کارا فاتیح: بیركردنەوە لە مەستی، بۆ هاوڕێم/ ڕێباز مەحموود.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەپێچەوانەی دیدی تەقلیدی و دینییەوە، مەستبوون جۆرێك نییە لە بێئاگایی بەڵكوو جۆرێكە لە بەئاگابوون، بەڵام بەئاگابوون بەرانبەر بەشە تاریك و عاسییەكانی جەستە و ڕۆح، ڕووناككردنەوەی پانتاییی تر كە لە ساتی نامەستیدا بەو شێوەیە ڕۆشن نیین. مەستبوون بەئاگابوونە بە دیوی ناوەوەی جەستە و ڕۆح نەك جیهانی دەرەوە، بەڵام ئەو بەئاگابوونەوەیە تیشكدانەوەی بۆ سەر جیهانی دەرەوە دەبێت و ڕیتم و ڕۆتینی تێك دەدات، یان دەبێتە مەترسی بۆی.
كاتێك دین مەی حەرام دەكات، یان سیستم یاسا و ڕێسای مەرجی تەمەن و كات و شوێن و… هتد، ـی بۆ دادەنێت، پاساوگەلی وەك زیانی بۆ تەندروستیی بەكارهێنەر و باری ئاساییی خەڵكی تر و… هتد، دەهێننەوە، بەڵام ڕاستییەكەی ئەوەیە بەم حەرامكردنە شەریعەت و یاسا دەیانەوێت، مرۆڤ لە مەستی و جیهانی مەستان و لەوێیشەوە لەو هۆشیارییە تایبەتە داببڕن كە لە ساتی ئاساییدا زەحمەتە هەیبێت، هۆشیارییەك گومان و پرسیاری ترسناك بەرەو ڕووی بیركردنەوەی ئاسایی دەكاتەوە، دەنا دەزانن خواردن و خواردنەوە زۆرن كە وەك مەی و بگرە زۆرتریش بۆ تەندروستی مەترسیدارن و زۆربەی تاوان و دەستدرێژیی مرۆڤ بۆ سەر ئەوانی تریش لە دۆخی نامەستیدا دەكرێن.
مەستبوون چالاككردنەوەی نەست و هێنانە پێشەوەیەتی، نەستیش لەگەڵ سیستم و جیهان و بیركردنەوەی باودا ڕێك نییە، چەپاندن و بیركردنەوەی داخراو و حەرامەكانی دین و یاسا دیار و نادیارەكانی سیستم، نەستیان كردوە بە شوێنی شاردنەوە و ناشتنی ئەو ئایدیا و بیركردنەوە و ئارەزوو و غەریزانەی لە ناو ئەو جیهان و سیستمەدا قبوڵكراو یان ئاسایی نیین و لە باشترین حاڵەتدا ئاراییشتكردن و یاسا و نەرمكردنەوە و خۆگۆڕینیان پێویستە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی بێ زیان جارجار بێنە دەر. كە مەستبوون ئەم ڕووبەرە چالاك دەكات و ڕۆشناییی دەخاتە سەر، ئەم ڕووبەرە هێندە بەرتەسك نییە، تا تەنها بە وڕێنە، جنێو، پیسوچەپەڵی، شەڕ و خۆئازاردان و زیان لە خەڵك و خۆ، گوزارشتی لێ بكرێت، بەڵكوو تەنها عەقڵی دینی و سیستم ئەم جۆرە شوناسە بە مەستی و چالاككردنەوەی ڕووبەری نەست دەبەخشێت، هەر خۆیشی ڕەواج و ئیعتبار بۆ ئەم جۆرە مەستییە دادەنێن، بۆ ئەوەی ڕەهەندی قووڵی ئەو ئاگایییە ترسناكەی لە مەستییدا هەیە و دەبێتە لانكی پرسیار و گومان بۆ سەر سیستم و دین بێ بەها بكات و بە تەواوی كاڵی بكاتەوە و لە مەستی بیكاتە دەر.
مەستی جۆرێكە لە هۆشیاربوونەوە بەرانبەر ئەو ملكەچییەی مرۆڤی كردوەتە كۆیلەی هێزی بانسروشتی و كەلتووری بازاڕ، كە لە سایەیدا ژیانی بوەتە چەند فۆڕم و هیوایەت و خەونێكی سادە و تەنها بۆ بەدەستهێنانی كۆمەڵێك پێداویستی و ئاییندەی ساکار یان پاداشتی ئەو دونیا بژی، كە هەر خودی سەرمایەداری كردوونیەتە پێداویستی و ژیانی مرۆڤیان لە ناو ئەم بازاڕەدا ون كردوە و لە ڕەهەندی گەردوونیی داماڵیوە، مرۆڤی ئێستا كەمتر لەو سەرەداو و ڕایەڵانە دەگرێت، كە بەرەو ڕەهەندە ڕازئامێز و نهێنی و نادیار و قووڵەكانی ناخی خۆی دەیانبات، بەڵام مەستی دەتوانێت و دەشێت ئەم كارە بكات، بۆ ئەوەیش نەیكات، بازاڕ و سەرمایە، مەی و مەیخانەكان سەرتاپا لە ڕەهەندێكی مادی و سەرمایەگوزاری هەڵدەكێشن و پێشبڕكێی نرخ و خزمەتگوزاری دەخەنە سەر جۆرەكانی مەیی و مەیخانەكان و كوالیتییان، دیدی تەقلیدی و دینییش مەی دەكەنە سەرچاوەی ئاشووب و زیان و مەیخانەكانە دەكەنە مەڵبەندی بڵابوونەوەی تاوان و ناپاكی، هەر ئەم دوو جۆرە ڕێگری و حەرامكردنەیشە مەی و مەیخانەكان شیرین دەكەن تا لە ڕەهەندی مەستیی حەقیقی دایبماڵن، مەیخواردنەوە وەك جۆرێك لە تاقیكردنەوەی حەرام یان بێگوێیی دینی سەیر بكرێت، یان وەك جۆرێك لە نماییشی ژیانی تایبەت سەرنج بدرێت و مەستی بكرێتە خۆنماییشكردن و ڕۆتین و كاتبەسەربردن و پێویستیی پڕكردنەوەی هەندێ بۆنە و دانیشتن و تێكەڵكردنی بە ڕابواردن و فەوزا و ڕشانەوە و كردنی بە بابەتێك بۆ باسكردن و خۆهەڵكێشان و مۆدێل و چاولێكەری، بەمەیش بەتەواوی مەستی لە ڕەهەندی ئاگاییی قووڵ بە جیهانی پەنهانی ڕۆح و جەستە بەتاڵ دەكرێتەوە، مەستی دەكرێتە حاڵەتێك بۆ خۆنماییشكردن و ئەوەی لێی دەمێنێتەوە تەنها پاشەرۆ و پیسی بێت، ئەمڕۆ سیستم تەنها ئەو شتە بە دیوی پەنهان و نائاشكرای مرۆڤ دەزانێت كە سایكۆلۆژیای باو و تەقلیدی ناو لێ دەنێت نەست و تەنها لەوەدا سادە و كورتی دەكاتەوە كە دەبێتە پاڵنەری كاری خراپ و دزێو و دۆزینەوەی هۆكاری هەندێك یان زۆربەی یان هەموو ڕەفتارەكانی مرۆڤ.
ئاشكرایە ڕەخنەگرتن لە سیستم و هەوڵی لەقاندن و خستنی پایەكان، تەنها بە خۆپیشاندن و هێرش و بەركەوتنی فیزیكی ناكرێت، بەڵكوو سەرەتا كرانەوەی سنوری بیركردنەوە و ئەندێشە و خەیاڵ ڕۆڵ دەگێڕن، مەستییش دەلاقە و ئاسۆیەكە بۆ ئەو كردنەوەیە و شكاندنی بەربەستەكانی بەردەم بیركردنەوە، شكاندنی بەربەستێك كە لای سارتەر بە بیركردنەوە لە ئازادیی وجوودیی مرۆڤ بەرجەستە بوە و لای بیریاران و فیلۆسووفانی تر بە چەشنی تر.
ئەوەی دین حەرامی دەكات، بە بیانووی زیانی بۆ تەقوا و خواپەرستی و ئاشووبنانەوە لە نێو موسوڵماناندا و… هتد، هەر خودی ئەم حەرامكردنە مەی لە قوڵاییی بیركردنەوەی موسوڵماندا شیرین دەكات و بەوەی جارێك بە تاقیكردنەوە حەرام و جارێك بە نەشئەی دووبارە گەڕانەوەی بۆ بەر قاپی خودا و وازهێنان لە مەیخواردنەوە، دەیەوێت بایەخی مەستی بهێنێتە خوار و تەنها وەك كارێك كە پیسوچەڵی و گێلی و بێئاگایی و زەرەری مادی و دەهێنێت، ئەمەیش وا دەكات مەیخۆر تەنها وەك جۆرێك لە ناگوێڕایەڵی و دەستبردن بۆ حەرامێك مەی تاقی بكاتەوە و هەندێ جار بگاتە ئاستی زیادەڕەوی و بەدمەستی و تاقیكردنەوەی هەموو ئەو پێشبینییانەی دین بۆ حەرامكردنەكە باسی دەكات، بەمەیش دین دەیەوێت بە فیعلی مەستی بكاتە حاڵەتی بێئاگایی مرۆڤ بەرانبەر بە ناوەوە خۆی و دەركەوتنی ئەو ڕووبەرانەی نەست كە ڕووی بێزراو و ناشیرنییان لە دیدی كۆمەڵەوە هەیە.
مەستی نانووسرێتەوە، ئەوانەی مەستی دەنووسنەوە خۆیان مەست نین، یان مەست بوون و ئێستا بەری داون دوای مەستی لە ژێر كاریگەریی ئەو چێژەی لە مەستی وەریان گرتوە، باسی مەستی دەكەن، ئەوان باسی ئەو جیهانە دەكەن كە خۆیان ئەو كات دروستیان كردوە، نەك خودی مەستی خۆی، بۆیە باسكردنی مەستی وەك باسكردنی عەشق و خەم درۆیەكی گەورەیە، شاعیران وەك چۆن بە باسی عەشق دەیانەوێت گرێیەكی غەریزی بشارنەوە و ڕەهەندێكی قووڵ و پرسێكی گەورە و پیرۆز بە زۆروتنەكانیان ببەخشن، بە باسی خەمیش ڕەهەندێكی مرۆیی و كاریگەر و ئیستاتیكیی ساختە دروست دەكەن، بە باسكردنی مەستییش خودی مەستی لەكەدار و بێ بەها دەكەن و دەیكەنە بەهانەی دروستكردنی دۆخێك بۆ بە باكردنی خەیاڵ و حەز و دونیای وەهمییان.
ئەم باسە پێشەكییەكە و درێژەی هەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت