لاوک کونجرینی: مەلا بەختیار” کوردایەتی بەمەرجی گۆرەویی دڕین، دیموکراسی بە کڕنوشی چەکداریی.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

با لە خۆمەوە دەست پێبکەم، سەرەتای پەیوەندیم بە یەکێتیەوە بۆ کۆتایی ساڵی 1977 دەچێت و، پێشمەرگایەتیشم لە کۆتایی ساڵی 1980 وە تا 1992 بە بێ دابڕان. دەپرسم لە مەلا بەختیار ئەگەر مەرجی ماف لەناو یەکێتی گۆرەوی دڕان بێت لەشاخ، بۆچی حکومەتە ساواکەتان تا ئێستا یەک بست زەوی بەمن داوە، لەکاتێکدا بەهێندەی توکی سەری تۆ گۆرەوییمان لە پێشمەرگایەتیدا دڕاندووە.

لەو دیو قسەکردن لە کەسایەتی، ناشخوازم لەسەر کردار شەرتەکەی بەرهەم ساڵح بدوێم. بەڵام تێڕمانم بۆ داهاتووی کوردستان، ڕووداوەکانی لێکچوی کوردستان و ئەفگانستان دەری دەخات، بەرهەم ساڵح ژمارەیەکی گەورەی مەیدانی سیاسی کوردستانە.

ئەگەر قسەکردن لەسەر جێگرەوە بەتێڕمانی شۆڕگێڕیی، پارتی ئەم مۆدێلەی خزاندبێتە ڕەوڕەوەی سیاسی ئەم هەرێمەی لەمەڕ خۆمان، دەبوایە کفری وتن بوایە، بۆکەسێکی وەک مەلا بەختیار لەم جۆرە لێدوانانە. ئەو لە دامێنی منداڵانی چەپ و ئاشی مارکسی و پۆست مۆدێرنە قەتماخەی داوە، کەچی دەرکەوت دێوجامە و مام ڕێوییەکی سیاسی نیو سەدەیە.

ئێستای کوردستان بەڕەوشێکی نەگونجاودا تێدەپەڕیت، دوو کەسایەتی دیاریی ناو پرۆسەی شۆڕشگێڕی شاخ و، دواتر عێراقی دوای سەدام، کۆچیان کردووە، لەوانە تاڵەبانی و نەوشێروان. ئەوەی لەم مەیدانە ماوە مەسعود بەرزانی یە. بەرزانی لەدوای 31 ئابەوە ببووە کەسایەتییەکی باڵادەستی هەرێم و عێراق، تەنانەت لەزەمەنی بوونی دوو کەسایەتییە کۆچکردووەکەشدا، ئەم لەزۆر بڕیاری هەرێم و عێراقدا دەستی باڵای هەبوو، تا وای لێهاتبوو، ببووە کەسێکی ئەفسوناویی و سوکان بەدەستی دۆسیەی کورد. بەئاسانی دەیتوانی ڕەوشی کوردستان و ناوخۆی حیزبەکان دەستتێوەربدات. لەناو یەکێتی بەسانایی بە ئێستاشەوە دەتوانێت یەکلاکەرەوەی بڕیارەکان بێت، لە ناو یەکگرتوودا قسەی خۆی هەبووەو لە ئێستاشدا کردەی بڕیارەکانی ئەم حیزبەیەو هەندێک حیزبی پچووکی تر، کە ڕاستەوخۆ بوونەتە پاشکۆی پارتی. کۆی دەستتێوەردان و زاڵبوونی بەرزانی بەسەر جوومگەکانی حکومەت و  حیزب و قوتی خەڵکدا تووشی ئیغرایی کرد، بێ گوێندانە هیج پێوانەیەکی سیاسی و یاسایی و ڕێسایی، بڕیاری ڕیفراندۆمی دا. ئەمە بە دیدی سیاسی و یاسای سەیری بکرێت، دوو هۆکار بوو:

1-  بۆ زیاتر زاڵ بوون بەسەر تەواوی جومگەکانی هەرێمدا بۆ ماوەیەکی نادیار.

2- بۆ داپۆشینی کۆی گەندەڵی و تاڵانکردنی قوتی خەڵک و سەرەڕۆیی یاسایی و نیشتمانی.

تۆ سەیر بکە لە پاش ڕێفراندۆم قسەکردنی حکومەتی عێراق لەسەر گەڕانەوە بۆ دەستوور، چ بۆچونێکی نەزانانەی لەسەر دەوترێت، ڕاستە هەوڵەکانی بەغداد بۆ ڕێگریکردن بووە بۆ کۆتایی هاتنی ئامانجی ڕێفراندۆم، بەڵام چوارچێوەی هەرێم لە دەستوردا پارێزراوە، بوجە بوونی هەیە، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەبێت بە تونێلی گفتوگۆدا بگەرێنەوە بۆ سەر هەرێم بە پێی مادەی 140. ئەمانە بوونی هەیە لە دەستوردا. ئەوەی سەرانی هەرێم خۆی لێ لا دەدەن، ئەو سەرەڕۆییە لەبەرامبەر دەستوور، کە تاڵانکردنی قوتی خەڵکە. ئەویش پێویستی بە لێپێچینەوەیە بە پێی دەستور، لێپێچینەوە لە مەسعود بەرزانی و کوڕو برازا و، هەندیک سەرانی ناو یەکێتی، ئەمە عەسڵی ناکۆکییەکەی نێوان بەغداو هەرێمە، کە ئەمڕۆ تاکی کورد باجەکەی دەدات.

گرنگ ئەوەیە تاک بەتاکی کورد دەبێت لەوە بگات، بڕیاریی بەغداد لەسەر هەرێم لە دوای ڕێفراندۆم تاک لایەنانە نییە، بەڵکو بەبێ ئەمریکا هیچ هەنگاوێک نانرێت، پشێوی عێراقیش وابەستەیە بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاوە.

هەنگاوە سیاسییەکانی ئەمریکا بۆ دوو وڵاتی عێراق و ئەفگانستان لێکچونی تەواویان هەیە، لە ئەفگانستاندا ئەو کارەکتەرانەی کە دەوریی گرنگیان هەبوو لە ڕووخاندنی حکومەتە بەناو کۆمۆنیستەکەی محمەد داود و نەجیبوڵادا، لەوانە مەلا عومەر و ئەحمەد شاهمەسعود و قەلبەندین حیکمەتیار و بورهانەدین ڕەبانی بوون. دواتر ئەم کەسایەتیانە دوانیان هاتنە دەسەڵات و ئەوانی تر بوونە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن. دوای ئەوەی ئەمریکا بڕیاری لەناوبردنی دەسەڵاتی تاڵیبانی دا لەو وڵاتە، زۆر بەئاسانی کارەکتەرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دەورانی شوعییەت و تاڵیبانی دوورخستەوە لەدەسەڵات و کۆمەڵێک کارەکتەری هێنایە مەیدانەکە، کە هیچ چالاکییەکیان لە دژی حکومەتە کۆمۆنیستەکە و نە لە دژی تاڵیبانەکان نەبوو، بە دەردی مەلا بەختیار دەڵێت: جوتێک گۆرەویان لە ڕابردوودا نەدڕاندبوو، بە پاڵپشتی ئەمریکا هاتنە سەر حوکمی دەسەڵات و تا ئێستاش ڕەوشی ئەفگانستان بە ناجێگیر و جێگیر دەڕوات، بەڵام باشترە لەجاران.

لە عێراقیشادا بە کوردستانەوە کارەکتەرە سەرکییەکانی ڕووخاندنی سەدام بە پاڵپشتی ئەمریکا، لە باقر حەکیم و جەعفەری و ئەحمەد چەلەبی و، تاڵەبانی و بەرزانی، لەوانە تەنها دوونیان لە ژیاندا ماون و هەریەک لە جەحفەری و بەرزانی بە پیلانی ئەمریکا لە مەیدانە سیاسییەکە دەسەڵاتیان کورتکراوەتەوەو، لەوەش دەچێت ماوەی ژیانیان لە مەیدانە سیاسییەکەدا بەم زوانە بەرەو ئاوا بوون بڕوات.

کە ئەمە چارەنوسی کەسایەتیەکان و هێزەکانی ئێستاو ڕابردوو بێت بۆ داهاتوو، دەکرێت کاتێک مەلا بەختیار گفتوگۆ دەکات، هۆشیارانە زمان لە زۆر باسی هەستیار بدات، کە یەکێتی لەم ئاستەی ئێستادا لانی کەم لێی دانەتاشێت، چونکە بەرگەی دابڕانی تر ناگرێت. سەردەمی حوکمی عورفیش نەماوەو بۆ یەکێتی و ناشچێتە سەر. مادام هەڵبژاردن هەیەو، سیبەری ئەمریکا بۆ کاتێکی نادیار لەسەر عێراق و دوای عێراقی دابەشکراو بوونی دەبێت، دەبێت ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ڕەوشە سیاسیەکەدا بکرێت، بۆ ئەوەی یەکێتی بەتەواوی جەستەی لێک هەڵنەوەشێت.