دکتۆر محەمەد ئەمین عەلی: نەوەى نۆێ و هاوپەیمانى بۆ دیموکراسى و دادپەروەرى. بەشى دووەم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نەوەى نۆێ “و”هاوپەیمانى بۆ دیموکراسى ودادپەروەرى” فۆرمێکى حەقیقى فریادڕەس یاخود فورمێکى نوێى حیزبی دەسەڵات پەرست
بەشى دووەم

وەک پێشتر ئاماژەم پێدا کلیلى گشت کێشەو گرفتەکانى کوردستانى باشور گەڕاندنەوەى شوناسى مرۆڤایەتى ئادەمیزادى کوردە وەک ئادەمیزادێکى ئاسایى سادە کەلەلایەن بەناو حیزبە سیاسیەکانى کوردستان دزراوە.
فریادرەسى ڕاستەقینە بۆ ئەم بارودۆخە ناهەموارەى کوردستان ئەو گروپ و هێزە مرۆییەیە کەبتوانێت شوناسى مرۆڤایەتى ئادەمیزادى کورد بگەڕێنێتەوە بۆ ئادەمیزادەکان و کۆمەڵگاى کوردى، هەڵبەتە ئەمەش بەبێ گەرانەوە بۆ بنەماى سەروەرى ” یاساو سیستم ” نایەتە دى ئەگەر خۆمان گیل نەکەین.
بەڵێ بنەماکانى” فریادڕەسی حەقیقى” بۆ چارەسەرى کێشەو گرفت و قەیرانە یەک لەدوى یەکەکانى کوردستان زۆرن، بەڵام لەهەموویان گرنگترو کاریگەرتر بنەماى ” یاساو سیستم” ە دواتر بنەماى”زانست و مەعریفە”،”خۆشەویستى و پابەندبوون بەمافەکانى مرۆڤ”،”خۆشەویستى و پابەندبوون بەژیان و ژین و ژینگەى کومەڵگا و نیشتمان”،”ڕاستگۆیى و بویرى کۆمەڵانى خەڵک” ،” ئازادى دیدوبۆچوون و… هتد.
لەنەبوونى دووبناغە بنچینەییەکەى حکومڕانى و شارستانى مرۆڤ، واتا بناغەى ” یاساو سیستم” زاراوەى”ویژدان”دێتە ئاراوە، ئەو زاراوەیەى گشت کۆمەڵگا ئاینى و دواکەوتووەکان پشتى پێدەبەستن بۆ ڕاپەراندنى کاروبارى کۆمەڵایەتى ڕۆژانەى هاوڵاتى و پرۆسەى حکومڕانى و دەوڵەتدارى.
ئەو کۆمەڵگایانەى چەمکى”ویژدان “دەکەن بەبنەما بۆ هەڵسەنگاندنى چەمکەکانى ژیان و ژین وژینگەى کۆمەڵایەتى و ڕاپەڕاندنى پرۆسەى حکومڕانى و دەوڵەتدارى ناتوانن بەشێوەیەکى ڕاست و تەندروست دوور لەنیفاق و درۆ هەڵسەنگاندن بۆ ” فریادڕەسی حەقیقى ” بکەن لەنیو گشت گروپ وحیزب و هێزە سیاسى و مرۆییە لەیەکچووەکان کە ئیدیعاى فریادڕەسى حەقیقى دەکەن.
لەوانەیە زاراوەى ” ویژدان ” لەناو خێزانیکى بچووک جێگەى ” یاساو سیستم ” بگرێتەوە لەبەڕێوەچونى ژیان و ژین و ژینگەى خێزانى لەهەڵسوکەوت و پەیوەندى جەستەیى و دەروونى نێو ئەندامەکانى، بەڵام هەرگیز جێگەى ” یاساو سیستم ” ناگرێتەوە لەهاوسەنگى بەرژەوەندى کەسێتى تاک بەتاکى ئەندامانى خێزانەکە.
کاتێک “ویژدان” جێى گومان بێت لەبەڕێوەبردنى هاوسەنگى بەرژەوەندى کەسێتى تاک لەنیو ئەندامانى یەک خێزانى بچووک کەواتە بەهیچ شێوەیەک ناتوانیت جێگەى ” یاساو سیستم ” بێت لەبەرێوەبردنى هاوسەنگى بەرژەوەندى کەسێتى ناو خێزانێکى گەورەتر چجا کۆمەڵگا بەگشتى.
ئەگەر “ویژدان ” نەتوانێت هاوسەنگى بەرژەوەندى کەسێتى تاک لەناو کۆمەڵگا بپارێزێت، ماناى ئەوەیە بەهیچ شێوەیەک جێگەى” یاساو سیستم ” ناگرێتەوە لەپرۆسەى حکومڕانى سیاسى و دەوڵەتدارى بەتایبەتى لەکۆمەڵگایەکى وەک کۆمەڵگاى ئێمە کەپەروەردەکردنى ئادەمیزاد لەسەر بنەماکانى مافى مرۆڤ بوونى نییە لەسەرەتاى منداڵیەوە.
ئەو کاتەى ” ویژدان ” جێگەى ” یاساو سیستم ” دەگرێتەوە لەکۆى پرۆسەى حکومڕانى و دەوڵەتدارى ، چەمکى بەرژەوەندى کەسێتى لەپاداشت و سزاو دادپەروەرى وداداى کۆمەڵایەتى دەکەوێتە مەترسیەوە لەبەر ئەوەى پێوەرى”ویژدانى” مرۆڤەکان لەسەر یەک بنەماى زانستى و مەعریفى نین، بەڵکو پشت بەمیزاجى شەخسى دەبەستن، بەو مانایەى” ویژدانى” مرۆڤە دەسەڵاتدارەکان ( چجا دەسەڵاتدارى گەورەبن یاخود بچووک کاربەدەستى گەورەبن یا بچووک ) چەمکەکانى ژیان و ژین و ژینگەى کۆمەڵگاو نیشتمان یەکلایى دەکەنەوە.
پەیرەوکردنى ئەم فەلسەفەیە واتا فەلسەفەى یەکلایکردنەوەى چەمکى ژیان و ژین و ژینگەى کۆمەڵگا و نیشتمان بە “ویژدان” لەبرى ” یاساو سیستم ” کۆمەڵگەى ستەمکار بەرهەمدێنێت، لەبەر ئەوەى” ویژدان ” ى مرۆڤەکان لەدیدو بۆچوونى جیاوازەوە بۆ ژیان و ژین و ژینگەى مرۆڤ گەڵاڵەدەبن، دواجارپشت بەمیزاجى دەروونى و کەسێتى ئەو ساتە دەبەستن کەبڕیارى تێدا دەدات، بۆیە مسۆگەرکردنى دادى کۆمەڵایەتى ومافى تاک تیایدا ناجێگیرە ئەگەر بەتەواوى بوونى نەبێت، واتا هەریەک بەپێى عەقڵیەت و دیدى خۆى بۆ ژیان ستەم لەوى دى دەکات لەبەڕێوەبردنى کارى ڕۆژانە و پرۆسەى حکومڕانى و دەوڵەتدارى.
لەم جۆرە کۆمەڵگایانە” ویژدانى” سەرۆک وسەرکردەى بێهاوتاى نەتەوە پێش ویژدانى هەمووانە، لەبرى” یاساو سیستم ” بڕیاردەرى گشت چەمکەکانى ژیان و ژین و ژینگەى کۆمەڵگاو نیشتمانە لەناوحیزب و حکومەت، لەشار و لادێ، لەفەزاى گشتى کۆمەڵگاو نیشمان، سەرۆک سکرتیرى حیزب و سەرۆکى حکومەت وڵاتە، بەپرسى سیاسى، سەربازى، دارایى، ڕۆشنبیرى و میدیاى، دیبلۆماسى و پەیوەندییەکانى دەرەوەى حیزب و حکومەتە، دواجار فەزایەکى ڕاستەقینە نامێتێتەوە بۆ سەروەى چەمکى” یاساو سیستم”.
کاتێک هیچ فەزایەکى ڕاستەقینە نەمێتێتەوە بۆ” یاساو سیستم”، لەسایەى” ویژدانى ” سەرۆک و دەسەڵاتدارەکانى خوارووى خۆى، گەرەلاوژێى سیاسى و حکومڕانى و فیکرى بەرقەرار دەبێت و کۆمەڵگا ڕاستگۆیى خۆى لەدەست دەدات و ناتوانێت بەشێوەیەکى زانستى و مەعریفى و دەروونى هەڵسەنگاندن بۆ ” فریادڕەسى ڕاستەقینە ” بکات.
لەئەدەبیاتى یەکێتى نیشتمانى کوردستان، وەلەسەر ئاستى بەرز وا باو بوو، ئەگەر عەتفى سکرتێرى گشتی یاخود عەتفى بازنە نزیکەکەى سکرتێرى گشتى بەلاى خۆتدا ڕابکێشى، ئەوە ئایندەیەکى ڕوونت دەبێ لەسیاسەت و بەڕیوەبردنى کاروبارى حیزبى و حکومى وڵات ئەگەر لەحەقیقەتدا نەزان و گەمژەش بیت وە ئەگەر هەموو میللەتیش دژت بێت، گرنگ ئەوەیە سەرۆک لیت ڕازى بێت.
من خۆم دەیەها جار ئەم فەلسەفەیەم لەزۆر بەرپرسى باڵاى یەکێتى نیشتمانى بیستووە، ئەمەش ئەگەر مانایەک ببەخشى، ماناى ئەوە بووە هەموو کۆیلەى سکرتیرى گشتى بوون و لەواقیعدا هیچیان بەدەست نەبووە، ماناى ئەوە بووە بنەماى” یاساو سیستم” لەژیانى حیزبى ئەم حیزبەدا بوونى نەبووە، بەپێچەوانەوە بنەماى ” ویژدان ” ى سەرۆک و سەرکردەو بازنە نزیکەکەى پێوانەن بوون بۆ یەکلایى کردنەوەى چەمکەکانى ژیان و ژین و ژینگەى کۆمەڵگاو نیشتمان، بۆ نموونە کاتێک هەندێک ئەندامى باڵاى حیزب تۆمەتبار کران بەسیخورى بۆ حیزبى بەعس لەبرى پەیرەوکردنى سەروەرى” یاساو سیستم” بە” ویژدان ” ى سکرتێرى گشتى بەچەپڵەڕێزان بەخشران و پۆستى باشتریشیان پێدرا هەڵبەتە ئەم نمونەیە دەریدەخات” ویژدان ” پێوەرێکى ڕاستگوى دادپەروەر نییە، بەڵکو جۆرێکە لەکۆیلایەتى بۆ سەرۆکى حیزب وحکومەت و بازنە نزیکەکەى.
ئەم فەلسەفە سەقەتە نەک عەقڵیەتى یەکێتى نیشتمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستانى تەنیووە، بەڵکو هەمان فەلسفە بەشێوازێکى تۆزیک جیاوازتر دووبارەو سێ بارە بۆ تەوە لەنێو گشت حیزبەکانى کوردستان بە” نەوەى نۆێ “و”هاوپەیمانى بۆ دیموکراسى و دادپەروەرى” و گشت “حیزبەکانى تر” یش.
عەقڵیەت و دیدوبۆچوونى سەرۆک لەلاى”نەوەى نۆێ ” و ” هاوپەیمانى بۆ دیموکراسى و دادپەروەرى” و”حیزبەکانى تر” هەمان عەقڵیەت و دیدو بۆچوونى سەرۆکە لەلاى “پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتمانى کوردستان”، عەقڵیەتێکى پاوانخوازى دەسەڵات پەرست، هەربۆیە هەموو دەسەڵاتەکان لەخودى خۆیدا کۆبۆتەوە لەبرى ” یاساو سیستم” ” ویژدانى ” خۆى و بازنە نزیکەکەى چواردەورى بەکاردەهێنێت لەبەڕێوەبردن و یەکلایى کردنەوەى کێشەکانى ژیان و ژین و ژینگەى کۆمەڵگا و نیشتمان.
کاتیک سەردانى بەرپرسى هەچ حیزبیک دەکەیت بە” نەوەى نۆێ ” و ” هاوپەیمانى بۆ دیموکراسى و دادپەروەرى” و ” حیزبەکانى “تر، لەبەر دەرگاکەى کۆمەڵێک کۆیلەى بەناو ڕۆشنبیرو تێکنۆکرات دەبینیت، بۆ تەنیا ڕۆژیک لەژیانیاندا ممارەسەى وەزیفیان نەکردووە لەدەزگایەکى حکومى یاخود ناحکومى لەگەل ئەوەش ئەیانەوى ببن بەمدیر عام و جێگرى وەزیر و وەزیر و خەبیر و ئەندام پەرلەمان، هەڵبەتە ئەم جۆرە عەقڵیەتە کەپشت بە” ویژدان ” دەبەستێت نەک ” یاسا و سیستم ” بەهیچ شێوەیەک سەرکەوتوو نابێت و ئامانج لەکارەکانى وەرگرتنى دەسەڵاتە نەک خزمەتکردنى کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى.
هەڵبەتە کاتێک ” یاسا و سیستم ” بوونى نەبێت و ” ویژدان “ى مرۆڤەکان جێگەى بگرێتەوە، دەوڵەت و حکومڕانى تەندروست بوونى نابێت چونکە دەوڵەت و حکومڕانى بە” ویژدان ” ناچێت بەڕێوە.
مەبەستى من لەڕوونکردنەوەى بنەماى ” ویژدان” و سەروەرى ” یاساو سیستم “ئەم خاڵەیە، ئێمە پێشتر ئەزموونى کارکردنى هەریەک لەبەرپرسە باڵاکانى”نەوەى نۆێ “و”هاوپەیمانى بۆ دیموکراسى و دادپەروەرى” و “حیزبەکانى تر”مان بێنیوە، دوژمنێکى سەختى” یاساو سیستم ” بوون وە هەردەم بە دیدوبۆچوون و ” ویژدانى “خۆیان کاریان کردووە بۆیە ڕەچاوناکرێت ” فریادڕەسێکى حەقیقى ” بن بۆ ئەم بارودۆخە ئاڵۆز و ناهەموارەى کوردستان.
ئەوەى بەدیدەکرێت بەگەڕانەوە بۆ دەروون و عەقڵیەتى ڕابردووى کەسێتى هەریەک لە سەرۆکى ئەم حیزب و گروپ و هێزە تازانە بە”نەوەى نۆێ “و”هاوپەیمانى بۆ دیموکراسى و دادپەروەرى” و”حیزبەکانى دى” فۆرمێکى حەقیقى فریادڕەسەن نین، بەڵکو بەئیمتیاز فورمێکى نوێى حیزبى دەسەڵات پەرستن، چونکە هیچ کات بڕوایان بەبنەماى سەروەرى ” یاساو سیستم ” نەبووە وەلەنەبوونى سەروەرى ” یاساو سیستم ” هەموو پەیوەندیە ناوخۆیى و دەرەکیەکانیان دەکەوێتە ژێر پرسیارو گومانەوە .
سەرۆکى “نەوەى نوێ ” لەژیانى پیشەیى ڕابردووى خۆیدا هیج کات بە” یاساو سیستم ” کارى نەکردووە، بەڵکو وەک سەرۆکەکانى تر بە”ویژدان ” و مەزەنەى عەقڵ مەزاجى کەسێتى خۆى کارى کردووە، باشترین نموونە ئەو کەسانەن کەلەدامەزراوەکانی کاریان کردووە و دواتردەرکراون بەبێ گەڕانەوە بۆ ” یاساو سیستم “، یاخود ئەو کەسانەى کە بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ مامەڵەیان لەگەڵکردووە لەپرۆژەکانى گوندى ئەڵمانى و چاڤى لاند، هەڵبەتە مەبەستى سەرەکى من شکاندنى کەسایەتى ئەو بەڕێزە نییە، بەڵکو سەلماندنى ئەو ڕاستیەیە لەڕابردوودا بە” یاساو سیستم ” کارى نەکردووە، بۆیە ناتوانێت لەداهاتوشدا بەبنەماى سەروەرى” یاساو سیستم ” کار بکات.
سەرۆکى “هاوپەیمانى بۆ دیموکراسى و دادپەروەرى” ش بەهەمان شێوە، تا لەدەسەڵاتدا بوو بە” ویژدان ” و مەزەنەى عەقڵ و مەزاجى سکرتێرى گشتى و بەرژەوەندى خۆى کارى دەکرد نەک بە” یاساو سیستم “، ئەتوانم بڵیم وەک هەموو سیاسەیەکانى تر کۆیلەیەکى گوێڕایەڵ و باشى سکرتێرى گشتى بووە، لەواقیعدا هیچى بەدەست نەبووە! هەربۆیە دەرئەنجامى ئەو لێهاتووە زانستى و مەعریفیەمان لێى نەدى.
ئێمە هەموومان بەچاوى خۆمان حکومڕانى ئەم سەرکردەیەمان بینی، لەسەدا پەنجاى ئەو قەیرانانەى ئێستاى کوردستان دەرئەنجامى سیاسەتى شکستخواردووى حکومڕانى ئەم بەڕێزە بووە، تادوا سات لەناو یەکێتى نیشتمانى مایەوە بەمەبەستى پاراستنى بەرژەوەندیەکانى، بەڵام کاتێک کێشەکانى لەگەڵ مالێ تاڵەبانیدا قوڵتربۆوە و هیچ هیوایەکى بەیەکێتى نیشتمانى کوردستان نەما لەجێگرتنەوەى پۆستى سکرتێرى گشتى یاخود پۆستى سەرۆک کۆمارى عیراق، ئەوکات “هاوپەیمانى بۆ دیموکراسى ودادپەروەرى” دروستکرد بەمەبەستى وەرگرتنى پۆستێکى باڵا و پاراستنى بەرژەوەندیەکانى دوور لەدەسەڵاتى یەکێتى نیشتمانى کوردستان، ئەمەش ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێت کە ئەم حیزبە حیزبێى دەسەڵات پەرستە، بونیادى ناوخۆیى حیزبەکە و هەندیک لەو دەموچاوانەى کەلەڕابردوودا قیزەوەن بوون لەناو حیزبەکانى دى ئاماژەن بۆ ئەم مەبەستە، من بۆ ئەوە دەچم خزاندنى ئەو دەموچاوە ناشرینە قێزەوانە بەئیعازى یەکێتى و پارتى و حیزبەکانى تربێت بۆ ناشرینکردنى ئەم حیزبە تازانە، وەلەداهاتوشدا دەبینن کەهەندێکیان دەگەڕێنەوە بۆ ناو حیزبەکانى خۆیان.
ئەوەى بەدیدەکرێت گشت بەناو فریادڕەسەکان بە ” نەوەى نۆێ ” و ” هاوپەیمانى بۆ دیموکراسى و دادپەروەرى ” و” حیزبەکانى ” دى لەفەزایەکى بەتاڵدا دەخولێنەوە، لەبەر ئەوەى ئیرادەیەکى ڕاستەقینەیان نییە بۆ سەروەرى ” یاساو سیستم “، هیچ کام لەم حیزبانە لەناو بونیادى حیزبى خۆیاشیان بە بنەماى سەروەرى “یاساو سیستم ” کاریان نەکردووە لەترسى لەدەستدانى بەرژەوەندى سەرکردەوە و دەسەڵاتە ڕەهاکانیان.
بمانەوێ و نەمامەوێ لەکوردستان دوو بنەماڵە بەفیعلى حکومڕانى دەکەن، بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ تێوەگلاون لەپەیوەندى نادیارى ترسناک لەگەل وڵاتانى ئیقلیمى وە بەشێوەیەک لەشێوەکان لەپشت دروستکردنى گروپ و حیزب و هێزى سیاسى تازەن بەمەبەستى خولقاندنى گەڕەلاوژێى سیاسى و حکومڕانى و ڕێگرتن لەدروستبونى هێزى نیشتمانى و نەهێشتنى متمانەى خەڵک بە گۆڕانگارى ڕیشەیى.
هەڵبەتە جێگۆڕکێى کۆمەڵیک دەموچاوى سیاسی ناشرین لەحیزبێک بۆ حیزبێکى دى شاهیدى ئەو ڕاستیەن کەئەم جۆرە لەفۆرمى حیزبایەتى فۆرمێکى حیزبى دەسەڵات پەرستە نەک فۆرمێکى نیشتمانى فریادڕەس.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت