عه‌دنان كۆچه‌ر: جارێكى تر كاندیدو جارێكى تریش نیگه‌رانى.

له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق نزیك ده‌بینه‌وه‌و به‌پێچه‌وانه‌ى جاره‌كانى دیكه‌ ئاماده‌سازییه‌ ناوخۆییه‌كان له‌ئاستى چاوه‌ڕوانى‌و پێویستییه‌كانى قۆناغه‌كه‌ نین، وه‌ك چۆن دواى پرۆسه‌ى ئازادى قۆناغى نوێی بیناكردنه‌وه‌ى ده‌وڵه‌تى عێراق بوو، تیمى كوردى هه‌موو […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق نزیك ده‌بینه‌وه‌و به‌پێچه‌وانه‌ى جاره‌كانى دیكه‌ ئاماده‌سازییه‌ ناوخۆییه‌كان له‌ئاستى چاوه‌ڕوانى‌و پێویستییه‌كانى قۆناغه‌كه‌ نین، وه‌ك چۆن دواى پرۆسه‌ى ئازادى قۆناغى نوێی بیناكردنه‌وه‌ى ده‌وڵه‌تى عێراق بوو، تیمى كوردى هه‌موو سه‌نگی سیاسیی ده‌برده‌ به‌غداد، ئێستاش پاش كه‌تنه‌ گه‌وره‌كه‌ی ریفراندۆم‌و گه‌مارۆى سیاسیی ناوه‌ند له‌سه‌ر هه‌رێم دیوى دووه‌مى هه‌مان قۆناغه‌‌و ده‌بوایه‌ ئه‌و تیمه‌ى راده‌سپێردرێت له‌ به‌غداد سه‌رقاڵى جه‌نگى یاسایی‌و ئابووری‌و سیاسیی بێت به‌پێچه‌وانه‌ى پێشووه‌وه‌، تیمى لاوازن، هه‌ربۆیه‌ش شه‌قامى كوردى تائێستاش به‌شۆكێكى گه‌وره‌وه‌ له‌ پێكهاته‌ى زۆربه‌ى لیستى هێزو قه‌واره‌ كوردییه‌كان ده‌ڕوانێت.
له‌راستیدا به‌غداد نه‌ده‌بوو وه‌ك كێڵگه‌ى چنینه‌وه‌ى سامان‌و ده‌وڵه‌مه‌ندبوون مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بكرێت، نه‌ده‌بوو په‌رله‌مانى عێراق وه‌ك پێگه‌یه‌ك بۆ رازیكردنى كادره‌ زوویره‌كان ته‌رخان بكرێت، ئه‌و چه‌شنه‌ له‌ خه‌باتى په‌رله‌مانییه‌، ده‌بوایه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى مه‌حاسه‌سه‌ى حزبی‌و جه‌مسه‌ربه‌ندییه‌ ناوخۆییه‌كان بوایه‌و رێنه‌درابا دیسانه‌وه‌ى كوڕى خێڵ‌و كچی عه‌شیره‌ت ته‌نها بۆ رازیكردنى باوانیان سه‌رو لیست‌و كیانه‌كانى هه‌ڵبژاردن بگرن، چونكه‌ له‌بیناكردنه‌وه‌ى ده‌وڵه‌تی عێراق ئه‌گه‌رچی هه‌موو بژاره‌ى سیاسیی كوردى له‌ پایته‌خت نه‌یتوانى هه‌موو خه‌ونه‌كان له‌ده‌ستوردا بچه‌سپێنێت، چۆن به‌و تیمه‌ لاوازه‌ى ئێستا كاندیدن كورد ده‌توانێ چاوه‌ڕێی لادانى گه‌مارۆو سه‌رپێخستنى خه‌ونه‌كانى كورد بێت له‌ به‌غداد.
شه‌ڕى كورد له‌ به‌غداد، شه‌ڕێكى یاسایی‌و ده‌ستورییه‌، كه‌چی به‌شی زۆرى لیستى هێزه‌كان، خاڵییه‌ له‌كه‌سانى پسپۆڕو شاره‌زا له‌بوارى ده‌ستوورو سیسته‌مى سیاسیی، ئه‌و جه‌نگه‌ى له‌وێ چاوه‌ڕێمانه‌، به‌شێكى زۆرى ئابورییه‌، كه‌چی به‌شێكى گه‌وره‌ى كیانه‌كان نه‌یانتوانیووه‌ ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ به‌توانا ئابووریانه‌ ببینن كه‌ ده‌شێت له‌و شه‌ڕه‌ خێری بۆ كورد هه‌بایه‌، ناكۆكى ئێمه‌ له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ى سه‌رده‌ست ئه‌منى‌و سه‌ربازییه‌، كه‌چی ژماره‌ى ئه‌و پسپۆڕه‌ ئه‌منی‌و سه‌ربازییانه‌ى له‌نێو لیسته‌كان جێگه‌ كراونه‌ته‌وه‌ له‌ په‌نجه‌كانى ده‌ست تێناپه‌ڕن، له‌راستیدا چاوى حزبه‌كان ته‌نها میدیاكارو كوڕانى عه‌شیره‌ت ده‌بینێ، وه‌ك ئه‌وه‌ى ئاماده‌سازییه‌كان بۆ كۆنگره‌ى رۆژنامه‌نوسان بێت نه‌ك بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانێك كه‌ چاره‌نوسی باشوورى پێوه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌. یانیش كۆبوونه‌وه‌ى ئاسایی خێڵه‌كانى عێراق بێت، تا نیشانى بده‌ن، كوردیش پابه‌ندى خێڵ‌و عه‌شیره‌ته‌.
له‌راستیدا ئه‌و رێكارانه‌ى پارته‌ سیاسییه‌كانى باشور له‌و وێستگانه‌ مامه‌ڵه‌ى پێده‌كه‌ن، نه‌ په‌یوه‌ندی به‌دووربینى سیاسیی‌و كوردانه‌وه‌ هه‌یه‌و نه‌ له‌خزمه‌ت حزبیشدایه‌، چونكه‌ وه‌ك هه‌میشه‌ ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردنیش وه‌ك مه‌كره‌مه‌ جارێكى تر به‌سه‌ر ئه‌و نه‌وه‌یه‌دا دابه‌شده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ ساڵانێكه‌ پۆست له‌دواى پۆست‌و چانس له‌دواى چانس ده‌یاندرێتێ‌و شكست دێنن، به‌و مانایه‌ى ئه‌و نه‌وه‌یه‌ى هه‌میشه‌و بۆ هه‌موو ئه‌ركێك كاندید‌و پاڵیوراون، نیشانه‌ى ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ له‌ بژاره‌ى ژیرو دووربینه‌كانن، به‌ڵكو ئه‌و نه‌وه‌یه‌ن به‌هۆى مه‌حاسه‌سه‌ى حزبی‌و جه‌مسه‌ربه‌ندییه‌وه‌ به‌رده‌وام تاقیده‌كرێته‌وه‌و هه‌میشه‌ش له‌ تاقیكردنه‌وه‌كان شكست دێنن، به‌ڵام میحنه‌تى شكستخواردنى ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ له‌ په‌رله‌مانى عێراق‌و ئه‌و وێستگه‌ گرنگه‌ هه‌ر له‌وه‌دانییه‌ كه‌ حزبه‌كانیان روبه‌ڕووى بچوككردنه‌وه‌و ناشیرینكردن ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان پرسی كوردیش ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌ى مه‌ترسیداره‌وه‌.
سه‌نگى كورد‌و چاره‌نوسی نه‌ته‌وه‌ له‌ ئاماده‌سازیی حزبه‌كان‌و دانانى پاڵیوراوه‌كان بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق پێناچێت پرسێكى میحوه‌رى بێت، به‌وپێیه‌ى وه‌ك هه‌میشه‌ پرۆسه‌ى دیاریكردنى كاندیدو ئاماده‌كارییه‌كان نیشانیده‌دات، ئه‌وه‌ى ته‌حه‌كومى به‌پرۆسه‌كه‌وه‌ كردووه‌، دووربینى‌و ئاقڵمه‌ندانى حزبه‌كان نه‌بوون، به‌ڵكو مه‌زاجی كه‌سیی‌و خواستى جه‌مسه‌ربه‌ندییه‌ ناوخۆییه‌كان بوون بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ریه‌كه‌و له‌مانۆڕى تاقیكردنه‌وه‌ى هێز به‌ سه‌ر هه‌ڤاڵه‌كانیدا نیشانی بدات قورساییه‌كه‌ى چه‌نده‌، كاركردن له‌سه‌ر نیشاندانى هێزو تاقیكردنه‌وه‌ى قودره‌ت له‌سه‌ر حسێبی مافه‌ سیاسی‌و ئابووریی‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان‌و به‌كارهێنانه‌وه‌ى له‌ناكۆكییه‌ ناوخۆییه‌ حزبییه‌كان، نیشانیده‌دات ئه‌و هێزانه‌ چه‌نده‌ كۆڵن‌و چه‌نده‌ش قوربانى به‌ پرسه‌ گه‌وره‌كان ده‌ده‌ن له‌پێناو خۆیان.
روداوه‌كانى ئه‌م دواییه‌ له‌راستیدا ده‌شێت ببێته‌ هۆكارى كه‌مكردنه‌وه‌ى رێژه‌ى كورسییه‌كان‌و لاوازی سه‌نگى كورد له‌به‌غداد، به‌ڵام هێشتاش ده‌رفه‌تێك ماوه‌، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ى له‌به‌رده‌سته‌ له‌گرنگى دیاریكردن‌و هه‌ڵبژاردنى ئه‌و كه‌مینه‌ كاندیدانه‌ن كه‌ له‌لیسته‌كاندا جێگه‌یان بۆ كراوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ئیدى نابێت په‌رله‌مان وه‌ك خولی فێربوونى زمانى عه‌ره‌بی‌و شاره‌زابوون له‌یاسا‌و سیاسه‌ت‌و ئابوورى ته‌ماشا بكرێ‌و كامه‌ى له‌هه‌مووان كڵۆڵتره‌و به‌ واسیته‌ى حزب چۆنه‌ سه‌روى لیسته‌كان ریشی كورد‌و ئه‌زموونه‌كه‌یان بخرێته‌ ده‌ست، ئه‌گه‌ر هێزو بژاره‌ى باڵاده‌ست له‌ ته‌شخیسیش كڵۆڵ بن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئێمه‌ ده‌بێت له‌پۆڵێنبه‌ندییه‌ وریا بین‌و ئه‌وانه‌ بكه‌ینه‌ واجیهه‌ كه‌ خێرو چاكه‌یه‌ك بۆ باشوور ده‌ده‌نه‌وه‌.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
عەدنان کۆچەر

ئەرشیڤی بەڕێز: عەدنان کۆچەر