Imad-Ali-003

عیماد عه‌لی: كورد له‌ناوچه‌ دابراوه‌كان دێته‌ سه‌رچۆكان؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

به‌ ناكۆكی لایه‌نه‌كان، به‌ تایبه‌تی پارتی و یه‌كێتی له‌مه‌ر ریفراندۆم و روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و رۆژانی دوایی زۆرمان زه‌ره‌ر كرد. به‌ بریاردان له‌سه‌ر پیكهێنانی لیستی جیای لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق، ناوچه‌ دابراوه‌كان كه‌لێنێكی زۆر كه‌وره‌ی تێكه‌وت. به‌ بریاری پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردن، دواین بزمار له‌ تابوتی باڵاده‌ستی كوردیان له‌وناچانه‌ داكوتاند. ئه‌گه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ به‌ تایبه‌تی كه‌ركوك تا دوێنی ئومێدی له‌سه‌ر هه‌ڵچنرابوو، له‌سه‌ر ئه‌وه‌بوو كه‌ كورد له‌روانگه‌ی فشاری ئه‌و كارتانه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ كه‌ زۆرینه‌یه‌ و به‌هێزه‌ و له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع ده‌سه‌ڵاته‌ و ئاوهاش مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ناوه‌ند ده‌كات خه‌ڵك گه‌شبین بوون و ره‌فتاریان ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌مرۆ و پاش گه‌رانه‌وه‌ی ناوه‌ند، وا به‌ روونی ده‌یبینین كورد چۆن به‌ زه‌لیلی چاوه‌رێی ده‌ستی بچوكترین ده‌سه‌ڵاتی به‌غدایه‌ كه‌ كاره‌كانی مه‌یسه‌ر بكات، ئه‌مه‌ نه‌ك دۆرانێكی جه‌وهه‌ریه‌ به‌ڵكو شكستێكی گه‌وره‌ و هه‌ره‌سێكی سیاسیه‌ نه‌ك بۆ ئه‌و ناوچانه‌ به‌ڵكو بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌ گشتی، كه‌ ده‌بێت دانی پێدابنێت.
ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌كرا دوای گۆرانكاریه‌كان، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كورد له‌م ناوچانه‌ له‌م ماوه‌ دورودرێژه‌ی حوكمرانی ره‌های خۆیدا بناغه‌ی فه‌رمانره‌وایی خۆی به‌ قولی تێیدا داكوتێت، ئه‌مرۆ ئه‌و دیفاكتۆیه‌شی دۆراند و تادێت به‌ره‌و لاوازی و پاشه‌كشه‌ی زیاتر ده‌چێت. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخه‌ كه‌ خوێنی گه‌شی هه‌زاران شه‌هید له‌پیناو كه‌ركوكدا رژاو سیاسه‌تمه‌دارانیش به‌ عه‌قڵێكی كورتبینانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا كرد و پێچه‌وانه‌ی قسه‌كانی فه‌تلاویان سه‌لماند كه‌ ئه‌مه‌ش له‌زه‌ره‌ری كورده‌ و وایان كرد بیسه‌پێنن كه‌ كه‌ركوك له‌ده‌ستی ئه‌وان ده‌رنه‌چووه‌ و گه‌رایه‌وه‌ ده‌ستی هاوشێوه‌كانی ئه‌و، ئه‌و فه‌تلاویه‌ شۆفنیه‌ی شانازی به‌وه‌وه‌ ده‌كرد كه‌ به‌ خۆی له‌ په‌رله‌مانی عیراق نه‌یهێشتووه‌ رێكاره‌كانی ماده‌ی 140 جێبه‌جێ بكرێت و رێگری له‌ هه‌نگاوه‌ ده‌ستوریه‌كانی كردووه‌. ئه‌مرۆ كورد به‌خۆی ئه‌و خه‌فه‌ته‌ی شۆفینیه‌ عه‌ره‌به‌كانی ره‌وانده‌وه‌ و به‌ هه‌ڵه‌ی دووباره‌ و شكسته‌ سیاسیه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی خۆی ورده‌ ورده‌ ناوچه‌ دابراوه‌كان ده‌گه‌رێنینه‌وه‌ سه‌ر زه‌مانی وه‌زعه‌كه‌ی ژێرده‌سته‌یی به‌عس.
ئه‌و هه‌له‌ی بارودۆخه‌ بابه‌تیه‌كه‌ بۆ كوردی هێنایه‌ ئاراوه‌ به‌ بارودۆخه‌ خودیه‌كه‌ی ده‌رئه‌نجامی ره‌فتاری لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانمان، دۆرا و ئه‌مرۆ چاوه‌رێی جێگیربونی حوكمی تاك لایه‌نه‌ی ناوه‌ندی عیراق له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ ده‌كرێت و به‌ یه‌كجاری به‌ هه‌مان قه‌وڵی تاریق عه‌زیز ئه‌مجاره‌ش ده‌بێت كورد بۆ كه‌ركوك به‌هه‌مان شێوه‌ی عه‌ره‌ب بۆ ئه‌نده‌لوس بگرین.
ئایا به‌م وه‌زعه‌وه‌ كورد دێته‌سه‌رچۆكان وناوچه‌ دابراوه‌كان به‌ ته‌واوی ده‌دۆرێنین؟
به‌ بریار و كاری ته‌كتیكی هه‌ڵه‌ی ده‌ستپێشخه‌ری دروستكردنی چه‌ند لیستی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق له‌ لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌، ده‌نگێكی زۆر به‌ فیرۆ ده‌چێت و ئۆباڵی ئه‌مه‌ش ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ئه‌وان كه‌ به‌ داخه‌وه‌ یه‌كه‌م كاری سه‌ربه‌خۆی دوور له‌ یه‌كێتی و پارتیان به‌ زیان بۆ گه‌له‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌. به‌ بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردن له‌ لایه‌ن پارتیه‌وه‌، ئه‌وه‌ی ناوی یه‌كگرتوویی و زۆرینه‌یه‌ له‌ناوچه‌ دابراوه‌كان به‌گشتی و كه‌ركوك به‌ تایبه‌تی نامێنێت و ده‌بێت له‌نێوخۆی ئه‌و شارانه‌ش چاوره‌ێی هاوپه‌یمانی پیكهاته‌كانی تر بن و رێگه‌ خۆش بكه‌ن سه‌رجه‌م ده‌سكه‌وته‌ كاتیه‌كان به‌ته‌واوی بدۆرێنن و ببن به‌ قه‌واره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی لاوه‌كی و ژماره‌ دوو. بۆیه‌ راسته‌ وتراوه‌ ئه‌وه‌ی به‌شه‌ر به‌ده‌ستی دێنین به‌ گفتوگۆ و سیاسه‌ت ده‌یدۆرێنین وپاڵنه‌ری ئه‌وه‌ش ناكۆكیه‌ نێوخۆییه‌كان و ململانێی حزبی و ملهوری و هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ و لێدانی ستراتیجیه‌ گرنگه‌كانی كورده‌ له‌ لایه‌ن كورد خۆیه‌وه‌. تاكه‌ ئاواتی كورد له‌وناچانه‌ مابێته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌ڵچنراوه‌ و ئه‌وه‌ی چاوه‌رێی ده‌كه‌ین؛ ناله‌باری بارودۆخی عیراقه‌ كه‌ كاریگه‌ری ئه‌رێنی له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ بێت و له‌ ده‌رئه‌نجامی تیكهه‌ڵچونی هاوكیشه‌كاندا، بۆ كورد به‌ قازانج بشكێته‌وه‌ نه‌ك به‌رهه‌می سیاسه‌ت و ده‌ستچنی به‌رهه‌می ده‌ستی كورد به‌خۆی.
بێ هیوایی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ زیاتر بووه‌ و ئه‌وه‌ی به‌ چه‌ندین ساڵ دروستبوو به‌ چه‌ند رۆژێك له‌ناوچوو، بۆیه‌ ئه‌ركی گشتی گه‌لی كورد له‌و ناوچانه‌ جگه‌ له‌ ته‌ماشاكردنی ده‌ستی لایه‌نه‌ شكستخواردوه‌كان هیچی ترنیه‌. ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ له‌ نێوان ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا و لاوازی لایه‌نه‌ سیاسیه‌ كوردیه‌كان گیربخۆن و شكستی سه‌ركردایه‌تی كورد هیچی بۆ ئه‌وان نه‌هێشتۆته‌وه‌ بیگرنه‌به‌ر، بۆ نه‌هێشتنی روودانی هه‌ره‌سی گه‌وره‌تر. ئه‌گه‌ر به‌ وردی بیخوێنیته‌وه‌، جگه‌ له‌ بێهوده‌یی و پاشه‌كشه‌، ئاسۆیه‌كی زۆر بچوكیش تێدا نابینرێت، بۆیه‌ ته‌نها ئه‌وه‌مان بۆ ده‌مێنێته‌وه‌، له‌ دووره‌وه‌ بلێین خوایه‌ وه‌ته‌ن ئاواكه‌ی چه‌ند دڵگیر و شیرینه‌.