Sherzad-Wllatdost

شێرزاد وڵاتدۆست: ترسی دۆڕاندن، لەم هەڵبژاردنە.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لەسەروبەندی نزیک بوونەوەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، کە وا بڕیارە لەبەهاری ئەم ساڵدا ئەنجام بدرێن، گوێمان لە کۆمەڵێک لێدوانی بەرپرسە حزبیەکانی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستان دەبێت، بەشێوەیەک لە ئەگەری نەهێنانی دەنگی زۆرینەو بەدەستهێنانی ڕێژەیەکی کەمی دەنگی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و بوون بە کەمینە لە ڕووی ڕێژەی کورسی لە پەرلەمانی هەرێم، ئەوا ئەوان بە هیچ جۆرێک ئامادەنین دەسەڵات ڕادەستی لایەنی براوە بکەن، دوامین لێدوانی بەرپرسی دەستەی کارگێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە دەڵێت: ئەوان یەک کورسی یاخود سەد کورسی پەرمان بهێن هیچ لە هێز و قورساییان لە دەسەڵات کەم نابێتەوە، بەڵکو هێز و قورسایی ئەوان لە خەباتی حزبەکەیان لە شاخ و ئەو هێزە سەربازیەدا کە تا ئێستا لە ژێر دەستیاندایە، ئەمەش خۆی پەیامی پێش هەڵبژردنە بۆ لایەنەکانی تری هەرێم، کە حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان بەبێ یەکێتی و پارتی خەیاڵ پڵاو و خەونێکی بەدینهاتووە بۆ هەر لایەنێک بیری لە دوور خستنەوەی ئەو دوو هێزە لەڕێی هەڵبژاردنەوە بکاتەوە!.
هەر لەم سۆنگەیەوە بۆمان ڕووندەبێتەوە ئەنجامدانی هەڵبژارادن چ ڕابردوو یان لە داهاتوو لە هزری ئەم جۆرە دەسەڵاتەی لەڕێی چەکەوە خۆی سەپاندووە لە هەرێمی کوردستان، تەنیا بۆ بەبەرداکردنی بەرگێکی درۆینەی دیموکراسیە بۆ ئەو دەسەڵاتەی ماوەی 27 ساڵە حکومڕانی کوردی لە باشوری کوردستان دەکات. ئەمەش بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە ئەنجامی چەندین هەڵبژاردن لە ڕابردوودا لە بوونی ساختەکاریەکی مەزن و بەکارهێنانی هەموو سەرچاوەکانی حکومەتی بۆ سەرخستی هەردوو هێز لە هەڵبژاردنەکان بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک هێزی تر توانیویانە دەنگێکی زۆری هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان بەدەستبێنن و ڕێژەیەکی بەرچاو لە کورسیەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی عێراق بۆ خۆیان مسۆگەربکەن، هەروەها دەرکەوتنی ئەنجامەکانی دەنگی هاونیشتمانیان بۆ لایەنە سیاسیەکانی هەرێم لە هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن و کەم بوونەوەی دەنگەکانی ئەو دوو هێزە دەسەڵاتدارە لە باشوری کوردستان زیاتر ترسی خستووتە دڵیان لە شکستی زیاتر لە کەمبوونەوە دەنگەکانیان لەم هەڵبژاردنە، بە جۆرێک ڕەنگە ئەمجارە نەتوانن لەڕێی هەڵبژاردنیشەوە وەک جارانی پێشوو بەرگێکی درۆینەی دیموکراسی بەبەردەسەڵاتەکەیان دا بکەن و لە دونیا بەم بەرگە درۆینە دیموکراسیەوە خۆیان لای ئەمریکا و وڵاتی ڕۆژئاوا بەرنە پێشەوە و ببێتە دەرفەتێک بە حکومڕانیەکەیان.
لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و شکستهێنانی ئەم پرۆسەیە و ڕوودانی نشوستەکەی 16 ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو کە بە لەدەستدانی نیوەی خاکی باشوری کوردستان کۆتایی هات دەگەینە ئەو دەرەنجامەی باردۆخی دوو هێزی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستان لە خراپترین ئاستی دایە، بە جۆرێک لەماوەی 27 ساڵی حکومڕانیاندا لە ڕابردوو هیچ ساتێک خۆیان بەم جۆرە لاوازەیە هەم لەناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و دەرەوە نەبینیەوەتەوە، بە شێوەیەک ڕوونە کە ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی داعش و پێویستی نەمان بە هێزی چەکداری ئەو دوو هێزە لە عێراق بە ڕوونی دەستبەرداری ئەوو دوو لایەنە بوون لە پشتگیرکردنیان بۆ مانەوە لە دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان، هەر بۆیە ئەو هۆکارە دەمانگەیەنێتە ئەو خاڵەی ئەگەر ئەم دوو هێزە بیانەوێت بەهامەن بیرکردنەوە ی پێشوو درێژە بە کارەکانیان بدەن و بیانەوێت لەڕێی هێزی چەکداریەوە قۆرخی دەسەڵات بکەن و ئامادەی ڕادەستکردنی دەسەڵات بە پێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی داهاتوو نەبن، ئەوا ڕووبەڕووی باردۆخێکی خراپتر لەوەی ئێستا دەبنەوە کە تێیکەتوون، ئەوەش بەو ڕاستەیەمان ئاشنەدەکات ئەو لێدوانانەی لە ماوەی ڕابردوو بەر لەبەرپرسە پلە بڵندەکانی ئەو دوو لایەنە بەرگوگوێمان دەکەون لە ڕاگەیاندنەکان، لەمەڕ گرنگ نەبوونی دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان لای ئەوان لە هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ ئاڵگۆر لە دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان، خۆی ئاماژەیەکی ڕوونە لە ترسی زۆر لای دەسەڵات لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەم جارە، بەشێوەیەک ڕوونە ئەمجارە زۆربەی هاوکێشەکان پێچەوانە دەبنەوە و خۆری لە دەسەڵات مانەوەی ئەو دوو هێزە بەرەو ئاوا بوون کۆتایی هەنگاو دەنێت.