شێرزاد شێخانی: سەروەری شاخ و سەروەتی شار.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەهیچ وڵاتێكدا سیاسەت ئەوەندە پیس و بێزراو نەبوە، بەقەدەر ئەم وڵاتەی ئێمە كە ناوی كوردستانە !.. لەهیچ وڵاتێكدا سیاسەتمەدار ئەوەندە درۆزن نەبوە، وەك سیاسەتمەدارانی ئێمە!. لەهیچ وڵاتێكدا میدیا ئەوەندە چەواشەكار نەبوە، وەك میدیاكەی مەر لەخۆمان !.. لەهیچ وڵاتێكدا كۆمەڵگا ئەوەندە ساویلكە نەبوە، بەقەدەر كۆمەڵگەی ئێمە.. لێرە هەمو شتێك پێچەوانەی كۆمەڵانی دونیایە..
بەپێی رۆژنامەكانی توركیا بێ، مەسعود بارزانی خاوەنی 54 ملیار دۆلارە وشكەیە لەبانكەكانی ئەم وڵاتە، نازانین چەنێكیتری هەیە لە بانكەكانی تری دونیادا، هەڵبەت ئەم سەروەت و سامانەشی بە ئارەقەی نێوچاوانی و بەكارو كەسابەتەوە بەدەست نەهێناوە، حیسابی كوڕو نەوەو بنەماڵەكەشی دیار نیەو نازانین چەنە ولەكوێ هەڵگیراوە..
رۆشنبیری ” كورد ئەوەندەی باسی سەروەتو سامانەكەی نەوشیروان مستەفا ئەكەن، ئەوەندە بەلای ئەم هەمو سەروەتەی ئالی بارزاندا ناچن ، ئەوەندەی باسی گردی زەرگەتە بوەتە باسو خواسی سەر فەیسبوك و لاپەرەی میدیاكان، ئەوەندە باسی داگییر كردنی مەسیف و سەری رەش و 40 هەزار دۆنمەكەی ماڵی كاكی ئەندازیاری وێرانی ناكرێ.. ئەمەش لەكاتێكدا كاك نەوە خاوەنی ئەم هەمو خاكەی كوردستانە كە بەدەستی خۆی و هەڤاڵەكانی لەبندەستی رژێمی بەعسی لەراپەرینەكەی بەهاری ساڵی 1991دا دەرهێنا، جگە لەوەی بەدەیان ساڵیش بەم شاخانەوە بوە و خەباتی كردوە بۆ رزگاری میللەتەكەی، ئەو كاتەش بنەماڵەی بارزانی لەكەرەج خەریكی كونكردنی دارجگەرە بونە.
سەدان وتار و لێدوان لەسەر پلەی عەمیدی شاناز خانی كچی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد نوسرا كە وتراوە بەناهەق خانەنشیین كراوە، بەڵام كەس باسی پلەی لیواو فەریقی ئەندامانی بنەماڵەی بارزانی ناكات كە بەناهەق لەسەر شانیان بەستوە، بێ ئەوەی رۆژێ لەرۆژان بەشداری شەڕێكی پێشمەرگانەیان كردبێ، مەگەر بەتەلەفۆن لەفێللاكانی ناوچەی بارزانەوە بەدوربین سەیری بەرەكانی شەڕیان كردبێ !.
شاناز خان ئەگەر هیچی نەكردبێ هاوەڵی رابەری بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد مام جەلال بوەو، ساڵانێكی دوورو درێژیش وەك باجی خەباتەكەی باوكی بەرێزییەوە دەربەدەری شارو وڵاتان بوەو، بەقەدەر قورسایی خەباتی دەیان پێشمەرگەش چالاكی هەبوە لەدەرەوەی وڵاتدا.
هەزاران پێشمەرگەی دێرینی ئەم كوردستانە لەشارو شاخدا خەباتیان كردوە، ئەگەر بۆ یەك مانگیش بوبێت ئەمانە خاوەنی راستەقیینەی خاكی كوردستانن. خەباتی ئەمانە جێگای تەقدیرە، بەڵام بەداخەتوە ئەوانەی بەدرێژایی ژیانیان لەدژی شۆڕشی كورد جەنگاون و هەمیشە چەكی خیانەتیان كردۆتە شان و كوردیان كوشتوەو میللەتەیان ئەنفال كردوە، ئەمرۆ لەسایەی خاكفرۆشانی كوردەوە موچەی خانەنشینی لەوەزوارەتی پێشمەرگە وەرئەگرن، هەندێكیان مەزرعەو فیللای خۆشیان هەیەو بەپارەی میللەت ئەلەوەرێن.
هەزاران ئەندامی رێكخستنەكانی شار ساڵانێك لەناو زیندانە تاریكەكانی رژێمی بەعسدا ژیانیان بەسەر بردوە، ئەمرۆ بە روبعە موچەیەكی دوو مانگ جارێك قەرەبو ئەكرێنەوە، كەچی لەولاوە دەیان هەزار بندیواری دەنگفرۆشی پارتی لەماڵەكەی خۆیان دانیشتون بەملیۆن دینار پاداشتی دەنگەكانیان ئەكرێ .
دەنگی چوار گەنجی بەشمەینەتی هەولێر بەزەبری هێز و فشاری بڕینی كارەبای ماڵەكانیان كپ ئەكرێ، بەڵام بە ملیۆنان دۆلاری دزراوی ناودەمی مناڵانی كورد لە دوو كەنالی چەواشەكاری حیزبی پارتی سەرف ئەكرێ، و ملیۆنانی تریش ئەدرێتە قەڵەمفرۆشان و جنێودەرانی سایتەكانی ئەم حیزبە.
بیستو حەوت ساڵە ئەم دەسەڵاتە زاڵمە زوخاو ئەكات بەقورگی میللەتەوە، كارەبای لێ ئەبڕێ، ئاوی پاكی ناداتێ ، موچەی ئەبڕێ، دەیان ملیار دۆلاری قەرزشی خستۆتە سەر ئەستۆی نەوەكانی داهاتو، كەچی ئێستاش كوڕو نەوەكانی بەرپرسانی دەسەڵات بۆ یەك سەعاتیش لەكەیفو سەفای مەلهاكانی لوبنان و ئۆكرانیاو جۆرجیا نەكەوتون، ئێستاش سۆزانیەكان بە فرۆكەی تایبەتەوە ئەگوازرێنەوە مەزرەعەكانیان لەدەوربەری مەسیف و شەقڵاوە.
ئەمە حاڵی میللەتەكەمان بەدەست ئەم دەسەڵاتەی هەرێمەوە، هیچ ئاسۆیەكی روونیش نیە بۆ گۆڕانكارییەك ئەم میللەتە جارێكیتر لەبندەستی رژێمێكی فاشیزمی وەك بنەماڵەی بارزانی رزگاری ببێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت