دانا تەیب مەنمی: تەقاندنەوەی سایلۆکە.. غەدرێکی دیکە لە سلێمانی!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەناو جەماوەری خەڵکی کوردستاندا بۆچوونێک ھەیە و وەکو عورفی لێھاتووە کە دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان و حزبە دەسەڵاتدارەکان، ھەرگیز شتێک ئەنجامنادەن کە لەزیانی خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان نەبێت!
گەڵاڵەبوونی ئەم بۆچوونە بەرئەنجامی مێژووی 26 ساڵی ڕابردووی حوکمڕانی ستەمکارانە و نادادپەروەرانە و گەندەڵی دەسەڵاتدارانی ھەرێمە، کە وایکردووە خەڵک متمانەی بە ھیچ ھەنگاوێکیان نەبێت، و سوپاس بۆ خوا گەلیش ھۆشیارە و زوو لەگەمە و مانۆڕی سیاسی دەسەڵاتداران تێدەگات.
تەبعەن من بەشێوەیەکی گشتگیرانە و ڕەھا قسەناکەم، و لەماوەی ئەو چەند ساڵەی رابردوودا فەرمانڕەوای باش ھەبوون کە خزمەتیان بە خەڵکی کوردستان کردووە، و جێدەستی خزمەتیان ھەمیشە دیارە، و کەس نکۆڵی لێناکات، وەکو دامەزراندنی زانکۆی ئەمەریکی و پارکی هەواری شار لەسلێمانی و پرۆژەی تواناسازی و پێدانی سولفەی نیشتەجێبوون و سولفەی هاوسەرگیری بەگەنجان.
ھەندێک لە دەسەڵاتداران بۆئەوەی ستەمکردنی خۆیان لەخەڵک و خاک و ئاو ھەوای ئەم نیشتیمانە بۆبچێتەسەر ھەمیشە دێن بەناوی پرۆژەی خزمەتگوزاری و مۆدێرن و چاکسازی و ھتد، ڕەوایەتی بەکارە قێزەونەکانی خۆیان دەدەن، و بەمنەت بە خەڵکی ستدەمیدەی کوردستانی دەفرۆشنەوە.
یەکێک لەو بوارانەی ھەر لەسەرەتای ڕاپەڕینەوە ھەندێک لە دەسەڵاتداران ڕێچکەیان شکاند و ئاوێکی خراپیان ڕشتن بریتی بوو لە بەتاڵانبردن و ئاودیوکردن و داگیرکردنی موڵک و ماڵی گشتی، ھەر لەگومرگ و شۆفڵ و ئامڕازەکانی ژێرخانی ئابووریییەوە بۆ زەوی و بینا و کارگە، و دواتر قۆرغکردنی سەرجەم داھاتەکانی ژێر زەوی و سەرزەوی و تەنانەت ئاسمان و ئاو ھەوای ئەم وڵاتەش.
ئەم پێشەکییە بۆئەوەیە ڕاستەوخۆ تیشک بخەمەسەر غەدرێکی دیکە کە لەسلێمانی کرا و رۆژی ھەینی سایلۆی سلێمانی تەقێنرایەوە، و لەشوێنەکەی بە حیساب ” کۆمەڵگەیەکی بازرگانی و گەشتیاری و نیشتەجێبوون” دروستبکرێت!
ڕووخاندنی سایلۆی سلێمانی لەمێژە مشتومڕی لەسەرە، بەڵام ئەوەی جێگای داخە ئەوەیە دواجار بە ” کارئاسانی” دەسەڵاتداران ئەم مشتومڕە لە بەرژەوەندی کەرتی تایبەت بە تێکدان و تەقاندنەوەی سایلۆکە کۆتایی پێھێنرا.
کاسترۆ مەعروف، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، رۆژی ٣٠ی مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوو بەخەندان-ی راگەیاند ” وەکو ئەنجومەنی پارێزگاو لیژنەی کشتوکاڵ، دوورونزیک ئاگاداری ئەوبابەتە نین”، و “بەداخەوە سلێمانی کراوەتە قوربانی بۆ کەرتی تایبەت” و لەلایەن بەرپرسێکی باڵای حکومەتی ھەرێم و لەڕێگای دەستەی وەبەرھێنانەوە “ئاسانکاری” بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار کراوە، و ھەموو شتەکانی بەیاسایی بۆکراوە.
بەوتەی ئەو بەرپرسەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی “ئێمە پێمان وایە ئەو بابەتە ستەمە لەخەڵکی سلێمانی دەکرێت، دەکرا سایلۆی سلێمانی بە 100ملیۆن دینار نۆژەن بکرایەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە سایلۆیەک لە شارۆچکەی پیرەمەگرون دروستکراوە، بڕی 15ملیاری تێچووە”.
بەوتەی ئەو ڕووبەری سایلۆکە نزیکەی 30دۆنم زەوی دەبێت لە”باشترین شوێنی سلێمانی” و “وەکو لیژنەی کشتوکاڵ، گلەیی زۆرمان ھەیە، چۆن وەبەرھێنان دەتوانێت ئەو ڕووبەرە زەوییە بدات بەکۆمپانیا بۆ کاری تایبەت “.
ئەمە تائێرە وتەی ئەو بەرپرسەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییە، بەڵام ئەوەی مایەی سەرسوڕمان و نیگەرانییە ھەتا ئێستا داواکاری گشتی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و رێکخراوەکانی ژینگە ھیچ نیگەرانی و بگرە وشەیەکیان لەسەر ئەم ستەمە لەخەڵکی سلێمانی و ئەم غەدرە لەشاری ھەڵمەت و قوربانی و پایتەختی ڕۆشنبیری نەوتووە و خۆیان بێدەنگ کردووە!
مێژووی زۆربەی پرۆژەکانی نیشتەجێ بوونی کوردستان و سلێمانی بەتایبەت ئەوەی دەرخستووە، ھەرگیز خەڵکی ھەژار و لە پرۆژەکان سوودمەند نەبوون، و پێشموانییە ئەو پرۆژەی لەسەر زەوی سایلۆکە دروستدەکرێت، خەڵکی ھەژار و چینی مام ناوەندی لێی سوودمەند بن، بەڵکو مانگەشەو سەرلەئێوارە دیارە و بەشێکە لەپرۆسەی ھەراجکردنی موڵکی گشتی بۆ قازانجی کەرتی تایبەت.
ھەرچەندە تازە کارلەکارترازاوە و بریاردراوە رۆژی ھەینی سایلۆکە بتەقێننەوە، بەڵام دەکرێت بپرسین ئایا تا چەند حیساب کراوە بۆئەو زەرەر و زیانانەی لەئەنجامی تەقاندنەوەی سایلۆکە لەڕێگای “دینامیت” ەوە بەر ژینگەی سلێمانی دەکەوێت؟! ئایا بۆچی رێکخراوەکانی دۆستی ژینگە بۆ ڕاوکردنی کەوێک یان ئاسکێک لەلایەن ڕاوچییەکەوە، ھەموو خۆیان دەخەنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، بەڵام بۆ مەسەلەیەکی چارەنووسساز بۆسەر تەندروستی خەڵکی ئەم شارە و تەقاندنەوەی سایلۆکە خۆیان کەڕ و لاڵ کردووە؟! داواکاری گشتی و پارێزگار -کە بەحیساب دەبێت پارێزەری ئەم شارەبێت- لەکوێن بۆ لەسەر ئەم بابەتە ھیچ قسەیەکیان نییە؟!
دەکرا لەبری تەقاندنەوەی سایلۆکە، نۆژەن بکرایەتەوە، و لەساڵانی رابردوودا ھەموو بینیمان چۆن گەنمی جوتیاران لەسایلۆی سلێمانی بە باران تەڕ دەبوو، و ڕەنج و بەرھەمی وڵات بەفێڕدەچوو، بەڵام ڕەنگە ئێستا باش لەوە حاڵی ببین کە پشتگوێ خستن و تەڕبوونی گەنمی ناو سایلۆکە، ڕەنگە بەشێک بووبێت لە سیناریۆی ڕێگا خۆشکردن بۆ تەقاندنەوەی!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت