نەوزادى موهەندیس: ڕۆڵى کۆمەڵگا لە خوڵقاندنى سەرکردەدا.

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کۆمەڵگا مرۆڤایەتیەکان هەر لەسەرەتا و دەستپێکى ژیان و گوزەران لەسەر گۆى زەویدا و لەدەستپێکى مێژووى مرۆڤایەتیەوە ڕۆڵ و کاریگەرى گەورەى هەبوە لەسەر پێشکەوتن و گەشەکردن و ئاوەدانکردنەوە و پێگەیاندنى تاکەکان و دروستکردنى دەوڵەت و حوکمڕانى و ڕێکخستنى هەموو بوارەکانى ژیان، تاگەیشتۆتە ئەم ئاست و پێگەیەى ئێستا کە بەهەمو پێوانەکان گەیشتۆتە ترۆپکى داهێنان و خۆشگزورانى و پێشکەوتنەکان.
کۆمەڵگا بۆ خۆى بریتیە لە گردبونەوەى کۆمەڵە کەسانێک کە بەرژەوەندیەکى هاوبەش کۆیان دەکاتەوە لەنمونەى خوێن، بازرگانى، پیشەسازى، نەتەوە، ئاین، مەزهەب، شار، گوند، خێزان و…هتد. هەربۆیەش کۆمەڵگاکان دەکرێنە سێ جۆرەوە لەسەر بنچینەى دروستبونیان، وەک:
1- کۆمەڵگا جێگیرەکان بەمەبەست: لەنمونەى: زانکۆ و قوتابخانە و سەندیکا و ڕێکخراو و حیزبە سیاسیەکان، کە لەپێناو مەبەستێکى دیاریکرداودا دروستکراون.
2- کۆمەڵگا ناجێگرەکان بەبێ مەبەست: لەنمونەى، گردبونەوەى خەڵکى لەدەورى ڕووداوێک لە شەقامێکدا، یان گردبونەوەى کۆمەڵە کەسانێک لە یاریگایەکدا بۆ بینینى یاریەک.
3- کۆمەڵگا خۆڕسکە جێگیرەکان: لەنمونەى، نەتەوە و شار، گوند. ئەم جۆرەشیان لەسەر بنچینەى سادەیى و ئاڵۆزى دەکرێتە دوو جۆرى ترەوە لە: کۆمەڵگا سادە و ساکارە سەرەتاییەکان و کۆمەڵگا ئاڵۆزەکانى ئەم سەردەمە.
ئەوەى کە زانستى کۆمەڵناسى لەسەرى ڕێکەوتوە ئەوەیە کە هەموو جۆرە کۆمەڵگاکان بە بێ جیاوازى پێکهاتەو جۆرى پەیوەندى و سروشتى دروستبونیانەوە، هەموانیان ڕۆڵ و کاریگەرى گەورەیان هەیە لەسەر خوڵقاندنى ڕووداوەکا، بە ئەرێنى و نەرێنیانەوە و ڕۆڵیان هەیە لە پێشکەوتن و ئاوەدانکردنەوەو هەڵکەوتنى سەرکردە و ڕابەرایەتى کۆمەڵگاکان.
جا چەند کۆمەڵگا مرۆڤایەتیەکان ئاستى هوشیارى سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتى و ئەمنی و تێگەیشتن و زانست و تەکنەلۆجیایان بەرز بوبێت و دوورکەوتبنەوە لە کۆمەڵگا سادە و سەرتاییەکان و بوبنە خاوەنى فەلسەفە و ڕێباز و ئایدیاى مرۆڤایەتى و هەنگاویان نابێت و پلانیان هەبوبێت بۆ خۆشگوزەرانى تاک و کۆمەڵگاکانیان و بەدواى سیستەمى حوکمڕانیەکى ڕەشید و دادپەروەردا گەڕابن کە هەموو مرۆڤەکان تیایدا ئازادى و سەربەخۆ بووبن و مافەکانیان دابینکرابێت و هەموان هەست بەبون و کەرامەت و پیرۆزیەکانیان بکەن و سیستەمێکى حکومڕانى دیموکراسییان پێکەوە نابێت، بەدڵنیایى لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا تاکى بەهرەمەند و لێهاتوو و زیرەک و داهێنەر و پڕ بەخشش پەیدا دەبێت و دەخڵقێت و لەناویشیاندا سەرکردەى هەڵکەوتوو کاریزماش دێتە بەرهەم، کە دواتر ئەم سەرکرد و ڕابەرانە جارێکى تر دەبنەوە هۆکارى پێشکەوتنى کۆمەڵگاکانیان و دوورکەوتنەوە لە نایەکسانى و توندوتیژى و زوڵم و چەوساندنەوەو دەبنە هۆى پێەوەکەوەنانى کۆمەڵگاى ڕەفا و پێشکەوتو و ئازادیخواز و لیبڕاڵ کە تیایدا تاک و کۆمەڵگا هەست بە دادپەروەرى و پێکەوەژیان و کارى هاوبەش و ئاشتى و خۆشگوزەرانى بکەن.
بۆیە پەیوەندى نێوان کۆمەڵگا و سەرکردە سیاسیەکان بریتیە لەهاوکێشەیەکى دوو ئاڕاستەیى و تەواوکەرى یەکتر، بەو شێوەیە کۆمەڵگاى هوشیار سەرکردەى هوشیار دەخوڵقێنێت و سەرکردەى هوشیار و کاریزماکانیش کۆمەڵگاکانیان بەرەو لوتکەى بەرزى و پێشکەوتن و داهێنانى زیاتر دەبەن.
بە پێچەوانەشەوە کۆمەڵگا داخراو و قەتیس و دۆگما و هەژار و نەخۆش و دواکەوتوەکان کە تیایدا تاکەکان هەست بەزوڵم و چەوساندنەوە و کۆیلایەتى دەکەن لەئەنجامى پیادەکردنى سیستمى حوکمڕانیەکى تاکڕەو و چەوسێنەر و خۆسەپێن و سیستەمێکى حوکمڕانى داخراو و نوخبەیى و بنەماڵەییەکانەوە، هەمیشە ئەو کۆمەڵگایانە تاکى ناتەندروست لە جەستە و عەقڵ و بیرکردنەوەدا بەرهەمدێنن و دواتریش دەبنە ماکینەى بەرهەمێنانى سەرکردەى تاکڕەو و خۆپەسەندو مەغرورو هیچ نەزان، کە لەئەنجامیشدا بەهەمان شێوە کۆمەڵگا بەدەست سیاسەت و بیرکردنەوە و مامەڵەى چەوت و هەڵەى ئەو سەرکردانەوە توشى دەیان کارەساتى جەرگبڕ دەبێت و کۆمەڵگاش ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو دواکەوتویى زیاتر و هەژارى و نەهامەتى و نەخوێندەوارى و توندوتیژى و دەمارگیرى و داخراوى زیاتر و چەوساندنەوەو بەکۆیلەکردن دەچێت.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە، کە ئایا کۆمەڵگا و سەرکردەکانى کورد لەکوێى ئەم هاوکێشەیەدان؟
بەداخەوە لەگەڵ ئەوەى کە کۆمەڵگاى کوردەوارى لە ڕووى کۆمەڵایەتى و ئابورى و ئەمنى و زانستیەوە بەکۆمەڵگایەکى پێشکەوتوو دانانرێت، بەڵام لەڕووى سیاسیەوە کۆمەڵگایەکى هوشیارە و حەز و خواستى بۆ پێشکەوتن و ئازادى و دیموکراسى و مافەکانى و دادپەروەرى و یەکسانى و خۆبژێوى و کرانەوە بەسەر کۆمەڵگاکانى تردا بەهێزە و گەرەکیشێتى هاوبەشى بکات لە پێکەوەنانى ژیان و ئاشتى ناوچەیى و دونیاشدا و لەو پێناوەشدا بە سەدان ساڵ خەبات و قوربانیداوە و بەردەوامیشە، هەربۆیە کۆمەڵگایەک هەست بە بەرژەوەندى و مافەکانى بکات و خەبات و قوربانیشیان لە پێناودا بدات بەدڵنیایى کۆمەڵگایەکى هوشیارە، بەڵام بەداخەوە سەرکردەکانى ناهوشیار و لەئاست پێویست و قوربانیدانەکانى کۆمەڵگاى کوردیدا نەبون و نین، هەربۆیە نەتوانراوە کۆمەڵگاى کوردەوارى لەهەموو بوارەکانى تریشدا هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت، بۆیە هەموو کارەسات و نوشست و شکستە سیاسى و سەربازى و شۆڕش و خۆپیشاندانەکانى کورد لەهەر چوار بەشەکەى کوردستاندا بەشێکى گەورەى دەکەوێتە ئەستۆى ڕابەر و سەرکردەکانەوە نەک کۆمەڵگاى کوردەوارى، هەربۆیەش تائێستا نەگەیشتونەتە ئامانج و دوامەنزڵى سەرکەوتن و هەر لەناو بازنەیەکى بۆشدا دەخولێینەوە و نەتوانراوە نە لەناوخۆدا دۆستى یەکتر بین و نەلەدەرەوەش دۆست و هاوپەیمانى کۆنکرێتى پێکەوە بنێن و هەر بێ پشتیوان و بێ دۆستى ماوینەتەوەو تەنها شاخەکان بەپشتیوانى ڕاستەقینەى خۆمان دەزانین و نمونەکانیشمان هەموو کارەساتەکانى ئەنفال و کیمیاباران و هەڵەبجە و جینۆساید و لەئێستاشدا بێ دەنگى ناوچەکە و دونیا و تەنانەت خۆشمان لەسەر عفرین و مقاوەمەت و بەرخۆدانە بێ وێنەکەیەتى کە نزیکەى دوو مانگە بەبێ کەسى و بێ پشتیوانى و بەتەنها ڕووبەڕووى گەورەترین سوپا و چەتە تیرۆریستەکانى ناوچەکە بۆتەوەو خۆڕاگرى دەکات.
جا هەرکات توانیمان بەماناى وشە کۆمەڵگایەکى هوشیار پێکەوە بنێین ئەوا ئەوکات دەتوانین سەرکردەو ڕابەرانێکیش دروستبکەین کە بتوانن کۆمەڵگاى کوردى بپەڕێننەوە ئەوبەرى ئەمان و ئاسایش و دەوڵەتى سەربەخۆ و خۆشگوزەرانى و پێشکەوتن و پڕ لە یەکسانى و ڕەفا و دوور لە نادادپەروەرى.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت