ئیبراهیم عەباس: ئەو کتێبەی هەموو بیرکردنەوەمی گۆڕی.

خولیابوونم بۆ خوێندنەوەی سەرگوزشتەو بیرەوەری ئەو کەسانەی لە شۆڕشەکانی کورد بەشداریان کردووە، لە مێژینەیەو لانی کەم بیست ساڵە سەرگەرمی خوێندنەوەی یاداشتی ئەو کەسانەم کە خۆیان بەشێک بوون لە شۆڕشەکان. بەدەر […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

خولیابوونم بۆ خوێندنەوەی سەرگوزشتەو بیرەوەری ئەو کەسانەی لە شۆڕشەکانی کورد بەشداریان کردووە، لە مێژینەیەو لانی کەم بیست ساڵە سەرگەرمی خوێندنەوەی یاداشتی ئەو کەسانەم کە خۆیان بەشێک بوون لە شۆڕشەکان. بەدەر لەوەش خۆشم بستێک منداڵ بووم کە تێکەڵی سیاسەت و کاری حزبایەتی بووم، بەڵام تا خوێدنەوەی کتێبەکەی هەڤاڵ کوێستانی (ئەو رۆژانەی نیشتمان هی هەمووان بوو) بەتەواوی بیرکردنەوەم دەرهەق بەسەرانی شۆڕش و حزبەکانی باشووری کوردستان نەگۆڕا!.
پێشتر چەندان جار ئەم خوێندەوە، یان گوێم لەکەسانی دیار و بەناوبانگ ئەبوو، ئەیانووت کتێبێک بووتە هۆی گۆڕانکاری لە رامان و دونیا بینیان، لەراستیشدا ئەوەشم ئەزانی کە بۆ خوێنەری جدی یان بۆ نووسەر، ویستگەیەک هەیە ئەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە بیرکردنەوەو ئەندێشە و خولیای، بەڵام هەرگیز باوەڕم نەدەکرد ئەم کتێبە بۆمن ببێتە هەمان ویستگە.
نایشارمەوە زۆرجار ئەمخوێندەوە و لە تەجروبەی خۆشم زۆرم هەڵێنجابوو، کە سەرانی بەناو شۆڕشگێڕی کورد لە واقعدا بەقەدەر دوژمنان و بگرە لە زۆر ویستگە لە ئەوانیش زیاتر زەڕبەیان لە خەباتی رەوای نەتەوەیی خەڵکی کوردستان داوە، بەڵام کتێبەکەی هەڤاڵ ئەو راستییەی زیاتر لا چەسپاندم، بەجۆرێک ئیتر لای من هەر سەرکردەیەکی کورد ئەگەر بۆ ساتێکی کەمیش شۆڕشگێربووبێت و بۆ مافی گەلەکەی تێکۆشابێت، سەرئەنجامەکەی شتێکی تر بووەو خیانەت لە هاوڕێ و هاوخەباتەکانیان و دواجاریش لە مافەکانی خەڵک، ئەرکی سەرەکیان بووە.
بۆ ئەوەی وتارەکە نەچێتە چوارچێوەی مەتح و ریایی، ئەبێت ئاماژە بەوە بدەم کە لە نزیکەوە هەڤاڵ کوێستانی ناناسم، ئەوەی منی خستە نووسینی ئەم وتارە ئەو راستگۆیی و راشکاوییە لە دەرخستنی ماهیەتی سەرانی کورد نووسیویەتی، کوێستانی کە کاتێک یەکێتی نیشتمانی لەسەرەتای دامەزراندن ئەبێت، ئەبێتە پێشمەرگەو لە نزیکی مام جەلال و سەرکردەکانی یەکێتی درێژە بە خەبات ئەدات، بەڵام ئەو پێشمەرگە هوشیارە هەر زوو ماهیەتی سەرانی کوردی بەجۆرێک بۆ دەرئەکەوێت، هاوشێوەی هەزاران پێشمەرگەو تێکۆشەری تری ئەم گەلە ناچار ئەبێت دۆخەکە رابکێشێت، ئەگەرنا ئەزانێت خەباتی رەوای خەڵک شتێکەو سواربوونی ئەم خەباتە لەلایەن چەند کەسێکی ئەم حزب و ئەو حزب شتێکی ترە.
ئەم کتێبە ورد ورد تێمان ئەگەیەنێت، خەباتی رەوای ئەم میللەتە لاشەیەک بووە لەدەستی سەرانی کورد و هەمیشە نیشتمان بۆ سەرانی کوردو نیشتمان پەروەری بۆ خەڵکی کوردستان بووە!. گەر ئەم کتێبە بخوێنیتەوە ئەزانی کە هەرچی ناڕەوایی دەرهەق بەخەڵکی کوردستان کراوە، هۆکارە سەرەکییەکەی ئەو بەناو سەرکردانەی یەکێتین کە ئێستا هاوشێوەی بنەماڵەی بارزانی بوونەتە بازرگان بەخوێن و رەنج و تێکۆشان و قوربانیدانی خەڵکی کوردستان، بێ ئەوەی بە دوو بنەماڵەی فەرمانڕەوا، هەر بەسودفەش خوێن لە خەستەی هیچ کامێکیان لە شۆڕش و کوردایەتیدا هاتبێت.
کتێبەکە ئاشنات ئەکات بەو دڵرەقیەی سەرانی کورد دەرهەق بە براکان دایانهێناو تا دەیان ساڵی تریش خەڵکی کوردستان باجی عەقڵی بۆگەنی ئەو دوو بنەماڵە فەرمانڕەوایە ئەدات، کە لە 1964ەوە، بارزانی و تاڵەبانی و کوڕو نەوەکانیان، کوڕی خەڵک بەدەستی براکان بەکوشت ئەدەن و خۆشیان هەمیشە بۆ دابەشکردنی داهات و پارە دووبرای درۆزنی کیسە قوڵن.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
ئیبراهیم عەباس

ئەرشیڤی بەڕێز: ئیبراهیم عەباس