کامیار سابیر” پۆستی دوو ساڵ پێش ئێستا! بارزانیی ڕێك ئە‌مە‌ی كرد كە‌ لە‌م نووسینە‌دا باسمكردووە‌.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

نا، بۆ مەهزە‌لەی ریفراندۆمی میلیاردێرەکانی نەوت
رۆژ بە رۆژ، درۆودەلەسەکانی دەوڵەتی کوردیی، بۆ سادەترین خەڵکی کوردستان، ئاشکرا دەبێت. بانگەوازی ئەم جارەی پارتیی بۆ ریفراندۆم و لەوێشەوە بۆ سەربەخۆیی کوردستان و چارەی خۆنووس، دواهەمین کڵاوی تاجیرەکانی نەوت و بیلیۆنێرە ( میلیاردێرە) سیاسییەکانی کوردن، دەیانەوێ لەم رێگەیەوە، دوا کارتی بیزنسە سیاسیی و ئابوورییەکانیان، لە بۆرصە تیجاڕییەکاندا بەگەڕ بخەن. سەرۆکی پارتیی، بە ئاشکرا، ئەم کڵاو لەسەرکردنەی خەڵک، بەیان دەکات و دەڵێت” ئەو ڕیفراندۆمە بە مانای دەستبەجێ راگەیاندنی دەوڵەت نییە، بەڵكو بۆ ئەوەیە كە ئیرادە و ڕای گەلی كوردستان لەبارەی چارەنووسی خۆی بزاندرێت و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان لە كات و دۆخی گونجاودا ئیرادە و بڕیاری گەل جێبەجێ بكات”
بارزانیی و دەوڵەتە گووگلییەکەی، بارزانیی و ئیمپراتۆرییە نەوتییەکەی، بەهۆی فشاری ناوخۆ و دەرەوە، بەهۆی ئەوەی لەسەر بەردی ئەلحەدی واقیعییەت، عەقڵانییەت، پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان، پێوەندییە ئیقلیمییەکان و لەسەروو هەموویشیانەوە، گەندەڵییە دەیان بیلیۆن دۆلارەکانی حیزبەکەی، چیتر توانای ئیدامەدانی بە درۆی سیاسیی و دزییەکانی نەوت و غاز، وەکو جاران نەماوە، بەشوێن شەرعییەتی جەماوەرییدا دەگەڕێ. ئەم ریفراندۆمەی بارزانیی، داوای دەکات، شەرعییەتدانە بە دزیی و تاڵانیی بۆ دەیان ساڵی تر و پێویستە رێی لێ بگیرێت. ئەم مەهزەلەیە دەبێ بە توندی لەئاستی شەعبییدا ریسوا بکرێ و ئەم حەماقەتە سیاسییەی پتر لە دەیەیەکە، خەڵکی پێ گۆج( گەوج) دەکەن ودەیان بیلیۆن دۆلاریان بۆ خۆیان و نەوەکانیان دزیی، پێویستە بە توندیی و بەجورئەتەوە، تەحەدا بکرێت.
ئەرکێکی نەتەوەییە، وەکو نەژادی کورد، ئەم گاڵتەجاڕیی و مەهزەلە سیاسییانە کە لە زیان زیاتر بۆ گەلی کورد، هیچیتری نەبووە، بەرپەرچ بدرێتەوە. هاوکات ئەرکێکی نیشتمانییە لە ئاستی کوردستانی عێراقدا، ئەم کلاواتانەی دەوڵەتی کوردیی کە زەرەرمەندی سەرەکیی خەڵكی هەرێمی کوردستان و کەرکوکییەکانن، بە دەنگی بەرز” نا” بە روویدا بەرزبکرێتەوە. بارزانیی، دەیەوێ جارێکی تریش لە رێگەی ریفراندۆمێکی هەزەلییەوە، شەرعییەت لە خەڵک وەربگرێتەوە و تەکانێکی تری دە ساڵی بە خۆی و بە حیزبەکەی و بە موهەڕیجەکان بداتەوە بۆ ئەوەی سامانە سروشتییەکانی هەرێم و کەرکوک، بۆ حیزبەکەی، ماڵباتەکەی و پرۆکسییەکانی، لەسەروو هەموویشیانەوە بۆ فاشیزمی تورکیی و ئەجێندا پاوانخوازییەکانی ئەردۆغان، مسۆگەر بکات. سەرەنجامیش، هیچ حیزبێک بەئەندازەی پارتیی و هیچ سیاسییەکیش بەئەندازەی شەخصی بارزانیی، زیانیان بۆ پرۆژەی بە دەوڵەتبوونی کوردستان، بۆ ئازادیی و لای کەمی عەدالەتی کومەڵایەتیی، نەبووە.

سەرنج:
مافی چارەی خۆنووس، لە روئیای سیاسیی و زمانەوانییەوە دروستە. بەعەرەبیی، دەکاتە تقریر المصیر و بە ئینگلیزییش دەکاتە Self-determination. ئەو ( سێڵفە- Self ) چۆن دەبێ بزر بێت، وەکو لە چارەنووسدا ، بزرە؟ لە کاتێکدا، چارەنووس، زیاتر قەدەر دەگرێتەوە، لە ئینگلیزییشدا بە مانای fate دێت. لە دیدی زمانەوانییەوە، چارەی خۆنووس، خۆت وەکو تاک و وەکو الذات ( نەفسی خۆت) لە بڕیارداندا، بەشدار دەبیت. لەبەرامبەردا، چارەنووس، بەهۆی هێزێک یان ئیرادەیەکی ترەوە بەسەرتدا دەسەپێنرێت. دەکرێ هێز و ئیرادەیەکی مەعنەویی، سیاسیی، ئایدۆلۆژیی ، قەیدوبەندی ئابووریی و دەستەنگیی ژیان وات لێبکات کە چارەنووسی خۆت تەسلیمی خەڵکی تر بکەیت. دەشکرێ، ئەو هێز و ئیرادەیە، سروشت بێت، لەکاتێکدا سروشت و قانوونەکانی فیزیا، رۆڵێکی گەورەیان بەسەر چارەنووسی مرۆڤایەتیی، ژیان و بگرە تەواوی گەردووندا هەیە. بە دڵنیاییەوە، چارەنووس هەڵەیە و چارەی خۆنووس، لە کۆنتێکستی سیاسیی، کولتووریی، فیکریی و مەعریفییدا، دروستە.