شەریف ھەژاری: بزانن! کلیلی چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکانی کوردستان، لەمەوە سەرچاوە دەگرێت.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئایا بە تەنھا زۆرێتیی ژمارەی بڕوانامەداری باڵا لە حیزبەکان دا چارەسەری دۆخی کوردستان دەکات؟
ڕەنگە دوو حیزب، کە زۆرترین ڕێژەی بروانامەداری باڵایان تێدابێ لە چاو کۆی ڕێژەی ئەندامانی حیزبەکانیان، ئەوانیش (حیزبەکەی دکتۆر بەرھەم و یەکگرتووی ئیسلامی)بن.
پرسیارە سادەکە ئەوەیە: ئایا ئەم دوو ھێزە دەتوانن ئەو ھەمو بڕوانامەدارانەیان بەرەو ئاڕاستەیەکی تەندروست وەگەڕبخەن؟
ئەگەر ناتوانن: ھۆکارەکانی چین!؟
ڕوونە ھەمیشە پێموابووە: لە کۆمەڵگای خۆرھەلاتی ناوەڕاست پێویستە ھێزت ھەبێت، بەڵام ئەم بیرکردنەوەیەی من لە دوو دیدی نێوان (سوقەرات و ئەفلاتون) ھێناومەتە کایەوە، نەک لە (بیرکردنەوەیەک بۆ زیادکردنی پەرەپێدانی ھێزی حیزبی).
چوار ساڵ پێش ئێستا لە وتنەوەی وانەی (فەلسەفەی مێژوو) بە (مامۆستایانی ئامادەییەکان کە دەبوو خولی ھاوینە ببینن).
یەکێک لەو بابەتانەی کە ھەم گرنگی زۆرم پێ دەدا و، ھەم لە پۆلەکاندا زۆرترین مشتومڕی بەدوای خۆیدا ئەھێنا، (دوو دیدگای نێوان سوقەرات و ئەفلاتونە بۆ حوکمڕانی). سوقەرات جەخت دەکاتەوە: ( بۆ ئەوەی یاسا سەروەربێت و، دادپەروەریی حوکم بەسەر ھەمووان دا بکات، ھەر دەبێت سوپایەکی یەکگرتووی بەھێزت ھەبێت). چونکە بەپێی تێفکرینی سوقەرات بۆ حوکمڕانی:( ئەستەمە دادپەروەریی و سیستمێکی یاسا سەروەر بێتە بوون، ھەتا سوپایەکی بەھێزی یەکگرتووت نەبێ!).
من لە تێفکرینەکەی سوقەراتەوە تا دۆخی ئێستای کۆمەڵگای کوردستان، ئەم پرسیارە دێنمە بوون: (ئایا لە نیشتیمانێک دا چەندین حیزب ھەبێ و، چەندان ھێزیان ھەبێ و، ھەر کەسە و ھێزی خۆی بۆ ئەجێندای خۆی بەکاربھێنێت، ھەرگیز حوکمێکی دادپەروەرانە دێتە بوون؟). چونکە ئەگەر ئەو پرسیارەم بەپێی تێفکرینی سوقەرات شەن و کەو بکەم، ئەوا حوکمی دادپەروەرانە نایەتە بوون، بەو پێیەی سوقەرات زیاتر شی دەکاتەوە: ( تا سوپایەکی بەھێزی یەکگرتوو لە وڵات دا نەبێت، مرۆڤەکان لە یاسا سڵ ناکەنەوەوە و، ھەموانیش وەک یەک ناتوانرێ یاسایان بەسەردا جێ بە جێ بکرێت!).
دیسانەوە ئەم پرسیارەی لێ دێنمە بەرھەم (بە شاھیدی ھەمو ئەو مامۆستایانەی ئامادەیی کە وانەی فەلسەفەی مێژووم پێ وتوونەتەوە لە خولی ھاوینەدا، دەمێکە ئەمە بیرکردنەوەی من بووە)، کە ئەمەیە: ( تا ئەو کاتەی کە سوپایەکی یەکگرتووی نیشتیمانی لە کوردستان دا نەبێت، نە دیموکراسیی و، نە یاسا سەروەریی و، نە حوکمی دادپەروەرانە، بە ڕاستەقینەیی ناتوانرێ بھێنرێتە بوون لە کوردستان دا). کەوابو بە پێی تێڕوانینی من: (دەبێت تەواوی حیزبەکانی دەرەوەی پارتیی و یەکێتیی، سەرەتا بە تەنھا گرنگی بە بنیادنانی سوپایەکی یەکگرتووی نیشتیمانی بدەن، واتە لە یەکەم ھەنگاو و لە سەرەتادا واز لە ھەمو داواکارییەک بھێنن، تەنھا بڵێن: دەبێت سوپایەکی یەکگرتووی نیشتیمانی دامەزرێنین، ئینجا باس لە گۆڕانکاریی لە کوردستان عەقڵانیی و چاوەڕوانكراو دەبێت). بۆیە پێموایە: (تا سوپای یەکگرتووی نیشتیمانی لە کوردستان دا نەبێت، قسەکردن لە ڕوئیای چاکسازی و ھێنانە کایەی حوکمڕانییەکی دادپەروەر نالۆژیکییە!).
تێبینێ: لە وانەبێژی دا زۆر نمونەم لەسەر دەھێنایەوە و، لەسەر زۆر ڕوداوی مێژووی سیاسیی گەلان مشتومڕمان دەکرد.
بەڵام لە بابەتێکی ئاوھادا ناکرێت زۆر درێژدادڕی بکرێ، بەڵکو تەنھا ویستم ئایدیاکە بخەمەڕو، کە ھەبونی سوپای یەکگرتوی بەھێز: کلیلی پاراستنی دۆخی حوکمڕانیی و جێ بەجێ کردنی سیستمی یاساسەروەرییە بۆ (گشت) نەک بۆ کۆمەڵێکی تایبەتی ناو کۆمەڵگا!
بەم پێیەش، تا سوپایەکی یەکگرتوی بەھێزی نیشتیمانی نەبێت، نەک ھەر دیموکراسیی اڕاستەقینە و سیستمی حوکمڕانیی تەندروست نایەتەبوون، بگرە ھەمو ساتێک ئەگەری بەریەک کەوتن و داڕوخانی (ئەو جۆرە بەڕێوەبردنە سیاسییە ھەر کەسەو بۆ خۆیەش) ھەیە لە کورستان دا.