عەلی مەحمود: درۆی هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتی پلە باڵاكان.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ساڵی 2009 ەوە , هەڵمەتێكمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پەرلەمانتاران و وەزیران و تەواوی پلە باڵاكان و كەمكردنەوەی ئیمتیازاتەكانیان دەستپێكرد لە باشوری كوردستان تا هەنووكە بەردەوامە, زۆرجاریش لەبەرامبەر وەرگرتنی ئۆتۆمۆبیل و زیادكردنی موچەی ئەنجومەنی دادوەری و دەیان كاری دیكە ناچار بە پاشەكشەیانمان كردووە, هەڵمەتەكە نەك لە كوردستان بگرە ئەوسا لە عێراق و نیشتمانی عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش یەكەم بیرۆكەو هەوڵدان بوو لەو بوارەدا, دواتر هەڵمەتەكە عێراق و هەندێك وڵاتی عەرەبی وەك مەغربیشی گرتەوە, لەناوخۆی كوردستان لە ئاستی رایگشتی پشتیوانی گەورەی لێكراو بووە بابەتی رۆژ.
لە زووەكەوە دیموكراسی پەرلەمانی بۆتە جێگای گومان بەوەی داكۆكی لە مافی خەڵك بكەن, هەمیشە سستەمی دیموكراسی پەرلەمانتاری بە تایبەت پەرلەمانتار مافی خۆیان و ئەو كەس و لایەنانەی بەخشش بە حیزب و خۆیان دەدەن لە بارودۆخە جیاجیاكان لەبەر چاو دەگرن, زۆرجاریش شەڕەكانیان شەڕی بەرژەوەند و كۆمپانیا جیاجیاكانە نەك چین و توێژە كۆمەڵایەتیەكان, خۆ لە كوردستان ئیمەیلی پەرلەمانتار بۆ كۆمپانیای زەبلاح گرترا, ئیمەیلی لەوە ساناتر دوارۆژی هیلاری كلنتۆنی سوتاند.
لە ماوەی ئەم 9 ساڵەدا لەسەر شاشەكان زۆر قسەی زلمان بیست, چەندین جار پرۆژە یاسا پێشكەش كرا لە لایەن پەرلەمانتارانەوە, پەیماننامە لە پێش هەڵبژاردنەكان پڕ كرایەوە و سوێندیان بە ئەنفال و شەهیدان خوارد ئیمتیازات رەت بكەنەوە, تەنانەت كەسی وا هەیە دووجار پرۆژەی یاسای پێِشكەشكردووە بۆ ئەم دۆسیەیە, وەلێ دواجار خانەنشین بوو تێی قوچان, لەوساوە باسیشی نەكردۆتەوە موچەی خۆشی مانگانە موفت وەردەگرێت وەك ئەوەی نەبای بینیبێت نە باران , هەشبووە لە خاوەنانی پرۆژە دوای دووساڵی مانەوە لە پەرلەمان خۆیان خانەنشین كردووە, خەڵكی بەسزمانیش تا ئێستاش باوەڕ بە درۆكانی سەرشاشەكان و نووسینەكانیان دەكەن, ئەمە كارەساتە بۆ داهاتوو هەمان سیناریۆو فلیم بەڕێوەیە.
دووساڵ هەشت مانگ لەوپێش كاتێك خۆپیشاندان كرا بۆ بەردەم پەرلەمان بۆ هەمان مەبەست, كاردانەوەی راگەیاندنەكان هەمووانی هەژاند , وەزیری دارایی بڕیاری دا پرۆژەكەی ئێمە بە دەستكارییەوە قەبوڵبكات و بیخاتە بواری جێبەجێكردنەوە, بەداخەوە زۆری نەبرد بۆخۆی نێردرایەوە بۆ ماڵەوەو كودەتای بەسەردا كرا, ,پێش ناردنەوەی بە شاندێك سەردانمان كرد, رایگەیاند 9 پەرلەمانتار هاتوونە بۆ لام وتویانە ئەوە چییە كەیت , ئێمە 4 ملیۆن دینار بەشمان ناكات, وتی زۆریان لەوانە بوون شەوانە قسەی زلە كەن, شەوان باسێكەو بە رۆژیش باسێكی دیكە, تا ئێستا خاوەنانی پرۆژە یاساكانی بواری هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پلە باڵاكان وایان كردووە, ئیتر نازانین كردار شەرتە یان پرۆژە یاسای سەركاغەزو و واژۆی بەسزمان كە هەمووان پێی دەوێرن.
لە بانگەشەی پێشووی هەڵبژاردندا هەردوو دۆسیەی جینۆساید و هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پەرلەمانتاران و وەزیران زۆرترین بانگەشەی بۆ كرا لە لایەن كاندیدەكانەوە, نە جاشەكان دادگایی كران, ئێستا هەمووان دەڵێن 25 ساڵ بەسە بۆ سڕینەوەی تاوانەكانیان, ئەوەی دیكەش تەنها بە دروشمی مایەوە, وەلێ یەكەم كاری پەرلەمانی نوێ لە بری كەمكردنەوەی ئیمتیازاتەكانی خۆیان, بابەتی بودجەی حیزبەكان بوو, واتا دابەشكردنی كەعەكەكە بوو, ئەو بودجەیەی بۆ حیزبەكان خۆیانیان دانا, زۆر زیاتر لە بودجەی حیزبەكانی هەر 5 وڵاتە گەورە ئابوریەكەی جیهان, كە لە 31ی ئابی 2014 ەوە لە لایەن سەرۆكی ئەوسای هەرێمی كوردستانەوە یاساكە پەسەند كرا, بە یاسای كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانیشەوە, بەمەش شیرنی خۆیان لە 31ی ئابی 2014 وەرگرت , مانگانە (( 14 ملیار و 230 ملیۆن دینار, ساڵانە 170 ملیار و 760 ملیۆن دینار)) بودجە بۆ حیزبەكان دیاریكرا, كە 73,44%ی بۆ پارتی و یەكێتی و گۆڕان بوو بە تەنها.
پەرلەمانتاران كە دێتە سەر ئیمتیازاتەكانیان قسەكانی سەر شاشەكانی خۆیان لە یادە كەن, لە بیریان چووە چەند پرۆژە یاسایان واژۆ كردووەو چییان وتووە, زۆر باسی هاووڵاتی بوونە كەن كەچی 90% زیاتریشیان پاسەوانەكانیان زاواو خەزور و كوڕو برای خۆیانن, چاو لە دەسەڵاتە كەن , تاكە دەوڵەت لە جیهان سەرۆك و جێگیرەكەشی بە میرات پێكەوە دەسەڵاتیان بۆ ماوەتەوە لە جیهان كوردستانە, شتی وا لە هیچ عەنتیكەخانەیەك نییەو دەست ناكەوێت باشترە بدرێتە پەرتوكی گینز, باسی خانووە قوڕەكانە كەن كەچی شەڕە لەسەر شوقەكانی زەكەریا, دوای تەواو بوونی پەرلەمانتاریشیان چۆڵی ناكەن بۆ ئەوانەی لە دوای خۆیانەوە دێن.
پەرلەمانتاران ئێستا لە لایەن حكومەتەوە ناچار كراون یاسای ئیمتیازات هەمووار بكەنەوە و بەدەستی خۆیان خانەنشینییەكەیان بۆ 2 ملیۆن واتا بە ئەندازەی 4 شەهید و ئەنفال كە گیانی خۆیان بەخشیوە بە نیشتمان كەمبكەنەوە, ئێستا لە قولەی قافدا گیراون دەنا نایكەن و بەترس و لەرزو نادڵییەوە دەستی بۆ هەڵدەبڕن, بە ئاشكراش ناوێرن ناڕەزایەتی خۆیان دەربخەن لەسەر ئەم بابەتە هەستیارە كە بڕیاری حكومەتە بۆ رزگاركردنی كەشتیە شكاوەكەی دەسەڵات لە غەرق بوون و بەشێكیشە لە پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی و یەكێتی.
هیوا دارم پەرلەمان نەك موچەی خانەنشینی خۆیان پلە باڵاكانی تر بە سەرۆكی هەرێمەوە كەم بكەنەوە لەوەی بۆیان دیاریكراوە, بگرە موچەی خۆشیان لە 8,5 ملیۆنەوە بەشێوەی فەرمی بۆ 2 ملیۆن دینار كەمبكەنەوە, ئەگەر دەیانەوێت خزمەت بكەن, ئەوا خزمەتكردن پاداشتی نییە, هیوادارم ئەمەش نەبێتە هۆكاری ئەوەی هەموو بۆ بەغدا را بكەن بۆ ئەوەی بگەن بە موچەو حیمایەی مەتروكەی پەرلەمانتاری بەغدا كە ئیمتیازاتەكەی 400%ی كوردستانە, بە موچەی تەواوەوە, بە روبعە موچەی ئێستا 16 جاری كوردستانە, لە خولەكانی پێشوودا بە دگمەن دەبینرا پەرلەمانتارێكی خانەنشینی كوردستان بۆ بەغدا كاندید بێت, وەلێ ئێستا شەڕە لەسەری, شیوەنەكە بۆ حوسێن نییە بۆ هەریسەكەیە.
ئێستا كە چاو لەسەر پەرلەمانە بۆ پەسەندكردنی ئەم یاسایە لەبە دوو هۆكارە, یەك گوایە لە رێگای پارتەكانیانەوە نوێنەری گەلن و پێویستە ژیانی پاشایانەی جیا لە گەل قەبوڵ نەكەن, ئەوەندەشیان وتووە ناتوانن پێچەوانەی هەڵوێست بنوێنن , لە لایەكی دیكەوە لە روی قانونیەوە یاساكان بە فلتەری دەنگدانی ئەواندا دەڕوات, دەنا حكومەت لە قۆناغی نەشتەرگەریدایە بێ ئەوانیش بۆ پاراستنی كورسیەكەیان ئامادەن كلك و گوێی دەوروبەری خۆیان بكەن و ماسییە بچوكەكانی خۆیان بكوژن باری خۆیان پێش هەڵبژاردنەكان سوك بكەن بۆ پاراستنی كورسیەكانیان, ئەم هەلەش ئەو هەموو پرۆژە یاسایەی سەر كاغەز دروستی كرد لە رابردوو كە نەچونە بواری جێبەجێكردنەوە, دەنا ئێستا خودی نادادپەروەری خولقێنەرەكان نابوونە بانگەشەكەری.
لە كۆتادا بیانەوێت و نەیانەوێت ئەمە بەرهەمی 9 ساڵی ناڕەزایەتی بەردەوامی هەڵمەتی دادپەروەرییە, دەسەڵات و پەرلەمان ناچاردەكات واز لە بەشێكی بچووكی ئیمتیازاتەكانیان بهێنن, پێویستە بكرێتە هەنگاوی یەكەم لە هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ئیمتیازاتی دەسەڵاتداران و گەڕاندنەوەیان بۆ ئەو قۆناغەی بە پێڵاوی لاستیكەوە گەڕانەوە باشوری كوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت