كارۆخ عوسمان: سێمالكا بەتامی Zeytin Dalı، پارتی بەكردار توركیایە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئۆپەراسیۆنی دوژمنكارانەی توركیا بۆسەر عەفرین لەژێر ناوی (Zeytin Dalı) بەڕێوە دەچێت. واتا (چڵە زەیتون). چڵە زەیتون كە مەنای ئاشتی دێت، كەچی دەوڵەتی توركیا شەڕانگێزی و قەتڵ و عامی گەلێكی چەوساوە ئەكات.
ئەردۆگان دەڵێت; ئێمە ئەچین بۆ عەفرین بۆئەوەی ئەو ناوچەیە پاك بكەینەوە لەتیرۆریستان، ئەچین تا ئاشتی بەرقەرار بكەین. بەڵام دوای 100 ساڵ، تازە ئاشتی بەرقەرارەو گەلان سەربەستن، لەوەتەی ئەوانەی ئەردۆگان بەتیرۆریست ناویان ئەبات عەفرین بەتایبەت و ڕۆژئاوا بەگشتی بەڕێوە ئەبەن. چڵە زەیتون بۆ ھەموو گەلانی دونیا ھێمای خۆشبەختی و ژیاندۆستی و ئاشتی و ئارامیە، لەبەدچارەیی (كورد) چڵە زەیتونیش بۆتە تەڵەی شەڕو كوشت و بڕ.
لەعەفرین ھەزاران ھكتار زەوی داچێنراوە بە زەیتون، ئەو بەرھەمە زڕاعیە ھەر لە عەفرینەوە تا شاری ھاتای درێژبۆتەوە. كە بەدرێژایی نزیكەی 100 كیلۆمەترە. بەدرێژایی ئەو زەویانەش كە زەیتونیان لێ بەرھەم دەھێنرێت لەژێر زەمینەكەیدا زێڕی ڕەش (نەوت) ھەیە. كەوابێ ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتون لەپێناو ئاشتیدا درۆیەكەو نەوت لەپەنایدا كراوە بە ئامانج، چونكە خۆبەڕێوەبەرێتی ڕۆژئاوا كە كوردان تێیدا لەلوتكەدان ئامادە نەبوونە گەل بچەوسێننەوە لەپێناو بەرژەوەندی چەپەڵی داگیركەرانی دەوڵەتی تورك. خۆ ئەگەر سیاسەتی ڕۆژئاوا سەروەتی گەلی تەسلیم بە توركیا كردبایە ئێستا بەلای ئەردۆگانەوە باشترین ناوچەی ئاشتی پارێز خۆرئاوای كوردستان ئەبوو. بەڵام كە نەیانكرد، ئێستا خۆرئاوا تیرۆریستە. سەرەڕای ئەوەی كە دەوڵەتی توركیا ھەردەم كار بە میكانیزمی تیرۆر ئەكات بۆ زاڵبوون بەسەر دەوروبەریدا.

توركیا و ڕوسیا ڕێكەوتوون لەسەر ئەم ھێرشانە.
ڕوسیا ڕێگا بەتوركیا دەدات كانتۆنەكانی كوردی ھەڵوەشێنێ، لەبەرامبەردا توركیا ڕازی بەمانەوەی ڕژێمی ئەسەد دەبێت. ئەسەد ئیدلیبی بەلاوە گرنگترە لەعەفرین، بەڵام نەمانی حوكمی كوردی بۆ ھەردوو بەگرنگ دادەنرێت. دوای كۆتایھاتنی ئۆپەراسیۆنی (چڵە زەیتون) سوپای توركیا لەناو خاكی سوریا دەكشێتەوە.

ئەم پڕۆتۆكۆڵەش لەسەر ئەم بنەمایە كراوە.
بەڵام ئایا ئەمریكا بێ ھەڵوێست و كپ و مات دەبێت لەبەرامبەر لێدان لەدەستكەوتەكانی؟ ئەمریكا جارێ بێ كردارە، بەڵام دەیەوێ قۆناغی دوای گواستنەوەی بنكەی (ئینجیرلیك) ئامادە بكات، كە تێكچوونی پەیوەندی نێوانیەتی لەگەڵ توركیا.
توركیا لەم قۆناغەدا دەستی بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە نەئەبرد ئەگەر گرفتی نێوخۆیی لەلایەك و بیرۆكەی گەیاندنی عەفرین بە دەریای ناوەڕاست لەلایەكیتر نەبوایە. جگە لەمانەش، ڕێكەوتنێكیتری توركیا لەگەڵ ھێزێكی كوردی ھەیە، كە بۆ پاڵپشتی لەسیاسەتی ئەردۆگان چەندین گروپی چەكداری دروستكردوە. ھێزی پێشمەرگەی ڕۆژو ئەنەكەسە بەشێكن لەو گروپانە.
ئێستا كە توركیا ھێرش دەكاتە سەر ڕۆژئاوا پارتی دیموكڕاتی كوردستان كە بەدۆستی ئەردۆگان ناسراوە، دەرووەكانی بەڕووی خەڵكی خۆرئاوا داخستووە. داخستنی سێمالكا ھێمایەكی ناشرینە كە بەنێوچەوانی حوكمڕانی باشوری كوردستانەوەیە. بۆیە ئەوە تەنھا ڕوسیا نیە بەڵكو بەشێكی كوردیش گڵۆپی سەوزیان بۆ توركیا ھەڵكرد بۆئەوەی گەلی كورد لە عەفرین بۆردومان بكات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت