نەبەز گۆران: عەفرین ئێمەی شەرمەزاركرد!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەو ئیرادەیە، ئەو بڕوایە، ئەو یەكبوونە، ئەو ئومێدەی لە خەڵكی شاری (عەفرین)دا هەیە، بنەمایە بۆ پەروەردەیەكی جیاواز، پەروەردەیەك كە سیستەمە سیاسییەكە جۆرێكی دیكە لە مرۆڤ و، جۆرێكی دیكە لە تێگەیشتن بۆ ژیان و خۆ بەرێوەبردن دێنێتە ئاراوە. ئێمە: مەبەستم باشووری كوردستانە، دوای بیست و پێنج ساڵ لە خۆبەرێوەبردن، چ لە رووی سیاسییەوە، چ لە رووی ئابوورییەوە، چ لە رووی سەربازییەوە بەرەو تێكشكان رۆیشتین. ئەم تێكشاندنە بەرهەمی عەقڵێك بوو، كە نەیتوانی خۆ بەرێوەبردن بكاتە دونیابینیەكی نوێ‌.
سەرنجێكی كورت دەدەین لەسەر خەڵكی شاری (عەفرین) دەبینین خەڵكەكە هێندە بروای بە هێزە شەڕڤانەكان هەیە، یەك كەس ئامادەنییە شارەكەی خۆی و ماڵەكەی خۆی چۆڵبكات، چونكە دەزانێت ئەو شەرڤانانەی لە بەرەی شەڕەكەدان سەنگەرەكانی خۆیان چۆڵناكەن و دڵنیایی دەدەنە خەڵكی شارەكە. نەك هەر ئەمە، لەبری هەڵهاتنی خەڵكی شار لە ترسی داگیركردن، كۆچی پێچەوانە روودەدات! واتە خەڵكی شارەكانی دیكە بەرەو شاری (عەفرین) دەچن و، دەیانەوێت پێكەوە فەزای شار قەرەباڵەختر بكەن، چونكە بڕوایان بەو هێزەیە بەرگری لە شار دەكات. ئەم بروابوونە بە هێزە شەڕكەرەكان، بەتەواوەتی پێچەوانەی باشوورە. لێرە هەركاتێك شەڕێكی راستەقینە رووبەرووی شارێك بووبێتەوە، بەهۆی بڕوانەبوونی خەڵكی شارەكە بە هێزە بەرگریكارەكان و سیاسەتەكە، پەنایان بەر كۆچكردن و هەڵهاتن و خۆ رزگاركردن بردوە و شارەكەیان چۆڵكردوە!
ئێمە ناتوانین بڵێین: هێزە چەكدارەكانی ئێرە ئازانین. بەڵام دەتوانین بڵێین: ئەو هێزە چەكدارانە سەرەڕای بە حیزبی كردنیان، بەجۆرێك ئیدارە دراون بەردەوام توشی شكستكراون. هێزە چەكدارەكانی باشوور، كە هێزی حزبین، لەلایەن دوو جۆر حیزبەوە پەروەردەكراون ئەم پەروەردەیە نەیتوانیووە ئازایەتی و بڕواكانیان گەشە پێبدات، لەبری ئەمە بەرژوەندی و خۆ پارێزی و خۆنواندن شوێنی بڕوا و ئازایەتی گرتووەتەوە.
لە ماوەكانی پێشودا لە شەورۆژێكدا لانیكەم تەواوی خاكی ناوچە كێشە لەسەرەكانمان لەدەستدا. ئەم شكستە سەربازییە هۆی ترسنۆكی هێزەكان نەبوو، هۆی لاوازی سیاسیی و فەزای حیزبی و، فەزای وێرانكردنی هێزی سەربازی و، بڕوا نەبوون بە بەرگری ئەو دۆخەی دروستكرد، كە زۆر بە ئاسانی لەشكرێكی بچوكی ماندوی (عێراق) بتوانێت هەموو ئەو ئامانجانە بهێنێتە دی كە دەیەویست. سەرباری ئەم تێكشكانە سەربازییەی، لە _شەنگال، تا_ خانەقین_ هەر گوتاربێژی حیزبێك دێت، ئەویتر تۆمەتباردەكات بەم شكستە، بەبێ‌ ئەوەی كەسیان بەسەری خۆیدا بهێنێت، كە شكستەكە تەنها لەیەك شوێنەوە نەبووە و لەتەواوی ناوچەكەدا بووە و شكستی سەرچەم ئەو عەقڵیەتەیە ئیدارەی ئەم هەرێمەی دەدا.شكستی پەروەردەی سەربازی و شكستی سیاسیی و شكستی خۆ بەرێوەبردن بوو.
گەر بپرسین: هێزێكی زەبەلاحی وەك (توركیا) بەو شێوازە تەكنیكی و سەربازییەوە، بەو چەكە پێشكەوتنانەوە، روو لە هەرێمی كوردستان بكات، چی روودەدات؟ ((لەكاتێكدا هەرگیز هێزی سەربازی توركیا و عێراق بەراورد ناكرێت)) ئێمە لەبەردەم هێزەكەی (عێراق)دا بەم جۆرەبووین دەبێت لەبەردەم هێزی (توركیا)دا چۆن بین؟!
وەڵامی ئەم پرسیارانە پەیوەندی بە ئیرادە و بروا بەخۆبوونەوە هەیە. ئەوەی لە رۆژئاوای كوردستان دەگوزەرێت ئیرادە و بڕوا بەخۆبوون لەهەموو شتێك گەورەترە، رێك پێچەوانی باشووری كوردستان. مرۆڤ كە لە شوێنی خۆی سەیری رۆژئاوا دەكات، راستەوخۆ تووشی شەرم دەبێت و، لەخۆی دەپرسێت: ئەوان بەو جۆرە و ئێمەش بەم جۆرە. ئەوان لە قۆناغێكی سەختدا و بە ماوەیەكی كەم میلەتێكی لەو جۆرەیان دروستكرد و، ئێمەش دوای بیست و پێنج ساڵ، چ میلەتێكمان دروستكرد و،چ خۆ بەرێوبردنێكمان بەرهەم هێنا؟!
هەریەكەمان وەك كوردێك شانازی بە (عەفرین)ەوە دەكەین، لەتەنیشتیدا شەرمیش لەخۆمان دەكەین، چونكە هێزەكانی ئێمە بەجۆرێك پەروەردەكران و بەجۆرێك پەرشوبڵاوكرانەوە لەلایەن حیزبەوە و، بەجۆرێك بارگاوی كران، لە شەو رۆژێكدا ئەو هەموو خاكەیان پێچۆڵكرا،كە چاوەروان نەبووین بەو ئاسانییە چۆڵی بكەن. دڵنیاین لەوە (عەفرین) بۆ باشوور نابێتە وانە، چونكە عەقڵی سیاسیی و حیزبی باشوور گەیشتووتە ئاستێك ئیدی بەتەواوەتی دارزیووە و، چاوەرێی بەرهەمی لەمە باشتری لێناكرێت. بەڵام سەركەوتنی (عەفرین) دەبێتە دەروازەیەك بۆ بەرەو پێشچوونی دۆزی كورد لە جیهانی دەرەوە. دەبێتە بنەمایەك ئەو تێگەشیتنەی جیهانی دەرەوە بۆ كوردی باشوور و ئیدارەكەی هەیەتی بەتەواوەتی بگۆڕێت و، تێدەگەن كورد هەر باشوور نییە، ئیدارەیەكی _پیسخۆر_ و هێزی حیزبی و سیاسەتێكی خۆسەپێنی هەبێت، بەڵكو كورد دیوێكی دیكەی هەیە، ئەو دیوەی بریتیە لە ئیرادەو بروا بەخۆبوون و خەون بینین بە ئیدارەیەك لەسەر بنەمایەكی تەندروست بونیاد نرابێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت