شه‌ریف هه‌ژاری: ده‌كرا له‌ یادكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌دا، جینۆسایدی سه‌ر عه‌فرین كاری له‌سه‌ر كرابا!‌

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

یادکردنەوەی ساڵانەی کارەساتی ھەڵەبجە، چەکێک و کارتێکی کاریگەرە گەر کورد بە تێفکرینەوە بزانێت چۆن دەیکاتەوە. چونکە دەبێتە ھۆی بەرەوپێش بردنی دۆزی کورد، بەڵام تاکەی ئەم شێوازە تەقلیدییە بۆ ئەو یادە دەگرنەبەر، ئه‌مه‌ پرسیاره‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌یه‌! له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تا به‌و شێوازه‌ یادی جینۆسایدی هه‌ڵه‌بجه‌ بكرێته‌وه‌، ئه‌وا سودێكی كاریگه‌ری وه‌های نابێت بۆ به‌ره‌وپیشبردنی دۆزی كورد به‌گشتیی و، خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌تایبه‌تی.
ئەبێت ساڵانە لە یادی کیمیابارانی ھەڵەبجە دا، تەرکیز بخرێته‌ سه‌ر دۆزی کورد لەوساتەدا، پاشان بەپێی پێویستی قۆناغەکە دروشم و پلانی یادکردنەوەکە دابڕێژیت، نەک دروشمێک بکەیتە سیمبولی یادکردنەوەکە کە پێچەوانە بێت لەگەڵ واقیع دا!
بۆ نمونە: دروشمەکه‌ی ئەمساڵ ئەمەیان داناوە: (جینۆسایدی ھەڵەبجە: ستەمکاریی ھەرەس پێ ھێنا!). ئاخر کەی ئەم دروشمە لەگەڵ زروفی ئێستای کورد یەک دەگرێتەوه‌!؟
باشه‌ ئه‌گه‌روایه‌ كه‌: (جینۆسایدی ھەڵەبجە: ستەمکاریی ھەرەس پێ ھێنا!!)، ئەی ئەو ھەمو خەڵکە بێ-ئاگابوون لە جینۆسایدكردنی عەفرین كه‌ ڕێك لە ھەمان سات دا پاكتاو ده‌كرێن!؟ ئایا ستەمکاریی تەنھا لە سەدام دا کورت ئەکرێتەوە!؟
ئایا جینۆسایدی ھەڵەبجە نەبووە ھۆکارێک کە داگیرکەرانی (فارس و تورک و عەرەب) ھەمان ڕێگا بگرنەبەر بۆ کشتوبڕی گشتیی کورد، وەک ئێستا ئەردۆغان و ئەسەد-پاسداران دەیکەن!؟
ئایا ستەمکاریی ئەوە ناگرێتەوە کە حەشد لە جەلەولا ئێستا دژی کورد پراکتیزەی ئەکات!؟
ئایا ستەمکاریی بڕینی قوتی خەڵک ناگرێتەوە کە دەوڵەتی عێراقی (بانگێشتکراو بۆ یادی ھەڵەبجە ) ده‌مێكه‌ دژی کورد ئەنجامی دەدات!؟
دەبوو لە بری ئه‌و شێوازه‌ بۆ یادکردنەوەی ھەڵەبجە، ھەمووان لە شارە جیاكانی کوردستانەوە بە ڕێ پێوان ببچونایەتە بەردەم بارەگاکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و کنسولەکان له‌ شاره‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی، ده‌بوو كه‌سوكاری قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌ و برینداره‌كان به‌ پاس ببرانایه‌ته‌ به‌رده‌م باره‌گای نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ هه‌ولێر و قنسوڵی ولاتان و، دروشمتان بکردبایەتە: (لە ڕۆژی جینۆسایدی ھەڵەبجە دا، بە بەرچاوی جیھانەوە عەفرینیش جینۆساید ئەکرێ!؟)، یاخود دروشمتان بكردبایه‌ته‌: (بێ ده‌نگی جیهان بۆ جینۆسایدی هه‌له‌بجه‌، وایكردووه‌ عه‌فرینیش جینۆساید بكرێت!).‌
ھەڵەیەکی ئێجگار گەورەیە کە ستەمکاریی تەنھا لە دەسەڵاتی سەدام حسێن دا کورت بکرێتەوە!؟
ئەی سوپای پاسداران کە ھاتە شارەکەوە دەستی سەدان ئافرەتی کوردیان بە مردوویی نەبڕی لە پێناو بازنە ئاڵتونەکانیان، ئەی ھەزاران ماڵیان تاڵان نەکرد؟
ئەی سوپای پاسدارانیش ھەزاران ماڵیان بە تی ئێن تی نەتەقاندەوە!؟
ئەی نابینن ئەسەد ئێستا چی بە کورد ئەكات!؟
ئەی بابینن ئێستا ئەردۆگان چی بە عەفرین دەکات!؟
ئەی نابینن کۆماری تیرۆر و سێدارە چی لە کوردانی خۆرھەڵات دەکات!؟
پێموایه‌ ئه‌مساڵ زۆر گرنگ بوو یادكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ جینۆسایدی عه‌فرینه‌وه‌ پێكه‌وه‌ گرێدرابان، چونكه‌ له‌ هه‌مان سات دا عه‌فرین پاكتاو ده‌كرێت.
یه‌كه‌م: ده‌بوو لە ڕوی دروشمەوە بنووسن: (جینۆسایدی ھەڵەبجە و بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەولەتی، وای کرد ئێستاش عەفرین جینۆساید بکرێت!).
دووەم: لە ڕووی پراکتیکیشەوە، ھەمووان له‌ شاره‌كانه‌وه‌ (به‌تایبه‌ت له‌ هه‌ولێر و سلێمانییه‌وه‌) بە ڕێپێوان بچوونایەتە بەردەم باره‌گای نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و كنسولی ولاتانی زلهێز، بریندار و كه‌سوكاری قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌ش به‌ پاس ببرانایه‌ و، به‌ ده‌نگی به‌رز داوای وه‌ستانی جینۆسایدی عه‌فرینیان كردبا، نه‌ك ئه‌وه‌ی یادی كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ هۆڵێكی هه‌ڵه‌بجه‌ و به‌ قسه‌ و دروشم بڕازێنرێته‌وه‌ و بچوك بكرێته‌وه‌، چونكه‌ گرنگی ئه‌و یادكردنه‌وانه‌ لای گه‌لانی زیندوو ئه‌وه‌یه‌: چۆن ساڵانه‌ سود له‌و یادكردنه‌وانه‌ بۆ گه‌له‌كانیان وه‌رگرن!؟
لە بنەڕەت دا، جینۆسایدی ھەڵەبجە لە لایەن سەدامی دڕندەی عەفلەقییەوە، بوویە سەرەتای ھەنگاوێک کە داگیرکەرانی دیکەی بەشەکانی تری کوردستان دەیانجۆر چەکی مۆدێرن بۆ قاتوقڕکردنی کورد تاقی بکەنەوە.
چونکە تا ئێستاش کۆمەڵگەی نێودەولەتی بێ دەنگە، چونکە تاکو ئێستاش دەوڵەتی عێراقی (سەر کاغەز) داوای لێبوردنی لە خەڵکی ھەڵەبجە نەکردووە و قەرەبووی قوربانیانی نەکردۆتەوە، چونکە تاکو ئێستاش بریندارانی چەکی کیمیایی ڕۆژانە بێ چارەسەر لە ھەڵەبجە بە دەم ئازاری زۆرەوە گیان لە دەست دەدەن، چونکە تاکو ئێستاش داگیرکەرانی کوردستان جینۆسایدمان ئەکەن و عەفرین نموونەی بەردەستە!
یادکردنەوەی کیمیابارانی ھەڵەبجە گەر تیفکرین تێیدا بخرایەتەکار دەکرا لە ئەمساڵ دا بەتایبەت بۆ کەیسی جینۆسایدی ئەم ڕۆژانەی عەفرین کاریگەردانەر بێت لەسەر کۆمەڵگەی نێودەولەتی ، بەڵام ئەویش لە کیس درا!
لە حەقیقەت و لە کردەوەش دا، جینۆسایدی ھەڵەبجە و بێ دەنگی کۆمەڵگەی نێودەولەتی لێی، بووە سەرەتایەک بۆ جینۆسایدی دڕندانه‌ی کورد لە گشت بەشەکانی تریش دا به‌ چه‌كی مۆدێرن!
ئیدی به‌سه‌، یادكردنه‌وه‌ی كاره‌ساته‌ گه‌وره‌كانی وه‌ك كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌، ده‌بێت به‌ شێوازێك بكرێنه‌وه‌ كه‌ کاریگەری بۆ دۆزی کورد ھەبێت، ئەکرا ئەمسال یادی کارەساتی ھەڵەبجە لە گشت ناوچەکانی کوردستان و لە ئەوروپا و ئەمریکاش بە جۆرێ بووایە کە كاریگەری لەسەر وڵاتان بکردبایە (با کاریگەرییەکی کەمیش بێت) لە بارەی جینۆسایدی عەفرینەوە!
به‌ڵام ئه‌مه‌ش له‌ ده‌ست درایه‌وه‌، تا شێوازی یادكردنه‌وه‌كان هه‌ر كلاسیكی بن و له‌ هۆڵێكی داخراو دا به‌ وتار و دروشمی بریقه‌دار و ده‌عوه‌تكردنی سه‌رانی فاشیستی به‌غدا بكرێته‌وه‌، نه‌ سود به‌ دۆزی كورد ده‌گه‌یه‌نێ و، نه‌ داگیركه‌رانیش سڵ له‌ جینۆسایدی دیكه‌ی كورد ده‌كه‌نه‌وه‌.
با داگیركه‌ران زۆر به‌ ڕونی باش ئه‌وه‌ بزانن، كه‌: به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك كورد نامرێ و كۆتایی نایێ!
هه‌ركاتێ داگیركه‌ران توانییان شاخه‌كانی كوردستان له‌ت له‌ت بكه‌ن، ئه‌و كات ئه‌كرێ بتوانن نیشتیمانی كوردستان، پارچه‌ پارچه‌ بكه‌ن.
هه‌ر كاتێكیش داگیركه‌ران توانیان چیاكانی كوردستان بتوێننه‌وه‌، ئه‌وكات ڕه‌نگه‌ بتوانن نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌ ته‌واوی بنبڕ و پاكتاو بكه‌ن!

وێنه‌كه‌: باوكێكی كورده‌‌ كه‌ له‌ (16-3-2018) منداڵه‌كانی له‌ جینۆسایدی عه‌فرین دا شه‌هید كراون و، دڵی نایه‌ت ته‌رمه‌كانیان جێ بهێڵێت!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت