نەوزادى موهەندیس: زۆرانبازى ئەمریکاو ئێران لە عێراقدا بەرەو کوێ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

نزیکەى 15 ساڵى ڕێکە کە ڕژێمى بەعسى سەدامى ڕوخاوە لەعێراقدا بەهێزى هاوپەیمانان بەڕابەرایەتى ئەمریکا و ئیدى لەوکاتەوە گەلان و خاکى عێراق ڕزگاریانبوە لەدڕندەترین ڕژێمێکى تاکڕەو و ستەمکارى سەدەى بیستەم، هەرچەندە ئەمە دەستپێک و سەرەتایەکى قۆناغى نوێ بوو بۆ گەلانى عێراق و مایەى دڵخۆشیان بوو، بەڵام لەدواى ئەو بەروارەوە و بەدرێژایى ئەم 15 ساڵەى ڕابووردوو نەگەلانى عێراق و نە ناوچەکەش ئارامیان بەخۆیانەوە نەبینیوە کە هەموانیان وایان دەزانى ڕژێمەکەى سەدام حسێن هۆکارى ئەو گرژى و نائارامیە بوە، بەڵام لەئێستادا بۆیان دەرکەوتوە کە ئەوە ململانێ ناوخۆیەکانى نێوان حیزب و سەرکردە سیاسیەکان لەلایەک و لەلایەکى تریشەوە ململانێ نەتەوەیى و ئاینى و مەزهەبیە جیاوازەکان هۆکاربونە و لەپاڵ ئەمانیشدا ململانێ ناوچەییەکان و نێودەوڵەتیەکانیش بە بەهێزیەوە ئامادەگیان هەبوە. بۆیە ماوەى ئەم 15 ساڵەى ڕابووردوو گەلانى عێراق بەرى ڕەنجى چەندین ساڵەى خەبات و قوربانیەکانى 30 ساڵەى قۆناغى ڕژێمى سەدام حسێنیان نەچنیەوە تا ڕووبارێک خوێن و فرمێسک و قوربانى ترى هاتە سەرو تائێستاش بەردەوامى هەیە و ئەوسەرى ڕێگا و تونێلەکەش ناڕوون و نائاشکرایە بۆ ئایندە.
وڵاتانى ناوچەکە و زلهێزەکانیش هەریەکەیان بە پێى توانا و بەرژەوەندیەکانى خۆیان دەستیان وەرداوەتە ناو کاروبارى عێراقەوە و هەریەکە بەمەرامێک و بۆ جێگە کردنەوەى پێگەیەکى شیاو لە ئایندەى عێراقى دەوڵەمەند بە نەوت و غازى سروشتى و… هتد. گەرەکیانە بمێننەوە و لەو پێناوەشدا ململانێ دەکەن.
لەناو هەموانیاندا ململانێى نێوان ئەمریکا و ئێران زۆر ئاشکرایە و زۆریش توندەو هەریەکەیان کێبکڕکێى ئەویتریان دەکات بۆ سەرکەوتن و بە ئانامج گەیشتنیان لە چەسپاندنى دەسەڵات و هەژموونى سیاسى و ئابورى و سەربازى خۆى لە عێراقدا. عێراق لە ئێستادا بۆتە گۆڕەپانێکى کراوە بۆ ململانێ نێودەوڵەتیەکان و بەتایبەتیش ئێران و ئەمریکا. هەردووکیان گرنگى تەواو دەدەنە ئایندەى عێراق، چونکە باش لە گرنگى و کاریگەرى جێگە و پێگەى عێراق دەزانن لەناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناویندا، چونکە عێراق وڵاتێکى دەوڵەمەند و بەهێز و خاوەن 38ملیۆن کەس و یەدەگێکى زەبەلاحى نەوت و غازى سروشتیە و پێگە و هەڵکەوتەیەکى جیۆسیاسى گرنگى هەیە لەناوجەرگەى ڕۆژهەڵاتى ناویندا و دەڕوانێتە سەر وڵاتانى کەنداوى عەرەبى و دەروازەى وڵاتانى عەرەبیە بۆ ئێران و هەریەکێک لە ئێران یان ئەمریکا بتوانێت عێراق کۆنتڕۆڵ بکات وەکو ئەوە وایە هەموو ڕۆژهەڵاتى ناوینى کۆنتڕۆڵ کردبێت. بۆیە ئەم ململانێیانەى ئێران و ئەمریکا بەتەنها لەعێراقدا نەماوەتەوە بەڵکو پەلى کێشاوە بۆ تەواوى ناوچەکە لە سوریا و لوبنان و فەلەستین و میسر و یەمەن و عومان و بەحرەین و… هتد. پڕیشکى ئەم ململانێ یان زۆرانبازیە دوو قۆڵیە پەلى هاویشتوە و مەترسیشى دروستکردوە بۆسەر نفوز و بەرژەوەندیەکانى ئەمریکا و ڕۆژئاوا و هاوپەیمانەکانیان لەناوچەکەدا بەوێنەى سعودیە و میسر و ئیسڕائیل. هەربۆیە پێناچێت ئەم ململانێیە بەئاسانى کۆتایى پێبێت و کۆتاییەکەشى کۆتاییەکى مەترسیدار و خوێناویش دەبێت بۆ ناوچەکە، چونکە لەلایەک هیچ کامیان پاشەکشە ناکەن و لەلایەکى تریشەوە بۆخۆى ئاگرى شەڕى دژ بەتیرۆریستانى داعش و هاوشێوەکانى هێشتا بەتەواوەتى کۆتایى نەهاتوە.
ئێران وەک زلهێزێکى ناوچەیى خۆى نمایش دەکات وهەرچى هەوڵى هەیە بۆ پاوانکردن و فراوانکردنى دەسەڵات و نفوزى خۆیەتى و پاڵپشتیشى هێزە ڕۆحى و ئاینى و مەزهەبیەکەیەتى لەناو گەلانى ناوچەکەدا و هەرچى ئەمریکاشە وەک زلهێزێکى جیهانى مەبەستى دەستبەسەراگرتنى تەواوى سەروەت و سامانى ناوچەکەیە لەڕووى سیاسى و ئابورى و ئەمنیەوە، چونکە ئەم ناوچەیە بۆ زلهێزەکانى ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتیش گرنگى خۆى هەیە.
لە ئێستادا ئەمریکا لەسەر زەمینەى واقع و لەناو پێکهاتە جیاوازەکانى عێراقدا بە ڕادەى ئێران نەیتوانیوە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت بەهۆى لایەنگرى زۆرینەى شیعە مەزهەبى عەرەبیەوە بۆ ئێران و هەرواش سونەى عەرەب و کوردەکانیش لە بێ بەڵێنى ئەمریکا وەڕس بون و شکستە سیاسى و سەربازیەکانیان بۆ ئەمریکا دەگێڕنەوە و تورکومانەکانیش تورکیا بەپاڵپشتى ڕاستەقینەى خۆیان دەزانن و کەمینەى مەسیحیەکانیش لەو نێوەندەدا بێ دەسەڵات ماونەتەوە.لە ئێستادا زۆرانبازیەکى ئەمریکا و ئێران لە پاڵپشتى هەریەکەیان دەردەکەوێت بۆ سەرکردە و حیزبە سیاسیەکان لە پێکەوەنانى لیستى و قەوارە و هاوپەیمانیەکانیان بۆ هەڵبژاردنى ئایندە و هەریەکەیان گەرەکێتى لایەنگرانى خۆیان سەرکەوتوبن تابتوانن بۆ 4 ساڵى ئایندە بەردەوامى بەهەژموون و مانەوەیان بەدەن لە عێراقدا.
هەربۆیە ئەم زۆرانبازیەى نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر حسابى خاک و گەلانى عێراق بۆ ماوەیەکى تریش بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەى ئەمریکا دەتوانێت گۆڕانکارى لەناوخۆى ڕژێمى ئێرانیدا دروستدەکات و دەبێتە هۆى گۆڕینى سیستەمى حکومڕانى لەئێراندا و بەمەش دەتوانێت سەرکەوتنى کۆتایى بەدەست بێنێت، بەڵام ئەم کارەش بۆخۆى نەئاسانە و نە لە ئایندەیەکى زوودا دێتەدى، بەڵکو هێندەى تر ناوچەکە ڕووبەڕووى مەترسى و جەنگێکى ترى تیرۆریستى دەکاتەوە، هەربۆیە ئایندەى ململانێکە و کۆتایی چارەنوسى عێراق و ناوچەکەش بەتاریکى و لێڵى دەمێنێتەوە. و نارامى لەناوچەکەشدا بەردەوامى دەبێت.