عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: بۆ کەمترین موچەی خانەنشینی نەکرایە (400) هەزاردینار؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لەدانیشتنی 26– 2 — 2018 ، ی نێو هۆڵی پەرلەمانی کوردستان زۆرترین گفتوگۆی پەرلەمانتاران لەسەر کەمترین بڕی موچەی خانەنشینانی کوردستان بوو.
هەر زوو تیمی حکومەت وتیان ئێمە هاتوین و ئەم پڕۆژە یاسایەمان هێناوە تاکو خەرجی کەمبکەینەوە نەک زیادی کەین، گەر واناکەن پڕۆژەکەمان بدەنەوە بابیبەینەوە.
لەهەرێمی کوردستان مانگانە بڕی ( 108) ملیارد دینار دەدرێتە خانەنشینان، ژمارەی ئەو خانەنشینانەی کەلەبەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی وەزارەتی دارایی موچە وەردەگرن و بڕەکەی کەمترە لە ( 400) هەزاردینار بریتی یە لە ( 127924)سەدوبیست و حەوت هەزارو نۆسەدو چلو دوو کەس، وەمانگانە بڕی ئەو پارەیەی دەدرێتە ئەم خانەنشینانە ( 33) ملیارد دینارە .
گەر موچەی هەموو ئەمانە مانگانە بکرێنە ( 400)هەزار دینار ئەوا بڕی پارەی پێویست بۆی بریتیە لە ( 51 ملیاردو 400هەزار ) دینار.
واتا ئەو پارەیەی کەپێویست بوو بۆئەوەی موچەی خانەنشینانی پێ هاوتای خانەنشینانی عێراق بکرێت تەنها ( 18) ملیارد دیناری تربوو کەلەڕاستیدا بۆتوێژێکی گرنگ ومافخوراوو ماندوی وەک خانەنشینان دابینکردنی ئەوبڕە زۆرئاسان بوو، بۆنمونە تەنها ئەو قازانجەی مانگانە لەبانکی کوردستان لەگۆڕینەوەی دۆلاربەدینار دەکرێت زۆر لەوبڕەپارە زیاترە کەپێویست بوو بۆکردنی موچەکە بە (400)هەزاردینار.
ئێمە لەیەکەمین ڕۆژی هاتنی پڕۆژەکەوە بۆ پەرلەمان داوامانکرد یاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراق ژمارە (9)ی ساڵی (2014) وەک خۆی جێبەجێبکرێت، کەبەپێی یاساکە کەمترین موچەی خانەنشینی نابێت لە (400) هەزاردینار کەمتربێت.
ڕایەکی ترپێشنیارکرا کەبریتی بوو لەوەی کەمترین موچە بکرێتە (300) هەزار دینارکە ژمارەی ئەو خانەنشینانەی موچەکەیان کەمترە لە ( 300) هەزاردینار بریتیە لە ( 77539)حەفتاوحەوت هەزاروپێنج سەدو سی و نۆ کەس، کە بەکردنی کەمترین موچە بە( 300) هەزاردینار حکومەت تەنها ( 3) ملیاردی تری دەویست بیخاتە سەر ئەو پارەیەی کەپێشتر دەدرایە ئەو کەسانەی موچەکەیان لەخوار ( 300) هەزارەوەیە.
حکومەت ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر ئەم ڕایە چونکە خۆیان وتەنی قورسایی زۆر دروستناکات لەسەر دارایی هەرێم.
دواتر هەردوو ڕایەکە واتا کەمترین موچەی خانەنشینی ( 300) هەزاربێت ، یان ( 400) هەزار خرایە دەنگدانەوە ، بەداخەوە زۆرینەی پەرلەمانتاران لەگەڵ زیادکردنەکە بوون بۆ (300)هەزاردینار کەئەمەش خواستی حکومەتی لەگەڵدابوو ، وەفراکسیۆنەکانی گۆڕان و کۆمەڵ وی ەکگرتوو دەنگیان بۆ ئەوەدا کە کەمترین موچە بکرێتە (400) هەزار دینار بەڵام ڕێژەی دەنگەکان تەنها ( 37)دەنگ بوو، ئەوانەشی دەنگیاندا بۆ (300) هەزاری مانگانە (52) پەرلەمانتاربوون.. بۆیە بەکۆی دەنگ ئەوە چەسپا کە کەمترین موچەی خانەنشینی ببێتە ( 300) هەزار دینار نەک (400)هەزار.
لێرەدا دەبێت چەند پرسیارێک ئاڕاستەی ئەو تیمەی حکومەت و پەرلەمانتارانە بکەین کەبۆچی لەگەڵ زیادکردنی موچەکەدا نەبوون کەکەمترینی موچە بکرێتە (400) هەزار، ئەی هەر ئێوە نەبوون لەچەندین دەزگای ڕاگەیاندنی هەمەجۆرەوە دەتانوت گەر ئەم پڕۆژەیاسایە بکرێتەیاساو بخرێتەبواری جێبەجێکردنەوە ئەوا مانگانە بڕی ( 150) ملیارد دینار پارە دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت، باشە بۆچی بۆ توێژێکی گرنگی وەکو خانەنشینان لەو (150) ملیاردەی خۆتان وتەنی دەگەڕێتەوە بۆحکومەت دەنگتان نەدا تاکو کەمترین موچەکەیان ببێتە (400) هەزاردینار، کەهەندێ لەو خانەنشینانە ئەو بڕەو زیاتریش مانگانە تەنها بۆ چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشیانەی توشی هاتون خەرجدەکات.
ئاخر حکومەتێک چارەکە سەدەیەکە بەناوی سندوقی خانەنشینیەوە مانگانە بڕێک پارە لەموچەی فەرمانبەران دەبڕێت بۆ ئەوەیە پارەکە لەو سندوقەدا پارێزراو بێت و مانگانە لەکات و ساتی خۆیدا موچەکەی پێبدرێت، نەک ئەوەی بونی نەبێت سندوقی خانەنشینیەلەم هەرێمەدا.
ئێوە دەزانن لەو عێراقە موفلیسەی خۆتان دەڵێن زیاتر لە (8) ملیارد دۆلار پارەی خانەنشینی لەسندوقی خانەنشینیەکەیاندا پارێزراوەو مانگانە لەکات و ساتی خۆیدا دەدرێتە خانەنشینان و بەشی دەیان ساڵیشی تێداهەڵگیراوە، بەڵام لەم هەرێمەی لەمەڕ خۆماندا وا بەرەومانگی ئازاری 2018 دەچین کەچی موچەی ئازاری 2017 نەدراوەتە خانەنشینان و هەر لەچاوەڕوانیدان بۆی.
بۆیە دەبوو لانی کەمی وەک وەفاو ڕێزوپێزانینێک بۆ ئەرک و ماندوبونی دەیان ساڵەی خانەنشینانی کوردستان هەموان کۆک و یەک دەنگ بونایە تاکو لانی کەمی موچەی خانەنشینی مانگانەمان بۆ بکردنایەتە ( 400) هەزاردیناری عێراقی، بەڵام بەداخەوە دیسانەوە بەزۆرینەو کەمینە ئەم مافە سادەیە بۆ خانەنشینان بەڕەوا نەبینراو زوڵمێکی تریان لێکرا.