drbarham_nawsherwan

شەریف هەژارى: ئایا گورزى نەوشیروان مستەفا کاریگەرى زیاتر بو لەسەر یەکێتیى، یاخود ئەمەى دکتۆر بەرهەم!؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەڕاستیدا کاتێک بمانەوێت باس لە جیابونەوەى ئەم دوو کادیرە هەرە باڵایە لە یەکێتیى بکەین، ئەوکات ڕەنگە شیاو نەبێت کە وشەى (گورز) بەکاربهێنرێت، بەڵکو ڕاسترە کە بوترێت: ئایا جیانەوەى نەوشیروان مستەفا کاریگەرتر بوو یاخود ئەمەى د.بەرهەم لەسەر یەکێتیى!؟
چونکە حەقیقەتێک هەیە دەبێت مرۆڤى ئەکادیمى ڕەچاوى بکات، ئەویش ئەوەیە: نەوشیروان مستەفا خوێنى زۆرى کەسوکارى خۆى و هاوژینەکەى بۆ یەکێتیى بەخشى بوو، تەنانەت لە کۆنگرەى یەکی یەکێتیش دا زیاترین کادیرى لەگەڵ دا بووە، بۆیە جیابونەوەى نەوشیروان مستەفا لە یەکێتیى حەقى خۆى بوو هەتا گورزى لە یەکێتیى وەشاند بێت!!
پێموایە بۆ وەڵامى ئەم پرسیارى سەرەوە، دەبێت ڕاڤەکار هەمیشە (کات) لە بەرچاو بگرێت. بەو مانایەى سەردەمى جیابونەوەى نەوشیروان مستەفا لە یەکێتیى، زۆر جیاوازتر بوو لەم سەردەمەى جیابونەوەى د.بەرهەم لە یەکێتیى.
نەوشیروان مستەفا کاتێک لە یەکێتیى جیابووەوە، یەکێتیى لە قیمەى نفوز و دەسەڵاتیى دا بو لە کوردستان و عێراق دا. مام جەلال سەرۆککۆمارى عێراق بو. حیزبەکە زۆر تۆکمەتر بو لە ئێستا. دۆخى خەڵک باشتر بو. هیچ ئازادییەکى سیاسیى (بەمانا حەقیقیەکەى: فرەیى سیاسیى: پلورالیزمى سیاسیى) بوونى نەبو. کەس نەى دەتوانى توانج لە بەرپرسێکى یەکێتیى بدات لە زۆنى سەوز دا.
بەڵام نەوشیروان مستەفا ئەو (کۆنکرێتە سەپێنراوە)ى نەک هەر لەرزاند، بگرە درزیشى تێ کرد و تەکاندى و تاڵە شیشەکانى ناويشى خستەڕو!!
نەوشیروان مستەفا بەکردەوە و (بەبێ ئەوەى ئەو سەرمایەیەى کە بەدەست مام جەلال و کۆسرەت رەسول و دکتۆر بەرهەم و یەکێتیى)یەوە بو، توانى بیسەلمێنێت کە لە ئەوان زیاتر جەماوەر کەمەند کێش دەکا بە لاى خۆى دا. بەڕاستیش ئەوە کەم نەبو!!
مرۆڤێ بتوانێت حیزبێکى نوێ دروست بکات و، لە حیزبێکى بباتەوە کە چل ساڵ ئەزمونى هەبێ و، سەرۆککۆمار هى ئەو بێ و، سەرۆک وەزیر (دکتۆر بەرهەم) هى ئەو بێ و، نیوەى سەرمایەى کوردستانى لە ژێر دەست دا بێ و، نیوەى هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنیەکان و ئاسایشى هەبێت، کەچى نەتوانێت بە قەدەر حیزبە تازەکەى نەوشیروان مستەفا دەنگى جەماوەر بهێنێت، ئەوا لە حەقیقەت دا ئەوەى نەوشیروان مستەفا بۆ یەکێتیى سەلماند ئەوەبو کە: لە هەمو سەرکردایەتیى یەکێتیى بردەوە بە (مام جەلال و کۆسرەت رەسول و بەرهەم سالح و مەلا بەختیار)یشەوە.
بەڵام سەردەمى دکتۆر بەرهەم جیایە. پێموایە ئەگەر دکتۆر بەرهەم وردکار بێت، ترسناکترین کاریگەرى لەسەر یەکێتیى دادەنێت، بۆچى!؟
چونکە لە ئێستادا یەکێتیى مام جەلالى لە دەست چووە. هێشتا یەکێتیى خوێنیى کاریگەرییەکانى جیابوونەوەى نەوشیروان مستەفاى لێ دەتکێ و تائێستاش ساڕێژى نەکردۆتەوە. زیاتر لەوانەش: یەکێتیى بە ترسناکترین خیانەتیى بێ-وێنەى ناو مێژووى کورد کە لە (16-10-2017) ئەنجام درا، گلاوە. لەلایەکى دیکەشەوە: دۆخى خەڵک لەوپەڕى خراپى دایە. ئیدى با ئەوەش بوەستێت ڕێکخستنەکانى یەکێتیى زۆر خراپ لێک هەڵوەریون، بەتایبەت لە نەمانى کەسایەتیەکى وەک مام جەلال بە تەواوى ڕێکخستنەکانى یەکێتیى شپرزە و سەر لێ شێوا و ناجێگیر کردووە.
بۆیە لە ڕاستیدا، ئەگەر نەوشیروان مستەفا لەم تەمەنەى ئێستاى بەرهەم ساڵح بایە و مابایە و ئەم دۆخەى بۆ د.بەرهەم هەڵکەوتوە بۆ ئەو هەڵکەوتبایە، ئەوا بە (بە ئەگەرى زۆرەوە) زۆنى یەکێتیى کۆنترۆڵ دەکرد.
مەسەلەى د.بەرهەم بەتایبەت لەسەر ئەم هەنگاوەى بەندە، کە من زۆر بە دیقەتەوە لێى دەڕوانم، ئەمەوێت بزانم: د.بەرهەم سێبەرەکانى خۆى لە ناو یەکێتیى دا چۆن ئاڕاستە پێ دەکات، بۆ کام ئامانجانە داى ناون، ئایا ئەتوانێت بە وردى لە ڕێیانەوە ئامانجەکانى بپێکێت!؟
مەبەستم لە سێبەرەکانى د.بەرهەم لە ناو یەکێتیى، سەرکردەکانى وەک (مەحمود سەنگاوى، شێخ جەعفەر، عەدنانى حەمەى مینا، حامیدى حاجى غالى، حەمەى حەمە سەعید، جەمیل هەورامى و بەرزانى ئەحمەد کوردە و چەندین سەرکردەى ترن).
لەم ڕووەوە بە دیقەتەوە لە هەنگاوەکانى د.بەرهەم دەڕوانم. ئایا د.بەرهەم دەتوانێت زۆر لێزانانە لە ڕێى ئەم سەرکردانەوە تەواوى زۆنى سەوز کۆنترۆڵ بکات!؟ ئایا لە هەنگاوەکانى داهاتودا چۆن دەیانخاتەگەڕ!؟ هەروەک ڕونە تائێستا د.بەرهەم بە زۆرى ئەم سەرکردانەى بۆ دوو مەبەست خستۆتەگەڕ:
یەکەم: بۆ وەڵامدانەوەى باڵى بنەماڵەى یەکێتیى، هەروەک چۆن مەحمود سەنگاوى ئاڕاستە دەکات کە وەڵامى (قوباد تاڵەبانى و مەلا بەختیار) بداتەوە.
دووەم: لە ڕێى ئەم سەرکردانەوە، کەسانێکى ئەکادیمیى و مەدەنى بۆ جوڵانەوە نوێیەکەى (هاوپەیمانى بۆ دیوکراسیى و دادوەرى) کۆدەکاتەوە!
بەڵام ئەیڵێمەوە کە گرنگترین پرسیار لاى من هەر ئەوەیە: ئایا د.بەرهەم لێزانانەتر دەتوانێت ئەم سەرکردانە بۆ پێکانى ئامانجەکانى سود لێ وەربگرێت!؟ کامانەن ئەو ڕێگایانەى کە د.بەرهەم ئەتوانێت لە ڕێى ئەم سەرکردانەى ناو یەکێتییەوە ئامانجەکانى حیزبە نوێیەکەى بپێکێت!؟ جارێ ئەو پرسیارە بۆ کردەوەکانى داهاتوى د.بەرهەم جێ دەهێڵم!!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت