جیهاد محەمەد: دژایەتی هێرشی تورکیا بۆ سەر عفرین بۆ؟!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کورد دژ بە چەوساندنەوی گەلەکەی خەبات و تێکۆشانێکی سەرسەختانەی ئەنجمداوە. نزیکەی سەد ساڵە حیزب و لاینی سیاسیی و سەرکردەی جیاوازی بە خۆیەوە بینیەوە لە خەبات و تێکۆشانیدا. هەموو ئەم هێزانە تا دەگاتە ئەمرۆ خەبات و تێکۆشانێکی نەریتییانەیان ئەنجامداوە، بەو واتایەی ئەم خەبات و تێکۆشانانە نەیتوانیوە خواست و ئامانجێکی جیاواز لە هەژموونی پارادایمییەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و فەرهەنگیی نەریتییانە تێپەڕێنێت. جگە لە چەپەکان و کۆمۆنیستەکان هیچ هێزێکی دیکە ئەم پارادیمییە نەریتییە دینیی و ترادیسیۆنییەی تێنەپەڕاندووە، کە ئەفسوس هێزی چەپ و کۆمۆنیست نەیانتوانی بگەنە ئامانج. هەندێک جار ئەگەر هێزێکی سیاسییش ئەم پارادیمییەی تێپەڕاندبێت تەنها تیۆریانەبووە و لە پراکتیکدا گەڕاوەتەوە نێو بۆتەی هەژموونە پارادایمییە نەریتییەکە.
نزیکەی دەساڵێک دەبێت کە هێزی سیاسیی پەکەکە بە رابەریی عەبدوڵا ئۆجەلان سیاسەت و بیرکردنەوەیەکی جیاواز لەو پارادیمییەی گرتۆتە بەر، ئەم سیاسەت و تێکۆشانە بە تایبەتیی لە ڕۆژئاوا و پەیدەدا بەرجەستەبووە.
ئەم بیرکردنەوە و ئاراستە فەلسەفییە بە تەواوەتی خۆی جیاکردۆتەوە لە بیرکردنەوە و فەلسەفەی تێکۆشان و خەباتی چەند ساڵەی نەریتیی گەلی کورد لە بەشەکانی تری کوردستان کە بە ناوی کوردایەتییەکی نەریتییانە و لەژێر ئەم ناوەدا خەبات و تێکۆشانییان ئەنجام دەدا. کە زۆرێک لە شیکارە سیاسییەکان ئەم کوردایەتیە وا دەخوێننەوە کە هەڵگری بیر و ئەندێشەی عروبە و تورکی ڕەگەزپەرست و فارسی لوتبەرزە، واتە هەڵگری هەمان بیکردنەوەی نەتەوەپەرستیی و فاشیەتی نەتەوەییە، ئەم خوێندنەوەیەش لای بەندە ڕاستەقینەیە.
بیرکردنەوە و فەلسەفەی خەبات و تێکۆشانی ئێستای پەکەکە و پەیەدە بە ئامانجی دیمکوراتی گەلانە لە ناوچەکەدا. واتە دیموکراتیی و پێکەوە ژیانێک کە هەڵگری لێبوردەیی و عەقڵانێتێکە کە هەموو نەتەوە و هەموو گەلانی ناوچەکە پێیی دەگاتە مافی ڕەوای خۆی. ئەم فەلسەفەیە دژی هەموو بیرکردنەوە کۆنەپەرستەکانە کە خوازیاری گەڕانەوەی ژیانن بۆ سەردەمی تاریکستان و ئەنگوستەچاو کە تیادیدا مرۆڤ هیچ نییە جگە لە کۆیەلەیەکی دینیی و حوکمی خوا. ئەم بزووتنەوە کۆنەپەرست و تاریکستانانە بە پێشەنگی و سەرکردایەتی ئاکپارتی و ئەردۆغان بەڕێوە دەچێت، بۆیە هەموو کۆنەپەرستان و ئیخوانەکان و سەلەفیەکان و هەموو گروپە تیرۆریستەکان لە دەوری کۆبوونەتەوە. لە کۆلەکە مەلایەکی کۆنەپەرستەوە تا دەگاتە قەرزاوی و عەلی قەرداخی و حیزبەکانی وەک یەکگرتووی ئیسلامی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لەم هێرشە دڕاندانەی ئەردۆغان دەکەن.
لەبەرامبەریشدا پێویستە هەموو هێزی گەلی کورد لە هەر چوارپەرچەکەی کوردستاندا، هەموو هێزەکانی چەپ و کۆمۆنیست، هەموو هێزەکانی ئەنارکیستەکان و هەموو لیبراڵەکان چ لە ناوچەکەدا و چ لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا و ئوسترالیادا بەوپەڕی ڕاشکاوی و بەوپەڕی هێزی خۆیانەوە پشتیوانی لە شەڕڤانانی ڕۆژاڤا بکەن کە بەڕاستی نوێنەری ڕاستەقینەی بەرەی دیموکراتی و ئازادیی و سەرفرازی مرۆڤ و یەکسانییە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت