ئیسماعیل تەنیا: یادەوەرییەک لە پەراوێزی بڵاوکردنەوەی شیعرێکدا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ساڵی (١٩٨٣)، تەمەنم بیست و یەک ساڵ بوو. سێ ساڵێک دەبوو، شیعرو وردیلە بابەتم لە گۆڤارو ڕۆژنامەکانی ئەوسا؛ ( بەیان، هاوکاری، پاشکۆی عێراق )دا، بڵاو دەکردەوە، زۆربەشیان دەستکاری دەکران، تا ڕادەی نەناسینەوەیان. ئەو کات، کەم ئەزموون بووم، هەڵپەی بڵاوکردنەوە بووم. لە زاری تەمەندارێکی خانەوادەکەمان ( حاجی خدر عەبدوڵلا مارف تەتراوەیی ١٩٠٧- ١٨/٤/١٩٨٦)، شیعرێکی تەنز ئامێزی (عەلی بەردەشانی )م، چەند جارێک بیستبوو. کەوتمە مژولی ئەوەی کە بیگوازمەوە سەر کاغەز و لە دەرفەتێکدا، بڵاوی بکەمەوە. هەل رەخسا، بە پێشەکییەکی تێرو تەسەل و پەراوێزو کورتەیەک لە سەربردەی کەسی لێوەرگیراو، لە ڕۆژی (١٣/٢/١٩٨٠)دا، بۆ گۆڤاری (بەیان)م نارد. ئەو کات (بەیان)، گۆڤارێکی ئەدەبی دیارو بە هەڕمێن بوو… ساڵێکیش دەبوو (کاروان)، لە هەولێر دەردەچوو. پاش چاوەڕوانییەکی زۆری چاوەڕوان نەکراو، لە ژمارە (٨٦)ی مانگی ئایاری ساڵی (١٩٨٣)ی گۆڤاری ناوبراودا، بە ناوونیشانی؛ ( پارچە شیعرێکی بڵاونەکراوەی عەلی بەردەشانی )، بڵاوکرایەوە. چۆن بڵاوکراوکردنەوەیەک؟! پەراوێزەکان، پێشەکییە تێرو تەسەلەکە، ژیاننامەی کەسی لێوەرگیراو، هەموویان لابردبوو. مەقەسکارییەکی باشیان کردبوو. ئەو چەند دێڕە کورتەی وەک پێشەکی بۆیان دانابوو، هی من نەبوو. ئەوان؛ ( دەستەی نووسەران و سەرپەرشتکاران)، بە کەیف و ماشای خۆیان، نووسیبوویان و بڵاویان کردبۆوە. بە کورتی؛ پێشەکییەکە هی من نەبوو. خۆشم بە خاوەنی نەدەزانی. ئەو ڕەفتارەی دەستەی نووسەرانی ئەوسای گۆڤارو ڕۆژنامە کوردییەکان، لەگەڵ زۆربەی نووسەرو قەڵەم بەدەستە کوردەکانیان دەکرد، چ جای بابایەکی تازە دەستپێک و نەناسراوی وەک من، کە ژمارەی بابەتە بڵاوکراوەکانم ئەوسا، هەر هێندەی ژمارەی پەنجەکانی هەردوو دەستم بوون. لە بارەی ئەم دیاردە دزێوە، ( ئازاد عەبدولواحید)ی سەرنووسەری ئێستای گۆڤاری (ڕامان)، سەربردەیەکی خۆی دەگێڕێتەوە کە کاتی خۆی، ساڵی (١٩٧٦)، دیمانەیەکی لەگەڵ حەیرانبێژی بەناوو دەنگ (ڕەسوڵ بێزار گەردی)دا، کردووەو بۆ رۆژنامەی (العراق)ی عەرەبی ناردووە، لەم بارەیەوە ناوبراو دەنووسێت؛ ( بەرپرسی دوا لاپەڕە، دەستی خستبووە ناو بابەتەکەی من، کاتێ بابەتەکەم لە لاپەڕەی دواوەی “العراق”دا بینی کە بەو شێوەیە کورت کرابۆوە شۆک بووم، چونکە هەر زوو زانیم ناهەقی لەگەڵ بابەتەکەم کراوە کە بەم شێوەیە بڵاویان کردۆتەوە، بەم کارەشیان بەشێکی زۆری ڕەنجەکەم بەفیڕۆ چوو. ئەوەی زیاتر بووە مایەی خەفەت، ئەوەبوو من نوسخەی پاکنووسکراوی گفتوگۆکەم، یان ڕەشنووسەکەیم لەلای خۆم نەهێشتبۆوە، ئەم جۆرە کارکردنەش لە بواری ڕۆژنامەنووسی سەردەمی پێش ڕاپەڕین کە هیچ پرەنسیپ و داوو نەریتێکی تێدا نەبوو، زۆر باو بوو، ئەوان زۆر جار نووسینیان بەبێ ئاگاداری و ڕەزامەندی خاوەنەکەی کورت دەکردەوە، تەنانەت هەندێ جار کار بە “کورتکردنەوە” نەدەوەستا، بگرە نووسین ئەتک دەکراو بە تەواوی سەروگوێلاکی دەشکێندرا، بە شێوەیەک کە هەندێ جار ئەو دەستکاری کردنە دەبووە هۆی ئەوەی نووسینەکە نەناسیتەوە، بەڵام نووسەری کورد ناعیلاج بوو، ڕەفتار لەگەڵ ئەو واقیعەدا بکات، بە داخەوە ئەوانەی کە دەستیان دەچووە ئەو کارانەو نووسینی نووسەرە کوردەکانیان دەشێوان ، زیاتر هەر ئەو نووسەرو شاعیرە کوردانە بوون کە لە بەغدا دەکەوتنە وێزەی نووسینی نووسەرانی کورد، لەم ڕووەوە کەم نووسەرو شاعیری کورد هەن، بەر ئەم شاڵاوە نەکەوتبن…… بڕوانە؛ ئازاد عەبدولواحید، ڕەسوڵ گەردی: ناسننامەی هونەری ڕەسەنی کوردی ، یادکردنەوەو ووتوێژێکی پێش چل و یەک ساڵ، گۆڤاری ڕامان، ژمارە ” ٢٤٣” ،٥/٨/٢٠١٧ ، ل ١٣٣) .
بەهەرحاڵ، لەگەڵ دەستکاری کردنیشی، زۆر کەیفم هات. تاکە هەڵەو کەموکورتی لەم بابەتە بڵاوکراوەم، ئەوەبوو؛ کە ئاگادار نەبووم، نەمزانیبوو، کاتی خۆی، نووسەرو فۆلکلۆریستی پێشەنگ و خامە بە بڕشت (محەمەد تۆفیق وردی)، ئەم شیعرەی لەگەڵ چەند بابەتێکی تری فۆلکلۆریدا، لە دووتوێی کتێبێکدا، بڵاوکردۆتەوە. واتە؛ ئەو شیعرە پێشووتر، بڵاوکراوەتەوە، کەمتەرخەمی و کەم ئەزموونی من وای کردبوو، سۆراغی زێتری نەکەم و زوو بکەومە مژولی بڵاوکردنەوەی.
دوای بڵاوبوونەوەی، چەند نووسەرێک، سەرنج و بۆچوونی خۆیان لە شوێنی جیا جیادا، لەسەر بڵاوکردەوە. لەوانە:
1- کامەران بێباک، لە ژمارە (٧١٤)ی ڕۆژنامەی هاوکاری.
2- زیاد محەمەدئەمین، بەرگرییەک لە عەلی بەردەشانی، گۆڤاری (بەیان)، ژمارە (١٠٤).
3- دلشاد مەریوانی، چارێک بۆ پەرێشانی عەلی بەردەشانی، گۆڤاری (ڕۆشنبیری نوێ)، ژمارە (١٠٩)، ساڵی ١٩٨٦ .
4- لەتیف هەڵمەت، ڕایەک دەربارەی کۆکردنەوەی کەلەپوور، رۆژنامەی هاوکاری، ژمارە (٩٢٢)،١٢/١١/١٩٨٧ .
سەرنجەکانی کامەران بێباک و زیاد محەمەدئەمین، زێتر لەسەر ئەوە بوون کە بابەتەکە پێشتر، بڵاوکراوەتەوە. لەتیف هەڵمەت، لە وتارەکەیدا، بێ ئەوەی ناوی من بهێنێت، کۆپڵەیەک لەم شیعرەی ( عەلی بەردەشانی )، کە من بڵاوم کردبۆوە، وەرگرتبوو، بە دڵنیا نەبوون لەوەی کە هی عەلی بەردەشانی بێت، سەرنجێکی لەسەر نووسیبوو. لەوێدا گوتبووی؛ ئەم شیعرە بێ بایەخ و کەڵکە چییە کە بڵاوکراوەتەوە ؟ چ ئیزافەیەک دەکاتە سەر کەلەپووری کوردی؟! بە چاوێکی کەمەوە سەیری شیعرەکەی کردبوو. لە پاڵ ئەم سەرنجەی، بۆچوونی خۆیشی لەسەر کەلەپوور، خستبووە ڕوو. دوای هەمووانیش، (دلشاد مەریوانی)، لە پەرەگرافێک لە نووسینە درێژو ئەکادیمییەکەی، ئاماژەی بە بابەتەکەی من کردبوو، ڕەخنەی هەرە زەقیشی ئەوە بوو؛ کە پێشەکی و ڕونکردنەوەو پەراوێزی پێویستی بۆ نەنووسراوە. بابەتەکەی ئەو؛ بابەتێکی زانستی بوو. هەوڵێک بوو بە ئاقاری ساغکردنەوەو کۆکردنەوەی تەواوی شیعرەکانی شاعیری میللی میرنشینی بابان، (عەلی بەردەشانی )و دواتر چاپکردنیان لە دووتوێی کتێبێکی ناوازەدا. ناوبراو، لە بابەتەکەیدا، ناوی زۆربەی هەرە زۆری ئەو نووسین و سەرچاوانەی هێنابوو، کە پێشتر لەسەر (بەردەشانی )یان، نووسیبوو. لەوێ بەڵێنی ئەوەی دابوو لە داهاتوویەکی نزیکدا، پرۆژەکەی بەئاکام دەگەیەنێت. من بەباری خۆم، ئاگاداری ئەوە نیم کە پرۆژەکە بە ئاکام گەیشتبێت. بۆ کامەران بێباک و زیاد محەمەدئەمین، وەڵامم نەبوو. بۆ لەتیف هەڵمەت، لەژێر ناوونیشانی؛ (بانێکەو دوو هەوایە)، لە ژمارە (٩٤١)ی ڕۆژی ١٨/١/١٩٨٨، ڕۆژنامەی (هاوکاری)دا، وەڵامم دایەوە. بۆ (دلشاد مەریوانی )ش، لەبەر ئەوەی لە بابەتەکەیدا داوای سەرنج و زانیاری زێتری کردبوو، ناوونیشانی پۆستی خۆیشی، بڵاوکردبۆوە، لە ڕۆژی (١٦/٤/١٩٨٦)دا، نامەیەکم بۆ ناوبراو نووسی و هەمان ڕۆژ، لە ڕێگای دائیرەی پۆستی هەولێر، بۆم پۆست کرد. چاوەڕێی وەڵام دانەوەی نەبووم. ئەمەش دەقی نامەکەی منە کە لێرەدا بڵاوی دەکەمەوە:

بۆ مامۆستای بەڕێز کاک دلشاد مەریوانی…..
ئەم کاتەت شاد…
لە ناخی دڵەوە جوانترین سڵاوت لێ دەکەم و هیوای باشی و سەرفرازیت ئاواتی هەرە بەرزمە لەپێناو زیاتر هەوڵدان و خۆماندو کردن بۆ بەرەوپێش بردنی ڕەوڕەوەی ئەدەبی کوردیمان…
بەڕێزم؛ ئەم پرۆژە گرنگەی لەبەر دەستتدایەو بەجێ گەیاندنی ئاواتی هەموو ڕۆشنبیرێکی دڵسۆزی کوردە، هیوادارم بەم زوانە بە تێرو تەسەلی پرۆژەکەت بە شێوەی کتێب دیدەی ڕۆشنبیران و گیانی (بەردەشانی )ش شاد بکات. لەسەر ڕەخنەکەشت کە لە ژمارە (١٠٩)ی گۆڤاری (ڕۆشنبیری نوێ)دا، بڵاوت کردۆتەوە، بەسەر چاوان و بە دڵ فراوانییەوە خوێندمەوەو وەرم گرت. بڕواشم بەو ڕاستییە هەیە؛” کە ئەوەی لە مەیدانی کارکردندا بێت، بێگومان هەڵەش دەکات ” و چاوەڕوانی ڕاستکردنەوەیە لەلایەن شارەزایان و پسپۆڕانەوە. بێگومان ئەم کارەی منیش لە دڵسۆزییەوە بووە نەک ناوو ناوبانگ پەیدا کردن. دان بە هەڵەکانم دادەنێم دەربارەی ( شیعرێکی بڵاو نەکراوەی عەلی بەردەشانی ). بەڵام ئەم چەند وردە سەرنجەشم هەیە، هیوادارم ئاگاداری بیت. تۆ دەڵێیت؛ ( ناوبراو بێ باسی ڕوداو، بێ بۆنە، بێ پەراوێز بۆ دانان )….. منیش دەڵێم؛ ئەم پارچە شیعرەم لە زاری حاجی خدر عەبدوڵا کە لە دایکبووی ساڵی (١٩٠٧)ە، وەرگرتووەو پێشەکییەکی تێرو تەسەل و فەرهەنگۆکەک و باسکردنی ڕوداوەکە، بە قەبارەی (١٤) لاپەڕەی فۆلسکاب نووسی و لە ڕۆژی (١٣/٢/١٩٨٠)دا ، بۆ گۆڤاری ناوبراوم نارد، کە پاش دوو ساڵ و سێ مانگ چاوەڕوانی کردن، بە ناتەواوی و قرتاندن و بڕین، بڵاوکرایەوە. دەمەوێ ئەوەش بڵێم؛ کە ئەو پێشەکییەی نووسراوە مافی منی بەسەرەوە نییەو کارگەرانی ( بەیان )، ئامادەیان کردووە. هەڵەی گەورەش کە بەسەر مندا تێپەڕیوە، ئەوەیە؛ من ئاگاداری بڵاوکردنەوەی ئەم شیعرە نەبووم لەلایەن مامۆستا ( محەمەد تۆفیق وردی ). دەمەوێ ئەوەش بڵێم؛ ئەرێ مامۆستا دلشاد، دەزگای ڕۆشنبیری چ بەرهەمی تۆیان نەقرتاندووە؟ ئایا بە شێوەی نووسراو، بێ زیاد و کەم، بڵاویان کردۆتەوە؟!
ئەم نامەیەشم لە پێناو داکۆکی لەخۆ کردن نییە، بەڵکو چەند ئاگاداری و سەرنجێکە و دووبارە سوپاس بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکانم….
ئیسماعیل تەنیا
(١٦/٤/١٩٨٦)

دوای ناردنی نامەکە، ( هەر چەندە من بە تەمای ئەوە نەبووم کە وەڵام بدرێتەوە )، کەچی لە ڕۆژی ٢٧/٤/١٩٨٦ دا، وەڵامی نامەکەم بە دەست گەیشت، کە لە ڕۆژی ٢٤/٤/١٩٨٦ دا، بۆی نوسیبووم.
ئەمەش دەقی نامەکەی شەهید ( دلشاد مەریوانی )یە:

برای ئازیزو هێژا کاک ئیسماعیل تەنیا
ڕێزو نەوازش هەر شادو بەختەوەر بن
ئازیزەکەم نامەی شیرینی ١٦/٤/١٩٨٦ ت گەیشت. سوپاسی پیرۆزباییەکەت و ئەو نەزاکەتە جووانەو ئاستی هوشیاریت دەکەم. کاشکا نووسەرانی ئێمە خاوەنی ئەو ئاست و نەزاکەتە دابوونایە. ئەوا گیروگرفتمان هەر زۆر کەم دەبوو.
سەرنجەکانتم بە دڵ بوو. ڕاستە لەم سەردەمەدا دەستکاری ئادەمیزاد دەکەن چ جای نووسین. پرسیارەکەتم بە دڵ بوو کە دەفەرمووی : ئەرێ مامۆستا دلشاد دەزگای ڕۆشنبیری چ بەرهەمی تۆیان نەقرتاندووە ؟ ئایا بە شیوەی نووسراوە بێ زیادو کەم بڵاوی دەکەنەوە ؟ منیش لە وەڵامیاندا دەڵێم : من بیست ساڵ لەمەوبەر دەستم کردووە بە بڵاوکردنەوە، لەو سەردەمەدا ڕەوشت لە کاری ڕۆژنامەگەرییدا هەبوو یان بڵاویان نەدەکردەوە یاوەکو کتومت بڵاویان دەکردەوە یان هەندێک دەستکاری ڕێنووس و زمانەوانییان دەکرد کە پێویست بوو. هەتا نووسەرەکەی بە هەڵەکانی خۆی ـ ناڕاستەوخۆ ـ بزانێ ئیتر دووپاتیان نەکاتەوە. ئەمڕۆش ئەم ڕەوشتە نەماوە. بە جۆرێکی تری لێ هاتووە. ئەوەی کە نە ناسراو بێ ( زیاد ) و ( کەم ) و بۆ خستنە سەری بەرامبەر بەکار دەهێنن، ئەوەی ناسراویش بێ ( زیاد ) نا بەڵام ( لێ قرتاندن)ی بەرامبەر بەکار دەهێنن. چونکە من لێ قرتاندنەکەم بە خۆمەوە دیوە. گەرچی کورد ووتەنی : وەک گای قەشە ناسراووم. هیچ نەبێ شەرم لەوەش ناکەن کە جگە لە پتر لە بیست ساڵ من ئەدەب کارمەو جگە لەدەیەها بەرهەمی هەمە چەشن، خاوەنی هەشت کتێبی چاپکراویشم.
بۆیە سەرنجەکانتم زۆر بە دڵ بوو. حەز دەکەم پێش داخستنی نامەکەم سەرنجێکی ترت بدەمێ؛ تۆ کارەکەت کۆلێکتەرییە، واتە کۆکردنەوەی فۆلکلۆرە. کارێکی زۆر زۆر پیرۆزە، وەلێ زۆر پێویستی بە ووریایی و هوشیاری و نەفەس درێژی هەیە. جگە لەوەی دەبێ خۆت تێکەڵ نەکەی بە کاری توێژینەوەو بەهای فەلسەفی دەرهێنان لە بەرهەمی ئەدەبی فۆلکلۆری. چونکە سەرت لێ دەشێوێنێ و ئێستا ئەو کارە لە توانای هەر زۆر کەم کەسانی ئێمەدا هەیە؛ مەگەر دوای زانیاری و خۆ پسپۆڕ کردنێکی زۆر قووڵ نەبێ. ئەو سەرنجەم لەبەر ئەوە نییە کە بڵێم من زۆر پسپۆڕم. نەخێر لە نەبوونیدا چارم نەماوە. (خانی) دەفەرمووێ:
خانی ژ کەمالی بێ کەمالی
مەیدانی کەمالی دیت، خالی
یەعنی نە ژ قابیلی و خەبیری
بەلکی بە تەعەسوبی عەشیری.
هیوادارم ئەو چەند دێرانە بەس بن بۆ یەکتر ناسین و بوونە ئاشنای یەک.
هەر شادو سەرکەوتوو بن
ئیمزا
برای دڵسۆزتان دڵشاد مەریوانی
(٢٤/٤/١٩٨٦)
* دلشاد محەمەدئەمین فەتاح (دلشاد مەریوانی )، لە ٢٨/٣/١٩٤٧ دا، لە شاری سلێمانی لە دایک بووە. لە ساڵی (١٩٦٣)وە، دەستی بە کاری سیاسی کردووە. لە ساڵی ١٩٧٢ دا، بەشی کوردی لە کۆلیژی ئادابی بەغدا تەواو کردووە. لە بوارە جیا جیاکاندا، کۆمەڵێک کتێب و نامیلکەی چاپکراوی هەیە، لەوانە؛ ( فرمێسک و زەردەخەنە، شیعر،١٩٦٧ . یەکەم هەنگاو، پەخشان، ١٩٧٣. دڵدارانی شۆڕش، چیرۆک، ١٩٧٣. پێشوازی خاوەن شکۆ، ڕەخنە،١٩٧٣ . ببن بە تیشک، شیعر،١٩٧٦ . بە پەنجەکانم دەتبینم، چیرۆک،١٩٧٧ . دێر یاسین، چیرۆک،١٩٧٨ . سەمفۆنیای وەنەوشە، شیعر، ١٩٨٠). هەروەها لە هەردوو شانۆنامەی ( لانەوازان، ١٩٧٣) و ( پردی وڵات، ١٩٧٤)دا، وەک ئەکتەر، بەشداری کردووە. کۆمەڵێک کاری وەزیفی بینیوە. لە خوێندنگاکانی (دوا ناوەندی سەرچنار، ناوەندی برایەتی، ئامادەیی هەڵکەوت، ئامادەیی شۆڕش )، مامۆستای زمان و ئەدەبی کوردی بووە. بەشداری شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی نوێی کردووە. لە ١٢/٢/١٩٨٩ دا، لەلایەن ڕژێمەوە دەستگیر کراوە. لە ڕێکەوتی١٣/٣/١٩٨٩ دا، شەهید کراوە. دوای ڕاپەڕین، لە دەزگاکانی ئەمن و ئیستیخباراتدا، دۆسیەکەی دۆزراوەتەوە. لەوێدا هاتووە ؛ ( دلشاد، مامۆستا بووە لە دوا ناوەندی شۆڕشی کوڕان. پیتی لاتینی فێری قوتابیان کردووە کە ئەمەش لەگەڵ بۆچوونە جیاواز خوازو شۆڤینییەکاندا دەگونجێ و هەروەها یەکێک بووە لە ئەدیبەکانی سەر بە گروپە موخەڕیبەکان….).

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت