دكتۆر لەتیف رەشید: یەكێتی نیشتمانی كوردستان، هۆكاری كێشە ناوخۆییەكان و چۆنیەتی چارەسەركردنیان.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گومانی تیا نیە هەمو حزبو رێكخراوێكی سیاسی لەقۆناغە جیاكانی خەباتی مێژوویی خۆیدا بۆ وەدیهێنانی ئامانجی میللەتەكەی ، بەدەیان هەورازو نشێودا تێئەپەڕێ ، ئەمەش حاڵەتێكی ئاساییە چ لەقۆناغەكانی خەباتی نهێنی و ئۆپۆسزیۆن بوندا، یاخود لەكاتی سەركەوتنو دەستگرتن بەدەسەڵاتەوە. یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش بەدەر نیە لەروبەروبونەوەی ئەم پێشهاتانە كە ئێستا بەقۆناغێكی زۆر سەختو دژواردا گوزەر ئەكات ، بەتایبەتیش ئەم حزبە بەدرێژایی ماوەكانی پێشتر هەوڵیداوە خۆی لەقۆناغی رێكخراوی شۆرشگێڕییەوە دەرباز بكات بۆ قۆناغی حكومەتێكی دامەزراوەیی. بەڵام ئەو زەبرە كوشندەو گەورانەی بەر یەكێتی كەوتون رێگەیان لەم هەوڵە گرتو نەیانهێشت یەكێتی بگاتە ئەو ئامانجانەوە، ئەم حاڵەتە نەشازەی ئێستاش كە یەكێتی دوچاری بوە هەوڵەكانی زیاتر سڕ كردۆتەوە .
گومان لەوەدانیە غیابی فەخامەتی مام جەلال لەسەر گۆڕەپانی سیاسی وبەڕێوەبەری یەكێتی ، كاریگەری نەرینی هەبوە لەسەر كایەی سیاسی هەم لەسەر ئاستی عیراق بەگشتی، هەم لەسەر ئاستی كوردستانیش بەتایبەتی. ئەو بۆشاییەش بەئاسانی پڕ نابێتەوە. هەڵبەت پێشبینی ئەوەشمان ئەكرد لەغیابی ئەو رەمزەدا وەزعەكەمان بە رادەیەك بشڵەژێ كە بەئاسانی نەتوانین كۆنترۆڵی بكەین، بەتایبەتیش پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی لەپۆستی سكرتێری گشتی حزبدا روویدا. هەروەها پێشبینی ئەوەمان كردبو كە رەنگە زەبری گەورە لەدژی یەكێتی لەدەرەوەی حزبەوە ئاراستەی بكرێ، بەڵام ئەوەی جێی داخە هەوڵی لاوازكردنو لێكترازاندنی ریزەكانی یەكێتی لەناوەوە دەستی پێكرد، بەتایبەتیش لەلایەن بەشێك لەسەركردە كۆنەكانەوە، بەدیاریكراویش لەلایەن مەكتەبی سیاسییەوە. هەڵسوكەوتی ئەمانە لەغیابی سێبەرەكەی مام جەلالدا گەیشتە ئاستێكی زۆر ترسناك ، لەكۆتاییدا بە ئینشقاقێكی تری ناو حیزب كۆتایی پێهات.
ئەو رێبازو پرەنسیپە شكۆمەندانەی یەكێتی نیشتمانی لەسەری دامەرزا، پێویست بو هەموان كاری بۆ بكەینو بەئەمانەتەوە بیانپارێزین ، هەروەها پێویست بو هەر لەسەرەتاوە كارێكمان بكردایە بۆ دوورخستنەوەی ئەوانەی لەم پرەنسیپانە خۆیان لائەدا، بۆ ئەوەی یەكێتییەكەمان بەپاكی بمێنێتەوەو بەردەوامی بەخەباتی خۆی بدایە لەپێناو هێنانەدی ئامانجە رەواكانی میللەتەكەمان، بەتایبەتیش دوای ئەوەی كێشە ناوخۆییەكان سەریان هەڵداو بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی خۆیان بونە هۆكاری كێشە سەختەكانو بونە تەڕەف لەململانێ ناڕەواكانی ناوخۆی یەكێتیەوە. ئێستاش بۆ ئەوەی بتوانین لەم تونیلە تاریكە بێینە دەرەوەو جارێكیتر یەكێتی هەڵسێنینەوە هیچ بژاردەیەكمان لەپێشدا نیە تەنها بەستنی كۆنگرەی چوارەمی حزب نەبێت ، ئەویش كۆنگرەیەك كە یەكانگییر بێت لەگەڵ پەیڕەوی ناوخۆی حزب، چونكە دواكەوتن لەم ئەركە هیچ شەرعیەتێك ناهێڵێت بۆ سەركردایەتی ئێستای یەكێتییەوە. ئەبێ ئامانجی سەرەكیمان لەم قۆناغەدا بەستنی ئەو كۆنگرەیە بێت بۆ ئەوەی یەكێتی ئامادەسازییەكی باش بكات بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوی هەرێم و عیراق ، تا بتوانێ بەرنامەیەكی تۆكمەی دوور لەبەرژەوەندی تایبەتی هەندێ كەس دابڕێژێ ، كار بكات بۆ دامەزراندنی ناوەندێكی دەستەجەمعی بۆ بەڕێوەبردنی حزب كە كێشەكان چارەسەر بكات و كار بكات بۆ دامەزراندنی حكومەتێكی تازەی هەرێم كە بتوانێ خزمەتی هاوڵاتیان بكات و داخوازییەكانیان دابینبكات ،پرۆژەكانی پەرەپێدان لەبوارەكانی پەروەردەو تەندروستی بخاتەوە گەڕ، كار بكات بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی گوزەرانی خەڵكی بەشمەینەتی كوردستان.
مایەی نیگەرانییە تا ئێستا هیچكام لەو لیستانەی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەكان ئامادەكردوە،بەرنامەیكی روونیان نیە سەبارەت بە ئامانجەكانیان، رەنگە هۆكاری ئەمەش ئەوە بێت كە زۆربەیان بەپەلەپرووزی لەماوەیەكی كەمدا دامەزراون، ئەمەش بەڵگەی ئەو بێ بەرنامەیی ئەم لیستانەیە.
وەك پەرۆشیم بۆ مانەوی رۆڵی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەم قۆناغە هەستیارەدا لەسەر هەردو ئاستی نیشتمانی و دەولیشەوە ، پێموایە كاریگەرترین هەڵوێست بۆ گێڕانەوەی ئەم رۆڵە چاوەڕوانكراوەی یەكێتی بەستنی كۆنگرەو هەڵبژاردنی دەستەیەكی نوێی سەركردایەتیە بۆ حزب ، ئەمەش رەنگدانەوەی باشی ئەبێ بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانو سەرلەنوێ هەڵسانەوەی یەكێتی، ئەگەر بكرێ كۆنگرەیەكی نائاسیی بەزوترین كات ببەسترێ بەبەشداری رێكخراوەكانی حزب ، لەگەڵ بەشداری پێكردنی ئەندامانی ئێستای سەركردایەتی حزب بە مەكتەبی سیاسیشەوە جگە لەوانەی بەئارەزوی خۆیان رێزەكانی حزبیان جێهێشتوە، هەروەها بەشداریپێكردنی گشت نوێنەرانی یەكێتی لەهەردو پەرلەمانی عیراق و هەرێم و ئەندامانی مەكتەبەكانی حزب و كادیرە پێشكەوتوەكان و، بەشێك لەكەسایەتیە شۆڕشگێڕەكان و كەسایەتی ئەكادیمی ودڵسۆزی یەكێتی، لەم كۆنگرەیەشدا دەستەیەكی نوێی 20-30 كەسی هەڵبژێردرێ و كارەكانی حزب بەسەریاندا دابەشبكرێ بە شێوەی دەوری كارەكان بەڕێوە ببەن.
وەزعی كوردستان زۆر نالەبارە، ئەمەش هەموی بەهۆی هەڵەی سەركردەكانەوەیە، لەلایەكی تریشەوە بەهۆی سیاسەتە چەوتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ومامەڵەكردنی لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عیراقەوەیە، هەڵبەت بەرپرسیاریەتی گەورەبونی ئەم كێشانەش لەئەستۆی هەردو لایەنی هەرێم و بەغدایە، كە بەبێ گوێدانە بەرژەوەندی هاوبەشیانەوە كێشەو گرفتەكانی نێوانیان كەڵەگە كردو بێ چارەسەر هێشتیانەوە، ئەمە جگە لەوەی كێشەی موچەو بودجەو نەمانی خزمەتگوزاری رۆژ لەدوای رۆژ قووڵتر كردەوە. بۆیە ئەم وەزعە نالەبارە داوامان لێئەكات یەكێتی نیشتمانی هەڵسێنینەوە بۆ ئەوەی كارێك بكات حكومەتی هەرێم بەخۆیدا بچێتەوەو هەڵە سیاسیەكانی راستبكاتەوەو ، هەوڵی خۆی نوێكردنەوە بداتەوە ئەویش لەرێگەی هێنانی خەڵكی پسپۆرو شارەزاو لێهاتو بۆ ناو حكومەت بۆ ئەوەی بتوانن قۆناغەكە بگوازنەوە بەرەو چارەسەری ، بەتایبەتیش چارەسەر كردنی ئاكامە خراپەكانی ریفراندۆمەكەی هەرێم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت