌نجامداوه‌، زۆرجاریش ئاراسته‌ی خۆپیشاندانه‌كان به‌ ئاراسته‌ی توندوتیژی براوه‌، شتێكی ئاشكرایه‌ كاتێك خۆپیشاندانی ئاشتیانه‌ سنووری خۆی ده‌به‌زێنێ و به‌ره‌و توندوتیژی ده‌ڕوات، به‌مه‌ش خۆپیشاندانه‌كه‌ ئاژاوه‌ و پشێوی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ هۆی په‌لاماردان و سوتاندنی باره‌گا و له‌ناوبردنی موڵكی گشتی و تایبه‌ت، هیچ ده‌قێكی یاسایش پشتیوانی ئه‌م جۆره‌ خۆپیشاندانه‌ ناكات، ئه‌مه‌ش له‌ كۆمه‌ڵگای كوردیدا دیارده‌یه‌كی تازه‌یه‌ و مانای وایه‌ كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و‌ ئاكاری نابه‌رپرسیارێتی و ‌ته‌نگژه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌چێ‌.
هه‌روه‌ك چۆن له‌ خۆپیشاندانی ئه‌مجاره‌ی هاووڵاتیان له‌ زۆنی سه‌وز سه‌ری هه‌ڵدا، خۆپیشاندانه‌كان له‌ خۆپیشاندانی ئاشتیانه‌وه‌ ئاراسته‌ی گۆڕدرا و پشێوی و نائارامی لێكه‌وته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای په‌لاماردان و سوتاندنی باره‌گا حزبیه‌كان، خۆپیشانده‌ران هێرشیان كرده‌ سه‌رحكومه‌ت و سوتاندنی فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان، له‌به‌رامبه‌ردا داموده‌زگا ئه‌منیه‌كان به‌ره‌و ڕوویان بوونه‌وه‌، له‌ ئه‌نجامدا بووه‌ هۆی گیان له‌ده‌ستدان و برینداربوونی خۆپیشانده‌ران و برینداربوونی به‌شێكی زۆر له‌ پۆلیس و پیاوانی ده‌زگا ئه‌منیه‌كان.
ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌نجه‌ ئه‌م خۆپیشاندانه‌ بێ سه‌روبه‌ری پێوه ‌دیار بوو، چونكه‌‌ خۆپیشانه‌كه‌ له‌لایه‌ن هیچ كه‌س و گروپ و حزبێكی دیاری كراو ڕێبه‌رایه‌تی نه‌ده‌كرا، خۆپیشانده‌ران داواكاری و په‌یامی دیاری كراویان نه‌بوو، به‌ڵكو توڕه‌یی و ناڕه‌زایی خۆپیشانده‌ران ئاماژه‌ی بۆ موچه‌ و بژێوی و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری ده‌كرا، بۆیه‌ ده‌رونی پڕ له‌قینی هه‌ندێ كه‌س توانی ئاراسته‌ی خۆپیشاندانه‌كان به‌ره‌و توندوتیژی ببات و زیانی ماڵی و گیانی له‌ حكومه‌ت و حزب و هاوڵاتیان بدات. و توڕه‌یی هاووڵاتیان له‌به‌رژه‌وه‌دی خۆیان به‌كاربێنن، له‌لایه‌كی تریش وا پیشان بده‌ن ئه‌وان له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیان دان، به‌ڵام هاووڵاتیان ئه‌م هزره‌یان پوچه‌ڵ كرده‌وه‌ و به په‌لاماردان و هێرش كردنه‌ سه‌ر باره‌گای هه‌موو حزبه‌كان و ‌سوتاندن و به‌ردباران كردنی باڕه‌گا حزبیه‌كان، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌گه‌ڵ هه‌ڵچوونی خۆپیشانده‌راندا له‌ حكومه‌ت كشانه‌وه‌ وایان ڕاگه‌یاند له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك كشاونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وانیش له‌توڕه‌یی خه‌ڵك ڕزگار نه‌بوون و باره‌گاكانیان به‌ر په‌لاماری خۆپیشانده‌ران كه‌وتن، به‌مه‌ش خۆپیشانده‌ران په‌یامی خۆیان گه‌یانده‌ هه‌مووان به‌وه‌ی‌ توڕه‌ییه‌كه‌یان به‌رامبه‌ر به‌هه‌موویان وه‌كو یه‌كه‌ و هیچیان له‌یه‌كتر جیاوازنین.
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ده‌ركه‌وت داواكردنی موچه‌ و دابین كردنی لایه‌نه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان، ئه‌مه‌ داوا و خواستی گشتیه‌ و داواكاری ماف به‌ په‌لاماردان و هێرشكردنه‌سه‌ر موڵكی گشتی و تایبه‌ت په‌شیمانی له‌دوایه‌ و ئه‌م كاره‌ پێویستی به‌ چاكسازی و چاره‌سه‌ری بنه‌ماكانی حوكمڕانیه‌. له‌دواجاردا پێویسته‌ هه‌موو لایه‌‌ك ده‌ست بده‌نه‌ ده‌ستی یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و ئاشتكردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر، به‌تایبه‌ت پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ك پشتیوانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بكه‌ن، چونكه‌ تاكه‌ هێز كه ‌بتوانێت هه‌رێمی كوردستان و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان له‌م گێژاوه‌ ده‌ربهێنێ ته‌نیا یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌.

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
ڕەسوڵ بۆسکینی

ئەرشیڤی بەڕێز: ڕەسوڵ بۆسکینی