كارۆخ عوسمان: شەڕی (چڵە زەیتون) لەدوو ڕووەوە نابەرابەرە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێستا لە عەفرین شەڕێكی قوڕسە، قوڕسیەكەی چەندە بۆ شەڕڤانانی كوردە دە ھێندە بۆ سوپای توركیا. شەڕڤانانی كورد بەدلێری و بوێری دەجەنگن، بەڵام سوپای توركیا بەناچاری و لەژێر سێبەری بودجەیەكی 8 ملیار دۆلاریدا. كە جگە لەكوژران و برینداری و ماندوێتی ھیچی تریان دەستكەوت نیە. نەك شانازی، بەڵكو لەقەبی داگیركاریان دەدرێتە پاڵ.
توركیا خاوەنی سوپایەكە كە لەسەرئاستی دونیادا ھەشتەمینە لەدوای (ئەمریكا، ڕوسیا، چین، ھند، فەڕەنسا، بەڕیتانیاو یابان). وە لەناو ڕێكخراوی (NATO)دا پلەی چوارەمی ڕیزبەندی گرتووە.
بەپێی ڕیزبەندی سەندیكای ھێزی ئاگرین بۆ سوپا توركیا خاوەنی ئەمانەی خوارەوەیە:
1-ھێزی پیادەدا:
A. (743) ھەزارو (415) سەرباز، كەلەنێویاندا (850) پلەداری سەربازی ھەیە.
B. (2) ھەزارو (445) تانكی ھێرشبەر.
C. (7) ھەزارو (550) ئۆتۆمۆبێلی زرێپۆشی شەڕكەر.
D. نزیكەی (4) ھەزار شەڕكەر لەھێزی ڕەش، كە داخلی سیستەمی سەربازی عالەمی نین.

2- ھێزی ئاسمانی:
A- (207) فڕۆكەی بەرگری.
B- (207) فڕۆكەی ھێرشبەر.
C- (439) فڕۆكەی گواستنەوە.
D- (276) فڕۆكەی فێركاری.
E- (455) ئێلی كۆپتەر، كە (70) دانەیان ھێرشبەرن.

3- ھێزی دەریایی:
A- (16) كەشتی گەورەی جەنگی لەجۆری (Firkate).
B-  (9) كەشتی جەنگی ناوەند، لەجۆری (Corvet).
C- (12) ژێر دەریایی.
D- (34) كەشتی بنكەی پۆلیسی دەریایی.
E- (11) كەشتی مین.

ھەربەپێی ئەو ڕاپۆرتە، توركیا ساڵانە (8) ملیارو (208) ملیۆن دۆلاری وەك بودجە سوپای وڵاتەكەی خەرج دەكات. ئەوە سەرەڕای ئەوەی كەبەھۆی شەڕی بەردەوامی لەگەڵ ھێزەكانی PKK و چالاكوانانی ناوخۆیی و ڕەوشی ئاوارتە بڕی زیاتری بودجە خەرج دەكات. ھەروەھا جگە لەسوپا، خاوەنی ھێزێكی گەورەی (273) ھەزار و (846) پۆلیسیە كە كاردەكەن لەئەمنیەتی ناوخۆیی توركیاو سوپا بەبێ ئەركی نێوخۆیی ئەركی شەڕەكانی سنور بەجێ دەگەیەنێت.
لەئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتونیشدا سوپای توركیا زیاتر لە (30) ھەزار چەكداری بەشدری پێكردووەو یەكێ لەكارامەترین ژەنەڕاڵی سوپای توركیا ئوڵوسی ئاكار (Ulusi Akar) كە لەنزیكترین و متمانەپێكراوترین فەرماندەكانی ئاكپارتی و خودی ئەردۆگانە لەسوپاداو سەرپەرشتیاری ئۆپەراسیۆنەكەیەو ھێرش بۆ سەر عەفرین دەكات. بەتەواوی پاڵپشتی لۆجستی، كە نزیكەی (56) فڕۆكەو (25) ئێلیكۆپتەری ھێرشبەرو (40) فڕۆكەی گواستنەوەو سەدان تانك و زرێپۆش و تۆپخانەی سیستەمی ناتۆو چەك و چۆڵی تازەو مۆدێرن لەم حەرەكاتەی زەیتون داڵیەدا بەكاردەھێنرێن. جگە لەمانەش، لەگەڵ سوپای توركدا نزیكەی (2500) چەكداری بەكرێگیراو (جاش) ھەم كوردەكانی توركیاو ھەمیش ئەو كوردانەی سوریا كە لەھەرێمی كوردستاندا توركیا ڕاھێنانی سەربازی پێدەكردن و پارتی دیموكڕاتی كوردستانیش بودجەو موچەی دەدانێ لەژێرناوی (پێشمەرگەی ڕۆژو چەكدارانی ئەنەكەسە) بەشداری نھێنین لەئۆپەراسیۆنەكەدا.
لەناو خاكی سوریاش، لەبەری ڕۆژئاواو باشوری عەفرین (بەرەی نوسرەو لیوای شیمال و فەتح شام) كەنزیكەی (12) ھەزار چەكدارن، لەبەری ڕۆژھاڵاتیشدا نزیكەی (6500) چەكداری بەرەی (نورەددین زەنگی و سوارەی ئەعزازو سوپای سوریای ئازاد ÖSO) ھاوكاری ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتونن، ھێرش دەبەن بۆ سەر شەڕڤانانی عەفرین. تەنھا ھێزی پیادەڕۆ كەھێرش بۆسەر عەفرین دەبەن، بەھەمویان زیاتر لە (50) ھەزار چەكدارن. لەگشت لاوە بەھەموو جۆرە چەكێك لە سەنگەرەكانی شەڕڤانان دەدەن.
شەڕڤانان لەعەفرین ژمارەیان لە (26) ھەزار تێپەڕناكات، كە نزیكەی (20) ھەزاریان كوردن و ئەوەی دەمێنێتەوە لەگشت پێكھاتەكانیترن، ھەتتا خەڵكی ئەوڕوپی و ئەمریكی و وڵاتانی ئەمریكای لاتین لەڕیزەكانی شەڕڤاناندا ھەن و بەرگریەكی دلێرانە و بوێرانە لەعەفرین دەكەن و تەنھا لەماوەی 8 ڕۆژدا گەورەترین داستانیان تۆماركرد. كەنەیانھێشتووە سوپای توركیاو ھێزەكانیتر مەترێك پێشڕەوی بكەن. كەچی تەنھا لەڕۆژی یەكەمدا ھێزی ئاسمانی توركیا بەفڕۆكەی (F16) (116) ھێرشی كردە سەر سەنگەرەكانی شەڕڤانانی عەفرین.
لەدەزگا ئیعلامیەكانی توركیا وابڵاوكرایەوە كە لەو (116) ھێرشە ئاسمانیەدا (108) ئامانج پێكراون، بەڵام بەپێی ڕاگەیاندنی شەڕڤانان لەعەفرین ھیچ زیانێك لەڕۆژی یەكەمدا بەسەنگەرەكانی بەرگری نەگەیشتن. كەواتە توركیا لەدەقەی یەكەمەوە توشی نوشستی و زەرەرێكی بەرچاوی سوپایی بۆتەوە، كە ھەشتەمین ھێزی دونیایە كەچی بەم ھەموو ئیمكانیەتەوە تائێستا نەیتوانیوە پێشڕەوی بكات. نەیتوانیوە ھێزەكانی شەڕڤانان ماندووبكات كەلەڕووی ھێزی جەنگەوە بەراورد بە توركیا گوندێكی بچوكن. جیاوازی ئیمكانیاتی جەنگ لەنێوانیاندا ئێجگار زۆرە، وەك جیاوازی ئیرادەو دڵسۆزی مقاوەمەت.
ھێزەكانی شەڕڤانان لەڕووی مقاوەمەت و بەلەنگازیەوە لەچاو سوپای توركیا باڵیان لەعاسمانە. ھەربۆیەشە نەك تەنھا سوپای تورك بەڵكو ھێزە داگیركەرەكانی تریش كەھاوپەیمانی توركیان، خەریكە بەم چەندڕۆژە ماندوو دەبن بەرامبەر بەرگری عەفرین. جگە لەئیرادەو قارەمانێتی ئەردنگاری عەفرین و سنورەكانی لەگەڵ توركیا یارمەتیدەرو پاڵپشتی ھێزەكەی شەڕڤانانە، چونكە شاخاویەو پڕیەتی لەدۆڵ و ھەورازو نشێو و چیای بەرزو بانی درێژو لوتكەو زورگی تیژ. كە ھەمیشە ئەو ئەردنگاریە بۆ كوردەكان باشترین دۆست و پشت ئەستوری بووە. جگە لەو ئەردنگاریە سەختە، پاڵپشتی خەڵكی عەفرین بەگشت پێكھاتەكانەوە، ھاندانی شەڕڤانان لەلایەن خەڵكی دیموكڕاسی خوازەوە. ھیممەتی چین و توێژەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بەتایبەت ھەبوونی ھێزەكانی ژنان YPJ كەشانبەشانی ھێزەكانی پیاوان PYD لەجەنگدان و پێكەوە كۆكراوەی ژێر چەتری YPGن. ئەوە لەلایەك, لەلایەكیتریش ھاوكاری سەربازی ئەمریكا بۆ ئەو یەكینە پاڵەوانانە بەرخودانی چڕتركردۆتەوەو لەجیاتی كەوتنی عەفرین خەڵك چاوەڕێی كەوتنی سوپای توركیان.
ئەم شەڕە كە توركیا بەرامبەر ڕۆژئاوا دەیكات، ڕەنگە تاقیكردنەوەی سوپای توركیا بێت، بۆئەوەی بزانن ئەو سوپایەی كە ئیددیعای زلھێزی ناوچەكە دەكات و ھەڕەشەی زل لەبەرژەوەندیەكانی ئەمریكاو ھاوپەیمانەكانی دەكات ئاخۆ توانای تا چ ڕاددەیەكە. بەڵام ئێستا بۆیان دەركەوت كە توركیا وەك چوارەمین ھێزی سوپایی نێو NATO بەرامبەر ڕێكخراویكی عەسكەری ڕۆژئاوای كوردستان توشی شۆكی ئیرادەی بەرگریكردن بۆتەوە. خۆ ئەگەر ھێزەكانی ڕۆژئاوای كوردستان لەترسی تۆماری ڕەشی قائیمەی تیرۆر نەبوایە ئێستا مەركەزی قەراری دەوڵەتی توركیا ھەژێنرابوو. ئەوكات سوپای توركیا نەك نەیدەتوانی ھێرشبەرێت بەڵكو دەكەوتە مەوقیعێكی لاوازی بەرگریكردن و ئاڵای سپی بەناچاری بەرز دەكردەوە.
دەكرێ توركیاش فێڵی خۆی ھەبێت و بەناوی پارێزگاری ئەمنیەتی سنورەكانی، سوپاكەی مشغوڵ بكات. چونكە تاكە سوپای دونیایە كە لەپشودا وەك دووپشك بەخۆی وەدەداتەوە. ھەمیشە بۆلادانی كودێتاو ئاشوبی سوپا حكومەتەكانی توركیا شەڕێكیان دروستكردووە. وەك لەمێژووی توركیادا دەردەكەوێ كە سوپا زۆرترین كودێتای كردووە، لەكۆی حەوت كودێتا پێنجیان سەركەوتووبوون. جگە لەھەوڵەكانی كودێتاو سیناریۆی كودێتا بۆ شكستی كودێتای چاوەڕوان نەكراو.
ئەوەی ئێستا توركیا دەیكات، ھەم سیاسەتی دەرینی خۆیەتی و ھەمیش بەھۆی سیاسەتی دەرەكیەوە پەلكێشی ناو یارییەكی مەترسیدار كراوە، كە ھیچی لەقازانجدا نابێت.
بەبێ ئاگایی توركیا ئەم شەڕە لەدوو ڕووەوە نابەرابەرە:
یەكەمیان/  لەڕووی ئیمكانیاتی عەسكەری
دووەمیان / لەڕووی ئیرادەی ھێرش و بەرەنگاریەوە.
شەڕڤانان ئاگاییان ھەیە لەھێزی توركیا, بەڵام توركیا بێ ئاگایە لەئیرادەو تاكتیكی عەسكەری بەرگریكارانی عەفرین. ھەردەمیش ھێزی ئاگادار ھەرچەند كەمیش بێت سەردەكەوێت. مەرج نیە سەركەوتن تێكشكاندنی ھێزەكەی بەرامبەر بێت، بەڵكو تۆماركردنی داستانی قارەمانانەش سەركەوتنێكە بەھیچ شتێك پێوانە ناكرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت