رەزا شوان: گەورەترین ناپاکی ناپاکیکردنە لە کوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کوردستانی جوانمان، بە زەوی ئاسمانییەوە، بە شاخ و گرد و دەشت و دۆڵییەوە، بە ئاو و دار و بەرد و خاک و خۆڵییەوە، بە گوڵ و گوڵزارییەوە، بە کوێستان و گەرمانییەوە، بە باکوور و رۆژهەڵات و باشوور و رۆژئـاوایەوە، نیشـتمانی پیـرۆزی ئێمەی کوردە، جێی هەزاران ساڵی باوباپیرانمانە.. کوردستان جوگرافیا و مێژوومانە، رابردوو و ئێستا و داهاتوومانە، تا ئەوپەڕی خۆشەویستی خۆشـمان دەوێ، هەمیشە وا لە نـاخی دڵ و دەروونمانە، لە بیر و هۆش و خەیاڵمانە، بۆتە وێردی شیرینی هەمیشەی سەر زارمان.
کوردستان پێناسە و ناسنامەمانە، خوێن و هەناسەمانە، سەربـەرزی و شکـۆداری و سەروەریمانە.. کوردستان ئابڕوومانە، دایک و باوک و خوشک و برا و خۆشەویست و کەسوکارمانە، سامان و سەرمایەمانە.. کوردستان هەموو شتێکمانە.
سۆز و پەرۆش و خۆشەویستی و دڵسۆزی و هاوبەستەبوونمان بۆ کوردستان، سۆز و ئەڤین و خۆشەویستییەکی قووڵی رەمەکییە، هاوبەستەبوونێکی رەگ بەهـێز و قـەد ئەستوورە، کە هەرگیز داگیرکەران و دوژمنانی کورد و کوردسـتان نەیان توانیوە و ناتوانن ئەم خۆشەویستییە لە هۆش و دڵمـاندا دەریبهێـنن یا کاڵی بکەنەوە.. چونکە خۆشەویستی کوردستان چۆتە خوێنمانەوە.. کوردستان بووە بە گروپی خوێنمان.. وەکو شاعیری گەورەی گەلەکەمان (عەبـدوڵڵا گـۆران)ی نەمر دەڵێ:
کوردســتان: جێــگـامی جـێی هـــەزار سـاڵەم
پەروەردەی ئەم دۆڵ و سەر لووتکە و یـاڵەم
عەشـقی تـۆ ئەی دایـکی خـۆم و هــاوخــوێنم
هـەر لـە پشـــتی بـاوکـــا چــــووە هــــــەوێنم
ئەشـــچێـتە هــــەوێـنی کـــــوڕ و کـــــــوڕەزا
تـا کـــورد مـــابێ لـە چـیـــــــای بـــــــــــەرزا
هەموومان قەرزاری کوردستانین، ئاوی شیرینیمان نۆش کرد، هەوای پاکیمان هەڵمژی، لە بەروبوومی زۆر وزەبەندیمان خوارد، لە باوەشیدا لە دایکبووین و گۆش و پەروەردە کراین، بە دیمەنی سروشتی قەشنگ و دڵڕفێنی چاومان هەڵێنان و حەیـران و مەستی بووین.. کوردستانە قەڵغان و سەنگەرمانە بۆ بەرگری و خۆپاراستن لە داگیرکەران.
بۆیە بەرگریکردن لە کوردستان، ئەرکێکی پێویست و زۆر پیرۆز و رەوشتیی هەموو کوردێکە، راستە ژیـان شیرینە، خـوێن بەنـرخە، بەڵام لە ژیانمان شیرینتر، لە خوێنمان بەنرختر، کوردستانمانە.. بەبێ کوردستان بوون و مانمان هیچ واتایەکی نییە، ژیانمان هیچ چێژ و خۆشییەکی نییە، دنیاش لەبەرچاوماندا هیچ جوانییەکی نییە، شوێنێکیش نییە لە جیهاندا کە جوانتربێ لە کوردستان.. کوردستان بە دنیا ناگۆڕینەوە.
لووتکەی دڵسۆزی و خۆشەویستی و ئەمەکداری و بەخشینیش، قوربانیدانە لە پێناوی بەرگریکردن لە کوردستانی شیرینمان، بە هەزاران کوردستان پەروەری دڵسۆزمان شەهدبوون و گیانیانی خۆیان بەخشی بە کوردستان و بوونە مایەی ڕێز و شانازی بۆ گەلەکەمان.. تا هەتایە بە شانازییەوە یادیان دەکەکرێنەوە و بەڕێزەوە ناویان دەهێنن.
(هۆمیرۆس) دەڵێ:” لە دنیادا هیچ شتێک لە خاکی نیشتمان شیرینتر نییە”
(پیرەمێرد)ی نەمریشمان دەڵێ:
کـــــاولەکەی وەتـــەن هــــێندە شیـیرینە
ژاری دووپـشکی عـــەربەت هەنــگوینە
(جیڤارا)ش دەڵێ:” نیشتمانەکەم فێری کردم.. کە خوێنی شەهیـدانە.. سنووری نیشتمان دیاری دەکات”
سۆز و پەرۆش و خۆشەویستیمان بۆ کوردستانی نیشتمانمان، هێندە لە ناخمدا گەورە و بێ سنوورە، رەنگە نەتوانین بە نووسین و هـۆنراوە و چیرۆک گوزارشتی لێبکەین.
کە پەرلەمانتاری کوردمان بەڕێز (عوسمان بایدەمیر) ناوی کوردستانی هێنا، تورکە رەگەزپەرستەکان، چاویان چووە پشت سەریان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لە ناو هۆڵی پەرلەماندا بە رقەوە وتی:” کوردسـتان لە کوێیە؟” عوسمان بایدەمیریش دەستی خستە سەر دڵی خۆی و سێ جار وتی: ” کورددستان لە ناو دڵمان دایە” راستە کوردستان لە ناو دڵمان دایە و هەرگیز داگیرکەرانی کوردستان، ناتوان دەریبکەن.
بەڵام لە هەموو کات و شوێنێکدا، لە نێو هەموو گەلێکدا، کەسانێکی لە رێدەرچـووی هەلپەرست و خۆپەرست هەن، کە تەنیا بیر لە ژیانی خۆیان دەکەنەوە، گوێ بە ئازار و نەهامەتییەکان و کارەساتەکانی گەلەکەیان نادەن، گوێ بە دەستدرێژی و ستەم و ئەو مەترسییانەش نادەن کە لە لایەن داگیرکەران و دوژمنانەوە رووبەڕووی نیشتمانەکەیان دەبنەوە، ئەم جۆرە کەسانە هیچ خۆشەویستی و دڵسۆزی و هـاوبەستەبوونێکیان بۆ گەل و نیشتمانەکەیان نییە، لەمەش خراپتر و مەترسیدارتر، ئەوەیە وەکو گوڵنین، کەچی بوونەتە دڕک و چەقیونەتە جەستەی گەلەکانیان.. ئەمانە ئامادەن بۆ پارە و دەسەڵات و پایە و بۆ بەرژەوەندی کەسێتییان، ئەوپەڕی ناپاکی لە گەل و نیشتمانەکەیاندا بکەن، خۆیان و ویژدانیان و رەوشتیان و مرۆڤایەتییان بە داگیرکەران و بە دوژمنانی گەل و نیشتمانەکەیان بفرۆشن، سیخوڕی لەسەر گەلەکەیان بکەن و بە ئاشکرا و بە نهێنی زانیاری گرنگ و مەترسیدا بە داگیرکەران بفرۆشن.. ئامادەن نۆکەری و تانە و لۆمە و سەرشۆڕی و شەرمەزاری و سووکایەتی قبووڵ بکەن.
ناپاکی پەتایەکی زۆر مەترسیدارە و، کارەساتی زۆری لێدەکەوێتەوە.. ناپاکی جۆری زۆرە، وەکو ناپاکی هاوسەرگیری، ناپاکی هاوڕێتی، ناپاکی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە، ناپاکی دەسەڵات،… هتد، بەڵام گەورەترین و پیسترین و ناپاکـترین ناپـاکی، ناپاکیکردنە لە نیشتمان.. کە بە گەورەترین تاوان دەرهەق بە گەل و نیشتمان دادەنرێت. لە هەموو یاساکانی گەلانی دنیادا، لە ناپاکی نیشتمان نابوورن و بەر هیچ لێبووردن و بەخشینێک ناکەوێت و قورسترین سزا دەدرێت.
بێگومان مێژووی گەلی کوردیشمان بەدەر نییە، لە لاپەڕە رەشەکانیدا، ناوی چەندین ناپاکی نیشتمان و خۆفرۆش و کوردستان فرۆش و جاش و نۆکەر و سیخوڕ و، چاوساغ و کڵاوسووری پێش لەشکری داگیرکەر و دوژمنانی کورد و کوردستان تۆمارکراون، کە بۆ پارە و پایە و دەسەڵات، یارمەتی دوژمنانی گەلەکەمان و داگیرکەرانی کوردستانیان داون و پێشیان کەوتن و رابەریان بوونە و، لوولەی تفەنگەکانیان کردوونەتە گـەل و نیشتمانەکەیان، یا زانیاری نهێنی و مەترسیداریان بە داگیرکەران فرۆشتوون.. رۆڵێکی زۆر ناپاکیان بینیوە لەو کارەساتە خوێناوییانەی کە بەسەر گەلەکەماندا هاتوون.. زۆر بەداخەوە، کە ئەم جاش و خۆفرۆش و نۆکەر و ناپاکانە هۆکارێکی سەرەکی بوونە لە شکستییەکانی شۆڕشەکانی گەلەکەماندا.. پەندێکی ئیرلەنـدی هەیە. دەڵێ:
“بوونـی شـێرێكی دڕنـدە لە پێشەوە بێت.. باشـترە لە بوونی سەگێکی ناپاک کە لە دواتەوە بێت”
ناپاکی کوردستان، ئەوە کوردە ناپاکەیە، کە ناپاکی لە کورد و کوردستان بکات، چ بە نهێنی یا بە ئاشکرا هاوکاری داگیرکەرانی کوردستان بکات، سیخوڕی بکات و زانیاری و نهێنیی مەترسیدار بە داگیرکەران بگەیەنێت، هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی داگیرکەران پێیان بخەنە کوردستانەوە و داگیری بکەن.. ناپاکانی نیشتمان فرۆش، شایانی ئەوە نین کە لە کوردستاندا بژین و بمێننەوە.. نابێت چاو لە ناپاکی و لە تاوانەکانیان بپۆشرێت و لێیان ببوورن، پێویستە قورسترین سزا بدرێن، سەر بە هەچ لایەنێکبن، لە پاڵی هەچ حیزبێکدا بن.. هەچ لایەنێک بیان گرێتە خۆیان و چاوپۆشی و پەردەبۆشی لە ناپاکی و لە کارە قێزەوەنەکانیان بکەن ئەو لایەنەش بە هاوناپاکی دادەنرێت.. چونکە ئەم ناپاکانە زیانێکی زۆر گەوریەیان بە چارەنووسی ئەمـڕۆ و بە داهـاتووی کـورد و کوردستان گەیاندوون، رەشوڕووتی گەلەکەمان باجێکی زۆر قورسی ناپاکی و تاوانانەکانی ئەم ناپاکانە دەدەنەوە.. نابێت ئەم ناپاک و نیشتمان فرۆشانە، وەکو بەرزەکی بانان بۆی دەرچن و هیچ لێپرسینەوەیەکیان لەگەڵدا نەکرێت.. هیچ بیانوو و پاکانەیەک بۆ ناپاکیان لێ قبووڵ ناکرێن، ناپاکیش وەکو پەڵەیەکی قێزەوەنە بە ناوچەوانیانەوە کە تا هەتایە دەمێنێت و بە نەشتەرگەریش لێیان نابێتەوە، دوای مردنیشیان هەر بە ناپاک ناودەبرێن.
ناپاکان شایەنی ئەوەن کە رۆژی هـەزار جار نەفـرەت و تـف و بـەردباران بکرێن.. بۆ ئەوەی ببن بە پەند بۆ کەسانی تری هـاونیاز.. بۆ ئەوەی هاوشێوەی موشـیر ئاغـا و مەلای خـەتی و ئەرشەد زێباری و… دووبارە نەبنەوە. ناپاکان شایەنی ئەوەش نین کە بشمرن، خاکی پیرۆزی کوردستان جەستەی پیسیان بگرێتە خۆێ.
(ناپلـیۆن پۆناپـارد) دەڵێ:” نەمتوانی ئیسپانیا بگرم چونکە جاشیان نەبوو”
پێش ئەوەی کە (هیتلـەر) بمرێت، لێیان پرسی: هیچوپوچترین کەسانێک، کە لە ژیاندا چاوت پێکەوتوون کێن؟ لە وەڵامدا وتی:” هیچوپوچترین کەسانێک کە لە ژیانمدا چاوم پێکەوتوون، ئەو کەسانەن کە بۆ داگیرکـردنی نیشتمانەکانیان یارمەتیان دام”
ناپاکانی نیشتمان کە خۆفرۆش و بەکرێگیراون، تەنانەت ئەو لایەن و داگیرکەرانەش کە بە بەکرێان گرتوون و سیخـوڕی و نۆکەریان بۆ دەکەن.. ئەوانیش بە هیچوپووچ و بە بێنرخییان دەزانن.. رقیان لێیانە و بە چـاوێکی سووک و بێـڕێزییەوە لێیان دەڕوانـن.
بۆ نموونە: چیرۆکی ( ناپلیـۆن و ئەفسەرێکی ناپـاکی نەمساوی) تان بۆ دەگـێڕینەوە.
(ناپلیۆن) لە شەرەکانیدا بۆ گرتنی نەمسا، لەبەر سەختی تۆبۆگرافیای نەمساوە شکستی هێنا و نەیتوانی بیگرێت.. بیریان لەوە کردەوە کە بە پارە نۆکەرێکی نەمساوی بکڕن و سیخوڕیان بۆ بکات و لەسەر سوپای نەمسا زانیاری لێوەربگرن. توانیان ئەفسەرێکی نەمساوی بە پارە رازی بکەن.. ئەفسەرە ناپاکەکە نهێنی و زانیاری زۆر مەترسیداری دەربارەی شوێنەکان و جۆری چەک و ژمارەی چەکدارانی سوپای نەمسای بە سوپای فەرەنسی دا، ئەوەشی پێ وتن کە کە لە نێوان دوو چیای نزیکی سوپای فەرەنساوە، سوپایەکی کەمی نەمساوی لێیە و چەکی قورسیان پێ نییە، گەر ئەو لەشکرگایە بگرن دەتوانن بە ئاسانی بچنە ناوەندی نەمساوە. سوپای فەرەنسی سوودێکی زۆریان لە نهێنی و زانیارییەکانی وەرگرت.. بە هێزێکی زەبەلاحەوە، لە شەوێکدا، لە ناکاودا هێڕشیان کردە سەر ئەو لەشکرگایە و بە ئاسانی گرتیان.. لەوێشەوە چوونە ناوەندی نەمسا و لە ماوەیەکی کەمدا هەموو نەمسایان گرت.. کە بارودۆخی فەرەنسا ئارام بۆوە ئەو ئەفسەرە سیخوڕە ناپاکەکەی نەمسا، کە رۆڵێکی ناپاکی هەبوو لە بەدەستەوەدانی نەمسا چوو بۆ فەرەنسا، چوو بۆ کۆشکەکەی ناپلیۆن بۆ وەرگرتنی کرێی ناپاکییەکەی کە گەیشتە بەردەم (ناپلێۆن)، ناپلیـۆن (گۆزیەک زێڕ)ی بۆ هەڵدایە سەرزەوییەکە.. ئەفسەرەکە وتی:”بەڵام دەمەوێ بەختی ئەوەشم هەبێت، کە تەوقە لەگەڵ دەستی ئیمبراتـۆردا بکەم” ناپلیۆن وەڵامی دایەوە:”ئەم زێڕە بۆ کەسانێکی وەکو تۆیە، بەڵام دەستی من تەوقە لەگەڵ کەسانێکی وەکو تۆ ناکات، کە ناپاکی لە نیشتمانەکەی بکات” ئەفسەرە سیخوڕە نەمساوییەکە، زێڕەکەی هەڵگرت و بە سەرشۆڕییەوە چووە دەرەوە.
ئەفسەرە پلە باڵاکانی فەرەنسا کە لەوێدا ئامادەبوون.. ئەم هەڵوێستەی ناپلێونیان پێ سەیربوو، چونکە ئەو ئەفسەرە یارمەتی و هاوکارییەکی زۆری کردن و هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ سەرکەوتنیان و بۆ داگیرکردنی نەمسا، بۆیە لە ناپلیۆنیان پرسی بۆ بەو شێوەیە رەفتاری لەگەڵدا کرد؟ ناپلیۆن بە وتەیەکی مێژوویی زۆر جوان و بەجێ وەڵامی سەرکردەکانی دایەوە و وتـی:”ناپـاکی نیشـتمان، وەکو ئەو دزە وایـە کە دزی لە سامانی بـاوکی دەکات و دەرخـواردی دزەکانی دەدات.. نە باوکی لێیدەبوورێت، نە دزەکانیش سوپاسی دەکەن”
نیشتمان هەرگیز ئەم ناپاک و خۆفرۆش و سیخـوڕ و جـاش و بەکرێگیراوانە لە بیر ناکات، کە دەستێکەڵی دوژمنان و داگیرکەرانی نیشتمان بوون.. هەرگیز لە سزای گەل رزگایان نابێت.. هەرگیزیش مۆری ناپاکییان لێنابێتەوە.
کـورد دەڵێ:”سەد ساڵ بکەیت بێگانە پەرستی.. دوایی هەر دێنیت نشوستی”
دەشڵێ:”هـەزار کـراس بـدڕە بـە پـاکی.. کـراسێ مـەدڕە بـە پیسی”
ئەو ناپاکانەش دیارن کە کێن، وەکو دەڵێن:” دار هـەڵبڕە سەگ دز دیـارە”

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت