بورهان شێخ ڕەئوف: کەرکوک بە ڕاشکاوى.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کەرکوک پێویستى بەوە نیە من بە خوێنەرانى بناسێنم و پێشەکى بۆ ئەم وتارە بنووسم دواتر بچمە ناو بابەتەکەوە، بەڵکوکەرکوک لە چواردەیەى ڕابردوەوە ئامانج و کۆسپی بەردەم بزوتنەوەى کورد بووە لە باشوورى کوردستان و ساڵانێکە خەبات و ململانێکانى کوردو دەوڵەتى عێراق بە هەموو حکومەتە یەک بەدواى یەکەکاندا بە دەوریدا دەخولێتەوە.
ئەگەرچى تەعریبى پارێزگاى کەرکوک لە ناوەڕاستى سیەکانى سەدەى ڕابردوەوە دەستى پێکردووە بەڵام لە سەردەمى حوکمڕانى بەعسیەکاندا (1968-2003) گەیشتە لووتکە و سەرەڕاى لە قاڵبدانى کەرکەوک و هێنانى عەرەبى هاوردەو وەدەرنانى کورد واتە ڕاگواستن بۆ شوێنەکانى ترى عێراق نەیانتوانى سیماو ناسنامەى کوردستانى ئەو شارە بگۆڕن.
لەلایەکى ترەوە پێمباشە ڕاستیەکى مێژوویى وەبیربهێنمەوە بۆ هەموو لایەنەکانى ئەم کێشەیە کە دەکرێت بۆ ئێستا کەڵکى لێوەربگیرێت و جارێکى تر ڕوداوەکانى ڕابردوو دووبارەنەکەنەوە وەکو ئەوەى ئێستا ڕاکان جبورى پارێزگارى کەرکوک بەوەکالەت دەستى داوەتێ، کەرکوک بووە هۆى شەڕى عێراق و ئێران دواتریش کەرکوک بووە هۆى داگیرکردنى کوێت لەلایەن ڕژێمى سەدامەوە چونکە گەر لەبەر کەرکوک نەبایە عێراق پەیماننامەى جەزائیرى لە گەڵ ئێران واژۆ نەدەکردو دەستى لە نیوەى شەتولعەرەب هەڵنەدەگرت بۆ ئێران و دواتر دواى ڕووخانى شاى ئێران پەشیمان بێتەوە.
ئەگەر چاوێک بە زنجیرەى ئەو ڕوداوە یەک بە دواى یەکانەدا بخشێنین هەموو ئەو ڕاستیە حاشا هەڵنەگرانەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە ئەو جەنگ و کاردانەوانەى نێوان عێراق ئێران و عێراق کوەیت و دواتر عێراق ئەمریکاو هاوپەیمانى نێو دەوڵەتى و گەمارۆى ئابورى سیازدە ساڵەى جیهانى لە سەرعێراق و هەموو قوربانى و زیانەکانى عێراق هەر بۆ مەسەلەى کوردو بە تایببەتى تر بۆ کەرکوک دەگەڕێتەوە.
هەموو ئەوانە لە لایەک لە دواى ساڵى 2003 ەشەوە هەرچەندە کورد بە شێوەیەک لە شێوەکان حوکمڕانى ئەو شارەیە وەکو کێشەیەکى ناوەندى و گرنگ و جەنجاڵ ماوەتەوەو سەرەڕاى ئەوەى لە یاسا بەڕێوەبردنى دەوڵەت بە بەندى 58 و لە دەستوورى عێراق بە بەندى 140 جێگیر کراوە و دەبوو تا کۆتایى ساڵى 2007 ئەو بەندە جێبەجێ بکرێت بەڵام تائێستا بە هەڵواسراوى ماوەتەوە کەس خۆى ناکات بەخاوەنى ئەو بەندەى دەستوور و حکومەتەکان دەڵێن کوردەکان خۆیان کاریان بۆ نەکردووەو کوردیش حکومەت تۆمەتبار دەکات بە جێبەجێ نەکردنى.
لە شەڕى داعش و سەرهەڵدانى دەوڵەتى ئیسلامى داعشیشەوە سوپاى عێراق هەرەسى هێناو هێزەکانى پێشمەرگە پاراستیان لە شەڕى تیرۆرى داعش بە هەموو پێکهاتەکانیەوە بە تایبەتى تورکمان و عەرەبیش ڕۆژێک نەمانبیست تورکمان بڵێت پێشمەرگەى کورد ئێمەیان پاراست تا پێیان کرا دژایەتى کورد و حوکمڕانى کوردیان کرد لەو شارەدا ئیتر نازانم هۆکارەکەى چیە دەبێت کاربەدەستانى کورد لەو شارە وەڵامى ئەم پرسیارە بدەنەوە.
تائێرە بە هەرحاڵ ئەوەى گرنگە دواى 16 ئۆکتوبەر دواى لابردنى پارێزگارى پێشوو بە زۆر تۆمەت کە جێگەى داخە لەکەرکوکى دڵ و قودس و هەناسە وهەمووشتێک کاربەدەستى کورد تێوە بگلێت بە گەندەڵى و کەرکوکێک کە ڕووبارێک خوێنى بۆ بەخت کراوە بکرێتە قوربانى بەرژەوەندى کەسى و حزبایەتى کەسیش نقەى لێوەنەیەت تا تەقینەوەى هەموو کێشەکان.
کەرکوک ئێستا نوێنەرەکانى جێیان هێشتووە خەڵکى کەرکوک بۆ یە دەنگى بەوانە داوە کەلە ژێر هەموو فشار و بارودۆخێکدا بەرگرى لەماف کانیان بکەن ئەوان لە جیاتى خەڵکى کوردى کەرکوک شەڕى مافەکانیان بکەن چۆن نوێنەرەکانى پێکهاتەکانى تر واتە عەرەب تورکمان لە هەموو گۆڕانکارى و دۆخە جیاوازەکاندا سەرسەختانە بەرگریان لە پێکهاتەکانى خۆیان کردو قوربانیشیان دا لەو پێناوەد.
ئێستا کەرکوک لە دوڕیانى هات و نەهاتە نوێنەرانى کورد لە کەرکوک لایەنە سیاسیەکانى کورد لەوشارە ئۆباڵى مێژووییان لە ئەستۆدایە بەرژەوەندى حزبایەتى یان کەرکوک تەعریب و گەڕانەوەى هاوردەکان بۆ کەرکوک و لە دەستدانى هەموو دەستکەوەتەکان ئەوەى سەرەتاکەى لە سەرگەڕان و شوێنەکانى تر دەرکەوتووە سەرەتایەکى سامناکە و گەڕانەوەیە بۆ چوار گۆشەى یەکەم و کوشتن و سەربڕینى بەندى 140 و هەموو بنەماکانى دەستوورى عێراقەو لە هەمان کاتدا هەڵدانەوەى لاپەڕ ڕەش شوومەکانى ڕابردووى ململانێکانى کوردو عێراقە لە سەر کەرکوک و دڵنیام کەس کەڵک لەم پرۆسە شوومە نابینێت جگە لە دوژمنانى عێراق و بە فیڕۆدانى سامان و داهاتى وڵات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت