عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: ئایا پڕۆژەکەی حکومەت بۆچاکسازییە یان کوشتنیەتی؟

ماوەیەک پێش ئێستا لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە پڕۆژەیەک نێردرا بۆپەرلەمانی کوردستان بەناوی یاسای چاکسازی لەخانەنشینی و موچەو دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازاتەکان لەهەرێمی کوردستان، وە هەر زووخوێندنەوەی یەکەمی بۆکراو ئاڕاستەی شەش لیژنەی […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

ماوەیەک پێش ئێستا لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە پڕۆژەیەک نێردرا بۆپەرلەمانی کوردستان بەناوی یاسای چاکسازی لەخانەنشینی و موچەو دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازاتەکان لەهەرێمی کوردستان، وە هەر زووخوێندنەوەی یەکەمی بۆکراو ئاڕاستەی شەش لیژنەی پەیوەندیدارکرا بۆنوسینی ڕاپۆرت لەسەری.
ئەمڕۆ چوارشەممەبەرواری ( 21-02-2018 ) خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەکە کراو لەو ڕۆژەدا تەنها دوومادەی لێ پەسەندکرا بەهۆی گفتوگۆی زۆرینەی پەرلەمانتاران لەسەرپڕۆژەکە.
جارێ بەبڕوای من ناکرێت وشەی چاکسازی بۆ پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە بەکاربهێنرێت و لەهۆڵی پەرلەمانیش هەمان ڕام دەربڕی لەکاتی وتووێژدا، و پێم وابوو دەکرێت ناوی یاسای ڕێکخستنەوەی خانەنشینی و موچەودەرماڵەو بەخشین بێت.
چونکە چاکسازی زۆر گشتگیرەو پێناسەی زیاتریش هەڵدەگرێت، وەکەباس لەچاکسازی دەکرێت نابێت بچوکبکرێتەوە تەنها لەموچەوخانەنشینیدا، بەڵکو ئەوە بەشێکی کەمی چاکسازییەو چاکسازی گەورەوگرنگ چاکسازییە لەسێکتەری نەوت و وزەو باج و خاڵەگومرگیەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکاندا.
لەبڕگەی یەکی ماددەی یەکی بەشی یەکەم لەئامانجەکانی یاساکەدا بەڕوونی هاتوەکە مەبەست لێی بەرجەستەکردنی بنەماکانی یەکسانی و دادپەروەری و شایستەبوونە لەموچەو دەرماڵەو ئیمتیازاتەکان، کەئەمە دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە حکومەت لەماوەی چارەکە سەددەی حوکمڕانی خۆیدا لەپێدانی موچەو دەرماڵەکاندا نەیەکسانی پیادەکردوەو نەدادپەوەریش بوە ئەمە جگە لەوەی بەپێی شایستەبون موچەو دەرماڵەی نەداوەتە فەرمانبەرەکانی.
هەربۆنمونە (55)هەزار کەس کەناویان لەلیستی موچەخۆراندابوە پێشترو نەچون بۆبایۆمەتری و دەرکەوتوەوبندیوارو وەهمی بون.
هەروەها مانگانە بڕی ( 306) ملیارد دینار تەنها بۆ دەرماڵە خەرجدەکرێت کەهەندێکیان بۆچەند توێژێکی دیاریکراو کاڵا بە باڵا دوراون و نادادییەکی زۆری تێدایە.
ئێمە وەک فراکسیۆنی گۆڕان داوامانکرد کەیاسای خانەنشینانی یەکگرتوی عێراقی ژمارە (9)ی ساڵی (2014) وەک خۆی کت و مت جێبەجێبکرێت، وە هەر بەواژۆی سەرجەم ئەندامانی فراکسیۆن لەدوای دەستبەکاربونی دەستەی سەرۆکایەتی خولی چوار لە ( 29- 04- 2014) داوامانکرد پڕۆژەکەی حکومەتی عێراق لەهەرێم بەرکاربکرێت، و لەیەکەمین دانیشتنی دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی لەبەرواری ( 07- 05- 2014) خوێندنەوەی یەکەمی بۆکرا، بەڵام حکومەت دواتر بەبیانوی دروستکردنی ئیلتیزاماتی دارایی بۆیان لەگەڵ ئەوەدا نەبوو بەرکاربکرێت لەهەرێمدا، گەر بەرکاربکرایە ئەوا کەمترین مووچەی خانەنشینی لەهەرێمدا ( 400) هەزار دیناردەبوو.
مانگانە خانەنشینانی هەرێم بەسەربازی و شارستانیەوە پێویستیان بە ( 108) ملیارد دینارهەیە بۆپێدانی موچەکانیان
ئەوەی لەزاری بەرپرسانی حکومەتەوە گوێبیستی بوین سەرزاری لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراقدابوون بەڵام ناتوانن موچەی هەموو خانەنشینان بەتایبەت ئەوانەی موچەکانیان لەخوار ( 400) هەزارەوەن بگەیەننە ئەو ڕێژەیەو وەک عێراق موچەیان بدەنێ، بیانوشیان ئەوەبوو کە گەر کەمترین موچەبکەینە ( 400) هەزاردینار ئەوا مانگانە پێویستمان بە ( 40 ) ملیارد دیناری ترە، واتا پێویستی مانگانە بۆموچەی خانەنشینان لە ( 108) ملیاردەوە بەرزدەبێتەوە بۆ ( 148) ملیارد دینار کەئەوەش لەتوانای حکومەتدا نیە لەئێستادا.
تیمی حکومەت وتیان لەئێستادا مانگانە تەنها ( 375 ) ملیارد دینارمان لەداهاتی نەوت دەستدەکەوێت، ئیتر نازانم چەند دەفرۆشن؟ بەچەندی دەفرۆشن؟ چەندی بۆ موچەو قەرزی کۆمپانیاکانە، چونکە پڕۆسەکە ڕون و ئاشکرانیە.
بۆیە ئەوەی حکومەت ناردویەتی بۆ پەرلەمان جگە لەوەی گەرەکیەتی کارە نایاساییەکانی چەندین ساڵەی ڕابردووی لەڕێگەی پەرلەمانەوە بەیاسایی بکات و شەریک بۆخۆی پەیدابکات هیچی دیکەنیەو نابێت.
پەرلەمان شوێنی دەرچواندنی یاساو هەموارکردنی یاسایە نەک بکرێتە شوێنی دۆزینەوەی ڕێوشوێن و پینەپەڕۆکردنی کارە ناکارگێڕی و بەدەرلەیاساکانی بەرپرسە یەک لەدوایەک و کابینەجیاوازەکانی حکومەت کەلەماوەی چارەکەسەدەی فەرمانڕەواییاندا چیان ویستوەو چۆنیان لاباشبوە کردویانە.
بۆیە ئەوەی حکومەت بەناوی چاکسازییەوە ناردویەتیە پەرلەمان هەرگیز پێی ناوترێت پڕۆژەی چاکسازی، بەپێچەوانەوە ئەمە بۆ لەبیرکردنی قەیرانەکان و کوشتنی پڕۆژەی ڕاستەقینەی چاکسازییە و هیچی تر.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

ئەرشیڤی بەڕێز: عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا