حەمە ئازاد بەرزنجی: ڕەبی موی لێ بێ زبانی، پەنجەکانی هەڵوەرێ – هەرکەسێ گوڵشەن بەدەردی گوڵخەنی دۆزەخ بەرێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەڵێن بێ عاریان خستە ناو دەریایەک، کەچی دەیوت تەڕ تەڕ نەباشید!
بێ چەند و چون و بۆ یەکسەر چونە ناو باسەکەوە، نەک کورد خۆی، بەڵکو هەمو دونیا شایەتی بۆ بەرخۆدان و بەرگری و قارەمانێتی جەنگاوەرانی ئەفرین دەدەن. بێجگە لەو ڕۆلە قارەمانیەتیەی کە دانیشتوانی سڤیلی شاروشارۆچکە و گوندەکان دەیگێڕن بەمانەوەو بەرگریکردن و بەجێنەهێشتنی زێدی خۆیان. ئەوە ڕۆڵی ڕێکخەران و سەرکرایەتی کردنی بەرەکانی جەنگ، کە یەپەگە و یەپەژە دەیگێڕن هەر لە باسکردن نایەت.
پاش ئەو هەمو شەڕە قارەمانانە، ئەو هەمو شەهیدەی کەلە پێناوی داگیرنەکردن و تەسلیم نەکردنی خاکی ئەفریندا بەخشراوە، تازە بەتازە، کاکە ( ئاری هەرسین ) زۆر بێ شەرمانە، هەڵدەسێ ڕۆژی ( 31 ی ئابی ) خیانەتکار، کە سوپای ئێراقیان بردە سەر شاری هەولێر و پەڕلەمانی کوردستانیان داگیرکرد، بە ڕۆژی چونی سوپای سوریا بۆ ناو خاکی ئەفرینی بەخوێن نەخشێنراو بەراورد دەکات.
کاک ئاری دەفەرموێ: چۆن ئەفرین پەنای برد بۆ حکومەتی مەرکەزی سوریا، لە دژی تورکیا. ئاوا بەهەمان شێوەش پارتی، لەکاتی خۆیدا لەدژی هێنانی سوپای ئێران، پەنای بۆ حکومەتی بەعسی ئێراقی برد. بێ گوێدانە هەل و مەرجەکان و، لاجەنگاوەکانی بەرامبەر لەشەڕ و، کات و شوێنی جوگرافی و تەرازوی هێزەکان. ئاخر بە چ ویژدان و پێوار و پێودانگێک، ئەم بەراوردە دەکەیت و خۆل دەکەیتە چاوی خەڵکی و مێژویشەوە.
کەلەسۆشەڵ میدیا گوێم لەم بەراوردە بو و هەندێکیشم لەسەر خوێندەوە! تەلەفونم بۆ برادەرێک کرد. پێم وت: ئاگات لەو بەراوردە هەیە؟ وتی: بەڵی، وتی جا کاکە تۆ سەرت سوڕدەمێنێ؟ وتم: زۆر نا. وتی: لای من ئاساییە و چاوەڕوانی ئەوەی هەر لێدەکەم، چونکە ئەو ئێستا زوڕنا بۆ حزبێک دەژەنێ، کە باوکیان کوشت و سەرەونگونیان کرد! خۆی ناکا بە ساحێبی! ئیستا تۆ دەتەوێ چی بکات؟ و هەڵوێستی لەمەزیاترت لێدەوێ! لەو قوڕە هەر ئەوەندە تۆزی لێ هەڵدەسێ. لەلایەکی دی بەحساب ئەو لە پارتی نەماوە و لیستی سەربەخۆی نەتەوەیی خۆی هەیە لەپەڕلەماندا و بە دیدیکی جیاواز و لە دەرەوەی پارتی بیردەکاتەوە. چ خێرە لەم کاتەدا و لە دەرەوەی پارتی کەسێ جەرگی بۆی بسوتێ و ڕۆحی لەناو تاوەدا بۆیان هەڵقرچێ. بەڵام ئەمە لەمانۆڕو شانۆگەرییەکی پوچ، زیاتر هیچ مانایەکی دی هەڵناگرێ. ئەو لەم کاتەدا کە سەرەتای خۆ ئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنەکان دەستی پێکردوە، دەیەوێ لە سوچێکی کڵاوڕۆژنەیەکەوە دەستی لە چمکی ڕوداوێ گیر ببێ و خزمەتێ بە پارتی پێشکەش بکات و هاو شانێک بۆخیانەتەکانیان بدۆزێتەوە و هەر بە گاڵەی دەمیش بێ شانی یەک دو لایەنی تر ئارداوی بکات. بەڵکە بەڵگەی هەڵسانەوە و هاوتابون و هاتنەناوەوەی ناو مەجلیسیان دەستبکەوێت و بیکەنەوە بە هەراوهوریاکەی جارانیان و خیانەت و هەڵە کوشندەکان ودزیەکانیان لە بیر خەڵکی بەرنەوە.
ڕەخنەگرتنی بونیاتنەرانە لە ناوەوە و لە دەرەوەی هەر جوڵانەوەیەک و حزبێک و هەر دام ودەزگایەک و ڕێکخراوێکدا بێ، کارێکی بەجێ و گونجاوە. هەڵوێستێکی دڵسۆزانە وئاگادارکردنەوەی لایەنی بەرامبەریشە، بۆهەڵوێست وەرگرتن و بەخۆداچونەوە و پێداچونەوەی هەنگاوە هەڵێنراوەکانیشی، تا لەسەر ڕاستەکانیان بەردەوام بن و لە هەڵەکانیان خۆیان قوتارکەن و بگەڕێنەوە سەر ڕێگا و ڕێچکە ڕاستەکان.
بەڵام بەراوردی ویست و ئامانجەکانی ( 31 ی ئابی) خیانەتکارانە و ئەوی لە ( ئەفرین ) دەگوزەرێت غەدرێکی گەورەیە لە مێژوو ، جیاوازیشیان ئاسمان وڕێسمانە. ( 31ی ئاب ) دەرەنجامی شەڕی چەند ساڵەی ناوخۆی نیوان ( پارتی و یەکێتی ) بو، لە ساڵی 1996. تا ئەوساتەوەختە ش هێزی دەرەکی وئقلیمی بەشداری ڕاستەوخۆی نەبوە. هەشبوبێ زۆر لاوەکی و جوزئی بوە. بەڵام پارتی لەو ڕۆژە شومەدا و لە شەڕی ناوخۆدا پەنای بردە بەر ڕژێمی بەعسی سەدامی خولقێنەری، ئەنفال و کیمیاباران دژی هێزیکی ناوخۆی کوردی. نەک دژی هێزێک کە بۆ داگیرکردنی کوردستان هاتبێ.
وە ( 31 ی ئاب ) تەنها و تاقە خیانەتیش نیە کە پارتی لە مێژوی دروستبونیدا کردبێتی و پێی هەڵسابێت. پێش ئەم بەروارەش دەستنەخشین بوە لە ئاشبەتاڵ و دژایەتی کردنی شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرەرای ڕاوەدونانی شۆڕشگێرەکانیان و دەستگیردنیان و تەسلیمکردنەوەیان و تەنانەت لە کوشتنیانیشدا هەردەم دەست لە سەرسنگ ئامادە بون بۆ خزمەتی داگیرکەران. دوای ئەم بەروارەش لە دەستبەسەراگرتن و تاڵانکردن و هەراجکردنی سەروەت وسامانی کوردستان و وبێ موچەکردنی فەرمانبەران باڵا دەستی خۆیان نواندوە. ئەمە بێجگە لە لەناو بردنی هەمو بنەماکانی دیموکراسی و بەکارهێنانی هێز دژی هەمو ڕێپێوان و جوڵانەوەیەکی ئاشتیخوازانە و سەرکوتکردنیان. سەرەڕای سوکو ڕیسواکردنی سستمی ئیداری و دانانی کەسانی نەشیاو و دابەشکردنی پۆست و پلەوپایەو سەروەت و سامان لەناو ئیدارەیەکی خێلەکی و خێزانیدا و دەرکردنی وەزیرو ناردنە ماڵەوەیان و پەکخستنی پەلەمان و دەرکردنی سەرۆکەکەی لە پایتەخت لە کارە هەرەدیارەکانیان بوە. کۆتاییەکەشی بە ڕیفراندۆمێکی خۆکوژی هێنا. کەلە ناوەو دەرەوەش دۆست و نەیار تکا و ڕجای دنیایان لێکردن کە نەک واز لە ڕیفرانۆم بهێنن بەڵکو با بۆ ماوەیەکیش بێ دوا بخرێت و پێیان ڕاگەیاندن کە لە ئێستادا دۆخەکە گونجاو نیە. گوێیان لە هیچ کەسێ نەگرت و ئەو برادەرەش لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە و لەسەر زاری خۆشیەوە ( حسابی ئائەمەندەشی بۆ هیچ کەسو لایەنێ نەکرد ). بەرەنجامەکەشی ئەم ماڵوێرانی و پاشاگەردانییەی ئێستای لێکەوتەوە. لەگەڵ تەسلیمکردن و بەجێهێشتن و ڕاکردن بوو لە ناوچە دابڕیراوەکان کە ڕوبەرەکەی نیوەی خاکی هەرێمی کوردستان دەبێت، بەکەرکوکی قودس و دڵی کوردستانیشەوە.
گەر بەراوردی ئەم خیانەتە یەک لەدوای یەکانە لەلایەک و ئەو بەرگریە قارەمانانەی ( لە ئەفرینی ئەمڕۆ ) و ( لە کۆبانی دوێنێ ) دا ڕویاندا بکەین، فراوانی و پانتایی جیاوازیەکە هێندە زۆرە، لە پێوان نایەت. گەر بەتەنها جیاوازی نێوان بەدەستەوەدانی کەرکوک و خۆڕاگری ئەفرین بکەین. لە بارەی شوێنی جوگرافی کە پشتی کەرکوک و ئەملاو لای بە هێزی پێشمەرگە تەنرابو کە ژمارەیان بەپێی لیستی موچە بوایە ئەوا لەسەدان هەزار خۆی نزیک دەکردەوە و بیست و چوار سەعات نەتوانرا بەرگری بکرێ و چەندان پاساومان هێنایەوە و نیوەی خاکمان چۆڵکرد کە بەسەدەها و هەزارەها کیلۆمەتر چوارگۆشە دەخەمڵێنرێت. بەڵام ئەفرینی خۆڕاگر لە ڕوبەرێکی کەمی دیاریکراوی گەمارۆدراو لە هەمولاکانەوە، بەهێزی سوپای تورکیاو بە بەکرێگراوەکانی بەرەی نوسرە و ئەڵقەلەگوێ ئیسلامیە توندڕەوەکانی بەحساب معارەزەی سوری، هەربەردەوامە لە خۆڕاگری. کە تورکیا ئێستاشی لەسەر بێ ئەندامی پەیمانی سەروی ئەتڵەسی ( ناتۆ )یەو لە ڕوی ژمارەی سەربازیشەوە لەوە دەچێ دوەم هێز بێ. سەرەڕای بەکارهێنانی هێزی ئاسمانی وئەو هەمو چەک و چۆل و تفاق و تانک و زرێپۆشە زۆر و دوامۆدێلەی کە هەیەتی، زیاد لە مانگێکە بە تۆپە زەبەلاحەکانیان ناوچەکەیان دەکوتێ، نەیتوانیوە ناوچەکە بگرێ و پێشڕەوییەکی بەرچاو بکات. بەوپەڕی خۆڕاگری و بەرخۆردانەوە بەرگری دەکەن و چەندەها شەهیدی سەربازی و مەدەنیشیان بەخشیوە.
ئێستا کاکە ئاری هاتوە ئەو هەمو فیداکاریە بەراورد دەکات، بە خیانەتی 31 ی ئاب و. بەڕەوای نابینێ ڕێککەوتنێ بکرێ، کە لەوەدەچێ کاتیش بێ بۆ پاراستن و هەرنەبێ تۆزێک کەمکردنەوە لەڕشتنی خوێنی ڕژاوی کوڕان و کچانی کوردانی ڕۆژئاڤا و تۆزێ لە باڵانسەکەش کە بەناچارییە ڕاستبکرێتەوە . خۆی لە خۆیدا دوبارە خۆ ئامادە کردنێکی نوێیە بۆ بەرخۆداندانێکی دی و کە ئەمەش دەچێتە ناو قاڵبێکی ڕێککەوتنێکی تاکتیکی و خۆپارێزییەوە و بەشێک نییە لەستراتییژی خیانەت و دەستبەسەراگرتن و نیشتمان هەراجکردن و نەوت فرۆشتن و عەقدی گوماناوی .
ئەوان خاوەنی کۆبانی و ئەفرین و قامیشلۆ و ئیدارەیەکی هاوتاو هاوسەنگن. پێشتر هاوسەرۆکێکیان هەبوە ئێستاش یەکێکی دی و کوڕەکەی نەک جێگەی نەگرتەوە بەڵکو شەهید بو. ملیۆنێر و ملیاردێریان نیە. کەس ناتوانێ دەست بەسەر سامانی گشتیدا بگرێت و قاچاخچی نەوتشیان نیە و ئەرز و ئاسمانیان تاڵان فرۆشنەکردووەو نایکەن و کوڕ و کوڕەزاو کچە زا بەتەمای هیچ پلە و پایەیەک نین.
جا لە کۆتاییدا دەڵێم ئەم نادڵسۆز وخیانەتکارانەی لای خۆمان کە ئێستا پەیدابون بەچی تەڕ دەبن، بیانخەرە ناو دەریایەک و بیان هێنەرە دەرەوە دەڵێن تەڕ تەڕ نەباشید. جاران دەیان وت ( حەیا قەترەیەکە کە تکا، تکا ). بەڵام لای ئەمانە نەک قەترەیەک بەڵکو دەریایەکیش بڕژێنرێ بەخەیاڵیاندا نایەت وهەر خۆشێان ناکە ن بەساحێبی. لەسەر 31 ی ئاب لەسەرۆکی پێشوی ئەمریکیان پرسیبو وتبوی گەر من شتی وا بکەم پێش هەمو کەسێ حمایەکانی خۆم دەمکوژن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت