نەوزادى موهەندیس: عفرین بۆچى کەوت؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شارى عفرینى خۆڕاگر لە ئەنجامى پیلانێکى نێودەوڵەتى نامرۆڤانەوە کەوتە ژێر داگیرکردنى سوپاى تورکیا و چەتە تیرۆریستەکانى لە سوپاى بەناو ئازادى سوریاو بەرەى نوێرەو زیاد لە 25 میلیشیاى چەکدارى تونڕەوى تر کە هەموانیان لەژێر چەتر و باڵى دەوڵەتى تورکیادا سەرپەرشتیدەکران و ڕێنوێنى و پاڵپشتى سیاسى و ئەمنى و چەکدارى دەکران، تورکیا بۆخۆى لەم پیلانەدا بەتەنها نەبوو،بەڵکو هەمئاهەنگى تەواوى لەگەڵ ڕوسیا و ئێران و تەنانەت ڕژێمى سوریاشدا هەبوە وەک بەرەیەک دژ بە بەرەى ئەمریکا و ئەوروپیەکان.بۆیە بەخەم و کەسەرێکى گەورەوە شارى عفرین دواى 57 ڕۆژى تەواو لە مقاوەمەت و بەرگریکردن و بەرخۆدانێکى بێ وێنە لەم سەدە و ڕۆژگارەدا لە بێ کەسى و بێ پشتیوانیەکى ڕاستگۆ و ڕاستەقینە کەوتە بەر هێرش و پەلامار و داگیرکردنەوە بەبەرچاوى هەموو دونیاى ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواى بەناو دیموکراسی و ئازادیخواوە تەنانەت نەتەوە یەکگرتوەکان و وڵاتانى ئیسلامى و عەرەبیش هەڵوێستێکى توند و جدیان نەنواند دژى ئەو داگیرکردنەى تورکیا بەرامبەر لانى کەم بەشێک لەوڵاتێکى عەرەب کە سوریایە.بۆخۆى کوردیش لەهیچ بەشێکەوە نە لەسەر ئاستى حیزب و سەرکردە و تەنانەت جەماوەریش پشتیوانیەکى تۆکمە و پتەو هەست پێنەدەکرا.وعفرینیەکان بەتەنها هەر ئەوەندەیان لەتوانادا بوو کە بەرامبەر دووەم گەورەو پێشکەوتوى سوپاى ناتۆ خۆڕابگرن.
لەئێستاشدا و دواى کەوتنى عفرین و جێبەجیکردنى پیلانە شەڕەنگێزیەکانى تورکیا بۆ لەناوبردن و دەرکردنى کوردان لە زێدى باوباپیرانیان و نیشتەجێکردنى ئاوارە سوریەکان لە نەتەوە و ئاین و مەزهەبەکانى تر لە جێگەیاندا گەرەکێتى کە جێ پێگەیەکى توندو پتەو بۆ ئایندە لەسنورەکانى باشوریدا دروستبکات و بیکاتە جێگەو مۆڵگەى سوپا و تیرۆریستانى سەر بەخۆى و بەتایبەتیش کورد لە سەر سنورەکانیدا نەهێڵێت و پیلانى دواترى ئەردۆگان و تورکیاش بریتیە لە هێرش و فشارى زیاتر بۆ سەر کوردان لە منبەج و کوبانێ و تەنانەت هەڕەشەش لە قامیشلۆ و حەسەکەش دەکات و بەئاشکراش هەڕەشەى پەلاماردانى پەکەکەش دەکات لە شەنگار لە عێراقدا و هەوڵیشدەدات بەرەو قەندیلیش هەنگاو بنێت.
هەموو ئەم هەڵوێست و پێداگیرى و زیادەڕەویانەى تورکیا و ئەردۆگان لەئەنجانى بێدەنگى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بەگشتى و ئەمریکا و ڕوسیاش وەک دوو زلهێز و دووکاراکتەرى سەرەکى کێشە و گرفتەکانى ناوچەکە توانیویەتى بەشێک لە ئامانجە پاوانخوازى و تاکڕەویەکانى بێنێتەدى. هەموو ئەم هەڵوێستە توندڕەوانەیەى تورکیا جێگەى سەرسوڕمان نین بۆ کورد چونکە ئەو بە ئاشکرا و نهێنى دژایەتى خۆى نەشاردۆتەوە بۆ ئامانج و دروشم و نیاز و خواست و مافە ڕەواکانى کورد لەسەربەخۆبوون و ئازادبون و پێکەوەنانى دەوڵەتى سەربەخۆدا، بەڵام ئەوەى مایەى نیگەرانیە و شۆکبونى کوردانە بریتیە لەهەڵوێستى ڕوسیا کە هەمیشە واخۆى نیشانداوە کە دۆست و پشتیوانى جوڵانەوە ئازادیخواز و چەپ و سۆسیالیستەکان بێت و مافى گەلانى داگیرکراو دەپارێزێت،بەڵام ئەوەى پۆتین و ڕوسیا کردویانە دەرهەق بەکورد وپەیەدە و پەکەکەش وەک دوو ڕێکخراوى چەپ و مارکسى ئەوپەڕى بێ ڕەوشتى سیاسیە و ناچێتە چوارچێوەى هیچ بەهاو لۆجیک و مۆڕاڵێکى مرۆڤدۆستانە و ئازادیخوازانەوە،ئەم هەڵویستەى ڕوسیاش بۆ کوردانى هەرچوار پارچەکە نوێ نیە بەڵکو هەر لەهاتنە سەر حوکمى سۆسیالیستەکان لە ساڵى 1917وە هەمیشە ڕۆڵێکى نەرێنیان هەبوە بەرامبەر شۆڕشەکانى کورد لە باکور و باشوور و ڕۆژهەڵاتى کوردستان لەسەردەمەکانى شۆڕش و ڕاپەڕینەکانى شێخ سەعیدى پیران و شێخ مەمحمود و پێشەوا قازى موحەمەد و دواتریشدا و ئێستاش لە ڕۆژئاواى کوردستان لەسەر هەمان سیاسەتى کۆنى خۆى بەردەوامە و کوردانى پشتگوێ خستوەو کردینیە پاداشتێکى گەورە و ئاسان بۆ تورکیا و سوریا.
هەموو ئەم هەڵویستە نامرۆڤانەیەى هەموان دژ بە کورد،تەنها و تەنها لەبەر پاراستنى بەرژەوەندیە سیاسى و ئابورى و ئەمنیەکانى خۆیانە و هەموان گەرەکیانە کە لە دەسکەوتەکاندا بەشیان هەبێت لەسەر حسابى گەلانى ناوچەکە و بەتایبەتیش کورد. بەڵام پێناچێت تاسەر نە سیاسەتەکانى تورکیا و نە ئێران و نەڕوسیاش لەناوچەکەدا سەرکەوتن بەدەستبێنن و لە ئایندەدا هەوڵەکانى ئەمریکا و ئەوروپیەکان بەتوندى دژى ئەو بەرە نەگریس و شەڕەنگێزە دەوەستنەوە ،گەر بەهەڵایسانى جەنگێکى گەرمى گەورەش بێت،چونکە نە ئەمریکا و نە ئەوروپیەکان ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەو گەورە و گرنگیە ئابورى و ئەمنى و سیاسیەوە بەجێناهێڵن بۆ ڕوسیا و تورکیا و ئێران ئازادانە تەراتێنى تیادا بکەن،بەڵکو لە ئێستاوە ئەمریکا و سعودیە و ئیمارات و میسرو ئیسڕائیل لەگەڵ ئەوروپیەکانیشدا کەوتونەتە خۆ بۆ پێکەوەنان و خۆئامادەکردن بۆ ئەو جەنگە چاوەڕوانکراوەى ئایندەو هەریەکەش ڕۆڵى خۆى بۆ دیاریکراوە.
بەدڵنیایش کورد لە ئەنجامى شکست و بچوکبونەوەى هەریەکە لە ئێران و تورکیا قازانجى گەورە بەدەستدێنێت و ڕژێمەکانى تورکیا و ئێران و سوریاش بەم شێوەیەى ئێستا نامێننەوە و کوردیش لە باکور و ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵاتیش بە چەشنى باشوور جۆرە ئازادى و سەربەخۆیى و خۆبەڕێوەبردنێک بەدەستدێنن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت