كامیار سابیر: خودای ناو دەنێی یان قانونەکانی فیزیا!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سیستەمی ئەستێرەیی TRAPPIST-1 و حەوت زەوییەکەی
نیکۆڵ لویز، فیزیاویی و زانای فەلەکیی لە سەنتەر و ئینستیتیوتی زانست- تەلەسکۆپی فەضایی www.stsci.edu رایگەیاند کە حەوت هەسارەیان دۆزیوەتەوە، زۆربەیان گونجاون بۆ ژیانی هاوشێوەی زەوییەکەی خۆمان، بەڵام ژیانی ئەیلییەن ( بوونەوەرەکانی بۆشایی) یان تێدا نەدۆزراوەتەوە. ئەم کچە ئەسترۆفیزیاوییە، لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێ، ئەوەی لەدەرەوەی سنووری خەونەکانیشم بوو لە فیزیا و فەلەکدا، دۆزینەوەی ئەم کۆمەڵە هەسارەیە بوو.

هەندێ بەراوردکاریی نێوان، زانست، فەلسەفە و ئایین لەمەڕ گەردوون:
1- ئەم گەردوونە 13.8 بیلیۆن، یان 13.8 میلیارد( هەزار میلیۆن) ساڵە( بەپێی ساڵی زەویی) گەورە دەبێ و دەکشێ، ئایا مرۆڤ، ئەگەر ئایین، مانیفێستی ژیانی بێت، نابێ بپرسێ ئەم خودایەی ئەم گەردوونەی دروست کردووە، ئەو هەموو بیلیۆن ساڵە، پاش ئەو هەموو پەرەسەندنە( ئیڤۆلیوشن) فەضایی و گەردوونییە، پاش ئەوەی کات، ماددە و وزە لە بینگبانگەوە دەستیان پێکرد…تا دوو بۆ سێ هەزار ساڵێک لەمەوبەر، چۆن تەحەمولی کرد و دەستی نەکرد بەناردنی پێغەمبەرەکان! لەم ئاقارەدا، فیزیاویی صربیی-ئەمێریکیی نیکۆڵا تێسلا Nikola Tesla بۆچوونێکی دانسقەی فیزیایی لەمەڕ مەزنیی سروشت و گەردوون هەیە، ئەو دەڵێ کەسێک دەتوانێ ناوی خودای لێبنێت، بەڵام زانست ناوی قانونەکانی فیزیای لێدەنێت.
2- هەر لەمەڕ پێوەندییەکانی ئایین و فیزیای فەلەکییەوە، ئایا ئەو خودایەی لە سەرجەم کتێبە ئاسمانییەکاندا ( بەتایبەتیی ئیبراهیمییەکان) هاتووە، بەراورد بەو خودایەی ( قانونەکانی فیزیا) لە گەردووندا، حاکمی موطڵەقە، زۆر دەستەپاچە و کۆڵەوار نییە؟ ئایا هەرگیز لەخۆت پرسیوە، هیچ کەسێک و هیچ شتێک، ئەوەندەی پێغەمبەرەکان و کتێبە ئاسمانییەکان، سووکایەتییان بە خودا ( قانونەکانی فیزیا) کردووە؟ ئایا ئەو هەموو ریوایەتە جیاوازانەی لە نێوان  1450 ساڵێک لەمەوبەر تا 3000 ساڵێک لەمەوبەر، بەناوی خوداوە جێکەوت کراون، ئایا بەشی هەرە زۆریان، بەشێوەیەکی رەها، درۆ و هەڵە نیین و تاوانی زۆر گەورە نیین بەناوی خوداوە، تۆمارکراون؟
3- هەروەک چۆن فەلسەفە لە ماوەی پەنجا بۆ شەست ساڵدا، قسەیەکی ئەوتۆی لەبارەی ژیان، گەردوون و کاتەوە نەکردووە، لە هەموو بوارەکانی تردا، قسەی جدیی کردووە بەڵام ئەم ئاقارانەی بەتەواویی بۆ زانست بەجێهێشتووە، کاتی ئەوە نەهاتووە، ئایینیش لەمەڕ گەردوون و سروست، دەستبەرداری تەئویل و تەفسیرەکانی خۆی بێت.
4- زۆربەی هەرە زۆری لێکۆڵینەوە و توێژینەوە کۆمەڵناسیی و مرۆڤناسییەکان، باسی ئەوە دەکەن کە ئایین بۆ ماوەیەکی زۆر، هەر درێژەی دەبێت، ئەوە ئەگەر هەر کۆتاییشی پێبێت. بە باوەڕی من ئەو کەسانەی کە دەیانەوێ رەخنە لە ئایین بگرن، پێش هەموو شتێک دەبێ لە رووی زانستییەوە، ئەم کارە بکەن. دۆکینز، بۆچوونێکی وردی هەیە و پێیوایە ئەگەر خودا بە میثۆدی زانستیی لە ئایین بسەنیتەوە، ئایین لەناو خۆیدا گرمۆڵە دەبێت. تا خودای زانستیی، تا خوادی قانونەکانی فیزیا، لە ئایین نەسەندرێتەوە، ئایین هەر دەمێنێتەوە.
5- ئەو هەموو تۆقاندن و ترساندنەی لەناو ئایینە ئیبراهیمییەکاندا( جوولەکە، مەسیحیی و ئیسلام) دەرهەق بە مرۆڤ، هەیە، لەگەڵ گەورەیی ئەو گەردوونە و فراوانیی فەضا، لەگەڵ سەرەتا و کۆتایی کاتی فەضاییدا( Space time )، لەگەڵ هەیبەتی قانونەکانی فیزیا نەک هەر نایەتەوە، بەڵکو سەرجەم کتێبە ئاسمانییەکان، شتێکی تازەتریان لە قانونەکانی حامورابیی، فەلسەفەی یۆنانیی کۆن، فەلسەفەی چینیی و هیندیی، نەگوتووە؟
6- لە ئاییندەی نزیک بێت یان دوور، لەو حەوت هەسارەیەدا بێت یان لە هەر هەسارەیەکی تردا بێت کە مرۆڤ توانای دۆزینەوەی لە ئێستادا نییە، ژیان بە حەتمیی دەدۆزرێتەوە. یەکێک لە هەرە پایە سەرەکییەکانی فیزیای کوانتەم، سیستەمی ئیحتیمالییەتە probability کە هەڵسوکەوت و کارتێکردنەکانی گەردوون دەخوینێتەوە ئایا دەچێ بە عەقڵدا، ئەو عەقڵەی بە گوێرەی داتا وردەکانی ئیڤۆلیوشن کە هەمووی صەدان هەزار ساڵێکە( زۆر زۆر چەند میلیۆن ساڵێکە) عەقڵی مرۆڤ و ئاژەڵەکان لەگەشەکردندانەیە، لەناو صەدان بیلیۆن گالاکسی و دەیان و صەدان تریلیۆن هەسارە و ئەستێرەی ئەم گەردوونەدا( ئەوانەی کە تا ئێستا دۆزراونەتەوە)، هەر ئێمەی مرۆڤ و ئاژەڵەکانی سەر ئەم زەمینە، لەم گەردوونەدا هەبین؟
7- ئای قانونەکانی فیزیا ( خودای گەردوون و گەردوونەکان) چەند گەورەیە و ئێمەی مرۆڤیش، چەند بە بچووکی لە گۆشە نیگای ئایینەوە، سەیری دەکەین؟ ویلیام ثۆمسن کە ناسراوە بە ذە لۆرد کێڵڤین The Lord Kelvin، دەڵێ لە زانستدا، تەنیا فیزیا هەیە، زانستەکانی تر، هەموویان پوول کۆکردنەوەن( پوول، مەبەست پارە نییە، بەڵکو مەبەست Stamps طەبعە). بە باوەڕی منیش، مرۆڤ ئەگەر لە فیزیا تێنەگات، یان هەوڵ نەدات لە گرێژنەکانی فیزیا( بەتایبەتیی فیزیای فەلەکیی و پەرەسەندنی گەردوونیی) تێبگات، کەموکوڕییەکی گەورەی مەعریفیی و کولتووریی لەبارەی ژیان و گەردوونەوە دەبێت. هەتا دەشمرێ، ئازاری دەدات و لەباری دەروونییشەوە، هەرگیز، باوەڕی تۆکمەی نە بەخۆی و نە بە ژیان، نابێت و هەمیشەش لەمردن دەترسێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت