ڕه‌سوڵ بۆسكێنی: نه‌ته‌وه‌ی كورد و پەیوەندی نێوان رووسیا و تورکیا.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هەرچەندە فراوانخوازی ڕووسیا لە نیوەی دووەمی سەدەی حەڤدەهەمەوە ده‌ست پێكرد، بەڵام تا کۆتایی سەدەی هەژدەهەم و دەسپێکی سەدەی نۆزدەهەم ئەو سیاسەتە بەرهەمێکی بەرچاوی نەبوو. لێکدانەوەی وردەکاری و ڕووداوەکانی نێوان ئەو ماوه‌یه‌ پێویستی بە توێژینەوەی مێژوویی ورد هه‌یه‌، ئێمه‌ لێره‌ ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ لێی ده‌دوێین كه‌په‌یوه‌ندی به‌م باسه‌وه‌ هه‌یه‌.
له‌ ڕووداوه‌كانی‌نێوان ئه‌و ماوه‌یه‌ ڕووسیا یه‌كێك بووه‌ له‌ گه‌مه‌كارانی كێشه‌ی ڕۆژهه‌ڵات و زۆرترین ته‌ماع و چاوی بڕیوه‌ته‌ خاكی توركیا به‌و هۆیه‌وه‌ په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌ ڕووسیا و توركیا مێژوویه‌كی خوێناوی بووه‌ و شه‌ڕ و شۆڕی زۆر له‌نێوانیاندا ڕوویداوه‌، له‌ هه‌موو شه‌ڕه‌كانیشدا توركیا دۆڕاوه و له‌سه‌ر حیسابی توركیا ڕووسیا خاكه‌كه‌ی فراوان كردووه‌.‌
له‌ هه‌موو سه‌رده‌مه‌كانی (قه‌یسه‌ری و كۆمۆنیستی و لیبڕالی) ڕووسی به‌رامبه‌ر سه‌رده‌مه‌كانی(عوسمانی و عیلمانی و ئیسلامی) توركیا په‌یوه‌ندی ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌ هه‌میشه‌ گرژی و ئاڵۆزی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و هیچ كات په‌یوه‌ندیه‌كی دۆستانه‌ نه‌بووه‌، ڕووسیا هیچ كات توركیای وه‌كو لایه‌نێكی هاوپه‌یمانی سه‌ره‌كی خۆی نه‌بینیوه‌، له‌به‌رانبه‌ردا توركیا هه‌میشه‌ له‌ جه‌مسه‌ری دژ به‌ ڕووسیا بووه‌، له‌لایه‌ك ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی ناتۆ و له‌لایه‌كی تر هه‌میشه‌ هه‌وڵی داوه‌ ببێته‌ ئه‌ندامی یه‌كێتی ئه‌وروپا.
ئه‌گه‌رچی ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌ له‌ ڕووی سیاسی و ستراتیژییه‌وه‌ له‌یه‌كتر دوور بوون، به‌ڵام له‌ڕووی ئابوورییه‌وه‌ پاش هاتنه‌سه‌ركاری پارتی دادوگه‌شه‌پێدان له‌یه‌كتر نزیك بوونه‌وه‌ و دواتر ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌ زۆر به‌هێز بووه‌، كێشه‌ ئاڵۆز و به‌رده‌وامه‌كانیان نه‌بووه‌ هۆی تێكدانی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌ی نێوانیان.
قۆناغی یه‌كه‌م له‌ده‌ستپێكی ئه‌م سه‌ده‌یه‌ و له‌ساڵی 2000 له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی (ڤلادیمێر پۆتین) وه‌ك سه‌رۆكی ڕووسیا، كه‌ ئه‌و كات ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆك وه‌زیران بوو، له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌و دوو وڵاته‌ هه‌میشه‌ له‌ خه‌می به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانیان بوون، سه‌ركه‌وتوش بوون، به‌شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌نییه‌ ئابووریه‌كه‌یان گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێكی باش و ڕووسیا بۆته‌ گه‌‌وره‌ترین هاوبه‌شی به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری توركیا، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌ڕای كێشه‌كانی نێوانیان نه‌بووته‌ هۆی كاریگه‌ری له‌سه‌ر بواری ئابووریان و زیاتر به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ڕۆیشتووه‌، جگه‌له‌وه‌ش له‌ساڵی 2010 په‌یوه‌ندیه‌كانیان چووه‌ ئاستێكی به‌رزتر.

سه‌رهه‌ڵدانی داعش و شه‌ڕی ناوخۆی سوریا و ڕووداوه‌كانی تر
ڕووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی سنووره‌كه‌ و هه‌ڵتۆقینی داعش و دروست بوونی جه‌نگی ناوخۆی سوریا و چالاكیه‌كانی كورد كاریگه‌رییان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌ گۆڕانكاری زۆری به‌سه‌ر داهێنا، هه‌رچه‌نده‌ له‌سه‌ر بارودۆخی سوریا ته‌واو دژبه‌یه‌ك بوون، له‌ كاتێكدا ڕووسیا پشتگیری ئه‌سه‌دی ده‌كرد، توركیا دوژمنی ئه‌سه‌د بوو، هه‌ڵمه‌تی سه‌ربازی ڕووسیا بۆ سه‌ر نه‌یارانی حكومه‌تی سوریا له‌سه‌ر داوای حكومه‌تی سوریا، توركیای توڕه‌كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كه‌یان نه‌بووه‌ هۆی تێكچوونی نێوانیان و په‌یوه‌ندییه‌كه‌یان به‌رده‌وام بوو، به‌ڵام پاش خستنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌كه‌ی ڕووسیا له‌لایه‌ن توركیاوه‌ كاتێك سنووری وڵاته‌كه‌ی به‌زاندبوو، له‌مانگی تشرینی دووه‌می 2015 په‌یوه‌ندییه‌كه‌یان ته‌واو به‌ڕه‌و گرژی و ئاڵۆزی چوو، توركیا هه‌موو هه‌وڵێكی دا بۆ ئاسایكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كه‌یان تا كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی توركیا داوای لێبوردنی له‌ڕووسیا كرد و په‌یوه‌ندییه‌كه‌یان ئاسایی بووه‌وه‌ و گه‌رموگوڕی كه‌وته‌وه‌ نێوانیان، دواتر به‌هۆی كوژرانی باڵیۆزی ڕووسیا له‌ئه‌نقه‌ره‌ كێشه‌ و ئاڵۆزی نێوان هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت گه‌یشته‌ لێواری مه‌ترسی ڕوودانی شه‌ڕ و ئاژاوه‌، ئه‌گه‌رچی بۆ ماوه‌یه‌ك په‌یوه‌ندییه‌كانیان ساردی تێكه‌وت، به‌ڵام دیسان به‌هۆی دووركه‌وتنه‌وه‌ی توركیا له‌ ئه‌وروپا و نزیك بوونه‌وه‌ی له‌ ڕووسیا په‌یوه‌ندییه‌كانیان به‌رده‌وام بوو.
ساردی په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌مریكا و توركیاش ڕۆڵی كه‌م نه‌بوو له‌و باره‌یه‌وه‌، به‌تایبه‌ت دوای ڕووداوه‌كانی كوده‌تای ئه‌م دواییه‌ی توركیا و ئاڵۆزییه‌كانی نێوان ئه‌ردۆگان و فه‌تحوڵڵا گوله‌ن، سه‌رۆكی بزوتنه‌وه‌ی خزمه‌ت، كه‌ ئه‌ردۆگان به‌ڕكابه‌ری خۆی ده‌زانی و به‌ هه‌وڵدانی كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ی توركیا تۆمه‌تباری ده‌كات، توركیا داوای ڕاده‌ست كردنه‌وه‌ی فه‌تحوڵڵا گیوله‌نی له‌ ئه‌مریكا كرد، به‌ڵام ئه‌مریكا هۆكارێكی بۆ ئه‌م داوایه‌ی توركیا به‌دی نه‌كرد، بۆیه‌‌ داواكه‌ی توركیای پشت گوێ خست، ئیتر نیگه‌رانی توركیا به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا زیاتر بوو، به‌مه‌ش په‌یوه‌ندی نێوان ڕووسیا و توركیا به‌هێزتربوو.
ئامانجه‌كانی نزیك بوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان دوولایه‌نه‌یه‌، ڕووسیا له‌ژێر گوشاره‌كانی ڕۆژئاوا و مه‌ترسی نزیك بوونه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی ناتۆ له‌ سنووری ڕووسیا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئامانجی‌ له‌مێژینه‌ی ڕووسیا ئه‌وه‌یه‌ ڕۆڵی سیاسه‌تی خۆی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی جیهانیدا به‌هێز بكات، له‌لایه‌كی دیكه‌ توركیا ده‌یه‌وێت له‌ڕێگای نزیك بوونه‌وه‌ی له‌ ڕووسیا گوشار بخاته‌سه‌ر ئه‌مریكا ده‌رباره‌ی كێشه‌ی فه‌تحوڵڵا گوله‌ن، له‌لایه‌كی تر یارمه‌تیدانی ئه‌مریكا بۆ كورده‌كانی ڕۆژئاوا نیگه‌رانیه‌كی تری ئه‌ردۆگانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌مریكا، له‌م ڕووه‌وه‌ ڕووسیاش ده‌یه‌وێت سوود له‌ كێشه‌ی نێوان توركیا و ئه‌مریكا وه‌ربگرێت.

ڕووسیا و كورد و جه‌نگی عه‌فرین
عه‌فرین شارێكی ڕۆژئاوای كوردستانه‌ و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌خاكی توركیاوه‌ نیه‌، به‌ڵام چالاكیه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی یه‌په‌گه‌ بووه‌ته‌ هۆی نیگه‌رانی توركیا، سه‌ره‌ڕای دروست بوونی مه‌ترسی ئه‌و كیانه‌ كوردییه‌ی هه‌میشه‌ دژی ده‌وه‌ستێت، هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دا بۆ ڕێ گرتن له‌ كورده‌كانی سوریا كه‌ كیانێكی سه‌ربه‌خۆ له‌ خاكی سوریادا دروست بكه‌ن و ده‌سه‌ڵاتی كورد بگاته‌ سه‌ر ده‌ریا، ئه‌مه‌ش خاڵێكی تره‌ بۆ په‌یوه‌ندی و لێك نزیك بوونه‌وه‌ی توركیا و ڕووسیا، ئه‌گه‌رچی توركیا هێشتا له‌ جه‌مسه‌ری ئه‌مریكا- ئه‌وروپادایه‌ و‌ هه‌وڵه‌كانی به‌رده‌وامن بۆ چوونه‌ ناو یه‌كێتی ئه‌وروپا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هێستا سیاسه‌تی توركی له‌به‌رامبه‌ر په‌یوه‌ندی و كێشه‌ ئاڵۆزه‌كانی ڕابردوو به‌رامبه‌ر به‌ڕووسیا نه‌گۆڕاوه‌، به‌ڵام بێگومان هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگی عه‌فرین له‌لایه‌ن توركیاوه‌ له‌گه‌ڵ ڕووسیا له‌ڕێكه‌وتنێكی ژێر به ‌ژێردا په‌یوه‌ندیه‌كی دوولایه‌نه‌ هه‌یه‌، ڕووسیا ده‌یه‌وێت به‌هۆی ئه‌م شه‌ڕه‌وه‌ توركیا له‌جه‌مسه‌ری ڕۆژئاوا داببڕێت و بیخاته‌ ژێر ڕكێقی خۆیه‌وه‌، هه‌روه‌ها بۆ كاریگه‌ری توركیا به‌سه‌ر خاكی سوریا و له‌كاتی دانوسان و كێشه‌ و ئاڵۆزییه‌كانی سوریا ڕۆڵی توركیا بوونی هه‌بێت، له‌لایه‌كی دیكه‌ش پیشاندانی نیگه‌رانی و گوشاره‌كانی به‌رامبه‌ر به‌ئه‌مریكا پیاده‌ ده‌كات.
نه‌ته‌وه‌ی كورد هه‌میشه‌ چاوی هاوكاری بڕیوه‌ته‌ ڕووسیا تا له‌به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ڕه‌واكانی هاوكاری بكات، به‌ڵام ڕووسیا ئه‌مجاره‌ش وه‌كو پێشتر هیواكانی كوردی كرده‌ بڵقی سه‌رئاو و ئه‌وه‌ی به‌خه‌یاڵدا نه‌ده‌هات ئه‌نجامیدا، ڕووسیا ئاسمانی عه‌فرینی به‌ڕووی توركیادا كرده‌وه‌ تاكو بۆردومانی بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی یه‌په‌گه‌ی پێ بكات، هه‌روه‌ها یه‌په‌گه‌ لای وایه‌ ڕووسیا خیانه‌تی لێ كردووه‌، چونكه‌ له‌به‌رامبه‌ر داگیركردنی عه‌فرین له‌لایه‌ن توركیاوه‌ مه‌رجی داناوه‌، ئه‌ویش فه‌رمان به‌چه‌كداره‌كانی ئه‌حرار شام و به‌ره‌ی نوسره‌ بكات ئیدلیب چۆڵ بكه‌ن، ڕووسیا له‌به‌رامبه‌ر ئیدلیب بۆ داگیركردنی عه‌فرین ئاسانكاری بۆ توركیا ده‌كات.
هێرشه‌ چڕ و به‌رده‌وام و خوێناوییه‌كانی توركیا بۆسه‌ر ڕۆژئاوای كوردستان به‌هاوكاری و ڕێگادانی بۆردومانی ئاسمانی عه‌فرین له‌لایه‌ن ڕووسیاوه‌ جارێكی تر كوردی له‌ گه‌شبینیه‌كانی به‌رامبه‌ر به‌ڕووسیا نائومێد كرده‌وه، ئه‌گه‌رچی ئه‌مه‌ كۆتایی كاره‌كه‌ نیه‌و ده‌بێ چاوه‌ڕوانی هاوكێشه‌كانی داهاتوو بین‌.