Hellbjardn

شێرزاد شێخانی: هەڵبژاردن چۆن بە پاك و بێگەردی بەڕێوە ئەچێت؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

یەكێك لەهۆكارەكانی بەدیكتاتۆربونی ئەم هەرێمەی ئێمە، تەزویری هەڵبژرادنە وەك هەر وڵاتێكی دیكتاتۆری تری ئەم جیهانە. ئەمەش وەكو كلتورێكی ناشیرن لەیەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە لەساڵی 199، تا ئەمڕۆ پرۆسەی دیموكراتی لەم هەرێمەدا شێواندوە، بەتایبەتیش كەوا دەسەڵات ئەمڕۆ بوەتە ئامرازێك بۆ خۆ دەوڵەمەندكردن و گرتنەدەستی دەسەڵاتێًكی تاكڕەوی خۆسەپێن.
ئەگەر سەیری ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پێشوتری كوردستان بكەین ئەبینین هەمو جارێك كێرفی جوتحیزبەكەی دەسەڵات لەدابەزیندایە. هەڵبەت هۆكاری ئەمەش زۆر روونو ئاشكرایە كە دەسەڵاتە دیكتاتۆرەكەی هەرێم هەمیشە لەخەمی خۆیدا بوە نەوەك میللەتەكەیان تا بتوانن متمانەی بەدەستەوە بێنن.. سەرنج بدەن بیستو شەش ساڵە رۆژ لەدوای رۆژ ئەزمونەكەمان بەرەو دواوە ئەكشێتەوە.. نە كێشەی كارەبایان پێ چارەسەر كرا، نە حكومەتیش توانی ئاوێكی پاكی بەردەوام بداتە ماڵان ، نە بەم هەمو ملیار دۆلارانەی رژاونەتە سەر هەرێم توانیان ژیانێكی ئاسوودەو لانیكەمی بەكەرامەت بۆ هاوڵاتیان دابین بكەن . ئیدی بۆیە هەمیشە پێویستیان بەتازەترین فرتوفێڵی تەزویراتە بۆ مانەوەو خۆسەپاندن بەسەر دەسەڵاتو میللەتەوە..
ئەمڕۆ حزبی تازە پەیدا بونە و كێبركێی دەسەڵات ئەكەن، ناهەقیان نیە مەترسی ئەوەیان هەبێ كە هەڵبژاردنەكانی داهاتوش تەزویراتی تیا بكرێ، چونكە ئەزمونێكی دوورودرێژمان هەیە لەگەڵ حزبەكانی دەسەڵات، بەتایبەتیش پارتی كە سڵ لەهیچ فرتوفێڵ و تەزویراتێك ناكاتەوەو، حەی عەلا سەڵات بەزەقەزەقی چاوی دەنگدەرانەوە سەدان هەزار كارتی تەزویر ئەخاتە ناو سندوقەكانەوە.
پارتی كە ئێستا پەلەیەتی بۆ پێشخستنی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان لەمساڵدا، مەبەستی ئەوەیە تا مەجالێكی كەمی ماوە جارێكیتر لەرێگای تەزویرەوە ببێتەوە بەحزبی یەكەمی دەسەڵات، ئەو هێشتا دەنگە تەزویرەكانی بندیوارو مردوەكان و ئاوارەكانی بەدەستەوە ماوەو، ئەیەوێ پێش ئەوەی ئەمانەشی لەدەست بچێ بەخێرایی هەڵبژاردنەكان بەڕێوە بچن، سەرۆكی دەزگای هەڵبژاردنەكانیشی راشكاوانە وتویەتی لەهەڵبژاردنی داهاتودا 50 كورسی پەرلەمان بەدەست دێنین؟!.
هەر بە مەنتیق و عەقڵەوە ئەم قسەیە لێكبدەنەوەو بپرسن: ئاخۆ ئەبێ میللەتەكەی ئێمە ئەوەندە گێلو نەفام بن ، لەدوای ئەم هەمو كارەساتەی پارتی بەسەر كوردستانی هێناوە لەدزی و فزی و دەسگرتن بەسەر نەوت و سامان و برسیكردنی میللەت و راگرتنی بازاڕو بێ موچەیی فەرمانبەران و، دوای دۆڕاندنی نیوەی خاكی كوردستانو، دوای ئەم هەمو خیانەتە نەتەوەییانە لەدژی كوردستانەكانی باكوورو رۆژئاواو رۆژهەڵات، دوای ئەم هەمو درۆیانەی سەربەخۆیی وئابوری سەربەخۆی ماڵوێرانكەر، سەرباری هەمو ئەوانە میللەت جارێكیتر قوڕ بەسەر خۆیدا بكات و متمانە بەوانەوە بداتەوە بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵات؟.
ئەمە بەعەقل و مەنتق هیچ قبوڵناكرێ، مەگەر وەكو سەرۆكی دەزگاكەیان وتەنی بەتەزویرو كەڵەكبازی ئەم رێژەیە بەدەستبێنن.
هیچ گومانی تێدانیە كە پارتی بەتەمای تەزویرە، بۆ ئەوەی رێگەش لەو تەزویرە بگیرێ، هیچ رێگایەك لەبەردەمماندا نیە تەنها یەك رێگا نەبێ، ئەویش ئەوەیە هەڵبژاردنەكانی داهاتوی پەرلەمانی كوردستان بەسەرپەرشتی تەواوی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی بەغداوە رێك بخرێ. چونكە كۆمسیۆنەكەی هەرێم كۆمسیۆنێكی سەربەخۆ نیەو حیزبیە، دەسەڵاتە باڵاكەشی بەدەست پارتیەوەیەو چییان بوێ وای ئەكەن.
كۆمسیۆنی بەغدا ئێستا شێوازێكی تازە پەیڕەو ئەكات كە تەزویراتی هەڵبژاردن زۆر كەم ئەكاتەوە، جارێ پێش هەمو شتێك بەهەردو شێوەی ئەلیكترۆنی و كاغەز پرۆسەكە بەڕێوە ئەبات. هەر لەوێستگەی دەنگدانەوە یەكسەر ئەنجامەكان ئەدات بەدەستەوەو پێویست ناكات سندوقەكان بگوازرێنەوەو لەرێگادا بگۆڕدرێن. دواتر هیچ كەسێك ناتوانی دووجار دەنگ بدات چونكە جیهازەكە قبوڵی ناكات. ئەمە جگە لەوەی بەغدا كار لەسەر ئەوە ئەكا كەوا كارتی نوێی هەڵبژاردن دابەشبكرێ، بەمەش ناوی مردووان ناچێتە ناو لیستەكانی دەنگدەرانەوە ، ئەمانە بەگشتی تەزویرات ناهێڵن ، مەگەر بە رێژەیەكی زۆر كەم.
بۆیە پێویستە حیزبو لایەنە كوردستانیەكان بۆ زامنكردنی هەڵبژاردنێكی پاكو بێگەرد كار بۆ ئەوە بكەن هەڵبژاردنەكانی كوردستان بخرێتە دوای هەڵبژاردنەكانی ئایاری ئەم ساڵی عیراق، بۆ ئەوەی لەدوای كۆتایی هاتنی هەڵبژارنەكانی ئەوێ سندوقەكان و شێوازی هەڵبژاردنەكان بگوازرێنەوە بۆ كوردستان و بەهەمان شێوازی بەغدا پرۆسەكە بەڕێوە بچێ.
ئێستا بەپێی بڕیارەكەی پەرلەمان كە خولی خۆی درێژ كردەوە، مەجالێكی زۆر ماوە بۆ ئەوەی لەدوای هەڵبژاردنەكانی بەغدا وادەیەك بۆ هەڵبژاردنەكانی هەرێم دیاری بكرێ، هەڵبەت پارتیش ناتوانی تەنها خۆی بچێتە هەڵبژاردنەوە ، بۆیە پێویستە حزبەكانی تری كوردستان جەخت لەسەر ئەوە بكەنەوە كە هەڵبژاردنەكانی كوردستان بخرێتە دوای هەڵبژاردنەكانی عیراق، بەمەش هەڵبژاردنێك تا حەدێكی زۆر پاكو بێگەرد مسۆگەر ئەكەن، ئەوسا میللەتیش ئەتوانێ بەئازادی بڕیاری خۆی بدات دوور لەتەزویرو خۆسەپاندنی هیچ حزبێك.‎