پرۆسەى هاندان: چاوبەست وجادوى وەزارەتى تەندروستى.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوندەى من ئاگاداربم لەزانستى بەڕێوەبردنى تەندروستى و نەخۆشخانەکان، واتا لەکۆى سیستمە تەندروستى یە جیاوازەکانى جیهان زاراوەى هاندان ( motivation- التحفیز ) بوونى نییە. ئەگەر ئاماژەیەکى لابەلاى پێدرابێت لەچوارچێوەى زانستى بەڕێوەبردنى سەرچاوەى مرۆڤ Human resource management (HRM or HR) ادارە الموارد البشریە سەرچاوەى گرتووە، بەڵام بەمانایەکى زۆر جیاوازتر لەوەى وەزارەتى تەندروستى هەرێمى کوردستان پیادەى دەکات.
هاندان لەزانستى بەڕیوەبردنى سەرچاوەى مرۆڤ پرۆسەیەکە لەپێناو هاندانى فەرمانبەران بۆ پێشخستنى توانستى کار بەئامانجى ڕۆڵى پەرەپێدان و پێشخستنى بەکارهێنەرانى سیستمى تەندروستى و سیستمەکە خۆى ( نەخۆش و هاوڵاتى، هێزى کارى مرۆیى تەندروستى، نەخۆشخانەو دامەزراوە تەندروستى و پزیشکیەکان ) وە لە هەمانکات هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنى گرفت و قەیرانى ئەو سیستمەو هەوڵدان بۆ دانانى پلانى گونجاوى کورتخایەن و مامناوەندو درێژخایەن، نەک لەپێناو زیادکردنى داهاتى کەسانێکى تایبەت لەنێو کۆى هێزى کارى مرۆیى تەندروستى کەپزیشک و کارمەند و فەرمانبەرانى کەرتى تەندروستى.
ئەگەر ئەمە مانایەکى هەبێت ماناى ئەوەیە دەستەى بەڕێوەبردنى وەزارەتى تەندروستى هیچ لەزانست و سیاسەتى بەڕێوەبردنى تەندروستى و نەخۆشخانەکان نازانن، ئەوان کاریان بۆتە دۆزینەوە و زیادکردنى داهاتى کەسانێکى دیاریکراو لەدەرەوە وناوەوەى سێکتەرى تەندروستی هەرێمى کوردستان.
لێرەدا چەند پرسیارێک دەخەمە بەردیدى شارەزایانى تەندروستى و خوێنەرى ئەم بابەتە تابزانن وەزارەتى تەندروستى تا چ ئاستێک لەخەمى سێکتەرى تەندروستى میری و تایبەتە، تاچ ئاستێک سەرقاڵە بەدانانى سیاسەتێکى گونجاو بۆ سێکتەرى تەندروستى کوردستان، تاچ ئاستێک وەزارەتى تەندروستى هەستاوە بەدابینکردنى خزمەتکوزارى تەندروستى بەکوالیتیەکى باش بۆ گشت هاوڵاتیان بەبێ جیاوازى کەئەمە کارى سەرەکى وەزارەتى تەندروستی یە.
پرسیارى یەکەم: باشە ئەگەر پرۆسەیەک (پرۆسەى هاندان ببورن بیدعەى هاندان) لەنێو سیستمى تەندروستیدا بوونى نەبێت، بۆ وەزارەتى تەندروستى و دامەزراوەکانى پیادەى دەکەن؟
پرسیارى دووەم: ئەبێ ئامانج لەدروستکردنى وەزارەتى تەندروستى هەرێمى کوردستان چی بێت؟ ئەگەر وەک هەموو وڵاتانى جیهان ئامانج لەدروستکردنى وەزارەتى تەندروستى پێشکەشکردنى ئاستێکى بەرز لەچاودێرى تەندروستى و خزمەتگوزارى پزیشکى بێت بەمەبەستى دابینکردنى تەندروستیەکى جەستەیى و دەروونى ودواتر زیادکردنى تەمەنى هاوڵاتى! ئەى بۆ ستافى وەزارەتى تەندروستى هەموو خەمیان دۆزینەوە و زیادکردنى داهاتى کەسانێکى تایبەت و دیاریکراوە لەدەرەوە و ناوەوەى سێکتەرى تەندروستی هەرێمى کوردستان؟.
پرسیارى سێ یەم: ئەگەر وەزارەتى تەندروستى و دامەزراوەکانى تواناى دابینکردنى دارایی هەیە بۆ بیدعەى هاندان، هەزار پرسیار دێتە پێشەوە بۆ نموونە: بۆ بەوپارەیە کوالیتى خزمەتگوزارى تەندروستى باش ناکەن؟ بۆ بەوپارەیە نەخۆشخانەو دامەزراوە تەندروستیەکان گەشە پێ نادەن؟ بۆ ئەو بڕە پارەیە لەڕێگاى ژمیریارى وەزارەت بەلیستێکى پاشکۆى لیستى مووچە نادەن؟ هیچ نەبێت بابزانین کێن ئەوانەى ئەم پرۆسەى هاندانە دەیانگرێتەوە و چەندیش وەردەگرن.
پرسیارى چوارەم: ئایا ئامانج لەپیادەکردنى ئەم پرۆسەیە لەلایەن وەزارەتى تەندروستى یەوە چی یە؟ لەکاتێدا حکومەتى هەرێمى کوردستان ناتوانێت مووچەى تەواو بدات؟ کەچى لەلایەکى ترەوە پارە دەبەخشێتەوە بەمەزاجى شەخسى بەرپرسەکانیەوە بەشێوەیەکى نایەکسانى و جیاکارى ( التمییز) لەسەربنەماى هەمەجۆر.
بۆ وەڵامدانەوەى ئەم چەند پرسیارە پێویستە ئەم شەش خاڵەى خوارەوە ڕوونبکەینەوە.
یەکەم: ئایا ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکى یاسایى یە؟ ئایا هیچ باکگراوندێکى کارگێڕى و دارایى و یاسایى لەپشتەوەیە؟ ئەگەر باکگراوندێکى کارگێڕى و دارایى و یاسایى لەپشتەوەیە پشت بەچ دەقێکى یاسایى و کارگێڕى ودارایى دەبەستێت؟
گومانم هەیە ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکى یاسایى بێت ياخود پشت بەدەقێکى دیاریکراو ببەستێت، بەڵام دەبێ ئەم پرسیارە لەوەزارەتى تەندروستى و حکومەتى هەرێمى کوردستان بکرێت، چونکە لەبنەرەتدا پرۆسەیەک نییە بەناوى هاندان بەم شێوازە سەقەتەى ئێستا، کەبەشێوەیەکى نایەکسانى جیاکارى دەکرێت لەسەربنەماى هەمەجۆرە بۆ پێدان و دیاریکردنى بڕى ئەو هاندانە.
دووەم: بڕو گوژمەى ئەم پرۆسەیە چەندەو لەکوێوە سەرچاوەى گرتووە؟ یەک سەرچاوەى هەیە یاخود فرە سەرچاوەیە؟ کێن ئەوانەى هەڵدەستن بەپێدان و دابینکردنى ئەو بڕە پارەیە؟ کێن ئەو پزیشک و کارمەندو فەرمانبەرانەى ئەم پرۆسەیە دەیانگرێتەوە؟ ئایا هەمووان وەک یەک وەردەگرن؟ ئایا بڕى پارەى دابەشکراو پشت بەچ ئالیەتێک ویاسایەک دەبەستێت؟ ئایا بڕى ئەم پارەیە لەژێر کۆنترۆڵى هیچ جۆرە چاودێریەکى داراییدایە وە بە چ دەقێکى یاسایى ڕێکخراوە؟.
بڕواناکەم بەرپرسانى وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتى و دامەزراوە تەندروستیەکان لەنێو خۆیاندا بزانن بڕى ئەم پارەیە چەندە بەجەنابى وەزیریشەوە ! لەبەر ئەوەى فرە سەرچاوەیەو ئەو سەرچاوانەش هیچ کات ئامادەنەبوون داتاو زانیارى تەواو بدەن لەسەر هیچ بابەتێک، لەوانەیە لەبەر ئەو هۆیە بێت خۆیان بەرژەوەندییەکى تایبەتیان هەبێت لەبەڕێوەچوونى ئەم پرۆسەیە بەم شێوە ناشەفافە، ئەوەى ئێمە باسى لێدەکەین ئەچێتە قاڵبى ئەگەرەوە لەبەر ئەوەى کەسمان خاوەنى زانیارى ڕاست و دروست نین.
ئەوەندەى ئێمە لەبەرپرسە تەندروستیەکانەوە دەیبیستین حکومەتى هەرێم یەکێکە لەسەرچاوە گرنگ و سەرەکیەکانى پێدانى بڕێک پارەى تەرخانکراو بۆ ئەم پرۆسەیە، بەڵام چەندە وە لەسەر چ بنەمایەک دیاری دەکرێت و دەدرێت ئەوە کەس نازانێت.
یەکێکى تر لەبەخشەرى ئەم پرۆسەیە سکرتاریەتى بەڕێز مام جەلال، زۆر جار ناوى هێرۆخانیش دەبیستین لەبەرپرسە تەندروستیەکانەوە لەکاتێکدا بەرپرس و دەوڵەمەندو خاوەن کۆمپانیا زەبەلاح و گەورەکان لەگەڵ رێکخراوە ناوخۆیى و نێودەوڵەتیەکان بەشدارن لەبەخشینى بڕە پارەیەک بەسێکتەرى تەندروستى بۆ هاندانى هێزى کارى مرۆیى تەندروستى، بەڵام وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا کەس نازانێت ئەم بڕە چەندەو بەچ ئالیەتێک دابەش دەکرێت وە کێن ئەوانەى ئەم هاوکارییە دەیانگرێتەوە.
لەبەر ئەوەى لیستى پێدانى ئەم هاوکارییە لەسەر لیستى مووچە یان پاشکۆى مووچە نادرێت کەس نازانێت ئەو پارەیە بەکێ دەدرێت و بڕەکەشى چەندە، ئەمە بێجگەلەوەى ئەگەرى گەندەڵى و ساختەکارى دارایى زۆر زیاتر دەبێت بەتایبەتى کاتێک هیچ جۆرە چاودێریەکى دارایى لەسەر ئەو لیستە نەبێت.
سێ یەم: کاریگەرى ئەم پرۆسەیە لەسەر بەکارهێنەرانى سیستمى تەندروستى لەنەخۆش و هاوڵاتى چییە؟ ئایا ڕەوشى خزمەتگوزارى تەندروستى ئێستا باشترە یاخود پێش ئەم پرۆسەیە؟.
یەکێک لەئامانجەکانى ئەم پرۆسەیە پینەوپەڕۆکردنى کەرتى تەندروستى بووە، وەک پێشتر بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى ئاماژەى پێدابوو لەپۆستێکى فەیسبووکى خۆیدا، هەڵبەتە پینەوپەڕۆکردن داوى سێکتەرێکى سەستیارى وەک سێکتەرى تەندروستى کوردستان نادات کەخۆى لەخۆیدا کەرتێکى فەرامۆشکراوە لەپاشەکشێ و داڕوخاندنى بەردەوامدایە.
ئەوە ئێمەى فەرمانبەرى کەرتى تەندروستى کوردستانین ئەزانین ئەم پرۆسەی هاندانە چەند زیانى بەبەکارهێنەرانى کەرتى تەندروستى گەیاندووە، ئەوەندەى تر چاودێرى و خزمەتگوزارى تەندروستى بەرەو خراپتر بردووە، واى لەهەندیک هێزى کارى مرۆیى تەندروستى کردووە، ئەگەر خزمەتگوزاریەک سوودى دارایى تیدا نەبێت نیمچە فەرامۆش بکرێت، بێجگەلەوەى بەنەمانى ئەم هاندانە بەشێک لەهێزى کارى مرۆیى زوو زوو ماندەگرن لەکار و یاخود کارەکانیان بەشێوەیەکى گونجاو ئەنجام نادەن.
زۆر جار تێچووى هەندێک نەشتەرگەرى نیمچەپرایڤەیت لەنەخۆشخانە میریەکان نزیک بۆتەوە لەنەخۆشخانە تایبەتەکان وەهەندیک جار لەوانەیە زیاترى تێبچێت چونکە لەنەخۆشخانەى میرى چەند رۆژێک هاتووچۆت پێدەکەن تاپشکنینى تایبەت بەنەخۆشى و پرۆسەى بێهۆشکردنەکەت بۆدەکەن.
چوارەم: کاریگەرى ئەم پرۆسەیە لەسەر هێزى کارى مرۆیى تەندروستى (پزیشک و کارمەندان و فەرمانبەرانى نەخۆشخانەو دامەزراوە تەندروستى و پزیشکیەکان) چی یە؟ ئایا پیادەکردنى ئەم پرۆسەیە لەخزمەت کۆى گشتى کارمەندانى سێکتەرەکەیە یاخود لەخزمەت کەمینەیەکى دیاریکراوە؟.
دەستەواژەى هاندان گوزارشت پرۆسەیەک دەکات، کەهێزى کار هانبدات تاداهێنان بکات نەک کارەکانى خۆى ئەنجام بدات، وەک هەموومان دەزانین فەرمانبەر ئەرک و مافى تایبەتى خۆى هەیە، کاتێک ئەرکەکانى بەباشى دەکات ئەبى گشت مافەکانى بدەیتێ، واتا هاندان بەشێک نییە لەماف ئەگینا هەموو ئەوانەى دەگرتەوە کەئەرکەکانیان ئەنجام دەدەن بەپێى یاساو ڕێساى تایبەت بەو کاروپیشەیە، مووچە و ڕێزگرتن لەشکۆى فەرمانبەر مافێکى ڕەواى خۆیەتى نەک پارەى هاندان.
کاتێک تۆ بڕێک پارە دابەشدەکەیت بەسەر هەندیک لەفەرمانبەران، کەبڕەکەى جیاکارى تێدایە لەسەر بنەماى هەمەجۆر (حیزبى، شەخسى، جیوگرافى، ئایدۆلوجى و… هتد ) ، ئەوکات هەستى زۆربەى هێزى کارى مرۆیى بریندار دەکەیت و غوبن لەنیو کۆى هێزى کارى مرۆیى تەندروستى دروست دەکەیت، دەر ئەنجام کوالیتى و توانستى کارى هێزى مرۆییەکەت کەم دەکەیتەوە، ئەمەش کاردەکاتە سەر بەڕێوەچوونى ئەرکەکانى وەزارەتى تەندروستى بەرامبەر بەکۆمەڵگاو هێزى کارى مرۆیى تەندروستى و دامەزراوەکانى.
تۆ لەلایەک مووچە نادەیت وەلەلایەکى تروە بە میزاجى حیزبى، شەخسى، جیوگرافى، ئایدۆلوجى و… هتد، پارە دەبەخشیتەوە بەسەر ئەوانەى خۆت مەبەستتە کەسیش نازانێت کێن و بڕەکەى چەندە بەبێ بوونى دەقێکى یاسایى، ئەمە چۆن کارناکاتە سەر بارى دەروونى وئەداى هێزى کارى تەندروستى؟.
ئەوەى جێى پرسیارە ئەم پرۆسەیە بۆ؟ لەکاتێکدا کارى نەرێنى کردۆتە سەر بارى دەروونى هیزى کارى مرۆیى تەندروستى و ئەداى کارەکەى.
ئەوەندەى ئێمە لەم حکومڕانە حیزبیانە گەیشتبین ئەوان یەک خاڵى گرنگیان لامەبەستە بێچگەلە گەندەلێ (ئیدارى، دارایى، یاسایى) ئەو خاڵەش بەکۆیلەکردنى هێزى کارى مرۆیى تەندروستى کوردستانە تا بتوانن بەهەموو شێوەیەک شکۆیان بشکێنن و سامانى سەر ئەرزو ژێرزەوى کوردستان تاڵان بکەن و بیدزن .
ئامانج لەم پرۆسەیە بەکۆیلەکردنى پزیشک و کارمەندانى تەندروستیە لەسەر بنەماى (شەخسى، حیزبى، جیۆگرافى و ئایدۆلوجى و… هتد) تا شکۆى کەرتى تەندروستى بشکێنن.
پێنجەم: کاریگەرى ئەم پرۆسەیە لەسەر سیستمى تەندروستى هەرێمى کوردستان بەهەردوو سێکتەرى تەندروستى میرى وتایبەت؟
بەسەردانێکى چەند چرکەیى بۆ نەخۆشخانەو دامەزراوە تەندروستیەکانى کوردستان بۆت دەردەکەوێت، شتێک نەماوە بەناوى سیاسەت و سیستمى تەندروستى، هەر دامەزراوەیەکى تەندروستى چ دامەزراوەى میرى بێت یان تایبەت بەئالیەتێکى جیاواز لەوى دى کاردەکات.
ئەم پرۆسەی هاندانە واى لەدامەزراوەکان کردووە بەسیستم کارنەکەن، چونکە ناکرێت تۆ بەمیزاجى شەخسى حیزبى جیۆگرافى و ئایدۆلوجى و… هتد، پارە ببەخشیتەوە بەسەر کەمینەیەک لە هێزى کارى مرۆیى تەندروستى و ئەوانى دى زەقەى چاویان بێت.
ئەم جیاکارییە لەپرۆسەیەکدا کەبوونى نەبێت لەخودى سیستمەکەدا دژى سیستمەکەیە! تەنانەت ئەو سیستمە تەندروستیەى ساڵەکانى حەفتاو هەشتاى سەدەى نۆزدە جێبەجێ ناکرێت و بوونى نەماوە، ئیستا لەدۆخێکى بێ سیستمیدا دەخوڵینەوە.
شەشەم: کاریگەرى ئەم پرۆسەیە لەسەر داهاتى نیشتمانى هەریەک لەحکومەت و هاوڵاتى و کەرتى تایبەت.
بەهەردانى داهاتى نیشتمانى بەهەچ شێوەیەک بێت ئەچێتە خانەى گەندەڵییەوە، لەوانەیە کەسانێک بڵین ئەم پارەیە لەدارایى وەزارەتى تەندروستى ناچێتە دەرەوە! ئەمە پارەى ئەملاو ئەولایە، بۆ پارەى ئەملا و ئەولا بەپارەى سکرتاریەت و دەوڵەمەند و ڕێکخراوەکان و… هتد، داهاتى نیشتمانی نییە؟ بۆ فرە سەرچاوەى داهات کەبەیاسا ڕێک نەخرێت ناچێتە قاڵبى بەهەدەردانى داهاتى نیشتمانییەوە؟.
ئەوەندەى ئێمە ئاگاداربین سەرچاوە داراییەکانى وەزارەتى تەندروستى و نەخۆشخانەکان ئەوەندە تێکەڵ و فرەن ئەستمە بەدواداچوونێکى پرۆفیشناڵى زانستى بۆبکرێت! بەومانایەى سەرچاوە داراییەکان لەیەک شوێنى تایبەتەوە نین وەک ئەوەى لەسیستمە سۆسیالیستەکاندا هەن، بێجگە لەسەرچاوەى دارایى حکومەتى هەرێم ئەم سەرچاوانەى تریش هەن” سەرچاوەى داهاتى پسولەکانى خزمەتگوزاریە جیاوازەکان، سەرچاوەى داهاتى بەخشینى رێکخراوە نیودەوڵەتى و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى، سەرچاوەى داهاتى بەخشینى کەسایەتیە ناودارو دەوڵەمەندەکان لەژێرناوى دەرۆزەو سواڵکردن بۆکەرتى تەندروستى، سەرچاوەى داهاتى بەخشینى خەڵکى هەرێمى کوردستان بەفەقیرو هەژارەوە بۆ نەخۆشخانەى شێرپەنجە، سەرچاوەى داهاتى خزمەتگوزارى نیمچەتایبەت ! کەنرخەکانى زۆر نزیکن لەنەخۆشخانە تایبەتیەکانەوە، سەرچاوەى داهاتى بەرپرسە هەرەباڵاکانى هەرێمى کوردستان لەژێر ناوى سکرتایەتى فلان و فیسار بەناوى خزمەتکردنى تەندروستى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان لەبەشێکە لەداهاتى نیشتمانى ئەم وڵاتە! وەچەند جۆرە سەرچاوەى دارایى تر کەنەزانراوە” ئەم فرەداهاتە خۆى لەخۆیدا فەوزاو گەڕەلاوژێیەکى داراییەو بەهیچ شێوەیەک کۆنترۆڵى ڕوونەدانى گەندەڵى لێ ناکرێت بێجگەلەوەى بەهەدەردانى دارایى وڵاتە!.
پارەى ئەم پرۆسەیەش واتا پرۆسەى هاندان بەهەدەردانى داهاتى نیشتمانی یە، کەس نازانیت ئەچێتە چ گیرفانێکەوە، ئەگەر ئێوە ئەوەندە لەخەمى هێزى کارى مرۆیى تەندروستین ئەو پارەیە بخەنە سەرمووچە، ئەوە بڕپارەیەى ئەدرێت بەناوى هاندانەوە لەهیچ قاموسێکى جیهاندا بوونى نییە، مووچە مافێکى بنچینەیى هێزى کارەى مرۆیی یە پێویست ناکات پارەى هاندانى بدەنێ تەنیا مافەکانى خۆى بدەنێ! کەئەویش مووچەیە.
سیستم ویاسا بەماناى ئەرک وماف دێت، کەس خۆیمان لێ نەکات بەنیشتمان پەروەرى عەیارە بیست و چوار، هەموو لەپێناو بەدیهێنانى مافى خۆمان کاردەکەین بەسەرۆکى هەرێمیشەوە.
کارى سەرەکى دەستەى بەڕێوەبردنى وەزارەتى تەندروستى بۆتە دۆزینەوە و زیادکردنى داهاتى کەسانێکى دیاریکراو لەدەرەوە و ناوەوەى سێکتەرى تەندروستی هەرێمى کوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت