knn

شەریف هەژارى: چەند سەرە قەڵەمێکى کورت لەسەر داخستنى (کاتیى) کەناڵى (کەى،ئێن،ئێن)!؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەڕاستیدا داخستنى (کاتیى) کەناڵى (کەى، ئێن، ئێن) تاڕادەیەک لاى شەقامى کوردى و، تەنانەت ئەو کەسانەشى کە سودى زۆریشیان لە کەناڵى (کەى، ئێن، ئێن) وەرگرت و لە شاشەکەیەوە بوونە (پەرلەمانتار و وەزیر) و زۆر نوسەرى دیکە، کە هەمویان بۆى (کپ)ن و، هیچ نوسین و هەڵوێستێکى تەنانەت (زارەکى و خامە)یشیان بۆى نییە، ئەوا پێموایە: (بێ ویژدانیى) بوو لە ئاستیى ئەو کەناڵەدا! چونکە زۆرێک لەوانە، کەناڵى (کەى،ئێن، ئێن) هۆکاربوو لەوەى کە ببنە خاوەن پۆست و ناوبانگ!
هەروەها ئەم کەناڵە سودى بۆ جەماوەرى کوردستانیش هەبوو. هەر هیچ نەبێت (پێشمەرگەیەکى سادە، هاوڵاتییەکى بێ کەس، فەرمانبەرێکى مافخورا و، کرێکارێکى بێ ماف)، دەیانتوانى دەنگیان لە ڕێى ئەو کەناڵەوە بگەیەنن. یاخود: ئەو کەناڵە ڕێڕەوێک بوو کە دەنگى ئەوان و زۆر زوڵم لێکراوى دیکەى ئەم کۆمەڵگایە بە جەماوەر بەگشتیى و دەسەڵاتى تاڵانکار بەتایبەتیى، بەباشى بگەیەنێت!
من نایشارمەوە، هەندێ کەناڵ هەبون بۆ هەندێ بەرنامە ویستوویانە بەشدار بم و چاوپێکەوتن بکەم، تەنانەت کەناڵ هەبووە زیاتر لە چەندجار هەوڵى داوە، بەڵام کە دەمزانى کەناڵەکە و بابەتەکە لە خزمەت دۆزى نەتەوەکەم و هاوڵاتیانى بەشمەینەت دا نییە، بۆیە بەشداریم نەدەکرد. بەڵام بۆ کەناڵى (کەى، ئێن، ئێن) زۆرجار هێندەى (پێم کرابێت) بەشداریم لە هەندێ بەرنامەى کەناڵەکە دا دەکرد، بەتایبەت بەرنامە مێژوویى و هەندێ بەرنامەى سیاسیش.
ڕەنگە کەسانێک هەبن پرسیار بکەن: ئایا مامۆستا تۆ بە تەواوى کەناڵى (کەى، ئێن، ئێن)ت بە دڵ بوو!؟
بۆ وەڵامى ئەو پرسیارە، زۆر بە ڕاشکاوى ئەڵێم، نەخێر من هەمو بەرنامە و سیاسەتێکى کەناڵى (کەى، ئێن، ئێن)م بەدڵ نەبوو. بەتایبەت هەمیشە سەرنجم هەبو لەوەى کە دەبو هاوسەنگیان هەبایە لە ئاڕاستەى هەواڵ و داڕشتنى بەرنامەکانیان (وەک یەک) بەرانبەر هەر سێ دەوڵەتى داگیرکەرى (ئێران و تورکیا و سوریا). بەڵام ئەگونجێ جیۆپۆلەتیکى مەوقیعى کەناڵەکە و سیاسەت و پەیوەندییەکانى گۆڕان کاریگەرى لەسەر ئەوە هەبوو بێت.
وەلێ هەندێ لایەنى ترى کەناڵى (کەى،ئێن،ئێن) هەبو لام پەسەند بوو.
بۆ نمونە: زۆرێک لە ڕۆژنامەنوس و بێژەران و کارمەندانى کەناڵەکە دەناسم کە هەمویان (کچ و کوڕى فەقیر و هەژار)ن و، هەموشیان بە هەوڵى خۆیان دەیانەوێت پێ بگەن و، زۆربەشیان هەرچى پارە و پۆست هەیە لە کەناڵ و تەلەفزیۆنەکانى ترەوە بۆیان پێشنیار بکرابایە کە پیشەکەیان بگوازنەوە، ئەوا ڕەدیان ئەکردەوە.
ئەمەم زۆر لا گرنگ بوو. چونکە پێموایە: مرۆڤ گەر ڕێگا و پیشەیەکى هەڵبژارد، ئەوا زۆر گرنگە خاوەن باوەڕ ى کۆڵنەدەرانەى خۆى بێت لە پێناو ئەو ئامانج و پیشەیەدا کە هەڵى بژاردووە. نەک لە پێناو پۆست و پارەدا، هەمیشە ڕێڕەوى خۆى بگوازێتەوە، وەک ئەوەى هەندێک لە بێژەران و ڕۆژنامەنوسانى هەرێم وەک (پولى دۆمینە)یان لێ هاتووە و هەر ڕۆژە و لە لایەن حیزب و کەناڵێکەوە بەکاردەهێنرێن!
ئەگەر ئەو هەواڵانە ڕاستبن کە داخستنى (کاتیى) کەناڵى (کەى، ئێن، ئێن)، پەیوەندى بە (شاسوار عبدالواحید و نەوەى نوێ)وە هەبێت، کە گوایە لەبەر (نەدانى پارە) لەم کاتەدا دایان خستبێت (کە دۆخى دارایى کەناڵى کەى ئێن ئێن لە ئێستاداباش نیە). ئەوا کارێکى نەشیاوە و زیاتر واى بۆ دەچم کە ئەم هەنگاوە ڕەهەندى سیاسیى لە پشتەوەى بێت، نەوەک ڕەهەندى (دارایى).
چونکە گەر قەراربێت کە شاسوار عبدالواحید هاوکارى دارایى کەناڵەکانى (مەلا عەبدوللەتیف سەلەفیى و، پەیامى کۆمەڵى ئیسلامى) کردبێت، ئیتر بۆچى نەدەبو تا ماوەیەک بوەستێت تا کەناڵى (کەى، ئێن، ئێن) وەک جاران بڕە پارەى خۆى بدات! ؟ ئینجا بۆ لەم ساتەدا دابخرێ کە هەڵبژاردنەکان لە پێشن!؟
بۆیە وادەزانم کە ڕەهەندى سیاسیى لە پشت هۆکارە (ئابوری)یەکەوە هەیە، چونکە شاسوار عبدالواحید دەزانێت کە ڕاگەیاندن کاریگەرى هەیە لەسەر جەماوەر بەتایبەت هاوڵاتیانى کوردستان، واشى لێک دابێتەوە کە بە داخستنى (کاتیى) کەناڵى (کەى، ئێن، ئێن)، ئەوا لە سودى سیاسیى حیزبەکەى (نەوەى نوێ)یە، چونکە ئیدى لە کەنالەکەى خۆیەوە هەم بە ئاراستەى کوتانى بزوتنەوەى گۆڕان کاردەکا و، هەم کاریگەرى زیاتریش لەسەر خەڵک دابنێت!
هەرچۆنێک بێ و، هەر هۆکارێکى هەبێت (ئابورى یاخود سیاسیى)، ئەوا من داخستنى (کاتیى) کەناڵى (کەى، ئێن، ئێن) بەکارێکى زۆر ناپەسەند و نەشیاو دەزانم و، پێشموایە: ئەگەر ئەمڕۆ لەبەر (پارە) کەناڵى (کەى، ئێن، ئێن) دابخەیت لە پێناو بەرژەوەندى سیاسیى دا، سبەینێش گەر دەسەڵاتت هەبوو (وەک یەکێتیى و پارتیى) ئەوا یەکێتیى و پارتیى ئاسا بە زەبرى هێز ئەو کەناڵ و تەلەفزیۆنانە دادەخەیت و دەسوتێنیت کە هاوتاى بیرکردنەوەى سیاسیى تۆ نین!
زیاتر لەوانەش، داخستنى (کاتیى) کەناڵى (کەى، ئێن، ئێن) بە کارێکى ناشیرین دەزانم دژى ئازادى ڕادەربڕین لە پێناو (پارە دابێت یاخود بۆ مەرامى سیاسیى). بۆیە هیوادارم حیزبەکانى کوردستان (ئەوانەى لە دەرەوەى پارتیى- یەکێتیین)، گەر هەڵگرى پەیامى کلتورى جوان و فرەیى سیاسییان پێ نییە، ئەوا هەمان کلتورى پارتیى-یەکێتیى دووبارە نەکەنەوە!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت