Fatih-Hesen

فەتاح حەسەن: چوار کورتە چیرۆك.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەنەوشە

دەمێك بوو خولیای وەنەوشە بوو، کە دەیبینی واقی وڕدەما، نەیدەزانی چۆن وەسفی بکات، سەری بادەدا و دەیوت بەخوا. جوانە، جوان چییە..؟ بەخوا لە جوانیش جوانترە، زۆر بە ئاواتی دەخواست ببێت بە نسیبی، ماوەیەکی پێچوو هاوسێکەیان هێنای، کە لەبەر دەرگا دەیبینی سەیرێکی دەکرد و ئاخێکی قوڵی بۆ هەڵدەکێشا، ئەمڕۆ برستی لێبڕا، لەدەرگای ماڵی هاوسێکەیانیدا کوڕێکی چوارشانەی باڵابەرز بەدەم خەندەیەکەوە بەرەو هۆڵکەیان پێشوازی لێکرد، بەرامبەری دانیشت، بە کۆنترۆڵەکە تەلەفزیۆنەکەی کوژاندەوە و وتی هەستم پێکردوە و دەزانم ماوەیەکە دەوروخولی وەنەوشە دەدەیت بەئاواتیەوەیت، وانییە..؟ ئەمیش رەنگی سورهەڵگەڕا بە دەستێکی ئارەقەی ناوچەوانی سڕی و سەری بۆ لەقاند، ئەویش دەستیکرد بە گیرفانیدا و سویچێکی خستە سەر مێزەکەی بەردەمیان، پڕیشە لە بەنزین تا بەنزینی تیادانامێنێت لێیخوڕە، بەڵام بەسەرخۆشی نا و ئاگاداری رێگاوبان بە.

خوا پێیبەخشیوم
هەر رۆژی لێدەبۆیەوە.. پیرە هێدفۆنی دەبەست، گۆرانییەکان شێوەی جۆر بەجۆری بە روخسارە ماندووەکەی دەبەخشی، بزەی سەر لێو، برۆ هێنانەوە یەك، جارجاریش قاقا لێدان، لە حەوشەکەیان دانیشتبوو لەبەر خۆیەوە وتی: ئەم گۆرانییەی حەمە جەزای رەحمەتی (نا نا مەڕۆ مەڕۆ مەڕۆ..) رێك ئەو رۆژەم بەبیردێنێتەوە، کە بڕیارمدا بڕۆمە دەرەوە (ببم بە پێشمەرگە)، کەژاڵی هاوسەرم لەبەردەم بەلوعەکە بەدەم حاجەت شتنەوە وتی : دەستم بە دامێنت مەعز بۆ خوا مەڕۆ.. پاشنیوەڕۆیەك هاوڕێیەکی بەبیردا هاتەوە کە پێکەوە پێشمەرگەبون، دەستی خستە سەرشانی (ئازاد) ی کوڕی و پێشیخۆیدا بۆ ماڵەکەیان. لە ڕێگادا کوڕەکەی دەیوت نازانم ئەم هەمو موڵکو ماڵەی لەکوێ بوو، گەیشتنە نزیکی ماڵەکەی، سەیر سەیر شەرمیش ناکات لەسەر خانوە سێ نهۆمییەکەی نوسیویوتی (هذا من فضل ربی)، ئەویش دەستی لەسەر شانی کوڕەکەی داگرت گوتی باش بوو کوێر بووم و ئەوەم بە چاوی خۆم نەخوێندەوە.

حەوتی مانگ
پێشمەرگەیەك مۆڵەتەکەی تەواو دەبێت و دەبێت بگەڕێتەوە بەرەکانی جەنگ دژی تیرۆریستان، کوڕە حەوت ساڵەکەی بەدەم گازگرتن لە سێوە سورەکەی مشتی، روی دەمی دەکاتە باوکی و زۆر خەمناکانە پێیدەڵێت: – بابە کەی دێیتەوە؟ – دڵی بابە، (حەوت*)ی مانگ تەلەفونم بۆ بکە پێتدەڵێم کەی دێمەوە. ئێستا منداڵەکە نۆ ساڵانە، داماوە، دوو ساڵە هەموو حەوتی مانگێك زەنگ بۆ ژمارە تەلەفونەکەی باوکی لێدەدات.
___________________________
* حەوت، کە بەژمارە دەنوسرێت ( ٧ ) هێمای سەرکەوتنە Victory

دڵم دەلەرزێ
لە دوای کارەساتەخوێناوییەکەی (پاریس)، (١٣ی تشرینی دوەمی ٢٠١٥)*، کە هاموشۆی ئەو شوێنانە دەکەم کە گومانی ئەوەیان لێدەکرێت شەمشەمەکوێرەکانی سەدەی بیستویەك، کاری تیرۆریستی تیادا ئەنجام بدەن، دڵم دەلەرزێت، نەبادا لەبەر ئەوەی ترسنۆکم و گیانی خۆم زۆر خۆشدەوێت، نا.. لەوە دەترسم لەکاتی ئەنجامدانی کارێکی تیرۆریستیدا شوناسی تیرۆریستەکە بکەوێتە سەر لاشەم و لەبری ئەوەی بە شەهید لەقەڵەم بدرێم بەر لافاوی تف و نەفرەتی مرۆڤایەتی بکەوم.
* لە ئێوارەی هەینییە رەشەکەی بەرواری سەرەوەدا، لە ئەنجامی کاری تیرۆریستانە، کە لە شەش شوێنی جیاجیادا لە پاریس روویاندا ١٤٠ کەس بونە قوربانی و ٢٠٠ کەسیش بریندار بوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت