بەیار عومەر: جیاكردنه‌وه‌ی لامه‌ركه‌زیه‌ت له‌ قه‌ومچێتی.

كه ‌باس دێته‌ سه‌ر ناردنی بودجه‌ و كردنه‌وه‌ی فرۆكه‌خانه‌ی سلێمانی، پارتیه‌كان و هه‌ندێك له‌ پاشكۆكانیان له‌ یه‌كێتی ڕێگری ئه‌كه‌ن له‌وه‌ی‌ بودجه‌ی سلێمانی به‌جیا بنێردرێت و فرۆكه‌خانه‌ی سلێمانی به‌ ته‌نها بكرێته‌وه‌، […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

كه ‌باس دێته‌ سه‌ر ناردنی بودجه‌ و كردنه‌وه‌ی فرۆكه‌خانه‌ی سلێمانی، پارتیه‌كان و هه‌ندێك له‌ پاشكۆكانیان له‌ یه‌كێتی ڕێگری ئه‌كه‌ن له‌وه‌ی‌ بودجه‌ی سلێمانی به‌جیا بنێردرێت و فرۆكه‌خانه‌ی سلێمانی به‌ ته‌نها بكرێته‌وه‌، بیانوه‌كه‌شیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ڕه‌هه‌ندێكی نیشتیمانی هه‌یه‌ و كورد په‌رت و لاوازئه‌كات له‌به‌رده‌م عه‌ره‌بدا، به‌ڵام لێره‌دا دو پرسیار دێنه‌ پێشه‌وه‌.
یه‌كه‌م/ دیاره‌ سزادان و هه‌ژاركردنی سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌كانی گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕینیش له‌لایه‌ن پارتیه‌وه‌ ڕه‌هه‌ندی نیشتیمانی هه‌یه‌، بۆیه به‌شی زۆری‌ سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی چه‌ندین ساڵه‌ لێیبێده‌نگن. له‌ داوی ڕوخانی ڕژێمی سه‌دامه‌وه‌، له‌ ساڵی 2003 وه‌ تا ئێستا،‌ پارتی داهاتی نه‌وت و گازی ئه‌م سنوره‌ ئه‌بات و له‌ سنوری خۆی له‌ هه‌ولێر و دهۆكدا خه‌رجی ئه‌كات، به‌شی زۆری سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتیش كه‌ نزیكن له‌ پارتیه‌وه‌ لێی بێده‌نگن، به‌ڵام كه‌ دێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی بڵێین بۆچی موچه‌ و داهاتی ئه‌م سنوره‌ نه‌نێردرێت و فرۆكه‌خانه‌ی سلێمانی نه‌كرێته‌وه‌، ئه‌ڵێن نابێت چونكه‌ ئه‌م بابه‌ته ڕه‌هه‌ندی نیشتیمانی هه‌یه‌. به‌ڵام ڕاستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نایانه‌وێت پارتیان لێبڕه‌نجێت؛ واته‌ هاوڵاتیانی ئه‌م سنوره‌یان لێبڕه‌نجێت گرنگ نیه‌ بۆیان، به‌و مه‌رجه‌ی پارتیان لێنه‌ڕه‌نجێت. ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام نائارامی زیاتر ڕوبكاته‌ ئه‌م سنوره‌. هیوادارم ڕوداوه‌كانی ئه‌م دواییه،‌ سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی به‌ئاگاهێنابێته‌وه‌ و بزانن ئه‌وه‌ی بڕیار له‌سه‌ر‌ مانه‌وه‌ و چاره‌نوسیان ئه‌دات خه‌لكی ئه‌م سنوره‌یه‌ نه‌ك پارتی.
بۆچی ئه‌بێت ئێمه‌ باجی هه‌ڵه‌كانی بارزانی و ڕیفراندۆمه‌كه‌ی بده‌ین، له‌ كاتێكدا ئه‌و پرسی به‌م سنوره‌ نه‌كرد و حسابی بۆ بۆچونه‌كانی نه‌كرد، به‌ مه‌رجێك چه‌ندین حیزب و سه‌ركرده‌ و ڕۆشنبیر و نوسه‌ر و میدیاكار و هاوڵاتی ئه‌م سنوره‌ بارزانیان ئاگاداركرده‌وه‌ له‌وه‌ی كورد له‌ ڕوی سیاسی و سه‌ربازی و ئابوریه‌وه‌ ئاماده‌ نیه‌ بۆ جه‌نگ و گه‌مارۆی ئابوری كه‌ له‌ ئه‌نجامی ڕیفراندۆمه‌وه‌ دێنه‌كایه‌وه‌. كه‌ ئه‌و به‌هیچ جۆرێك ئاماده‌ نه‌بێت گوێ بۆ ڕاكانی ئه‌م سنوره‌ بگرت، ئیتر بۆ ئه‌بێت ئه‌م سنوره‌ باجی هه‌ڵه‌كانی ئه‌و بدات. به‌ واتایه‌كی تر، بارزانی تابۆیكرابێت ئه‌م سنوره‌ی له‌ هه‌مو خێر و بێر و خۆشیه‌ك بێبه‌شكردوه‌، به‌ڵام كه‌ دێته‌ سه‌رناخۆشی و باجدانی بڕیاره‌ هه‌ڵه‌كانی ئه‌و، ئێمه‌ ناچارئه‌كرێین ببین به‌ شه‌ریك و برابه‌شی. واته‌ ئێمه‌ ته‌نها له‌ ناخۆشی و دابه‌شكردنی زه‌ره‌ر و زیاندا شه‌ریكین، نه‌ك له‌ قازانج و داهات و پرۆژه‌ی ستراتیژی و خزمه‌تگوزاریدا.
له‌ كتێبی ناعه‌داله‌تی جوگرافیدا به‌درێژی باسی ئه‌و نادادیه‌م كردوه،‌ كه‌ بۆته‌ هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندبونی پارێزگاكانی هه‌ولێر و دهۆك له‌سه‌ر حسابی هه‌ژاربونی پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌، نامه‌وێت لێردا باسیبكه‌مه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ش یه‌كێكی تره‌ له‌ هۆكاره‌كان كه‌ له سنوری سه‌وز‌ خۆپیشاندان زۆر زیاتره‌ وه‌ك له‌ سنوری زه‌رد. نه‌بون یان كه‌می خۆپیشاندان له‌ سنوری زه‌رددا، ئه‌گه‌ر به‌شێكی به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌بێت كه‌ پارتی زیاتر سه‌ركوتكه‌ره‌ و ڕێ به‌ خۆپیشاندان نادات، ئه‌وه‌ به‌شێكی تری په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ كه له‌ سنوری زه‌رددا باری ئابوری باشتره‌ و هه‌لی كار زیاتره‌ و هاوڵاتیان به‌و ڕێژه‌یه‌ی سنوری سه‌وز بێكار و هه‌ژار نین‌ تا ده‌ستبده‌نه‌ خۆپیشاندان. واته‌ ئه‌و نادادیه‌ی به‌رامبه‌ر هاوڵاتیانی ئه‌م سنوره‌ كراوه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كانیشدا ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه‌.
دووەم/ پرسیاری دوه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆ ئه‌بێت لامه‌ركه‌زیه‌تی ئیداری و مالی كه‌ له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتوه‌كانی وه‌ك ئه‌مریكا و ئه‌ڵمانیا و ئیماراتدا په‌یڕه‌و ئه‌كرێت خیانه‌تی نیشتیمانی بێت، به‌ڵام هێنانی سوپا‌ و ده‌زگا هه‌واڵگریه‌كانی بێگانه‌ خیانه‌تی نیشتیمانی نه‌بێت‌. پێئه‌چێت پێوانه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كان پێچه‌وانه‌ بوبێتنه‌وه‌ له‌م هه‌رێمه‌دا. ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ شوره‌یی بێت وه‌ك هێنانی سوپا‌ و ده‌زگا هه‌واڵگریه‌كانی بێگانه‌، له‌ كوردستاندا بوه‌‌ به‌ شتێكی ئاسایی، ئه‌وه‌شی كه‌ زۆر سودبه‌خشه‌ و له‌زۆربه‌ی وڵاته‌ پێشكه‌وتوه‌كاندا په‌یڕه‌و ئه‌كرێت وه‌ك لامه‌ركه‌زیه‌ت كه‌ باشترین ڕێوشوێنه‌‌ بۆ دروستكردنی سیسته‌مێكی سیاسی و ئیداری و ئابوری پێشكه‌وتو كه‌ ئه‌بێته‌ هۆی كێبڕكێ له‌ نێوان شار و شارۆچكه‌ و ناوچه‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كامیان زۆرترین خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش بكه‌ن و كامیان زۆرترین سه‌رمایه‌ و هه‌لی كار به‌ره‌و لای خۆیان ڕابكێشن، بوه‌ به‌ عه‌یبه‌ و خیانه‌ت.
به‌ ڕاستی كاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ كه‌ ئه‌م سنوره‌ جۆرێك له‌ سه‌ربه‌خۆیی سیاسی و ئیداری و ئابوری هه‌بێت و داهاتی خۆی جیابكاته‌وه‌ و سه‌رقاڵی پێشخستنی ژێرخانی ئابوری و باشتركردنی بژێوی هاوڵاتیه‌كانی بێت. چیتر ڕێگه‌نه‌ده‌ین به‌‌ ناوی نیشتیمانپه‌روه‌ری و قه‌ومچێتیه‌وه‌‌ زوڵم له‌م سنوره‌ بكه‌ن و سیسته‌مێكی مه‌ركه‌زی دواكه‌وتومان به‌سه‌ردا بسه‌پێنن. بۆ ئه‌مه‌ش پێویستمان به‌ سه‌ركرده‌ی به‌ جورئه‌ت و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌شه‌ی یه‌كێتی كه‌ هێشتا ویژدانیان زیندوه‌ كاری بۆ بكه‌ن و بیچه‌سپێنن.

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
بەیار عومەر عەبدوڵا

ئەرشیڤی بەڕێز: بەیار عومەر عەبدوڵا