شێرزاد شێخانی: ئەمەو ئەوان.

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هەولێریات 58
لەزەمانی مەدا ژیان نەوعەكی دی بو ،پێشتر باسی جیاوازیەكانی ئەو سەردەمەو ئێستام لۆ كردینە، بەران هەندەكجار ناچار دەبم دیسان بگەڕێمەوە سەر باسكردنی ئەو جیاوازییانە، چونكی بەراستی ئەو زەمانی ئەمن باسی دەكەم زۆربەی خەركی بە سەردەمی زێرینی دەناسێنن ، خۆیشی لەراستیدا وابو، دەیان دەلیلتان لۆ دەهینمەوە كە سەردەمی مە سەردەمەكی زێرین بو لە هەمو رویەكەوە، با لەخۆمانەوە دەست پێبكەم.. جیلی مە مەخسەدم جیلی شێستو حەفتاكان، گەنجان بەسەر مەكتەبەی قرتاسیەكاندا دەگەڕان لۆ ئەوەی جوانترین قەلەم بكڕن، ئەمن بەخۆم عاشقی قەلەم پاندانی پاڕكەری 45 بوم ، هەبو حەزی لەپاركەری 21 بو، هەبو لە قەلەمی شیڤەر، ئەوجا قرتاسیەكان موسابەقەیان بو تازەترین مۆدیلی ئەو قەلەمانە بینن چونكی تەڵەبیاتی زۆری لەسەر بو، جیلی ئێستا لەدوی گەورەترین رامی مۆبایلەكەیتی لۆ ئەوەی رۆژانە رەسمی ئەو خواردنو سفرەی نانی سبەینان و نیوڕانان و ئێواران بگری و لەسەر پەیجەكەی خۆی لەفەیسبوكدا براوی بكاتەوە!.
لەزەمانی مەدا گەنج لەدوی دەركەوتنی تازەترین كتێبی جان بۆل سارتەر وكۆڵن ویلسن و كافكا و ئەلبیرتو مۆرافیاو ئەلبێر كامۆ ودۆستۆفیسكی وتۆلستۆی و، كتێبەكانی تەها حوسێن و عەباس عەقادو رۆمانەكانی ئیحسان عەبدولقەدوس و، تازەترین شیعری مەحمود دەروێش وسەمیح القاسم و بەیاتی و مزەفەر نەواب بون ، ئێستا گەنجەكانمان لەدوی تازەترین لایفی ئەستێرە كەریم وشارۆ هەولێرین، چاوەڕێن بزانن كەینی خۆیان رووت دەكەنەوە!.
لەزەمانی مەدا رۆژانە جەریدەمان دەخیندەوە بزانین ئاخر ئەخباری شۆڕشەكەی گیڤارا گەیشتە كێندەری، ئەخباری كاسترۆ و دژایەتی ئەمریكا، ئەخباری ئەنجیلا دیفیزی ژنە شۆڕشگێڕە رەشپیستەكەی ئەمریكا و، ئاخر ئەخباری پاڵەوانیەتی شۆڕشگێڕانی فێتنام وجەیشی سڕی ئێرلەندا گەیشتە كێ، ئێستا گەنجەكانمان لەدوی تازەترین ئەخباری هەیفا وەهبی و نانسی عەجرەم و مەروەو رۆلا یەموت و لۆكەو كریستالن بزانن كام لەجلكەكانیان هەرای نایتەوە لەئەنستگرامدا!. لەزەمانی مەدا وێنەی گەنجانی فەڕەنسا لەسەر شەقامەكان لە عانی شۆڕشی قوتابیانی ساری 1968 دا درو دەروونمانی دەهەژاند، ئێستا رەسمی ستیانەكەی شاكیرا و سیلینا گۆمیز 214 هەزار كۆمینتی لەسەر دەنوسرێ لەسایتە كوردیەكاندا!.
لەزەمانی مەدا چایخانەكان مەڵبەندەكی رۆشنبیری گەورە بون و، گەنجان حەلقەیان دەبەست و موناقەشات لەسەر تازەترین بەرهەمی ئەدەبی و فیكری و سیاسی دەكرا، ئێستا لەچایخانەكان نیوەی گەنجەكانمان بەدەم نێرگەلە كێشانەوەوە چاویان لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنە بزانن كەینێ رۆناڵدۆ گۆڵەكەی دەكاو، میسی جوابی چییە؟!. نیوەكەی دیشیان موناقەشات لەسەر حەفری پرچەكانیان دەكەن بزانن هی كامەیان قەشمەڕترە!. لەزەمانی مەدا گەنجان بە بیری شۆڕشگێڕی و نەتەوەیی پەروەردە دەكران، ئێستا گەنجان زۆربەیان حەشیشە خۆرن، هەندەكیشیان حەبی ترامادۆل قووت دەدەن!. لەزەمانی مەدا گەنجەكانمان بەحەیاو شەڕەف بون، چاویان لەناموسی كەس نەبو، ئێستا گەنجەكانمان لەسناپ چاتو ماسینجەردا هەزار حیزە فیعلی دەكەن لەشەواندا !. لەزەمانی مەدا گەنجەكان سەفەری بەغداو موسڵیان دەكرد لۆ كڕینی كتێب ودیوانە شیعری تازە، ئێستا گەنجان روو لەبەیروت و ئەستەنبۆل دەكەن لۆ رابواردنو سەردانی مەلهاكان!. لەزەمانی مەدا تاجیرەكان بەویژدان بون لەخوای دەترسان ، ئێستا تاجیرەكانمان ویژدانیان لەسەر حدودی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران و باشماخدا فڕێ دەدەن، لەحكومەتیش ناترسێن كە ژەهری مار دەرخواردی میللەتەكەیان دەدەن !. لەزەمانی مەدا كاسبكار دەستپاك بون، سەنعەتكار دەستڕەنگین بون، ئێستا كاسبكار خینی خەركی دەمژی، سەنعەتكاریش خیانەت لەپییشەكەی دەكا!. بەكورتو موختەسەری، لەزەمانی مەدا ئەخلاق هەبو ئەخلاق، ئێستا ئەخلاق نەمایە ئەخلاق.. دە ئەوجا بزانن سەردەمی زێرین فەرقی چییە لەگەر سەردەمی زێراب..
باقی وەلسەلام..

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
شێرزاد شێخانی

ئەرشیڤی بەڕێز: شێرزاد شێخانی