عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: دەربارەی ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆی حکومەت/ پێشینان دەڵێن: ئەگەرییان چاند سەوز نەبوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەناو حکومەتە شکستخواردوەکەی هەرێم لەڕاگەیەنراوێکی چەند دێڕیدا، دەڵێ ئەگەر بەغدا مانگانە پارە بنێرێت ئەوا دەستکاری سیستمی پاشەکەوتی موچەدەکەین . دیارە کە
ئامانج و مەبەستی سەرەکی لەم ڕاگەیەندراوەی حکومەت تەنها کپکردنەوەو درێژەنەکێشانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی فەرمانبەران بەگشتی و مامۆستایان و تەندروستکارانە بەتایبەتی کەلەئێستادا چۆتەقۆناغێکی بەرفراوانترو زۆرێک لەشارو شارۆچکەکانی گرتۆتەوە.

بۆیەزۆر بەسادەیی لەم بەناوحکومەتە دەپرسین:
1- بەکارهێنانی وشەی( ئەگەر ) گومانی تەواو دروستدەکات لەوەی کە حکومەت بەنیازنیە کۆتایی بەسیستمی پاشەکەوت بهێنی، واتا گەر بەغداش مانگانە زیاتر لە (317)ملیارد دیناریش بنێرێت ئەوسا دەستکارییەکی سیستمی پاشەکەوت دەکات کەبەنایاسایی سەپاندویەتی بەسەر فەرمانبەراندا.
2- بۆچی لەئێستادا ڕاست و دروست پێمان ناڵێن کە داهاتی فرۆشی نەوت بەبۆری و بەتانکەر چەندە ؟ هەناردەی نەوت چەندە؟ داهاتی ناوخۆ جەندە؟
بۆدەیخەنە چەند ڕۆژێکی تر یان مەبەستی ڕاگەیەنراوەکەتان تەنها بۆ کپکردنەوەو کۆتایهێنانی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانە. گەر بەتەنگ پڕۆسەی پەروەردەو سێکتەری تەندروستیەوە بوایەن ئەوا لانی کەمی کەمتر لەنیوەی ئەو پارەیەی کەدەیدەنە کۆمپانیاکانی نەوت بدرایەتە ئەودوو سێکتەرە گرنگە، ئەوا کێشەوگرفتەکانیان هەر زووچارەکرابوون.
3- ئێوە بیرتانە کاتێ کەلە غیابی پەرلەمانی کوردستاندا کەهەر خۆتان دەرگاکەیتان کڵۆم دابوو، بیدعەی سیستمی پاشەکەوتی موچەتان داهێناوبەبڕیاری ژمارە (64)ی ئەنجومەنی وەزیران لە(03- 02- 2016 )سەپاندتان بەسەر فەرمانبەراندا نرخی بەرمیلێک نەوت تەنها (27)دۆلاربوو، وەلەیەکێک لەخاڵەکانی بڕیارەکەتاندا بەڕوونی ئاماژەتان بۆئەوەکردبوو کە مانگانەو بەپێی بەرزبونەوەی نرخی نەوت گۆڕانکاری لەسیستمی پاشەکەوتی موچەدا دەکرێت، بەڵام نرخی نەوت نەک زیادیکرد بەڵکو بەبەراورد بەوکاتەی بڕیارە نایاساییەکەتان خستەبواری جێبەجێکردنەوە نرخەکەی لە(100٪) زیاتربەرزبوەتەوە کەچی هیچ گۆڕانکارییەکتان تێدا نەکرد بۆیە ئێوە متمانەتان لای فەرمانبەروکەسی دیکەش نەماوەو نەدەشمێنێ. چونکە ئێوە پابەندی بڕیارێکی خۆتان نەبوون کەدەرتانکرد ئایا چ گرەنتیەک هەیە پابەندی ئەگەرێکی بەغدا ببن.
بۆیە پێویستە ناڕەزاییەکان فراوانتربکرێت لەدوو ڕوەوە یەکەمیان سەرجەم فەرمانبەران وتوێژەکانی تر بەچڕوپڕتری بەشداری بکەن، و هەموو شاروشارۆچکەکانی تری هەرێمیش ببنە پاڵپشت و پشتیوانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی فەرمانبەران، چونکە بەردەوامبونی سیستمی پاشەکەوتی موچە تەنها زیان ناگەیەنێت بەفەرمانبەروموچەخۆران، بەڵکو کاریگەری تەواوی کردۆتە سەر هەموو چین و توێژە جیاوازەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردی لەدەستگێڕێکەوە تادەگاتە بازرگانێکی ڕاستەقینەی بەویژدان.
وەهیچ بیانوو بەهانەیەکیش نەماوە تاکو حکومەت بیهێنێتەوە بۆ بەردەوامبونی سیستمی بەناوپاشەکەوتی موچەو هەمووی بونە بڵقی سەرئاو، چونکە شەڕی داعش کۆتایی هات، نرخی نەوت بەرزبۆتەوە، زۆرینەی ئاوارەکانی شاروشارۆچکەکانی عێراق گەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان، عێراق دەستیکرد بەناردنی بڕە پارەیەکی باش.
بۆیە پێویستە فەرمانبەران و موچەخۆران جگەلەوەی متمانە نەکەن بەو ڕاگەیەندراوەی حکومەت، نابێت ساردیش ببنەوە لەهەوڵەبەردەوامەکانیان چونکە ئەم دەسەڵات و حکومەتە بۆتە مەلەوانە درۆزنەکەو هەرگیز باوەڕی پێ ناکرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت