بورهان شێخ ڕەئوف: دەر و دراوسێ, عەفرین لە سات و سەودای وڵاتاندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێستا عەفرین سەردێڕی هەواڵە گەرم گوڕەكانی زۆرێك لە میدیاكانی ناوچەكەو جیهانە، ئێستا عەفرین و هەموو گوندەكانی كە (350) گوندی هەیە گۆڕەپانی ئامانجی شەڕێكی داسەپاو و نەخوازراوە بە بیانووی ئەوەی هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ئیستراتیجی دەوڵەتی توركیا.
عەفرین دەكەوێتە لای سەروی باكوری ڕۆژئاوای سوریاوە و ڕووباری عەفرین تێیدا تێپەڕ دەبێت و شارۆچكەی ئەعزاز دەكەوێتە خۆرئاواییەوەو و شاری حەلەبی ئیستراتیجی و پایتەختی ئابوری سوریا دەكەوێتە باشوورییەوە هەروەها لە ڕووی كارگێڕیشەوە سەربە ئەوێیە، هەروەها لە باشووری ڕۆژئاواشەوە شاری ئەدلیبە واتە دەكەوێتە سەر سنووری توركیا لە باكوورو ڕۆژئاواوە.
عەفرین ناوچەیەكی شاخاوی جوانە كە ڕووبەرەكەی نزیكەی 3850 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە واتە لەسەدا دووی ڕووبەری خاكی سوریا پێكدەهێنێت و لە ڕووی جوگرافیەوە لە ناوچەو كانتۆنەكانی تری خۆسەری بەڕێوەبەری دوورەو بە یەك ناگەن و لە ناوچە كوردنشینەكانی ترەوە تاڕادەیەك دوورە.
عەفرین لە دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی سوریا ڕاستەوخۆ لە لایەن یەكینەكانی پاراستنی گەلی و یەكینەكانی پاراستنی ژنەوە پارێزگاری لێدەكریت و بنكەو پێگەو سەنگەری بەهێزی بەرگری بۆ دابین كراوە، كە بە هەزاران شەڕڤان مەزەندە دەكرێت و هەندێك سەرچاوە باس لە زیاتر لە (50) هەزار كەس دەكەن بۆ یە پێناچێت ئەو شەڕە وا بە ئاسانی یەكلایی بكرێتەوە.
عەفرین هەرچەندە شارێكە لە سەر كەناری دەریا نییە، بەڵام نزیكترین خاڵ و پێگەی كوردە لە دەریایی سپی ناوەڕاستەوە بۆ داهاتووی دامەزراندنی هەر قەوارەیەكی كوردی و تەنها ترس و نیگەرانی دەوڵەتی توركیاش هەر لەم گریمانەیە، بۆیە وا بەهێز توانای گەورەی سەربازی پێشكەوتوو سیستمی ڕۆكیتی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و هاتۆتە مەیدان و وەكو سەرۆك كۆماری توركیا ئەرۆدۆگان دەڵێت: نەك هەر عەفرین، بەڵكو تا سنوورەكانی عیراقیش دەڕۆین.
هەموو ئەم لەشكركێشی و پەلامارو ئۆپەراسیۆنانە، لە ناوچەیەكدایە كە سەقامگیرترین شوێنی سوریاو لەهەمانكاتدا گونجاوترین پەیوەندی هەیە لە نێوان هەموو پێكهاتە ئتنیكیە جیاوەزەكاندا.
بەڵێ‌ لە كاتێكدا ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەنجام دەدەرێت یەكینەكانی پاراستنی گەل باشترین پەیوەندی و هەماهەنگیان لە گەڵ هێزە هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لەلایەك ڕوسیا لەلایەكی ترەوە هەیە، تاكار گەیشتە ئەوەی ڕوسیا خەڵاتی فەرماندەی گشتی یەكینەكانی پاراستنی گەل سیبان حەمۆ بكا بە مەدالیای قارەمانی لە پلەی باڵا لە سوتشی.
بەڵام ئێستا دەبیستین و دەبینین وا هێزەكانی ڕوسیا بنكە و بارەگاكانیان چۆڵ دەكەن لە عەفرین، لە كاتێكدا عەفرین ئارامترین و سەقامگیرترین شارە لە هەموو سوریادا پێچەوانەی هەموو ئەو پاساو و لێدوانانەی توركیا و ئەردۆگان كە دەڵێن عەفرین هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ئیستراتیجی توركیاو هێزی تیرۆریستی داعشی لێ یە، لە كاتێكدا لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەموومان شاهیدی ئەو ڕاستییەین كە هێزە تیرۆریستیەكانی دەوڵەتی ئیسلامی بە درێژایی چەندین كیلۆمەتر لە سەر سنوورەكانی توركیا بوون دەوڵەتی ئەكەپەو ئەردۆگان هیچ ڕۆژێك ئەم نیگەرانی و ترسەیان پیشانی كەس نەدا.
ئەوەی جارێكی تر گومانی مێژوویی كورد لە ڕووسەكان زیندوو دەكاتەوە دوای كۆماری كوردستان لە مهاباد ساڵی 1946 هەڵكردنی چرای سەوزی ڕووسیایە بۆ توركیای ئەردۆگان، كە پەلاماری عەفرین و تەواوی ڕۆژئاوای كوردستان بدات، لە بەرامبەردا بەشداربوونی ئەنقەرە و هێزە وابەستەكانی لە ئۆپۆزەسیۆنی سوریا لە كۆنگرەی ئەستانە كە مۆسكۆ سەركردایەتی دەكات.
ئێستا خێرە لە شارێكی وا ئارام و سەقامگیر و بێ‌ كێشەدا ئۆپەراسێونێكی وا زەبەلاح ئەنجام بدرێت و پەلاماری خەڵكی سڤیل و بێتاوان بدرێت،ئەوەی چاوەڕوان دەكرێت لە جەنگی عەفرین نەك گۆڕینی نەخشەی هاوپەیمانێتیەكان لە سوریا بەڵكو نەخشەی هاوپەیمانێتی لە ناوچەكەش دەگۆڕێت بە تایبەتی هاوپەیمانێتی چوار قۆڵی لە نێوان توركیا و ئێران و ڕوسیا و سوریاو بە تایبەتی مانەوەی ئەسەد و هەوڵدان جێگیركردنەوەی.
ماوەتەوە بڵێین ئایا گەلی كورد جگە لە عەزم و ئیرادەی پۆڵایینی شەڕڤانەكانی لە شەڕێكی وا نابەرابەردا چ شتێكی هەیە؟
یان هەر وتە كۆنەكەی جاران بڵێینەوە كورد جگە لە چیاكان دۆستی تری نیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت