ئیبراهیم عەباس: ئەو تایبەتمەندیانەی دوو بنەماڵەکە لێک جیاناکاتەوە!

نەخۆشیە سەختەکەی کاک نەوشیروان مستەفا و دواتر لەدونیا دەرچوونی، بۆ مەسعود بارزانی و بنەماڵەکەی، بۆ هێرۆ خان و کوڕانی تاڵەبانی و برازاکەی، ئەو خەڵاتە خوایە بوو کە دەمێک بوو بەدوایدا […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

نەخۆشیە سەختەکەی کاک نەوشیروان مستەفا و دواتر لەدونیا دەرچوونی، بۆ مەسعود بارزانی و بنەماڵەکەی، بۆ هێرۆ خان و کوڕانی تاڵەبانی و برازاکەی، ئەو خەڵاتە خوایە بوو کە دەمێک بوو بەدوایدا ئەگەڕان، ئاخر تاکە کەسێک کە بڕوای بە دیموکراسی خۆرئاوایانە هەبوو، جگە لە کاک نەوشیروان کەسی تر نەبوو. بەڵام بارزانی و بنەماڵەکەی و ماڵباتی تاڵەبانی و ئیبراهیم ئەحمەد نەک باوەڕیان بە دیموکراسییەت نەبووەو نییە، بگرە گەورەترین مەترسین بۆ سەر دیموکراسی و دەستاو دەستی دەسەڵات.
هەر کە زانرا کاک نەوشیروان نەخۆشیەکەی سەختە، ئەم دوو بنەماڵە کە یەکێکیان پارتیان قۆرخ کردووەو ئەوەی تریشیان یەکێتی، کەوتنە دورستکرنی سیناریۆی جۆراوجۆر بۆ ئەوەی بۆ هەمیشە لە دەسەڵاتدا بمێننەوە. ساتەوەختی مەرگی کاک نەوشیروان بۆ ئەوە قۆزرایەوە کە بنەماڵەی دەسترۆیشتووی یەکێتی لەرێگای لاهور تاڵەبانی، پرسی هێنانە پێشی یەکگرتنەوەی گۆڕان و یەکێتی بهێنێتە پێش و بەو ئاراستەیە کاریان لەسەر کرد کە ئیتر گۆڕان هەتیو کەوت و بێ لاهوری شێخ جەنگی و ماڵباتی تاڵەبانی ئیتر گۆڕان تەواو؟ مەبەستەکەش بۆ ئەوە بوو کە جەماوەری گۆڕان پەرتەوازە بکەن. هەرچی بارزانی و ماڵە بارزان بوون کەمتر لە سێ هەفتە دوای کۆچی کاک نەوشیروان ریفراندۆمیان خستە رۆژەڤ و بێ خوێندنەوەی واقعی عێراق و هەرێمی و نێودەوڵەتی، کەوتنە کوتانی دەهۆڵ بۆ سەربەخۆی کوردستان، بۆ ئەوەی لەم رێگایەو بۆ ئەبەد دەسەڵات لەدەستخۆیان بهێڵنەوەو جەماوەری گۆڕان بێ ئومێد بکەن.
هەر زوو ئەم سیناریۆیەی بارزانی، پەکی پلانی ماڵباتی ئیراهیم ئەحمەد و تاڵەبانی خست، بەجۆرێک هەر بیریان لە یەکگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان نەما، نەک هەر ئەوە ریفراندۆم هێندە ناوماڵی یەکێتی پەرت کرد، دکتۆر بەرهەم ساڵح کەوتە دەرەوەی یەکێتی و ئاراستەی کۆسرەت رەسوڵیش بوونە پاشکۆی مەسعود بارزانی. بۆیە باشترین سیناریۆ بۆ کوڕانی تاڵەبانی هێنانە پێشی شاسوار عەبدولواحید بوو، ئاخر شاسوار کە لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی کەبەهۆی شەری داعش و ئابووری سەربەخۆ بەسەر کوردستاندا هات، سەرمایەکەی هێدی هێدی مایە پوچ دەبوو لەبەر ئەوە بەدوای بەدیلێکدا ئەگەرا سەرمایەکەی ئەوەندەی ماوە بپارێزێت و بەرگی کاری سیاسیش حسانەیەک بۆ قەرزە کەڵەکبووەکانی بکات، شاسوار کە تا مەرگی کاک نەوشیروان لەسەر بەرەی گۆڕان حساب بوو، باشترین فریادرەسی کوڕانی تاڵەبانی بوو بۆ ئەوەی:
1/ تەحەدای بارزانی و ریفراندۆمی پێ بکەن، ئەوەی کە خۆیان ناوێرن بیڵێن بە ئەو بیکەن.
2/ درزێکی نائومێدی بۆ گۆڕانخوازان دروست بکەن و لە گۆڕان نائومێدیان بکەن.
3/ پێشوەختە شاسوار بۆ دژایەتی جیابوونەوەکەی کاک بەرهەم ساڵح لە یەکێتی ئامادە بکەن.
سەرئەنجام نەزانی بارزانی و ئەو سەرلێشێوایەی بەهۆی هەڵوێست و پێداگیری ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم کە مەبەستەکە مانەوەی هەرێمی کوردستان بوو بە بەهێزی دژ بە شیعەکانی عێراق و خودی ئێران، گرەوی کوڕانی تاڵەبانی سەرخست کە بەپشتوانی ئێران و شیعەکان بەڕەی ژێر پێ بارزانی دەربکەن، توانیشیان بە نەخێر بۆ ریفراندۆم پێگەیەکی سیاسی بۆ شاسوار دەستەبەر بکەن، چونکە گومانی تێدا نییە نەخێرەکەی ریفراندۆم پرۆژە کوڕانی تاڵەبانی بەهاوکاری ماڵباتی برایم ئەحمەد و لاهۆر شێخ جەنگی بوو، بۆ ئەوەی لەو رێگایەوە ئەو هەڵڵا راگەیاندنەی پێویست بوو دژ بە مەسعود بارزانی بە شاسوار بیکەن و هیچیش بۆ د. بەرهەم نەهێڵنەوە و جەماوەری گۆڕانیش نائومێد و سەرلێشیواو بکەن.

ئەگەرەکان بۆ نەخشەی هەڵبژاردنی داهاتوو
بە هەموو پێوەرێک لەسایەی ناتەبایی زۆری ناو یەکێتی، هێشتا باشترین کارت بۆ کوڕانی تاڵەبانی و هێرۆخانی دایکیان، شاسوارە! چونکە پێشتریش هەر بۆ ئەوەی ئەم سەرمایەدارە مایەپوچەی سلێمانی بکەنە دیۆجامەی خۆیان، پێش نەخێر بەناوی نوژەن کردنەوەی یاریگای سلێمانی، باڤێڵ تاڵەبانی دوو ملیۆن دۆلاری خستە بەردەستی شاسوار، کە زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەدەن شاسوار لەم مقاولیەدا کە گوایە پارەکە هی خۆیەتی، کەمتر لەنیوەی پارەکەی سەرف کردو ئەوەی تری بۆخۆی گلدایەوە! هەر ئەوەندەشنا، هەموو ئەو سەفەرانەی بۆ ئەمریکاو بەریتانیا بۆ شاسوار ریکخراون پارەی نەوتە و لە بەشی یەکێتی دابینکراوەو راستەوخۆ قوباد و پاڤێڵ پارەکەیان داوە، هێشتا بەوەش نەوەستان ئەو زانیاریانەی یەکێتی بەهۆی هابەشی پارتی لەدەسەڵات و پاشکۆبوونی بارزانی لە ریفراندۆم دەستاین ئەخستەن، بە شاسواریان ئەبەخشین و ئەویش بەگران و بەناوی ئەمریکا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە خەڵکی کوردستانیان ئەفرۆشتنەوە؟!.
ئۆفەری لەوەش باشتر کە کوڕانی تاڵەبانی بۆ شاسواریان کرد، رێگەیاندا لە سلێمان لیستێک بەناوی نەوەی نوی رابگەیەنێت و هەر بەوەش نەوەستان پارەی پێوستی بۆ ئامادە بکەن، بەڵکو لە بەغدا لای دۆستەکانیان دەرگەیان بۆ شاسوار واڵاکردو لە قەندیلیش لەگەڵ هەڤاڵانی PKK هەماهەنگی بۆ لیستەکەی کرا کە بەیەک لیست لەگەڵ تەڤگەری ئازادی و بەرەی دیموکراسی گەل، هەر بەناوی لیستی نەوەی نوێ کێبرکێی هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکەن! هەرچەندە خودی شاسوارو هەڤاڵانی تەڤگەریش هێندە بەو هاوپەیمانییە دڵخۆش نین، بەڵام چونکە هەماهەنگییەکە لەدەست قەندیل و کوڕانی تاڵەبانی و دەزگای زانیایدایە، بەناچاری رایئەکێشن؟!.
ئێستا کوڕانی تاڵەبانی لەخەیاڵی ئەوەدان لەرێگای ئەو لیستەی بۆ شاسواریان دروست کردووە، لەلایەک دەنگی گۆڕان شەق بکەن، لەلایەکی تریش کێبرکێ لیستەکەی کاک بەرهەم و لیستە سێبەرەکانی پارتی بکەن، کە ماڵی بارزانی لەدوای هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانەوە بۆ یەکێتی نەتەوەیی، پارتی کرێکاران و رەنجدەران، حزبی زەحمەتکێشان و لیستە ئاشوری و ئەرمەنی و تورکمانییە سێبەرەکان ئەیکەن.
لەبیرتان بێت ئەگەر لە ١٩٦٤ەوە مەلا مستەفا لەباربەری دیموکراسی ناو پارتی و کوردستانی عێراق بووبێت، مێژووی مام جەلال تاڵەبانی هەر لە 1975 ەوە کە یەکێتی دروست بووە لە مێژووی پارتی باشتر نەبووە، فەرموون ئەوە مێژووی رابردوو، مام جەلالیش هەمیشە خەباتی رەوای کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان بەناوی دیموکراسی ساختە، بۆخۆی بردووە. ئاخر تاڵەبانی لە هەشتاکانەوە بەناوی خەتی گشتی و بزوتنەوە، لەناو مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی حزبەکەی، بە دیموکراسی دکتاتۆرێکی بچوک بووە!.
ئەم مێژووە پێمان ئەڵێت: پارتی و یەکێتی ئەگەرچی لەدەسەڵات هاوبەشن، بەڵام لە هەموو خراپەکانیش تەواوکاری یەکترن. بەکردەوەش بۆ دژایەتی یەکتری هەرچی لەدەستان بێت بێ ترس ئەیکەن، ئاسانترین رێگاش بۆ مانەوەیان ئەو سیناریۆیانەن کە لەهەڵژاردنەکان ئەیانهێنە پێش.
بۆ دەنگدەری هوشیار گرنگە لە ئاماژەکانی پشت سیناریۆکانی ئەو دوو بنەماڵەیە تێبگات، چونکە ئەگەر بەفعلی و بەکردەوە ماڵی تاڵەبانی یەکێتیان کردبێتە پاشکۆی مەسعود بارزانی و بنەماڵە، بەڵام بێگومان لە پارە بردندا هاوبەشێکی راستەقینە بوون، هەر بۆیە هەروەک چۆن دوورکەوتنەوە لەم دوو بنەماڵە زەرورە، چونکە هۆکاری نەهامەتییەکان و برسی کردنی خەڵکن، دەنگ نەدان بەخۆیان و لیستە سێبەرەکانیان لە هەموو کارێک بایەخدارترە، ئاخر ئەوەی ئەم دوو بنەماڵەی کردۆتە دیکتاتۆر، ئەو هەڵبژاردنە ساختانەن کە ئەکرێن. تاکە زەمانەتیش بۆ رزگاربوون لەم دۆخە جگە لە تێگەیشتن لە سیناریۆکانی ئەم دەسەڵاتە شتێکی تر نەبووەو نابێت.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
ئیبراهیم عەباس

ئەرشیڤی بەڕێز: ئیبراهیم عەباس