سامان سنجاوی: ئەمەریکا سۆڤیەتی بەرژەوەندخوازی جارانە!

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەمەریکا، لەدوای بەهێزبونی ئابوری ئەڵمانیا لەسەر دەستی مێرکڵ و خۆڕێکخستەوەو بەهێزبونەوەی روسیا لەسەر دەستی ڤلادیمێر پوتین، بەهێزبونەوەی ئابوری ئەمەریکای لاتین و ئاسیای دوور (یابان و مالیزیا و ئەندەنۆزیا و چین و کۆریای باشورو..‌. تاد) ساغکردنەوەی کاڵای وڵاتانی ئاسیایی دوور لە ئاسیاو ئەوروپا و کۆنترۆڵکردنی بازار، لەبەرانبەریشدا، خۆڕاگریی وڵاتانی توندئاژۆ وەک (ئێران، کۆریای باکور و ململانێی پاکستان و تورکیا..) لەگەڵ ئەمەریکا هێز و دەسەڵاتی ئەمەریکای لاواز کردوە، ئەمەش فرەجەمسەریی هێناوەتەکایەوە، ئەمەریکا بۆ خۆبەهێزکردنەوەی سیاسی و سەربازی و ئابوری، پشتیوانی لە دەوڵەتی دۆستی خاوەن بەرژەوەندی لە گەورەوە بۆ بچوکتر دەکات، نزیکترین دۆستی دیموکراسی و ئازادیخواز بۆ گەورەترین دۆستی ئابوری و سەربازی و سیاسی فەرامۆش دەکات. ئەمەش وایکردوە ئەمەریکا وردە وردە دۆستە ئابورییە بچوکەکان لەدەست بدات، وەک ئەوەی لەنێوان ( سعودیەو تورکیا، سعودیەی هەڵبژارد) لەنێوان ( ئیسرائیل و فەلەستین لەگەڵ هێزی جەماوەری وڵاتانی ئیسلامی، پشتیوانی لە ئیسرائیل کرد لە گواستنەوەی باڵیۆز بۆ تەلئەبیب ( قودس) لەنێوان ( عیراق و هەرێمی کوردستان، کەرکوکی بۆ عیراق سەرەرای داگیرکردنی کەرکوک لەلایەن حشدی دۆستی ئێران، بەجێهێشت، رۆژئاوای کوردستانیش لە پەیڕەوی هەمان سیاسەتدایە.
ئەگەر فەلەستین و هەرێمی کوردستان وەک ئابوری بچوک لە بەرانبەر ئابوری گەورە یان لە سیاسەتی ئەمەریکا دەرچوبن، خۆ رۆژئاوای کوردستان لە کۆی سێ ئەرکە ستراتیژیە نەتەوەییەکە، لە دووانیان لە پێناو ئەمەریکا وازیهێنا، کە ئەرکی ستراتیژی: یەکەم/ بەیەکگەیاندنی کۆبانی و قامشلۆ بوو، ئەرکی دووەم و سێهەم کە بەیەکگەیاندنی (عەفرین و کۆبانی، هەروەها گەیاندنی رۆژئاوای کوردستان بۆسەر چیای کورد کە بە جەبەل ئەکراد ناسراوە، تا لەوێوە بگاتەوە سەر دەریای ناوەڕاست) کە بە فشاری تورکیا لەسەر ئەمەریکا و ئەمەریکاش بۆ پچڕاندنی هیلالی شیعی یەپەگەی بۆ خواروی سوریا گەیاندە نزیک سنوری ئوردن!
ئەی ئێستا لەم بارودۆخەی عەفرین ئەمەریکا لەسەر ئەم تاکە دڵسۆزەی خۆی بۆ رێگری لە تۆپباران و ئان و ساتی هێرشی تورکیا بەتوندیی نایەتە وەڵام، چونکە بۆ ئەمەریکا تورکیا بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری لەبەرانبەر رۆژئاوای کوردستان گەورەترە، بە گرتنی عەفرین رۆڵی روسیا لە ناوچەکە لاوازتر دەبێت، کە ئەمە لەبەرژەوەندی ئیسرائیلیشدایە، بۆ ئەمەریکا، روسیا یان تورکیا لە عەفرین بێت، بۆ ئەمەریکا گونجاوترە؟ چونکە ئەمەریکاش نایەوێت رۆژئاوایەکی کوردستانی بەهێزی یەکگرتوو هەبێت، چونکە لە فرە جەمسەری دنیادا هەتا کێشە هەبێ لە بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری ئەمەریکا دایە.
ئومێدی خۆڕاگریی و بەرخۆدانی مەزن و سەرکەوتن بۆ یەکینەکانی پاراستنی گەل دەخوازم، خۆڕاگرییان بەرژەوەندیە گەورەکان لاواز دەکات.