عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: پەرلەمان و ڕۆژئاوا، لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پەرلەمانی کوردستان لەسادەترین پێناسەیدا دەکرێت بڵێین گەورەترین دامەزراوەی یاسایی هەرێمی کوردستانەو نوێنەرایەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکات بەهەموو دەنگ و ڕەنگ و پێکهاتە جیاوازییەکانیەوە. بۆیە پێویستە پەرلەمانی کوردستان بێ پێوتن و چاوەڕوانی لەکاتی ڕودانی هەر ئەگەرو پێشهاتێکدا کەپەیوەندیدارە بەخاک و خەڵکی کوردستان هەر زووبە ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی هەستێت و بێدەنگی نەکاتە تاکە بژاردەی خۆی.
چەند ڕۆژێکە بەشێکی گرنگ و زیندووی کوردستان کە کانتۆنی عەفرینە لەڕۆژئاوا کەوتۆتە بەر شاڵاو و هێرشی دڕندانەی سوپای تورکیاو بەو هۆیەوە چەندین هاوڵاتی سڤیل و شەرڤانی بەرگریکار بوونەتە قوربانی لەپێناوپاراستنی ئەو کانتۆنەخۆڕاگرەدا. بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامان و پرسیارە لای زۆرینەی خەڵکی و شرۆڤەکار و تەنانەت پەرلەمانتارانیش ئەو بێدەنگی و بێ هەڵوێستیەی پەرلەمانە لەئاست ئەو تاوان و کوشتن و بڕینەدا، بۆیە پێویستەو هەقی خۆشیەتی کە بەراوردێکی ئەم پەرلەمانەبکەین لەنێوان ئێستاو دوێنێیدا واتا پێش پەکخستنی.

پەرلەمانی کوردستان لەدوێنیدا نەک ئێستا بەتایبەت
ئەو کاتەی کە گروپی تیرۆریستی داعش هێرشی کردە سەر کانتۆنی کۆبانێ یەکەمین شوێن و دامەزراوەبوو کەلەبەرواری ( ۱۳-۷-۲۰۱٤) بەیاننامەی دژی پەلاماردان و هێرشی بۆسەرکۆبانێ دەرکرد. ئەوە پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتیەکەی بوو لەدوێنیدا کاتێ کە لەگەڵ کونسوڵخانەکان لە هەولێردا کۆبوەوە تایبەت بەپرسی شەنگال کە تازە داگیرکرابوو هاوتەریب باسی کۆبانێ و مەترسیەکانی داعشیشی بۆکردن لەوکانتۆنە. هەر ئەم پەرلەمانەبوو بەڵام لەدوێنیدا و لەمانگی ئەیلولی (۲۰۱٤)دا بەیاننامەیەکی تری سەبارەت بەکۆبانێ دەرکردو داوای هاوکاری و بەهاناوەچونی لەوڵاتانی دنیاو هەرێم و خەڵکی کوردستان کرد بۆ کانتۆنی کۆبانێ.
خۆ هەر ئەم پەرلەمانەبوو بەڵام لەدوێنێیدا کە لە ناوەڕاستی ئۆکتۆبەری (۲۰۱٤) دا کۆبونەوەیەکی خۆی تایبەتکرد بەکۆبانێ و چۆنیەتی هاوکاریکردنی ئەو کانتۆنەو دانیشتوانەکەی و لەدوو کۆبونەوەی تریشیدا باسی کۆبانێیکردو تەنانەت بیرۆکەی پەرلەمانتارێکیش خوێندرایەوە لەسەر کۆبانێ.
پێویستە ئەوەش بزانرێت کە هەر ئەم خولی چواری پەرلەمانەبوو، بەڵام لەدوێنێیدا جگە لەوەی بە بەردەوامی لەسەر هێڵ بوو لەگەڵ دامەزراوەکانی تری حکومەتدا بەتایبەت وەزارەتی پێشمەرگە، بەفەرمی بانگهێشتی کانتۆنەکانی ڕۆژئاواشی کرد بۆ پەرلەمانی کوردستان. هەر ئەم سەرۆکایەتی پەرلەمانەبوو بەڵام لەسەرەتای دەستبەکاربونی خولەکەیدا دەرگاکانی واڵاکرد بۆ پێشوازی کوردانی باکورو ڕۆژئاواو نوێنەرەکانیان کەپێشتر ئەمانە سەردانیکردنیان بەجۆرێک لەجۆرەکان لێ قەدەغەکرابوو.
وە هەر ئەم پەرلەمانە بوو لەپێشتردا شاندێکی پەرلەمانی ڕەوانەکرد بۆ کانتۆنی کۆبانێ تاکو لەڕەوش و ژیانی دانیشتوان و کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا و هاوکاریکردنیان بەپێی پێویست و ئەو توانایەی هەبوە لەوساتەدا بکات.
هەر ئەم پەرلەمانەبوو لەبەرواری ( ۱٤-۱۰-۲۰۱٤) دانیشتنێکی تایبەتی گرێدا تایبەت بەڕۆژئاواو کانتۆنی کۆبانێ، کەتێیدا دوو بڕیاری گرنگ و مێژوویی تێدا دەرکران کەبریتی بوون لەبڕیارەکانی ژمارە ( ۲٤ ، ۲۸ ) کەیەکەمیان تایبەت بوو بەداننان بەسەربەخۆیی کانتۆنەکانی ڕۆژئاواو کردنەوەی نوێنەرایەتیان لەهەرێم، و دووەمیشیان تایبەت بوو بەناردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ پاڵپشتی و پشتیوانیکردنی کانتۆنی کۆبانێ کەمەترسی زۆری لەسەربوو لەلایەن گروپی تیرۆریستی داعش و هاوکارەکانیانەوە.
وە نوێنەری کانتۆنەکانی ڕۆژئاوابوو ساڵی ڕابردووداو لەکاتی سەردانیکردنی چەند فراکسیۆنێک بۆ نوێنەرایەتی کانتۆنەکان لەشاری سلێمانی بەهۆی ساڵیادی ڕاگەیاندنی کانتۆنەکانەوە زۆر ڕاشکاوانە وتی کە لەو کاتەوەی پەرلەمانی کوردستان لە (۱۲)ی ئۆکتۆبەری (۲۰۱٥)وە پەکخرا ئیتر هاوکارییەکانی باشور بۆ ڕۆژئاواش بەتەواوی کۆتاییان پێهات و نەمان.
لێرەدا ئەوەی بۆتەجێگای باس و ڕەخنەلێگرتن، دەرنەبڕینی هەڵوێستێکی ڕاشکاوانەیە لەلایەن ئەم پەرلەمانەی ئێستای کوردستان دەرهەق بەو هێرش و پەلاماردانەی تورکیا بۆ سەر عەفرین و دانیشتوانەکەی.
کە دەبوایە هەر لە یەکەمین ساتەوە سەرۆکایەتی ئێستای پەرلەمان بەپەلە بانگەوازی دانیشتنێکی نائاسایی بکردایە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و گەیاندنی داواو و خواستی خەڵکی کوردستان بۆ وڵاتانی دنیاو کونسوڵخانەکان و ڕاگەیاندنی پشتیوانی بەناوی خەڵکی کوردستان بۆ عەفرین و بەرخۆدانەکەی، و لەهەمان کاتیشدا ئیدانەو شەرمەزارکردنی تورکیاو هاوئاوازەکانی لەبەرامبەر ئەو داگیرکاری و کوشتارەی ئەنجامیدەدات لەڕۆژئاواو کانتۆنی عەفرین. بەڵام سەرۆکایەتی پەرلەمان نەک ئەو کارەی نەکرد تەنانەت داوای چەند فراکسیۆنێک و دەیان ئەندامی پەرلەمانی تائێستاش بەهەند وەرنەگرتوە کەماوەی هەفتەیەکەو بەدیاریکراویش لە ( ۲۲-۱-۲۰۱۸) وە داوای دانیشتنێکیان کردوە تایبەت بەڕۆژئاواو ئەو هێرش و پەلامارانەی دەکرێنە سەرعەفرین لەلایەن ڕژێمی تورکیا.
ئاخر کەی ڕەوایە ئەنجومەنی ئاسایش لەئاستی جیهاندا کۆببێتەوە بۆتاوتوێکردن و باسکردنی هێرش و پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین بەڵام پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەئاست ئەو هەموو تاوان و کورد کوژییەدا نوزەی لێوەنەیەت و بێدەنگ بێدەنگ ڕۆژ بەڕێکات و سەری خۆی کزبگرێت.
چۆن دەکرێت هەموو دونیا لەسەرعەفرین قسەی هەبێت، ئیدانەی پەلاماردانی بکات، گردبونەوەو ناڕەزایی لەزۆرینەی پایتەختەکان بەڕێوەبچێت، کەچی دوو هەفتەیە پەرلەمان کۆبونەوەیەک ئەنجامنەدات، بڕیارێک دەرنەکات لەسەر ئەو هەموو ڕوداو پێشهاتە مەترسیدارانە.
بۆیە دەکرێت ئەو پرسیارە سادەیە زۆر بەڕاشکاوی بکەین و بپرسین: بۆچی هەرئەم خولەی پەرلەمان لەکاتی هەڕەشەو مەترسیەکان بۆسەر کانتۆنی کۆبانی ئەو هەموو بڕیارو بەیاننامانەی دەرکرد و لیژنەی مەیدانی بۆ سەردانی پێکهێناو کۆبونەوەی تایبەتی بۆ ئەنجامدا؟
بەڵام بۆچی لەئێستادا کە گەورەترین هەڕەشە لەسەر کانتۆنی عەفرین هەیەو بەبەرچاوی دنیاوە هێرش دەکرێتەسەری، پەلامار دەدرێت، هاوڵاتی سڤیل شەهید دەکرێت، عەفرین دەکرێتە کوشتارگە کەچی ئەم پەرلەمان و سەرۆکایەتیەی ئێستا هێندە بێباک و کەمتەرخەمن لەئێستادا؟
نەک کۆبونەوەو دانیشتنی تایبەت بەعەفرین ئەنجامنەداوە تەنانەت ڕستەیەک بگرە بە وشەیەکیش باسی پەلامارەکانی سەرکانتۆنی عەفرینی نەکردوە لەلایەن دەوڵەتی تورکیای تۆرانی و ئەڵقەلەمشتەکانیەوە.
ئەمە ڕاستیەکمان بۆدەسەلمێنێت کەجیاوازی ئەم خولەی پەرلەمان لەسەرەتاو کۆتاییدا هێندەی ئاسمان و ڕێسمانە.
باشترین نمونەش دەربڕینی هەڵوێستی پەرلەمانە لەدوێنێدا بۆ کانتۆنی کۆبانێ و نەبوونی هەڵوێستیشە لە ئەمڕۆدا بۆکانتۆنی عەفرین کەهەردوکیان دووکانتۆنی ئازیزی ڕۆژئاوای کوردستانن و پێویست بوو پەرلەمانی کوردستان بەدەنگ و نەعرەتەیەکی زۆر بەرز بۆی بهاتایەتە گۆ و بەناوی گەلی کوردستانەوە پاڵپشتی و پشتگیری تەواوی خۆی بۆ دەرببڕیایە، چونکە بێدەنگبونی پەرلەرمان لەدۆخێکی لەوشێوەیەدا کەناوچەکە بەگشتی و عەفرینی بەتایبەت تێدا دەکوڵێت نیشانەیەکی گەورەی پرسیار لەسەرخۆی دروست دەکات و مێژووش هەڵوێستەکان وەک خۆی تۆمار دەکا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت