ئەحمەد ڕەسوڵ: عفرین، جەنگێک بە لۆژیکێکی جیاواز.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

زۆر جار قسەیەک لەبارەی هێز و توانایی لە ڕۆژاوا دەکرێت بەوەی کە “شەڕڤانان و هێزە چەکدارەکانی ڕۆژاوا لەسەر بنەمای پرەنسیپ “مەبدەء” و باوەڕ پێکهاتوون بۆیە ئەو هێز و خۆڕاگریەیان تێدایە، کە مەبەست لەم گوتەیە ئەوەیە کە ئایدیۆلۆژیایەک هەیە کە چەکدار و شەڕڤانان بە یەقینەوە باوەڕیان پێیەتی و ئامادەن تا مردن لە پێناویدا بجەنگن”. ئەم قسەیە ئەگەر بەشێوەیەکی ڕێژەیی ڕاست بێت، بەڵام ناتوانێت بەشی گەورەی ڕاستیمان پیشانبدا لەبارەی ڕۆژاواوە.
ئیدارە و سیاسەت لە ڕۆژاوا “عفرینیش وەک بەشێک لێی” بە ڕێژەیەکی بەرز لەسەر بەرجەستە بوونی ئیرادەیەکی کۆلێکتیڤ بیناکراوە. ئیرادەیەکی کۆیی ڕاستەقینە بە نێو بەرجەستەبوونی ئیرادەی تاکە تاکەی ئینسانەکاندا تێپەڕ دەبێت. واتا ئەوە کۆبوونەوەی ‌هێز و ئیرادەی تاکە تاکەی ئینسانەکان و فۆڕمیولەبوونی هێزێک و ئیرادەیەکی گەورەی دەستەجەمعیە کە لە توانایدایە هەم بەربەستە گەورەکان بشکێنێت و هەم داستانی وەک کۆبانێ تۆمار بکات.
سیستمێکی ئیداری سیاسی کە هاونیشتمانی و مرۆڤبوون پرەنسیپی سەرەکی کارکردن و بنەمای پێکهێنی بێت، دەبێتە ڕووبەرێکی دەزگایی-کۆمەڵایەتی بۆ تەعبیرکردنی ئینسان لە خۆی. سیستمێکی لەو جۆرە بە ڕاددەیەکی زۆر دەبێتە فەزای هەم خۆ دروستکردنی مرۆڤ و هەم بەرجەستەبوونی توانا و ووزە ناوەکیەکانی مرۆڤ.
ئەم ڕۆژانە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگێکە “وەک ئەوەی کە دیارە و دەردەکەوێت، هەڵبەت ئەگەر لە ناکاو و بەهەر هۆیەک ڕاناوەستێت” لەلایەن ڕژێمە فاشیستی و سوڵتانیەکەی ئەردۆگان و ئاکەپەوە لە دژی عفرین و ڕۆژاوا بە گشتی، کە ئاشکرایە جەنگەکە بەناوی عفرینەوە بەشێوەیەکی سیمبولیک بەڕێوەدەچێت، دەنا خۆی لە ڕاستیدا دژ بە ئەزمونی ڕۆژاوایە بە گشتی.
سادە و ڕوون ئەوەیە، ئەم جەنگە تا دواهەمین پلە نابەرابەری و ناهاوسەنگی تێدایە هەم لە ئاستی چەندێتی و هەم چۆنێتیدا. سوپایەکی گەورەی پڕ چەک و بە هەموو جۆرە چەکێکی قورسەوە کە هێزی ئابوری و سەربازی دەوڵەتێکی گەورەی لەپشتە، هێرش دەکاتە سەر شارۆچکەیەک کە هێزێکی چەکداری بە ژمارە کەم و تازە پێکهاتوو بە چەکی هەرە سادەوە بەرگری لێدەکات.
ئایا توانای خۆپارێزیی و خۆڕاگری هەم هێزی شەرڤانان و هەم خەڵکی سیڤیلی ئەم شارە تا چەند بڕ دەکات؟ ئایا فشاری نێودەوڵەتی و ناڕەزایەتی جیهانی بە شێوەیەکی کاریگەر لە ئاست ئەم پەلامار و سەپاندنی جەنگە بەرەوڕووی تورکیا دەکرێتەوە؟ ئایا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتیوانی لە عفرین و ڕۆژاوا دەکات هەم لەسەر ئاستی پێدانی چەک و تەقەمەنی پێیان و هەم هاوکاریکردنیان بەشێوەی ماددی، خۆراک و تەندروستی؟
بەبڕوای من داوەریکردن لەبارەی ئەم جەنگەوە بە لۆژیکی براوە و ئەنجامی جەنگەکە بەوەی کام لایەنی جەنگەکە سەرکەوتوو دەبێت لەسەر ئاستی سەربازی، لە بنەماوە هەڵەیە، چونکە سەرباری ئەوەی لاسەنگی و نابەرابەریەکی وا لە ئارادایە کە ڕێگەدەگرێت لە لۆژیکیبوونی وەها داوەریکردنێک، هەم ڕەوایەتی هەر کام لە لایەنەکانی جەنگەکە کە هەڵبەت لای عفرین و ڕۆژاوایە و پەلاماردەریی و داگیرکاری کە هەڵبەت بەلای سوپا و ڕژێمی تورکیاوەیە دیسانەوە جۆرێکیتر لە داوەریکردن دەخاتە بەردەممان کە جیاواز بێت لە داوەریکردنێکی تەقلیدی کە ئەنجامی جەنگەکەی پێهەڵبسەنگێنین. واتا بەراوردکردنی سوپای تورکی لە بەرامبەر هێزی شەرڤانانی عفرین لەلایەک و پۆزیشنی حەقانیەتی عفرین و پۆزیشنی پەلاماردەرانە و داگیرکارانەی سوپا و ڕژێمی فاشیستی تورکیا وادەکات کە پەنابردنە بەر داوەریکردنی ئەنجامی جەنگەکە بە کۆنسێپتی ڕەهاگەرانەی سەرکەوتنی سەربازیانە و لۆژیکی تەقلیدیانەی براوە و دۆڕاوی جەنگ لە بنەماوە تێگەیشتنێکی هەڵە بێت.
هەندێک جەنگ ،ئەگەرچی کەمیش بن، هەن لە مێژوودا هەڵگری جۆرێک لە نۆڕمی هەڵسەنگاندن و بەها و پێوەری داوەریکردنی تایبەت بە خۆیانن کە ناکرێت بە جەنگە زۆر و زەەوەندەکانی مێژوویان بەراورد بکەین. ئەم جۆرە جەنگانە زیاتر هەڵگری جەوهەرێکی ئەخلاقی و ئینسانین بۆ داوەریکردن. جەنگێک کە لە نزمترین ئاستیدا هیچ بەرابەریەکی تێدا نەبێت و پڕۆسێسێکی دوژمنکارانە و داگیرکارانەی پوخت بێت خۆی لە خۆیدا دەبێتە هەڵگری جۆرێکیدی لە کرایتێریا بۆ هەڵسەنگاندنی جیاواز لە هەر جەنگێکی دیکەی ئاسایی “هەڵبەت کە هیچ جەنگێک ئاسایی نیە و هەر جەنگێک خۆی لە خۆیدا ناوازەیی و تاکانەیی تێدایە بەڵام لێرەدا مەبەستم لە جەنگی نێوان دوو یان زیاتری هێز و لایەنی سیاسی وە یان دوو یان زیاتری دەوڵەت و ڕژێمی سیاسی”. لەم جۆرە جەنگەدا ئەوەی جەنگەکە بەخۆیەوە دەگرێت ماهییەتێکی مرۆیی و ناوەڕۆکێکی ئەخلاقی وجودیە بۆ داوەریکردنی. ئەم جەنگەی ڕژێمە فاشیستی و سوڵتانیەکەی ئاکەپە و ئەردۆگان لە دژی عفرین و ڕۆژاوا هەر لە سەرەتاوە دۆڕانێکی ئەخلاقی و کەوتنێکی گەورەی بەهایی و ئینسانیە بۆ ئەردۆگان و ئاکەپە و ڕژێمە سیاسیەکەی تورکیا. واتا بێئەوەی چاوەڕوانی ئەنجامی جەنگەکە بکەین، وە یان بێلەبەرچاوگرتنی ئەنجامی جەنگەکە ئەردۆگان و ئاکەپە و ڕژێمە سیاسیەکەی تورکیا هەڵگری دۆڕانێکی ئەخلاقی، بەهایی و ئینسانین، کە ئەمەش خۆی لە نێو خۆیدا هەڵگری دۆڕانێکی سیاسی گەورەیە.
جەنگی ڤێتنام کە دەرئەنجام ئەمریکا بە دۆڕانێکی گەورەی ئەخلاقی-سیاسی لێی هاتە دەرەوە لە نمونەی ئەو جەنگانەیە کە هەڵگری جەوهەرێکی ئەخلاقی و ئینسانین بۆ داوەریکردن زیاتر لەوەی بە لۆژیکی سەرکەوتنی سەربازیانە مامەڵە بکرێ. ئەم جەنگەی ئەردۆگانیش لە دژی عفرین و ڕۆژاوا دەبێتە زەلکاوێک کە ئەستەمە دەرچوونی ڕژێمە سیاسیە فاشیستیەکەی تورکیا بە ئاسانی لێی. ئاماژەکانی سەرەولێژبوونەوەی ڕژێمە سیاسیە ستەمگەرەکەی تورکیا لەمێژە دەرکەوتوون بەڵام ئەم جەنگە ئەو سەرەلێژبوونەوەیە خێراتر دەکات بەوەی کە سەرباری ئەوەی کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی و وڵاتانی جیهان بە گشتی ناڕەزایەتیان پیشانداوە بەرامبەر تورکیا لە ئاست ئەم سەپاندنی جەنگە بەسەر عفرین و ڕۆژاوادا بەڵام ئەردۆگان و ئاکەپە هەر سوورن لەسەری. شکستی بەهایی و دۆڕانی گەورەی ئەخلاقی و ئینسانی ئەردۆگان و ڕژێمە فاشیستیە سوڵتانیەکەی لە ئەنجامی ئەم جەنگەدا دواجار دەبێتە دۆڕان و شکستی سیاسیانەی ئەردۆگان و ڕژێمە سیاسیەکەی.