بەختیار ژینۆ: ئایا کەریم گوڵانی تاوانبارە.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چەند ڕۆژێکە بەهۆی بەرنامەیەکی کەناڵی، گۆرانیبێژی میللی و ئاهەنگەکان، کاک کەریم گوڵانی، بۆتە جێی باس و خواسی زۆرێک لە سایت و دەزگا راگەیاندنەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، دەیان نووکتەی لەسەر دروست کرا، کرا بە بابەتی زۆر شت، زۆر خەڵکی تووڕە کرد، هەندێک پشتگیری و بەشێکی زۆریش ناڕەزایەتیان لەسەر دەربڕی، زۆرێک لە سۆنگەی ئەم چاوپێکەوتنەوە، کەوتنە سەروپۆتەڵاکی حکومەتی هەرێم و حیزبەکان. تەنانەت کەسێک زۆر بێ ویژدانانە، بە جۆرێک لە جۆرەکان کاک نەوشیروان مستەفای تاوانبار کردوە، چونکە ئەڵێت: ئەوە نەوشیروان بوو، فەرمانی کرد ماڵە پارتیەک لە کۆڵانەکەی ئێمە دەربکرێن و خانووەکەیان بدەن بە ماڵە یەکێتی یەک، ئەمە بووە هۆی ئەوەی ئەم کلتورە سەقەتە دروست ببێت.
من نە پارێزەری ڕەوانشاد کاک نەوشیروانم، نە بەشێوەی ڕێکخراوەیی و ئۆرگانی لە بزووتنەوەکەی ئەو کار دەکەم، بەڵام هەی بێ ویژدان، خۆ نەوشیروان مستەفا، بەو لێپرسراوانەی نەووتووە، یەکی ئەوەندە پارە بدەن بە فڵان گۆرانیبێژ.
مەبەستەکەم لە هێنانەوەی ئەم نموونەیە تەنیا بۆ ئەوەیە، کە لایەنگری و حیزبایەتی لەم کۆمەڵگایەی ئێمەدا بە جۆرێک تۆخ بۆتەوە و لای هەندێک بەجۆرێک دڵ ڕەشی و بوغز و کینەی دروست کردوە، کە نابێت بە هیچ جۆرێک قسە و ڕەخنەت هەبێت بەرامبەر بە کەسێک کە لە حیزبەکەی ئەو بێت، زۆریش دڵنیام ئەگەر کاک کەریم گوڵانی لە حیزبەکەی ئەو نەبوایە، هەمان کەس یەکێک دەبوو لەوانەی نوکتە و کاریکاتێری لەسەر دروست بکەن.
با بێینەوە سەر ئەصڵی بابەت و پرسیارەکە، کە ئایا کاک کەریم گوڵانی تاوانبارە؟ یان بێ تاوان؟
بەڕای من کاک کەریم بە ئەندازەیەکی زۆر کەمتر تاوانبارە لە حکومەت و حیزبەکان و دام و دەزگاکان، لەبەر دوو هۆ:
یەکەم/ من زۆر دڵنیام لەوەی کە کەریم گوڵانی بەتەنیا /، بەو شێوە بێ سەرە وبەرەیە پارەی بۆ تەخشان و پەخشان نەکراوە /، بەڵکو لەشکرێک لە بەناو هونەرمەند و نووسەر و ڕاگەیاندنکار و ڕۆشنبیرمان هەیە کە لەوانەیە زۆریان دەیان جار زیاتر لە کاک کەریم لە ماڵی موفت سوودمەند بووبن.
تاوانبار ئەو سیستەمە حیزبی یان حکومەتە نا موئەسەساتیە یە، کە یاسایەکی ئاشکراو ڕوونی نیە بۆ هاوکاریی هونەرمەند و ڕۆشنبیران، هەرچەند ئەو یاسایە ئەگەر هەشبێت دەبێ تەنیا بۆ پشتگیری بەرهەمە ڕۆشنبیری و هونەریەکان بێت نەک بۆ سەیارە و دۆنم و باخ و خانووی شەخصی. لە جیاتی ئەوە لە حیزب و لە حکومەت بۆ کۆمەڵێک بەرپرس و کاربەدەست نەسریەی کراوە دانراوە و خۆی سەرپشکە لەوەی ئەو نەسریەیە بۆچی خەرج دەکات، واتە ( صلاحیە الصرف ) ی هەیە، بۆ نموونە، ئەندامێکی مەکتەب سیاسی فڵان حیزب بۆی هەیە لە ساڵێک دا نیو ملیۆن دۆلار صرف بکات و ئەندامێکی سەرکردایەتی لەو کەمتر و بەوجۆرە تا ئاستە نزمەکانی بەرپرسیارێتی.
تەنانەت بۆ ماڵە شەهید و کەم ئەندام یش ئەو جۆرە مامەڵە کردنە بە پارەوە هەڵەیە و کارەساتی وای لێ دەکەوێتەوە، چونکە خاوەن شەهیدی وا هەیە بەهۆی ناسیاوی و نزیکیەوە لەم و لەو، بەردەوام لەسەر حسابی خوێنی شەهیدەکەی پارە وەردەگرێت، بەڵام ماڵە شەهیدێکی تر کە ڕەنگە لە رووی داراییەوە زۆر لەوەی تر زیاتر پێویستی بەهاوکاری بێت، بەلام بەهۆی نەناسینی بەرپرسانەوە، ئەبێت سێ مانگ جارێک چاوەڕوانی نیوە مووچەیەک بکات.
نەک هەر هونەرمەند و نووسەر و ڕۆشنبیران بەهۆی ئەم بێ سەروبەرەییەوە زۆرجار بەناحەق پارەیەکی خەیاڵی وەردەگرن، بگرە خەڵکانێک هەن کاتێک ئەچن بۆلای بەرپرسێک بە نووکتەو قسەی قۆڕ جەوێک دروست ئەکەن، کاتێک مەسئولەکە جێ دێڵێت، سەرقەڵەمانەی خۆی وەردەگرێت، هەر بۆ خۆشی شتێک بەسەر خۆم هات وەکو نوکتەی لێهاتبوو، کەچی کەسێک بەناوی خۆیەوە تۆزێک ترش و خوێی پێوەکردبوو، کاکی بەرپرس 10 هەزار دیناری سویسری ئەوکاتەی دابوویە، هەمووی بە 4 نوکتە و بەسەرهاتی قۆڕ، ئەوەکەی من خێری 2500 دیناری بۆ ئەو کەسە تێدابوو .
رەنگە ئەگەر منیش خوا بەوڕۆژە نەکات لە شوێنێک مەسول بم و پارەم لەبەردەستا بێت، بەئارەزوی خۆم بیدەم بەوکەسانەی ئەمەویت و لەپاڵیشیدا بەقەد ئەوەی ئەو بۆخۆم لا ئەدەم، ئەگەر هەزار دینارم دابێتێ 2 ئەنووسم .
هەر ئەم ئێوارەیە لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە بەرنامەی هاوڵاتی و دەسەڵات، کاک مەلا بەختیار بەچەند کەسێکی ووت وەرن بۆ سلێمانی بەسەرچاو هاوکاریتان دەکەم، ئەمە کارەساتەکەیە، من مەبەستم شەخصی کاک مەلا بەختیار نیە و ڕێزم بۆی، بەڵام ئەگەر هاوکاری بۆ خەڵکی نەخۆش و هەژار و کەم دەرامەت هەبێت، دەبێت دەزگایەک ئەوە بکات، ئەویش بە یاسا و بە شەفافانە.
دووەم/ کێشەیەکی تری ئەم نەسریە کراوەیە ئەوەیە، کە دەبێتە هۆی دەستەگەری و کوتلەچێتی و ناوچەگەری لە هەندێک حاڵەت دا، ئەوەتا کاک کەریم گوڵانی خۆی ئەکات بەقوربانی کاک نێچیر و مەسرور و ڕۆژ نوری شاوەیس، یەکێک خۆی دەکات بەقوربانی کاک مەلا بەختیار، یەکێک بە قوربانی کاک فیڵان و کاک فیسار.
کەواتە ئەگەینە ئەو دەرئەنجامەی ئەگەر لە هەموو بوارەکان دا کاری دامەزراویی ( موءسسات ) بگیرێتە بەر و کاری پێ بکرێت نەک نەسریە و بودجەی کراوەی بەردەستی کاربەدەستان، نە کاک کەریم گوڵانی لەناو لەشکرێک مشەخۆردا دەبێتە باس و خواسی من و هەزارانی تر، نە مەجبوریشە لەبەرچاوی سەدان هەزار بینەر خۆی بکات بەقوربانی ئەم و ئەو، ئەشگینە ئەو دەرئەنجامەش کە بەشی زۆری تاوانەکە سیستەمی حوکمەکەیە نەک لەشکرێک لە کەریم گوڵانێکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت