لوقمان مستەفا: لەشفرۆشی وەک دیاردەیەک.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەشفرۆشی، مێژوویەکی دیاریکراوو دیاردەیەکی نوێ نییە. ئەوەندە نەبێت، بەڵگە مێژووییەکان، دەیسەلمێنن، کە لە سەرەتای کەڵکەڵەی گرتنە دەستی دەسەڵاتی پیاوسالارییەوە لەهەزارەی پێش زایینەوە، دەستی پێکردووە. جگە لەوەی ژنان، بوونەتە دیاری بۆ ئاشتبوونەوەی نێوان بنەماڵە و خێڵ و شانشینەکان و پاشاکان، لەهەمان کاتیشدا ژنیان وەك کاڵایەک بۆ پێشکەشکردن، لەنێوان خۆیاندا بە کارهێناوەو گۆڕیوەتەوە.
لەشفرۆشی ئەگەرچی دیاردەیەکی نامۆیە بە کۆمەڵگای کوردی بەڵام ماوەیەکە لە ھەندێک لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو لەسەر شەقامەکان بەدیدەکرێت و ئەگەر جاران حاڵەت بووبێت و بە کەمی لە شارەکانی ھەرێم ھەبوبێت ئێستا بۆتە دیاردە و بە ئاوابونی خۆر لەسەر شەقامەکان ژمارەیەک ژن و کچ بە بیانوی فرۆشتنی بنێشت و کلێنیکس و کەرەستەی تر لە ترافیک لایتەکاندا لەتەک کاری ڕۆژانەدا خەریکی کاری لەشفرۆشین.
لەشفرۆشی، لەکوردستاندا، هەموو قۆناغەکانی خۆی بڕیوە. بێجگە لەوەی پڕکراوە لەژنانی لەشفرۆشی ووڵاتانی دیکە، ڕاستەوخۆش لەلایەن ژنانی ناوخۆوە، کۆپی دەکرێتەوە. چونکە پیاوان، بەئاشکرا سێکس دەکڕن. هەربۆیە، ژنان هەندێکیان بە نهێنی و هەندێکیان بەئاشکرا لەشفرۆشی دەکەن. دەیان کچ، بەدووای پزیشکێکی شارەزاوەن تاکو پەردەکەیان بۆ چاك بکاتەو. پرسەکە لەدیاردەیەکەوە پێی هاویشتۆتە بوونییەتی خۆی و کردووتییە ئەمری واقیع و خەڵکی بەگشتی ناچار بەبێدەنگی کردووە. هەندێك وەك چالاکووانی بوواری مەدەنی پێیان وایە پێویستیی بە ئاشکراکردن و ئازادکردنی هەیە. کە بووەتە هۆی کوشتن و لەناوبردنی کۆمەڵێك ژنی زۆر لەژێر ناوی شەرەفدا و هەندێکیش، هێشتا لەژێر تەوژمی خێڵگەراییدا بێت یان ئاین، پێیان وایە پێویستە قەدەغە بکرێت.
لەشفرۆشی لە زۆریەک لە وڵاتانی دنیادا وەک پیشەیەک چاوی لێدەکرێ و بە پێی یاسا پارێزگاری لێ ئەکرێ و بۆ پاراستنی ئەو کەسانەی ئەم کارە ئەکەن، یاساگەلێکی چڕ و پوختە داڕێژراوە. وردەکاریەکان و ئاستی ئازاد بوونی ئەم پیشەیە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێک و لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە.
لە وڵاتەکانی نیوزیلەند، سوئیس ، ئۆستراڵیا، ئارژانتین ، بلژیک ، برێزیل ، کانادا، ئۆتریش، کاستاریکا، دانمارک، ئاڵمان، تورکیە، ئیتالیا، یوونان، هۆڵەند و… هتد. لەشفرۆشی یاساییە و لە ژێر چاودێری و پارێزگاری یاسای تایبەتایە.هەروەها لە بریتانیاش لەشفرۆشی ئازادە بەڵام نابێ لە شوێنە گشتیەکان بانگەشەی بۆ بکرێت{بۆ سەلماندن پێویستی بە ژێدەرە} . ویلایەتی نێڤادای ئەمریکا، تەنیا ویلایەتێکە کە لەشفرۆشی تا رادەیەکی دیاری کراو ئازادە.
بەڵام لە‌هەرێمی کوردستاندا دۆخەکە لەوە مەترسی دارترە کە لەعێراق وجیهاندا دەگوزەرێت،نە یاسایەکی تایبەت هەیە بۆ کۆنترۆڵ کردنی باروو دۆخەکە وەنە لەبەرنامەی حکومەتیشدایە بۆرووبەروو بونەوەی ئەم دیاردە ترسناکە کەلەزۆربەی شارو شارۆچکەکاندا بە شێوەی نهێنی کرین و فرۆشتن بەژنانەو دەکرێت لەژێر پەردەی هێنانی کرێ کاری بیانی وکارکردنیان لە هۆتێل وبارەکان و یاخود یانە شەوانەییەکاندا و… هتد، ئەمە وێرای مەترسی گەورە دەکرێت کە لەرووی تەندروستیەوە پێش بینی دەکرێت کە جەندین جۆری نەخۆشی بەدوای خۆیدا بهێنێ.بەداخەوە حکومەت وەک بەرنامەی ڕووبەڕووبونەوەی نیە کەچی لە بێبەرنامەیی و ناکارامەییدا خۆیان دەکەن بە بەشێک لەکارە تاوانکاریەکاندا، هەروەک بینیمان کە یەکێ لە کارمەندەکانی دەزگای پۆلیسی هەولێر بە شێوەیەکی نایاسایی هەستا بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی باندێکی لە شفرۆشی کە ڕێک چوە ئاستی تۆمەتبارەکانەوە، بێشک بێ سزا دەربازی نابێت.
ھۆکارەکانی ئەم دیاردەیە زۆرن لەوانەش: ھەژاری، گەڕان بەدوای ئاستێکی بەرزتری بژێوی، کەمی دەرفەتی کار و دامەزراندن، گەندەڵی گشتی و تایبەت، تاوانی رێکخراو، توندوتیژی لە دژی ژنان و منداڵاندا، نائارامی سیاسی و ململانێی چەکداری، دابڕانی منداڵ لە قوتابخانە.یەکێ لەو ھۆکارە رەمەکیانەی بازرگانی کردن بە مرۆڤ لە نێوان سنوورە نێو دەوڵەتییەکان بە جیھانی بوونی بازاڕەکان و ھێزەکانی کارە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت