عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: داهاتی مانگێکی باشماخ بۆ ڕێگاکەی خەرج بکەن.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ڕێگای دەروازەی باشماخ هیچ پێناسەیەک هەڵناگرێت
باشماخ یەکێکە لەدەروازە نێودەوڵەتیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ( کۆماری ئیسلامی ئێران )بەدیاریکراویش دەکەوێتە نێوان هەردوو شاری پێنجوێن لەباشوری کوردستان و مەریوان لەڕۆژهەڵاتدا. ماوەی (11)ساڵە لەمەرزێکی لاوەکیەوە بەفەرمی کراوەتە دەروازەیەکی نێودەوڵەتی و داهاتی دەروازەکەش تەنها لەساڵی ( 2017)دا بریتی بووە لە( 237668082600) ملیارد دینار ( 237 ملیاردو 668 ملیۆن و 82 هەزارو 850 دینار)
لەساڵی (2013)وە بڕیاری دروستکردنی ڕێگای خێرای باشماخ ــ پێنجوێن درا کە پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژییە. بەپێی نوسراوی ژمارە ( 934 )لەبەرواری ( 24- 7- 2013 )ی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەبێت بودجەی پڕۆژەکە کە ( 34)ملیارد دینارە لەداهاتی نەوت و لەڕێگەی بانکی کوردستانی نێودەوڵەتیەوە خەرجبکرێت.
پڕۆژەکە لەسەرەتای ساڵی (2014)وە کاری تێدادەکرێت و گروپی بەڵێندەرایەتی نێودەوڵەتی میلاد کاری دروستکردن وتەواوکردنی گرتۆتەئەستۆ. لەئێستادا پڕۆژەکە ( 43٪)ی جێبەجێکراوەو لەقۆناغی قیزتاو ( ئەسفەڵتکرددن)دایە، بەڵام بەهۆی خەرجنەکردنی پێشینەیەکی مانگانە لەلایەن بانکی کوردستانی نێودەوڵەتی کارکردن لەپڕۆژەکەدا گەرنەوەستابێت ئەوا زۆر سست بەڕێوەدەچێت .
هەرچەندە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەنوسراوی ژمارە ( 765) لەبەرواری ( 04- 09- 2016 ) دووبارە جەختیان لەخەرجکردنی بودجەی پڕۆژەکانی داهاتی نەوت و گازکردۆتەوە بەڵام لەلایەن وەزارەتی دارایی و بانکی کوردستان ڕێژەیەکی کەم لە بودجەکە خەرجدەکرێت کەبەپێی پێویست نیەو زۆرجاریش کارەکەڕادەگیرێت.
وەزارەتی دارایی وئابوریش بەنوسراوی ژمارە ( 7/4/250) لەبەرواری ( 24- 01- 2017 ) بڕی ( 500) ملیۆن دیناری بەقیستی مانگانە تەرخانکردوە بۆ بەردەوامی و تەواوکردنی پڕۆژەکە، بەڵام لەلایەن بانکی کوردستانەوە ئەو پارەیە خەرجناکرێت و گرفتی بۆ پڕۆژەکە دروستکردوە.
وە بۆ هەمان مەبەست و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبانی سلێمانی بەنوسراوی ژمارە ( 417) لەبەرواری ( 28- 11- 2017) بۆهەمان مەبەست و کاریگەرییە خراپەکانی تەواونەکردنی ڕێگاکە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو ڕێگاوبانیان لێ ئاگادارکردۆتەوە .
ئەوەی پێویستە ئاماژەی بۆبکرێت ئەوەیە کەئایا چ ڕەوایەتیەکی تێدایە لەماوەی چوارساڵدا حکومەتێک نەتوانێت بودجەی پێویست بۆ پڕۆژەیەکی گرنگ وستراتیژی وەک ڕێگای باشماخ ــ پێنجوێن دابین بکات کەڕێگای دەروازەیەکی گرنگەو مانگانەوساڵانە داهاتێکی خەیاڵی وزۆرو زەوەند بۆخەزێنەی ئەم حکومەتە کۆدەکاتەوە .
ئایا نەدەکرا لەداهاتی ساڵەکانی ( 2014 – 2015 – 2016 – 2017 )کەکۆی گشتی داهاتی ئەوچوارساڵەی کەپڕۆژەکە چۆتەبواری جێبەجێکردنەوە بریتی یە لە ( 903992889850) نۆسەدو سێ ملیاردو نۆسەدو نەوەدوو ملیۆن و هەشت سەدو هەشتاو نۆ هەزارو هەشت سەدو پەنجا دینار .
تەنها ( 34) ملیارد دینار تەرخانبکرایە بۆتەواوکردنی ئەو ڕێگاگرنگە، باشەحکومەتێک نەتوانێ بودجەیەک بۆشوێنێکی وەک باشماخ دابین بکات کەپارەی تێدامۆڵ و کۆدەکرێتەوە ئەی دەبێت حاڵی پڕۆژەکانی تری هەرێم چۆن بێت.
ئەوەی لەوێنەکەدا دیارە وێنەی بەشێکە لەشەقامی باشماخ ــ پێنجوێن کەهەفتەی ڕابردوو مەیدانی سەردانم کرد. چەند عەیبە ناوێکی زل و زەبەلاخی وەک دەروازەی نێودەوڵەتیت پێوەنرابێت کەچی ڕێگاسەرەکیەکەت لەڕێگای کوێرە دێیەکی چۆڵکراو و ڕێیەکی لاوەکی خراپترو وێرانتربێت.
لەوڵاتانی دنیا دەروازەی سنوری ونێودەوڵەتی جگەلەوەی بەشێوەیەک دەڕازێنرێتەوەو پیشانی سەردانیکەرانی دەدرێت کەجێگای سەرنج وتێڕامان بێت و، دەشبێتە خێروبەرەکەت بۆ ئەو سنورو شارەو دانیشتوانەکەشی کەچی لەم مەملەکەتەدا ڕێک پێچەوانەکەی ڕاست دەرچووە.
بۆیە پێویستە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و ئابوریش ڕێزلەنوسراوی خۆیان بگرن وبەزوویی بودجەی پێویست دیاریکراو بۆپڕۆژەکە خەرج بکەن و چیدیکە ڕێگەش نەدرێت بانکی کوردستان دەرگای پارەبەخشینەوەی بۆ هەندێ پڕۆژە واڵابێت و بۆ هەندێکی تریش کڵۆم دراوبێت.