نەبەز جەلال: عەفرین دەبێتە دەروازە بۆ نەتەوەیەک.!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستاندا بەدۆخێکی قورسی مێژووی گەرمی شەڕی ناڕەوا و بەرگری کردنێکی توندی ململانێی ڕاستەقینەی نەتەوەیی بونی خۆیدا گوزەر دەکات.
باشوری کوردستان پاش 26 ساڵی حوکومڕانی لەدەستکەوتی گەورەوە گەیشت بەشکست و بەرهەمی دەستکەوتەکەی بوە ئازارێکی قورسی رۆحی و دەروونی بۆ سەرتاسەری خەڵکی کوردستان. ڕوداوی بەدەستەوەدانی نیوەی خاکی باشوری کوردستان بە هۆکاری شکستی بەڕێوەبردن و پاوانخوازی دەسەڵاتی دوو پارتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و زۆرانبازی هێزی بەناو براوەکان بوو بۆ سەرکەوتن و دیاریکردنی دێڕێکی زەقی درۆینەی کاری نەکردە لەمێژووی گەلێکی بەش مەینەتدا بوو بۆ تاکێکی هەڵچنراو.
بە پێچەوانەی چاوەڕوانی دەستکەوتەکەشییەوە بوە مایەی دڵشکاندنی زۆرینەی خەڵکی کوردستان و بێ ئومێدی و پەرتبونی ماڵی کورد و بچوککردنەوەی دۆزی کورد لەدونیادا کە کورد تێیدا گەیشتبوە لوتکە، هێزی بەرگریکار و دڵسۆز و وڵاتپارێزی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان کە لە کۆبانی و ناوچەکانی تردا بوونە سیمبولی بەرگری و بەرخۆدان و مایەی سەربەرزی کورد و سەرخستنی پرۆسەی ڕزگاری ئازادی بۆ نیشتیمان بەرهەمیان دروستکردنی کانتۆنەکانی بەڕێوەبردنی خۆجێییی خەڵک بوو بۆ خەڵکەکەی خۆیان و نیشتیمان.
بەدڵنیایی بەردەوامی مانەوە و بەرگریکردنی ئەم هێزە کوردستانیانە لە خۆرئاوادا دەبێتە مایەی سەرکەوتنی زیاتر و گەڕاندنەوەی شکۆی ڕاستەقینەی نەتەوەو کوردبونێکی ڕاستەقینە بۆخەڵکی کوردستان و خاکەکەی نەک وابەستە بەحیزبی فەرماندە و تاک پاڵەوان و دەسەڵاتە بازرگانییە گوماناوییەکانیان لە پارچەکانی تری ووڵاتدا.
بێگومان شکستی کورد لە رۆژئاوای کوردستاندا دەبێتە شکستی تەواوی خەڵکی کوردستان و دواکەوتنی کورد لە بەشداریپێکردنی پرۆسەی ئاڵوگۆڕی ناوچەکە لە نێوان زلهێزەکان و نەخشە نوێیەکەیدا بۆ گۆڕانکاری.
تورک دوای تەواوبوونی جەنگی نابەرابەری دژ بەکوردانی عەفرین ناوەستێت، ملهوڕییەکانی زیاتر دەکات و دەستی زیاتر درێژدەکات لە پێناو دروستکردنی پشتێنەیەکی دڵنیایی پارێزراوی تۆکمەتر و دورتر لە سنورەکانی بەرکەوتنی خۆیی لە نێو خاکی تورکیادا.
پلانی دانان و لێدانی سەنگەرەکانی بەرگریکردنی خۆیان زیاتر دەکەن لە چوارچێوە دیاریکراوەکەدا بۆ گۆڕەپانەکانی شەڕ و هێڵی ئاگرینی بەرکەوتن لەو شوێنەی ئەوان ناوی دەبەن دوژمن.!.
بە مانایەکی تر هەموو ئەو ناوچانەی بەجێ دۆستنشین و تورکنشینی خۆیانی دەزانن دەیگەڕێننەوە نێو باوەش و ژێر باڵی پێکەوە ژیانێکی ئاشتیانەی سوڵتان و دەیکەنەوە ماڵی تورکی خۆیی و دەستی بێ مەقاشی بێکێشەو ڕاستەوخۆی خۆیان دەبن بۆ هەرێمی کوردستان و شەڕ دەخەنەوە نێو ناوچە تورکنشینەکانی هەرێمی باشورەوە بە شارەکانی هەولێر و کەرکوک و موسڵیشەوە بۆ گەیشتن بەدوا خەونی میرنشینی سوڵتانەوە لە باشوری کوردستان.
بەرامبەر هەمان دۆخی دابەشکراوە لە ناوچەی زۆنی سلێمانی و گەرمیاندا بۆ ئێران و بێبەش نەکردنی دەسەڵاتدارانی ناوچەکە لە حوکومڕانی پێبڕاو و لەسەر دابەشکردنی هێز لەسەر و ئەگەرەکانی دەسەڵات لە بەدەستهێنانی دەسەڵات لە ناوچەکەدا.
دەربڕین و جوڵە و هەڵسوکەوتەکانی ئەردۆغان ئاسایی نین، فۆرمێکی جیاواز لە هەڵسوکەوتێکی زلهێزانەیی زیاترە بەرجەستە دەکات ، وەک لە دەست و دەسەڵاتی سەرکۆمارێکی تورکیا بۆ پەلکێشکردن و کۆنترۆڵکردنی زیاتری ناوچەکە ئەوەی بۆتە جێیی ململانێی ئەمریکا و روسیا و بەشێکی ئەوروپا لە گەمە گەورەکە و بۆرسە جیهانیەکەی ناودەبرێت.
گوژمی هێرشەکانی تورکیا کە دەیکات سەر رۆژئاوا بۆ ئەوەیە بەرگرییەکەی پتەوتربێت و نایەوێت هیچ لەو گۆڕانکاریانەی دێنە ناو بازنەکەوە پریشکی ئاگری بەر ووڵاتی تورکیا بکەوێت و خاکەکەی بەپارێزراو بهێڵێتەوە لەم جەنگە کە ئاراستەی فراوانبونێکی زۆر گەورەتری لێ چاوەڕوان دەکرێت.
لێرەدا بەرپرسیارێتی هێزە کوردییەکان و بەتایبەتیش لە ناوچە و شوێنی بەرکەوتنەکەدا هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەبێت لە دۆخی بێدەنگی و سڕبوونیاندا بۆ باکوور بێنە دەرەوە و دۆخی نەخوازراوی ئێستای کوردستان بکەنە مەشخەڵی بەرخۆدان و تروسکایی ئازادی راستەقینە و بڕیاری تەواو و هەڵوێستی خۆیی بەرامبەر ئەم دۆخە بخەنە نێو زەمینی سیاسی و جوڵەی ئەرێنی باکوری کوردستان و تورکیاوە و هێزی سەرتاسەری خۆی بکاتە جێی سەنگ و مەحەکی یەکلایکردنەوەی دۆزی کورد و کوردستان، لە پاڵیشدا هەرجۆرە چالاکیەکی تری کە لە توانایدا هەیە بۆ جێبەجێکردن بێ سڵەمینەوە بخاتە گەڕ بۆ گەیشتنی هەرچی زووترە بە ئامانج و لە دەست نەدانی ئەم کاتە گرنگ و گونجاوەی بۆتە دەرفەت بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و خودی بەدەستهێنان و گەیشتن بەمافەکانی گەلی کورد لە کوردستان. ئامادەکاریش بخوڵقێت بۆ تێگەیشتنێکی سروشتیانەی هێزەکانی باشوری کوردستانیش لە وەرگرتن و قۆستنەوەی ئەم چانسی گەورەبون و یەک ماڵییەی کورد و دەست لەو خۆبەدەستەوەدان و ملکەچییە ناوچەییانە هەڵبگرن و دۆزی راستەقینەی کوردستان بخەنە پێش هەر ویستێکی تاکی و حیزبی و بازرگانییەوە بۆ تەواوی مافەکانی خەڵک و خاکی کوردستان بۆ گەیشتن بەسەرکەوتن. یەکانگیر لەگەڵ گشت ئەمانەشدا دەبێت رەوەندی کوردییش دەست لە ناودەست ، تێکۆشانەکانیان یەک بخەن و لۆبیەکی سەرتاسەری پێکبهێنن ، دەنگ و ڕەنگی کوردستانیان بخەنە خزمەت پرۆسەی ئازادکردن و سەربەخۆیی کوردستانەوە.
دەنا بە دڵنیایی کاتی لەدەستدانی ئەم جۆرە هێرش و پەلاماردانانە دەمانبەنە قەراغی لەبیر بردنەوە و پەراوێز خستنێکی سەرتاسەری و دەبینە دواکەوتەی پرۆسەی سیاسیەکەی خۆرهەڵاتی ناوین. گەلی کوردیش دەگەڕێتەوە دۆخی جاران و دەبێتەوە بە بن دەستێکی سەرکوتکراوی دۆڕاو لە گۆڕەپانی جەنگ و چانسی دروست بونەوەی رۆژێکی وەک ئەمڕۆمان بە سەدان ساڵی تر بۆ نارەخسێت لە بەخت و تەختی مێژوودا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت