شوان شوانی: نەگەیشتن بەئامانجەکانی خۆپیشاندان و مانەوەی دەسەڵات.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کاتێك دەسەڵاتی خێڵەکی، حزبی، بێسیستەم و دژەدیموکراتی حکومەتی مافیا ئاسای باشووری کوردستان ئەگاتە ترۆپکی قۆرخکاری و لێوانلێو لەخیانەتی نەتەوەیی، گەندەڵی ئابووری، نادادپەروەری و شکستی سەربازی، پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی، دارایی، کارگێڕی و پەیوەندی دبلۆماسی، بەمانای فاشیل لەهەموو سێکتەرەکان، واتە فاشیل و شکستخواردوو لە حوکمڕانی، سیاسەت و دەوڵەتمەداری. ئایا بۆ ئەم دەسەڵاتە کۆنە دۆگماتیزمە کە زیاتر لەچارەکە سەدەییەکە وەك مۆتەکە بە دەستی گڵاوی قوڕگی ئەم میللەتە بەش مەینتەی تووندگرتووە، نەخۆی دەستبەرداری دەسەڵات ئەبێت و نەئەگۆڕدرێت؟
بە بۆچوونی بەندە وەڵامی ئەم پرسیارە لە دوو خاڵدا دەبینمەوە.
1- ئەم دەسەڵاتە بە هیچ شێوەیەك باوەڕی بەچاکسازی، بەدیموکراتییەت، ڕای ئازاد و دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات نییە. هەرکەسێك، هەرلایەنێك، هەر حزب و بزووتنەوەیەك، باسی گۆرینی دەسەڵات بکەن لە ڕێگای سندوقی دەنگدانەوە، ئەوە یەکەم جار خۆی هەڵئەخەڵەتێنێ دووەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، چونکە ئەم دەسەڵاتە کە تا سەر ئێسقان بۆگەنە هەموو شتێکی لەم کوردستانە کۆنتڕۆڵ و قۆرخکردووە[ بە لیستی دەنگدەرانەوە، لیستی پێشمەرگە، ئاسایش، پۆلیس، مردووان وهەروەها بەشێك لە دادوەران، سندوق و بنکەی دەنگدان و بەناو کۆمۆسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن]. هەڵبەت لەتەزویرو فێڵوفرتە لە پێشەوەی زۆربەی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی جیهانەوەیە. ڕووداوەکانی ساڵانی ڕابردووش بەڵگەی نەویستن.
بەشداریکردن لە حکومتی جووت بنەماڵە بەهیچ شێوەیەك سەرکەوتوونابێت، تەنها بەزەرەری میللەت و حزبەکان ئەشکێتەوە. چاکمان لەبیرە، خۆ دوێنێبوو حکومەتی پێنج حزبی بەرهەمەکەی چیبوو، حزبەبەشداربووەکان چۆن زەرەریانکرد. هەڵبەتە زەرەری گەورەش بەر بزووتنەوەی گۆڕان کەوت.
2- ئەوانەی باسی خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەکەن، ئەوە دەسەڵات و ئەو کەس ولایەن و حزبانەن کە سوودمەند وبەشدارن لە گەندەڵی و دزینی سەروەت و سامانی میللەت. بۆیە ڕوداوەکانی 17شوبات و مانگرتنی چەن مانگەی مامۆستایان، ئەی سەلمێنن کە بەخۆپیشاندانی ئاشتیانە هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت. چونکە لە باوەڕی ئەم دەسەڵاتە پرینسیپی چاکسازی نییە. کەس دیویەتی خائین و ستەمکار دادپەروەری و مافپەروەریبکات، گەندەڵ و دز یەکسانپارێزو شەفافبێت؟ هەرگیز نەخێر.

ئەوەی گرنگە لێرەدا باسبکرێت، نەبوونی فاکتەرێکی سەرەکی و زۆر گرنگی سەرکەوتنی
خۆپیشاندانەکان و ڕاپەڕینی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە بۆ ڕاماڵین و گۆڕینی دەسەڵات. ئەویش نەبوونی دەستەبژێر و پێشڕەو و ڕەوتی سیاسی ڕادیکاڵی شۆرشگێر، لە خۆبوردو، خۆنەویست، داڕێژرەی پلانی تاکتیکی و ستراتیژە. کە بتوانێت خاوندارێتی و سەرپەرشتی و ڕابەرایەتی خۆپیشاندان، ناڕەزاییەکان و تا دەگاتە ڕاپەرین و ڕاماڵینی دەسەڵات بکات.
پێش خۆپیشاندان وڕوداوەکانی کۆتایی ساڵی پار هەندێك لە کۆڵکە نووسەر ودەربار، لە زۆربەی نووسینەکانیانداخەریکی بەڵاوکردنەوەی چەمکێکی نا لۆژیك و نافەلسەفی نازانستی بوون، زۆربەیان ئۆباڵی نەگۆڕینی ئەم دەسەڵاتەیان ئەخستە ئەستۆی میللەت و ئەم پڕۆپاگەندە هەرزانەیان بەڵاودەکردەوە و دەیانووت “میللەت ڕازییە، خەڵك تونای برەنگاربوونەوەی نییە، زۆر بەی خەڵکی بارودۆخیان تا ڕادەیەك باشە، کۆمەڵانی خەڵك ڕاچاوی ناسکیی باروودۆخەکەدەکەن یاخود خەڵك ئیرادەو توانای هاتنە سەرشەقامی نییە”. ئەمەش بۆ ئەوەی لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە کار لەسەر باریدەروونی خەڵك بکەن و ورەیان بڕوخێنن وتوانکانیان بێهێزبکەن وخزمەتێك بەدەسەڵات بگەیەنن. بەڵام خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە سەلماندی کە جەماوەر و خاڵکی کوردستان ووشیار و خۆنەویست و ورەبەرزن بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان. بەڵام ئەوەی لە گۆڕەپانەکەدا ئامادەیی نەبوو و تا ئێستا نییە، تەنها پێشڕەوی و ڕابەرایەتی و سەرپەرشتی کردنی ئەو جەماوەر و خەڵکە ئازاو نەبەز و تێکۆشەرەیە. بەبێ بوونی ئەم فاکتەرە گرنگە ناڕەزییەکان، خۆپیشاندان و تادەگاتە ڕاپەڕین، ناتوانێت باندۆڕی گەورە و کاریگەری هەبێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت