عه‌تا قه‌ره‌داخی: خۆپیشاندانه‌كانی ئێران رژێمی شیعه‌ى عێراق ده‌له‌رزێنێت!

له‌ ئه‌نجامی خۆپیشاندانه‌كانی خه‌ڵكی هه‌ژارو زه‌حمه‌تكێش و برسی و ئازادیخوازى ئێران، چی حكومه‌تی تۆتالیتارى شیعه‌ مه‌زهه‌بی ئێران بڕوخێت یان له‌ ناوخۆى ئێراندا ببێته‌ شه‌ڕى ناوخۆ به‌ تایبه‌تی كه‌ ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ […]
هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە

له‌ ئه‌نجامی خۆپیشاندانه‌كانی خه‌ڵكی هه‌ژارو زه‌حمه‌تكێش و برسی و ئازادیخوازى ئێران، چی حكومه‌تی تۆتالیتارى شیعه‌ مه‌زهه‌بی ئێران بڕوخێت یان له‌ ناوخۆى ئێراندا ببێته‌ شه‌ڕى ناوخۆ به‌ تایبه‌تی كه‌ ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ سوپاى ئێران بداته‌ پاڵ جه‌ماوه‌رو دژى هێزه‌ میلیشیا مه‌زهه‌بیه‌كان بووه‌ستێـته‌وه‌، ئه‌وا حكومه‌تی ئێران ته‌واو لاواز ده‌بێت و هه‌موو هێزه‌كانی پاسدارو به‌سیج و میلیشیاكانی تر كه‌ بڵاوه‌ى پێكردوون به‌ عێراق و سوریاو لوبنان و یه‌مه‌ندا به‌ ناچارى پاشه‌كشه‌یان پێده‌كرێته‌وه‌ بۆ پاراستنی قوم و تاران یان باشتر وایه‌ بڵین بۆ پاراستنی رژێم. له‌بارێكی وه‌هاشدا ده‌بێ چیتر ئاغاى قاسمی سلێمانی ئه‌ركی پاراستنی سه‌رانی رژێمه‌كه‌ی بگرێته‌ ئه‌ستۆ.
ئه‌گه‌ر رووداوه‌كان به‌مجۆره‌ شكانه‌وه‌ ئه‌وا هه‌م ئه‌سه‌دو هه‌م حوسیه‌كان و هه‌م رژێمه‌ شیعه‌ مه‌زهه‌به‌ پرۆئێرانیه‌كه‌ى عێراق به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك لاواز ده‌بن نه‌ك ناتوانن به‌و لوتبه‌رزییه‌ى ئێستایانه‌وه‌ بمێننه‌وه‌ ره‌نگه‌ نه‌توانن پارێزگارى له‌خۆیشیان بكه‌ن. سه‌ره‌تای ئه‌و لاوازیه‌ به‌ ئێستاى حكومه‌تی شیعه‌ى عێراقه‌وه‌ دیاره‌.
كاتێ عه‌بادى ئێستا باریكی كردووته‌وه‌و باسی رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ كورد ده‌كات هه‌ست به‌و مه‌ترسیه‌ ده‌كات كه‌ سه‌رقاڵبوونی ئێران به‌ كێشه‌كانی ناوخۆوه‌ چی كاریگه‌رییه‌كی نه‌رێنی بۆ سه‌ر حكومه‌ته‌ شیعه‌كه‌ى ئه‌مان ده‌بێت و ره‌نگه‌ ناڕه‌زاییه‌كانی خه‌ڵكی عێراقیش به‌ره‌و ته‌قینه‌وه‌ بچێت.
هه‌روه‌ها كاتێ مالیكی ئێستا وه‌كو فریشته‌ خۆى به‌رامبه‌ر به‌ كورد نیشان ده‌دات، راسته‌ به‌شێكی بۆ فریودانی كورده‌ تا له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووى عێراقدا ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ بكرێت پشتگیرى بكه‌ن به‌ڵام به‌شه‌كه‌ى ترى ده‌رئه‌نجامی ترسى مالیكیه‌ له‌ لاوازبوونی ئێران به‌جۆرێك كه‌ ئێران نه‌توانێت له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا پشتگیرى لێبكات چونكه‌ ئێران ده‌یه‌وێت له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووى عێراقدا عه‌بادى به‌لاوه‌ بنێت و پشتگیرى مالیكی به‌ پله‌ى یه‌كه‌م و عامرى به‌ پله‌ى دووه‌م بكات.
كه‌واته‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى باشوورى كوردستانه‌ كه‌ رێژمى ئێران ته‌فروتونا بكرێت و له‌گه‌ڵیشیدا رژێمه‌كه‌ى سوڵـتان ئه‌ردۆگانیش پێ ده‌چێت له‌به‌رده‌م هه‌مان مه‌ترسیدا بێت، مه‌ترسی شكست كه‌ ئه‌وه‌ش به‌ته‌واوى له‌ به‌رژه‌وه‌ندى كورده‌.
ئه‌م دوو رژێمه‌ش پێ ده‌چێت له‌ سیستێمی ئێستاى جیهانیدا دوو جیسمی نه‌شازو نه‌گونجاو بن به‌ تایبه‌تی كه‌ هه‌ردووكیان وه‌كو به‌رهه‌مهێنه‌رو پشتگیرى تیرۆر باس ده‌كرێن و ناوده‌برێن. بۆیه‌ پێناچێت بۆ ماوه‌ى دوورو درێژى داهاتوو به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستایان بمێننه‌وه‌. هه‌ر كێشه‌یه‌كی ناوخۆ له‌ چوارشێوه‌ى سنوورى ئه‌و دوو ده‌وڵ‌ته‌دا نه‌ك له‌به‌رژه‌وه‌ندى كورده‌ به‌ ته‌نها به‌ڵكو له‌به‌رژه‌وه‌ندى سه‌قامگیرى و ئاشتی و دوورخستنه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ى شه‌ڕه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە
عەتا قەرەداخی

about عەتا قەرەداخی